لامەرکەزییەت و ستەمکاری..

لەلایەن ستاندار Posted on 265 جار بینراوە

ستارە عارف

بابەتی لامەرکەزییەت ئەم ماوەیە لەلایەن دەستەڵاتداران و بنەماڵەی تاڵەبانیەوە خراوەتە ڕۆژەڤەوە و بۆ پاڵپشتی ئەم داخوازیەیشیان پێشنیارەکەی نەوشیروان مستەفا دەهێننەوە، کە چەند ساڵ لەسەر گرنگی و چەسپاندنی لامەرکەزییەت وتاری دەدا و دروشمی هەڵبژاردنی٣٠/٤/٢٠١٤ی گۆڕانیش بو، بەڵام ئەو لامەرکەزییە ئیداری و داراییەی نەوشیروان مستەفا داوای دەکرد، جیاوازە لەم داخوازیەی ئێستای بنەماڵەی تاڵەبانی، چونکە ئەو ئۆپۆزسیۆن بو و دژی ستەمکاری و قۆرخکاری هەردو بنەماڵە، کە دەستیان بەسەر تەواوی کایە گرنگەکاندا گرتوە، داوای شۆڕکردنەوەی دەستەڵات و شەفافیەتی ئابوری و کارگێڕی و کاراکردنی دەستەڵاتی تەواوی شار و شارۆچکەکانی دەکرد و دژی ئەو هەڕەمییەت و دەستبەسەراگرتنەی تا ئەمڕۆیش هەردو بنەماڵە درێژەی پێدەدەن.
ئەو لامەرکەزییەتەی ئەمڕۆ ئەم بنەماڵەیە بە ناوی گەڕاندنەوەی دەستەڵاتی دارایی و ئیداری بۆ سلێمانی و دابەشکردنی موچە بە باشی داوای دەکەن، ناوەڕۆک و ڕۆحی ڕاستەقینەی لامەرکەزییەت نیە و هیچ دورایی و قوڵاییەکی ستراتیژی نیە و تەنیا کارتێکە بەهۆی ئاڵۆزیەکانی زێنی وەرتێ وە بۆ دژایەتی بنەماڵەی بارزانی و بۆ زیادکردنی ئیمتیازەکانیان بەکاریدەهێنن و بەشێکە لەناکۆکی نێوانیان و پەیوەندی بە بەرژەوەندی سلێمانی و پارێزگاکەوە نیە و درۆی لەگەڵ دەکەن و ئامانجیان خزمەتکردن و بوژاندنەوەی نیە، لەزیانی سلێمانیشە و دیسانەوە ئەم شارە دەکەنەوە بە ناوەندی ململانێی و کارتی سوتاوی تێدا دەسوتێننەوە.

جگە لەوە ئەم بنەماڵەیە هاوبەشی ڕاستەقینەی پارتین و ئەو قۆرخکاری و ستەمکارییەی بنەماڵەی بارزانی بەرامبەر بە سلێمانی دەینوێنن، بنەماڵەی تاڵەبانیش وەک ستەمکار و قۆرخکار تێیدا بەشدارن و سزایان داوە و بنەماڵەی تاڵەبانی داهاتی ناوخۆ و داهاتە جۆراوجۆرەکانیتری دەدزن و سەدان پاڵاوگە و کۆمپانیایان بۆ ڕوتاندنەوەی پارێزگاکە لەلایەن کۆمەڵێک چەتە و مافیاوە بۆ خستۆتە کار و کاولیان کردوە، وەک چۆن هاوسەرۆکایەتی و تەواوی کایەکانیان بێنرخ و ناشیرین کردوە، دەیانەوێت لامەرکەزییەتیش لەناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی دەربهێنن و بەو ناوەوە قازانجێکیتری دارایی و تاڵانی تر بۆ کۆمپانیا و بنەماڵەکانیان و دەستەڵاتیان زیاد بکەن و میللەت هێندەیتر بڕەتێننەوە.

لامەرکەزییەت دەبێت خەڵکی ناوچەکە و نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆی داوا و پشتگیری بکەن، نەک حزبێکی دەستەڵاتدار و داگیرکاری پارێزگاکە، کە بە تەزویر هاتونەتەوە سەر حوکم و نوێنەری نین و پشتگیری جەماوەریان ساڵانێکە لێرە لەدەستداوە، لەکاتی لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکاندا هەر ئەوان حوکم دەکەن، بەڵگە چیە قۆرخکاریی و ستەم زیاتر نابێت، کەواتە بە پلەی یەکەم پێویستمان بە گۆڕینی ئەم دەستەڵاتدارەیە و ئینجا چەسپاندنی بنەماکانی لامەرکەزییەت، بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی لامەرکەزییەتیش بە ستەمکاری نەشێوێنرێت و چەمکەکە وەک خۆی بە خەڵک بگات….

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.