کۆتایی پەڕلەمان و هەلێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە

لەلایەن ستاندار Posted on 334 جار بینراوە

عومەر عەلی محمد

ئەم هەنگاوەی پەڕلەمانی کوردوستان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەڕلەمانتاران ،شتێکی تازە نیە بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵیەتەیە کە حوکمڕانانی هەرێمی کوردوستان هەیانە بۆ کاری سیاسی و ئەو جیهانبینیە خێڵەکیەی کە دەیانەوێت لە واقیعدا بیچەسپێنن ،ئەوانەی کە بەدرێژایی 29 ساڵی ڕابردو حوکمی هەرێمی کوردوستانیان کردوە هیچیان خاوەنی ئایدیاو فەلسەفەی حوکم نەبوون ،لەبەر ئەوە ئەو دروشمانەش کە بەرزیان کردۆتەوە ،لە دیموکراسی و سۆشیال دیموکراتی و لیبرالیزم ،بێجگە لە درۆیەکی گەورە هیچیتر نەبوە ،ئەوەش کە بینراوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنها بۆ شەرعیەتدان بوە بە گەندەڵییو دزی و تاڵانکاری ،لەبەر ئەوە دسەڵاتی29 ساڵەیان ئەو ڕاستیەی سەلماندوەو جەماوەرو هێزە سیاسیەکان و ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانیش ئەوڕاستیە دەزانن ،لەبەر ئەوە لە هەمو کێشەکان لەگەڵ ناوەندو وڵاتە هەرێمایەتیەکانیش ئەوان بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ کردون کە دوبنەماڵەو دو گروپی سیاسی و بازرگانن نەک پیاوی دەوڵەت و حوکمڕان.لەبەر ئەوە ئەوەی کە ئێستا بەسەر پەڕلەمانیان هێناوە بەرهەمی ئەو جۆرە جیهانبینیە بچوک و بەرتەسکەیە کە لە نێو ئەشکەوتەکاندا هەڵیان گرتوەو ئێستاش لە واقیعدا بەرجەستەی دەکەن ،ئەوان لە بنەماکانی دیموکراسی و دامەزراوەکانی وەک پەڕلەمان تێ ناگەن و ناشیانەوێ گەشە بکات و ڕۆڵی کارای هەبێت، ئەوان لە دوای 2013 وە کار بۆ ئەم ڕۆژە دەکەن کە پەڕلەمان وەک لقێکی حیزبی بێت و چیان ویست بەو شێوە بکات ،پەڕلەمان هەتا 50بە 50 بو هەروابو بەڵام لە دوای 2009خەریک بو لە دەستیان دەربچێت ،ئێستا لەم خولەدا وایان لێ کردوە، کە بەویستی خۆیان بێت، لەمەشدا تەنها پارتی تاوانبار نیە ،بەڵکو یەکێتیش تاوانبارە، لەلایەک بەهۆی ڕازی بون بە بەرئەنجامی تەزویری 2018 ،لەلایەکی تریش ،ڕازیبون بەدابەشکردنی سەروەت و سامانی کوردوستان لەگەڵیدا ،لەبەرئەوە ڕاستە لەم کارەدا یەکێتی تیانیە، بەڵام پاڵ بە پارتیەوە دەنێت کارەکە بکات ،کە کردیشی هەڵوێستێکی نیشتیمانی ئەوتۆی نیە کەڕای بگرێت.
. لە ئێستادا هەست دەکرێت. کە پەڕلەمان بەتەواوی شکۆیان شکاندو پارتی بەدەر لە هەمو حیزبەکان دەتوانێت چۆنی بوێت بەو شێوەیە مامەڵە بکات .بەمەش پرسیار دەکەوێتە سەر کۆی حیزبەکان، کە ئایە لەدوای ئەم ڕوداوە بەچ ڕویەکەوە دەچنەوە ئەو پەڕلەمانەی کەهەمو تواناو دەسەڵاتەکانی لەکار خراوەو تەنانەت بەبێ بونی سەرۆکی پەڕلەمانیش دەتوانێ هەمو کارەکان ڕایی بکات، لەم کاتەدا بوونی ئەوان لە پەڕلەماندا، بێجگە لە پاشکۆبون مانایەکی تری نیە. چونکە ناتوانن هیچ ڕۆڵێکیان هەبێت و هەمویان دەبنە فەرمانبەرو حیزبی باڵادەست کە پارتیە،چی پێ ووتن دەبێت ئەوە بکەن و ئەگەر لە ڕێنماییەکانی ئەوانیش لابدەن، چارەنوسیان وەک سۆران عومەری لێ دێت ،لێرەدا بەرپرسیاریەتێکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی پەڕلەمانتارانی دەرەوەی پارتی کە ئەم ڕەوشە قبوڵ نەکەن و شکۆیەک بۆ خۆیان و پەڕلەمان بگێڕنەوە ،ئەویش هەمویان بەیەکەوە بەرەیەکی نیشتیمانی دروست بکەن ،بەتایبەتیش یەکێتی هەڵوێستی شێلگیرانەی هەبێت و بەو سوکایەتیە ڕازی نەبێت کە پێی کراوە ،بۆ ئەم مەبەستە بایکۆتی پەڕلەمان بکەن و هاوشێوەی عێراق داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن ،چونکە بەم ڕەوشەی ئێستای پەڕلەمان و لە بەر ئەوەش کە لەسەر بنەمای تەزویرو بەشداری کەمینەی خەڵک لە هەڵبژاردندا دروست بوە قابیلی چاکبوون نیە،کەواتە تاکە ڕێگە هەڵوەشانەوەو هەڵبژاردنێکی نوێیە، بەڵام بەو مەرجەی کە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە تەزویر بێت و ئەوکاتەش دەردەکەوێت کە چ حیزبێک جەماوەری هەیەو کێ جڵەوی دەسەڵاتی هەرێمی کوردوستان بەدەستەوە دەگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.