بۆ خودا و خەڵک ببن، خودا و خەڵکیش بۆ ئێوە دەبن.

لەلایەن ستاندار Posted on 545 جار بینراوە

م کامران علی

١٩/٥ ڕاگەیاندنی بایکۆتی
پەڕلەمان و حوکومەت و داوای هەڵبژاردنی پێش وەخت..

پێشنیارێک بۆ بەڕێزان فراکسوێنی گۆڕان لە پەڕلەمان و تیمی وەزاری بزوتنەوەکە..

بەندە داواو تکام وایە:
ڕۆژی ١٩/٥ یادی ساڵ ڕۆژی کۆچی دوایی ڕەوانشاد و لەسەر گڵکۆی جەنابیان و بەیەک دەست و بڕیار لەگەڵ وەزیرە بەڕێزەکاندا پەیمان بدەن بە خودا و پاشان ڕەوانشاد و خەڵک کە نەچنەوە ئەو حوکومەت و پەڕلەمانە و بایکۆتی یەکجاری بکەن تا بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت و کۆتایی هێنان بەو هەیمەنە نا ئەخلاقیەی کە هیچ نرخ و سەنگێکی بۆ ئەو پەڕلەمان و حوکومەتە بەناو دیموکراسیە نەهێشتۆتەوە.

حوکومەتێک ئەوە حاڵ و توانای ئیدارەدان و پێدانی مووچەی فەرامانبەران و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری و بازاڕی بێت و ئەوەش پەڕلەمانەکەی و ئەوەش سەنگ و بەهاو حورمەتی کە لە ئاستی دەرەوە و حوکومەتی ناوەندیدا وەک پوشی برنج و سوکتریشە و بۆتە گاڵتەجاڕی هەموو ڕاگەیاندنەکانی جیهان و سۆشیال میدیا و …تاد، کە لە کورەی زەویدا هیچ حوکومەتێک وای بەسەر نەهاتووە!.

حوکومەتێک بەس تەنها بە کۆشک و تەلار و باخ و مۆڵ و بارەگای حیزبەکان و هۆڵی پەڕلەمانەکەی و ئەنجومەنی وەزیران و شوێنی حەوانەوەی تایبەتی دەسەڵاتدارانیدا هەست دەکەیت شار و ئاوەدانیە و بۆ ئەوان سویسرایە و بۆ خەڵکیش سۆماڵ و خراپتریش.

حوکومەتێک هیچ سنور و یاسا و هێزێکی نیە بۆ بەرگری کردن لە تەراتێنی داگیرکەران و دەزگا هەواڵگریەکانیان!، هیچ سنورێکی نەماوە بۆ پاراستنی ژیان وکەرامەت و ئاسایشی خۆراک و پێاویستیە تەندروستیەکانیان!، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامی لە پڕکردنی قاسەی ژێر زەمینەکان و کۆمپانیاکانی حیزب و خاڵی بوونی قاسەکانی حوکومەت و فیرعەونایەتی و لوتبەرزی خۆیی و قارونی کۆمپانیاکانیان کە هەموو وڵاتیان لەسەر خۆیان و حیزب تاپۆ کردوە و هەموو خەڵک بونەتە کۆیلە و کرێچی ئەوان، ئەوە لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە بەردەوام خەریکی بڕینی گیرفانی هاوڵاتیانن بە زیادکردنی باج و ڕسومات و سەرانە و بەردەوامی لە قاچاخچێتی و دزی و گەندەڵی و…تاد.
حوکومەتێک کە ڕەزیل و ڕسوایی و موفلیسی بە جۆرێکە ئەسڵەن مرۆڤی بەکەرامەت و ڕێزدار پێی شەرمە بڵێت کوردم و خەڵکی ئەم هەرێمەم!.

حوکومەتێک کە انتمای نیشتمانی و نەتەوەیی خۆشەویستی بۆ نیشتمانەکەی بە جۆرێک سفر و ڕسوا کردوە کە خەڵک ئامادەیە بیدات مووچەیەک، یان بە جوتێک پێڵاو و ژەمێک خواردن بۆ ئەم جەژنەی منداڵەکانی، یان بۆ کرێی خانووەکەی، یان بۆ دەرزی و دەرمان بۆ نەخۆشیەکەی!.

بۆیە بە بڕوای بەندە ئەم هەڵوێستەی فراکسوێن و تیمی وەزاری بزوتنەوەی گۆڕان باشترین و جوامێرترین و واقیعترین هەڵوێست و وەفایە بەرامبەر بەو بەڵێنەی کە بەخودا و پاشان ڕەوانشاد و خەڵکتان داوە، دڵنیام لە جوامێری و شەهامەتی زۆرێک لە هێزە سیاسیەکانی تریش کە هاوڕاتان دەبن و گەر نەشبن ئەوا ئێوە نێوان خۆتان و خودا باشترین و واقیعترین هەڵوێستان نواندوە و هەموو ئەوانەی زویر و نائومێدبوون لێتان دەبنەوە پشتیوان و سەرخەرتان و خۆتان ئامادە بکەن بۆ قۆناغێکی نوێ و سەرکەوتنێکی زۆر شایستەتر و بەرهەمدارتر، تکایە خۆتان و خەڵکیش ڕزگار بکەن لەو ئەو سوکایەتی و مایە پوچیە، ئێوە شوێن کەوتەی ڕەوانشادن زۆر زیاتریشتان لێ چاوەڕواندەکرێت کە بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان وپۆستەکانتان بکەن بە قوربانی ئەو خەڵکە مەزڵوم و محروم و مئویس و بێ دەرتان و بێ پشتیوانە!.

بەڕێزان: بەشداری کێکی دەسەڵات و پەڕلەمانتاری و وەزیری دوا دەرفەت نیە بۆ بەڕێزتان و، چیتر چاوەڕوانی وەهم و درۆی بەڵێنی چاکسازی ئەو حوکومەتە مەکەن تکایە، ئەوانە گەر بەڕاستی چاکسازی بکەن دەبێت لە گەدەی خۆیان بەرەوە خوار بیبڕنەوە!، ئێوە دەبێت وەزیر و پەڕلەمانتاری خەڵکبن نەک هی ئاوا دەسەڵات و حوکومەتێک کە کرێ گرتەی حیزبن!، تکایە با جارێکی تر ڕوومان بێت بچینەوە دەرگای خەڵکی و داوای متمانەیان لێبکەین!، گەر بەم شێوە بەردەوام بین ئەوکات ئەوە هەر ئەوانن شایستەی متمانە و پشتیوانی خەڵکن نەک ئێمە!، ئەمە هەلێکە و لە کیسی مەدەن، ئێوە شایستەی سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی گەورەتر و زیاترن و بۆ لای خودا و مێژووش سەربەرز و ڕووسور دەبن، ئەوکات ئێوە دەبنە سەر مەشق و نمونەی ئەو ئایەتە قورئانیەی کە الله سبحانە وتعالی: دەفەرموێت { كَم مِّن فِئَةٍ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةً كَثِيرَةً بِإذْنِ اللَّهِ }، ئێوە بوون کە گروپێکی کەم و لاوازبوون، بەڵام زاڵ و سەرکەوتووبوون بەسەر گروپێکی زۆر و ستەمکار و بەهێزدا بە کۆمەک و پشتیوانی خودا، ئێوە بۆ خودا بونتان سەری خستن، ئەوان ستەمکاری و تاوانیان توشی شکستی کردن!.

لەم ساڵ یادەدا ئەوەیە ئامۆژگاریم بۆتان، “بۆ خودا و خەڵک ببن، با خودا و خەڵکیش بۆ ئێوە ببن”، هاوڕێیانم ئەوە وەفایە بەرامبەر ڕۆح و پڕۆژەکەی ڕەوانشاد، بەرامبەر بەو هاوڕێیەتی و بەڵێنەی بە بەڕێزیان و خەڵکمان دابوو کە ئێمەین دەیگۆڕن، ئێستا چ گۆڕان خوازێک ڕووی ئەوەی ماوە دەنگ هەڵبڕێت و هاواربکات و بڵێیت: ئەیگۆڕین؟!، وەرن ئەم هەڵوێستە مەردانە بکەنە دیاری ڕەوانشاد و خۆشەویستانی ڕەوانشاد و ئەو خەڵک مەزڵوم ڕەزیل کراوە کە دەکاتە ٪٨٥ ی خەڵکەکە!، نەک سەردانێک و یادکردنەوە و گردبونەیەکی چەند کاتژمێری و وتنەوەی دروشم گەلێکی بێ ناوەڕۆک و بێ کردار!،
والله المستعان.

تێبینی:
ـ پێشنیارەکەم وەک چێشتی مجێوری مام هەژار نوسیوە سادە و ئاسان و تێکەڵ و پێکەڵ، داڕشتنی ئەدەبی و قسەی فلسەفی و پۆزم لێنەداوە پارادین و ماراداین، بۆ ئێوە و ئەو خەڵکە سادە و هەژار و مەزڵومەم نوسیوە، ئێوەش خۆتان خوداتان.

ـ من ئەو پێشنیارە بە جوانترین وەفا و ڕاستگۆیی و خزمەت و دڵسۆزی دەزانم بۆ ڕەوانشاد، نەک سەردانێک بۆ سەرگڵکۆکەی لەو ڕۆژەدا کە هەموو ڕۆژێک ئەوە دەتوانم.

ڕۆحت شاد هاوڕێی ئازیزم ڕۆژێکی تر دێم بۆلات.

براتان: م کامران علی
١٦/٥/٢٠١٩

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.