ئیبراهیم عەلی
مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکی دیکەی نێچیرڤان بارزانی هەڵدەوەشێنێتەوە
١٣ ملیۆن دۆلاری رێکخراوی ئایندەی گەش لەبانکی کوردستانەوە بۆ بانکی منارە دەگوازرێتەوە
لەساڵی ٢٠٠٨ بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەو کاتی ئەنجومەنی وەزیران دەزگای ئایندەی گەش بۆ قەرزی بچووک دامەزرێندراو بڕی ١٣ ملیۆن دۆلار وەک بودجە بۆ دەزگاکە خرایە سەر حیسابێکی تایبەت لەبانکی کوردستان. لەئێستاشدا دوای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەم بەفەرمانی مەسرور بارزانی ئەو دەزگایە هەڵوەشێندراوەتەوە.
کاری ئەو دەزگایە پێدانی قەرز بوو بەو کەسانەی کە پڕۆژەی بچووکیان هەبوو. بەپێی ئامارێکی تایبەت کە دەستم کەتووە لەماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لەو رێکخراوە سوودمەند بوون و تا ئێستاش چوار ملیۆن دۆلاری ئەو دەزگایە لای هاوڵاتیان ماوەو بەهۆی ئەو زیادەیەی دەخرایە سەر ئەو پارەیەی دەدرا بەهاوڵاتیان ئێستا بودجەی دەزگاکە وەک خۆی ماوەو ئەو بڕە پارەیەی لای هاوڵاتیان قازانجی ئەو دەزگایەیە.
لە ڕۆژی ٧ی نیسانی ئەمساڵ دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێک ئاراستەی بانکی کوردستان دەکات و ئاگاداریان دەکات کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رێکاری پێویست ئەنجام بدەن بەگواستنەوەی سەرجەم سەرمایەی دەزگای ئایندەی گەش بەشێوەی نەختینە بۆ سەر حیسابی ژمارە ٥٠٤٨ لەبانکی منارە.
دوابەدوای ئەو نوسراوە دکتۆر ئومێد سەباح فەرمانێکی وزرای دەردەکات لە رۆژی ١١ی نیسان و فەرمان دەکات بەهەڵوەشاندنەوەی یەکجاری دەزگای ئایندەی گەش و سەرجەم ئەرشیفەکانی ئەو دەزگایە دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.
هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگایە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە پەنجا کەس کە کارمەندی ئەو دەزگایە بوون بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێش وەختە نێردراونەتەوە ماڵ. لەکاتێکدا ئەو کەسانە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان ئەو موچەیە بوو کە لەو رێکخراوە وەریان دەگرت.