نەوشیروان مستەفا

لەلایەن ستاندار Posted on 287 جار بینراوە

سەردار عەزیز

کاتێك کەسێك دەڕوات، دوا کۆچی دەکات، هەر زو دەگەڕێتەوە، بەڵام گەڕانەوەیەکی تایبەت.

لە گەڕانەوەیدا پەیوەندییەک دروست دەبێت لە نێوان ئەوکاتەی کە لێرەبو لەگەڵ ئێستادا کە لێرەنیە، هەروەها لە نێوانیاندا چ جۆرە دونیایەک بەرجەستە بوە. کەسێک کە لێرەیە و لێرە نیە، لە هەناو خۆماندا گفتوگۆیەک بەرهەم دێنێت، گفتوگۆیە کە دەبێت بە هێمنی و رامان و شەن و کەوکردنەوە ئەنجامی دەین. لەم گفتوگۆیەدا، رۆحێک هەیە، کە هەمو قسەکانی کردوە بەڵام لە هەناو ئێمەدا قسەی تر بەرهەم دەهێنێت، دونیایەک هەیە، کە لە جاران و دەچێت و بەڵام وەک جاران نییە.

ئەم رۆژانە کە باسی نەمانی ناوەندێتی و کارایی و پەککەوتەیی پەرلەمان و دێوزەمەی هاوشاریی و هاوڵاتیی و ترسی خۆمان بە تەنیا و گەڕان بە دوای باوکێکی بیانیدا دەکەین نەوشیروان مستەفا سەرەتاتکێمان لە گەڵدا دەکات.

کاتێک لەگەڵ ئەم رۆحەدا گفتوگۆ دەکەین، تێدەگەین کە لامەرکەزی بریتی نییە لە هەڵکوڵانی چەند یاسایەکی کورتیلە، شەڕی دەسەڵاتخوازێک لە گەڵ دەسەڵاتخوازێکی تردا، بەڵکو پێش هەمو شتێک نەمانی ناوەندە، وەک پرسێکی ئەخلاقی. نەمانی ئەو بونەوەرەیە کە بێشەرمانە هاوار دەکات من خاوەنی ئەمەم. نەمانای خاوەندارێتییە.

لامەرکەزی کاتێک بەرجەستە دەبێت کە بتوانین بیربکەینەوە کە دەسەڵاتدارێتی ئەرکێکە پێمان دەسپێردرێت و کاتێکی دیاری کراوەی هەیە. کە ئیکساپەر دەبێت، ئیتر بۆ/گە/نی دێت.

گەر لەم دایەلۆگە هاملیتیەدا بیر لە پەرلەمان بکەینەوە، تێدەگەین کە لە دونیای مۆدێرندا تەنها سێ دۆخی حوکمڕانی هەیە. دۆخی شەڕی ناوخۆ، دۆخی شۆرش، لە گەڵ دۆخی پێکەوەژیانی ئاشتیانە. چونکە هەموو کۆمەڵگایەک پێکهاتوە لە هێز و بەرژەوەندی و توێژی جیاواز، ئەوا کێبڕکێ و ململانێ و شەڕ هەیە. ئەم دۆخە یان دەبێتە مایەی شەڕی ناوخۆ، یان هێزێک دەتوانێت لە رێگای شۆرشەوە زاڵ بێت بە سەر ئەوانیتردا و بیانسڕێتەوە یان بڕیاردەدەن کە پێکەوە ئاشتیانە دەسەڵات دەستاودەست بکەن. ئێمە نە شەڕی ناوخۆمان جێهێشتوە، کە شۆڕشمان بۆ کراوە، نە توانیمانە ئاشتیانە دەستاو دەست بکەین.

ئێمە لەم هەمو نیوەناچڵیەدا چەقیوین، چونکە ناتوانین لە زەبرەوە بگوێزینەوە بۆ عەقڵ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.