سیستەمی لامەرکەزی یان گۆڕینی دەسەڵات

لەلایەن ستاندار Posted on 282 جار بینراوە

مەلا فرمان

دروستە، ئەگەر بڵێین زۆرینەی دانیشتوانی ئەم هەرێمە و رۆشنبیرەکانی کۆکن لەسەر ئەوەی: ئەم دەسەڵاتە حیزبیە بە پشتیوانی و دەستلەپشتدان و کۆمەک و چاوسورکردنەوەی نێودەوڵەتی دوای ٢٩ ساڵ دەسەڵاتداری، ئەم هەرێمە و پرسی کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندوە. رۆژێک کە تێیدا ئەو تۆپەڵە لۆکەیەی ئەم دەسەڵاتە ٢٩ ساڵە لەسەر دەم و لوتی نیشتمانی داناوە خەریکە نیشتمان هەناسەبڕ دەکات. ئەم دەسەڵاتە پرسی نیشتمان، کوردایەتی، شەهیدان، پێشمەرگە و حکومەتی بە جۆرێک لە زهنی خەڵکدا سوک کردوە، هاوڵاتیان لە باسکردنی رادەکەن یان گوێچکەی خۆیان دەگرن. لە کاتێکدا هەمان ئەو پرسانە لە پارچەکانی تری کوردستان و لە هەندەران پیرۆزی خۆیان هەیە و میللەت ئامادەی قوربانیدانە.
لەم هەرێمە، بارودۆخەکە پڕ قەیراناوی و خەتەرناکە، هەرێم بەرە و لێواری مەرگ دەبات، دەسەڵاتیش بەردەوامە لە دوڕویی و لە زیادکردن و گەورەکردنی قەیرانەکان:
1- زینی وەرتێ و کۆکردنەوەی هێز.
2- خەریکە خەڵک لەبەر نەبونی و پرسێتی پرسە گرنگەکانی بیردەچێتەوە.
3- نەهێشتنی ئەو تروسکاییە لە ئازادییەی بە پێداگری خەڵک ماوە.
4- موچە
5- هێنانە پێشەوەی لامەرکەزیەت. بەزەروری دەزانم لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستە بکەم
لامەرکەزیەت ( ناناوەندێتی)
یەکێکە لە تازەترین و سەردەمیانەترین شێوەی حوکمڕانی لە بواری کارگێری و ئیداری کە پێی دەوترێت کارگێری نا نەوەندێتی ( الامرکزیة الاداریە)، تێیدا هەرێم یان بەشێک لە هەرێمێک، دەسەڵاتی دەبێت لە :
1- دەسەڵاتی بریاردان لە سنوری پارێزگا.
2- جگە لە پرۆژە ستراتیژی و ژێرخانیە گشتیەکانی وڵات و ئەو بریارانەی بەندە بە سیادەی هەرێمەوە، دەسەڵاتی ناوچەیی دەتوانێت بڕیار لە تەواوی بوارەکانی تر بدەت.
لە دوای حەفتاکانی سەدەی رابوردوەوە زۆربەی وڵاتانی دونیا پەنایان بۆ ئەم جۆرە حوکمڕانیە بردوە و سەرکەوت و بونە. ئوردن پەیڕەوی سیستەمی لا مەرکەزیەتی کرد، سوریا و عێراقیش حوکمی ناوەندیان بەهێز کرد. لە وڵاتانە دەرئەنجامەکان بەو شێوەیەیە کە ئێستا دەیبینین.
بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان کاتەکەی گونجاو نیە، جونکە کاتێکە پڕ لە دڕدۆنگی سیاسی و قەیران، بۆیە هەر بریارێک لەم جۆرە بارودۆخە بدرێت جگە لەوەی دەرئەنجامی باشی نابێت:
1- درێژەدانە بە زیاتر ئیفلیجکردنی جومگەکانی ژیان و هێدی هێدی بەرەو دوا هەناسە دەیبات.
2- هاوڵاتیان دوردەخرێنەوە لە پرسە گرنگەکان.
چونکە ئەو لامەرکەزیەتەی لەم کاتەدا باس دەکرێت دولەتبون و دابەشکردنی دەسەڵاتە بەسەر ٢ دو گروپدا کە بەرپرسن لە وێرانکاریەکانی وڵات.
کێشەکانی هەرێم چین؟
1- رەوشتی سیاسی : سیاسییە حیزیەکانی ئەم وڵاتە خاسیەتی مەیمونی ناو دارستانیان هەیە، کە بەشەڕ دێن دارستان تێکدەشکێنن، کە پێکیش دێن بەروبومی ئەم میللەتە هەڵدەلوشن.
2- کێشەکانمان کەمی داهات نیە بەڵکە زۆری دزە لەم وڵاتە. بەڕادەیەک زۆرن ئەگەر دادگایەکی دروست هەبێت زیندانەکان پڕ دەبن و قەسرەکان چۆڵ.
3- تێکەڵکردنی سیاسەتە بە ئایین و وەرزش و زانست و بوارەکانی تری ژیان.
4- شکاندنی شکۆی مامۆستایە، هەڕاجکردنی زانست و پەروەردەیە کە لەکەدارکردنی شکۆی گەلێکی لێکەوتۆتەوە.

چارەسەر
دەسەڵات و بەرپرسەکانی:
لەبەرئەوەی:
1- کەوتونەتە بەر دوعاو نزای خەڵکی کوردستان، ژنانی ئەنفال رو لە ئاسمان دەکەن و سنگ دەکوتن، دەڵێن ” خودایە ئەم ناهەقیە قبوڵ نەکەی”.
2- خۆیان و نەوەکانیان لە ژیانی ئاسایی کۆمەڵگا دابڕاون و تەریک کەوتون.
3- بەخۆداچونەوە و چاکسازی بۆتە رابردو.
4- وەک سەرەخۆرە هەرێم و ئەزمونەکەیان خستۆتە سەر رێگەی نادیار.
بۆیە باشترین چارەسەر :
1- خۆڕێکخستنەوەی میللەت.
2- دامەزراندنی بەرەیەک بۆ جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتە.
3- جگە لە بە کارهێنانی چەک تەواوی فشارەکانی تر بە کاربهێندرێت بۆ گۆڕینی ئەم جۆرە دەسەڵاتە. پێشترینیان:
– دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت
– دامەزراندنی حکومەتی کاتی نیشتمانی. تێیدا کەسانی رابردوپاک و دڵسۆز و بەتوانا دەستبەکاربن.
– ئامادەکاری دروست بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
ئەگەر ئەمەش نەکرا میللەت ئامادەبێت بۆ ئەگەرەکانی تر.
سودەکانی گۆڕینی دەسەڵات
1- گێڕانەوەی پیرۆزیەکانی مرۆڤ و شکۆی نیشتمان و هاوڵاتی.
2- گێڕانەوەی بەرپرسەکانی ئەم دەسەڵاتە و نەوەکانیان بۆ ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە، بونیاتنانەوەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.