کۆرۆنا و مەلەوانە درۆزنەکە

لەلایەن ستاندار Posted on 273 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆنتڕۆل نەکرابوو، ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان شلکران، ئەوەیان هۆکار بوو، کە جارێکی دیکە ڤایرۆسەکە بڵاوبێتەوە، و نەخۆشیەکە سەر لە نوێ تەشەنە بکات.
بڵاوبوونەوەی ئەم جارەی ڤایرۆسەکە مەترسیدارتر دەبێت لەوەی جاری پێشوو، چونکە ڕیوشوێنەکانی خۆپاریزی و بەرپێگرتنی وەک جاری پێشوو نابێت، ئەویش لەبەر چەندین هۆکار کە دووانیان زۆر سەرەکین لێرەدا هەڵوەستەیان لەسەر دەکەین.
هۆکاری یەکەم پەیوەندی بە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە هەیە، کە بە ئەرکی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەڵدەستان، لە ناویاندا کەرتی تەندرووستی و هێزەکانی ناوخۆ.
لە قۆناغی یەکەم و سەرەتایی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی Covid 19 لە هەرێمی کوردستان، رێوشوێنەکان بۆ بەرپێگرتن و کۆنتڕۆل و چارەسەری نەخۆشەکانی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە زۆر سەرکەتووبوون، پلانەکان لە دۆزینەوە و بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی ڤایرۆسەکە و کۆتڕۆلکردنی پلانی باش و بەبەرنامەبوون.
لایەنی دووەم کە زامنی سەرکەوتنی پلانەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بوون هاوڵاتیان بوون، لە پابەندبوون بە ڕێنمایەکان، وێڕای ئەو دۆخە قورسەی کە لە بورای ئابووریەوە کەوتە سەرشآنیان، بەڵام هاوڵاتیان بەرگەی رۆژگارێکی یەکجار سەخت و ناخۆشیان گرت.
لە ئێستادا کە جارێکی دیکە ڤایرۆسەکە لە نێو خەڵکی بڵاودەبێتەوە، بۆ کۆنتڕۆلکردنەوەی ئەو ڤایرۆسە هاوڵاتیان ئەو ئامادەیی جارانیان تێدانیە کە هاوکار و پشتیوان بن بۆ پلانەکانی حکومەتی هەرێم ، ئەوەشیان پەیوەندی بە ژیان و کەسابەتی خەلک لە لایەک و بێ متمانەیی خەڵکەوە هەیە لە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەدوو مانگی کەرەنتینە بەهۆی دواکەوتنی مووچە و بێ کارکردنی خەڵک فشارێکی زۆری ئابووری کەوتە سەر شانی خەڵکی.
لێرەدا دەپرسین ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیەکەی ماوە، ئەگەر ماوە بێ متمانەیی خەڵک لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟
ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەر ئاستی جیهان هێشتان مەترسیە، چونکە وەک پەتایەکی جیهانی نە پێکوتەکەی (لقاح) دۆزراوەتەوە، و نە چارەسەرکەی توانیویەتی بنبڕی ئەو پەتایە بکات.
هەرێمی کوردستان کەتۆتە نێوانی ژینگەیەکی پیسی ئەو ڤایرۆسە، ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتی دراوسێی هەرێمن، کە هیشتا لە ئاستی ڕیزبەندی یەکەمەکانی جیهانن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە تیایاندا، وا عێراقیش دێتە سەر، کە لەو دوو هەفتەی دوایی رێژەی تووشبووانی بەرز بۆتەوە، و ژمارەی مردنیش لە عێراق لە ئێستادا مەترسیدارە.
لە دۆخێکی وادا هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی لێی دەرناچێت، بۆیە وەک دەبینین، بۆ هۆکاری خاوکردنەوەی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لەلایەک ، و بێ متمانەیی خەڵک لە لاکەیی دیکە، خەریکە ڤایرۆسەکە جارێکی دیکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان تەشەنە دەستێنێت.
لە ئێستادا کە حکومەتی هەڕیم ناتوانێت ریوشوینەکانی پێشوو پیادەبکات، بەڵگەش بۆ ئەویان بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی رۆژانی چەژن بوو، کە بەهۆی پابەندنەبوونی هاوڵاتیان وەک پێویست جیبەجێ نەکرا، لەوەی لە زۆربەی مزگەوتەکان نوێژی بە کۆمەڵی چەژن ئەنجامدرا و خەڵکیش بۆ چەژنانە قەدەغەی شکاند.
بۆیە دەبێت لە نێوانی ترس لە ىڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە و بێ متمانەیی خەڵك دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم بیر لە ڕێوشوێنی تازە بکەنەوە، ئەگینا وەک وڵاتەکانی دیکە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت، ئەوسا نابێت گلەیی لە کەرتی تەندرووستی بکرێت، چونکە وەک دەزانرێت ئەوان تەنیا بۆ شەڕی خۆپارێزی ئامادەبوون، بەڵام کاتێک کۆنتڕۆل لەدەستی ئەوان دەردەچێت دەبێت هاوڵاتیان بۆ خرابترین بژاردە خۆیان ئامادەبکەن.
با کەسیش نەڵێت ڤایرۆسەکە بۆ خۆدزینەوە لە دابەشکردنی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان سیناریۆی دەسەڵاتە ، ڤایرۆسەکە هەبێت یان نا حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەگوزاریەکان بەرپرسە.
ئەوەی جێگایی مەترسیە ئەویە حکومەتی هەرێم وەک مەلەوانە درۆزنەکەی لێبێت، و خەڵک با باش و خرابەکانی باوەڕ نەکات، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.