فاشیزمی تورکی لە لوتکەی مەترسیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 363 جار بینراوە

سەلاح خدر

گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی بارش چاکان خەڵکی ناوچەی ئاگری باکوری کوردستان بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئالسانجاکی شاری ئەنقەرە لەلایەن ٣ ڕەگەزپەرستی تورکەوە هێرش کرایە سەری و بەچەقۆ کوشتیان.
بەپێی داتا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان فاشیزم و نەژادپەرستی و دەمارگیری ئاینی لەماوەی ١٨ ساڵی دەسەڵاتداری ئەردۆغاندا بەشێوەیەکی لە تورکیا هەڵکشاوە کە ئیدی لە غەیرە تورک و موسوڵمانی سونیی هیچ نەتەوە و باوەڕێکی دیکە ئاسایشی ژیانی مسۆگەر نییە، مەگەر ئەوانەی نکۆڵی لە نەژاد و باوەڕی خۆیان بکەن، لەپێشدا کورد دوای ئەرمەنیەکان، عەرەب، مەسیحی، عەلەوی و ئێزدی لەژیر هەڕەشەی جدی تورکە ڕەگەزپەرستەکاندان، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر خۆیان و جێگا پیرۆزەکانیان.
ئەردۆغان لەساڵەکانی سەرەتای حوکمڕانیدا بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتداری خۆی هەڵمەتێکی تاکتیکی بەناوی کردانەوەی کوردی دەستپێکرد، تا ئەوەی قاچی داکوتا، ئیدی دەمامکەکەی فڕیدا و ڕووی ڕاستی خۆی (فاشیزمی کەسک)ی دەرخست لەگەڵ ڕەگەزپەرسترین حزب لەمێژووی تورکیا (پارتی نەتەوەیی تورکیا – مەهەپە) و ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ و چەتە و مافیاکان یەکیان گرت و لەڕێی گۆڕینی یاسا و دەستورەوە دەستیان بەسەر تورکیادا گرت.
ئەردۆغان بەدروشمی هەموو شتێک لەپێناو تورک و تورکیادا، پەیماننامەی میساقی میللی و گەڕانەوە بۆ سنورەکانی عوسمانی هێنایە ڕۆژەڤەوە، لە هەوڵی داگیرکردنی کۆبانێ لەڕێی چەتەکانی داعشەوە و پاشان داگیرکردنی ڕاستەوخۆی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و کاولکردن و کۆمەڵکوژی ناوچەکانی سوری ئامەد، جیزرە، سلۆپی، کاربۆران و چەند دەڤەری باکوری کوردستان، دەستوەردان لە کەرکوک و موسڵ، کردنەوەی بارەگای سەربازی نوێی لە نزیک موسڵ و هەرێمی کوردستان، دروستکردنی هێزی چەکداری پڕۆکسی لە تورکمان و سونەکانی عێراق و ناردنی هێز بۆ سوریا و لیبیا پیلانە مەترسیدارەکەی کرداری کرد.
بەردەوام لەڕێی میدیاکانی تورکیا کەدوای سیناریۆی کودەتای تەموزی ٢٠١٦ لەلایەن ئەردۆغان و هاوکارەکانیەوە وەک سوپا دەستی بەسەرداگیراوە، ژەهری نەژادپەرستی لەناو کۆمەڵگادا بڵاودەکرێتەوە، هونەرمەندانیش لەڕیی گۆرانی و فیلمەکانیانەوە وەک ئەوەی لە داگیرکردنی عەفریندا بینیمان بوونەتە پارچەیەک لەو پڕۆژەیە، بەپڕوپاگەندەی (هیچ نەتەوەیەک لە تورک پیرۆزتر و شەریفتر نیە، بەختەوەرترین کەس ئەوەیە کە تورکە) بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و کۆمەڵایەتی ئاستی ڕەگەزپەرستی لە تورکیا بۆ لەسەدا ٢٠٠ بەرزکراوەتەوە و ئەو فکرە مەترسیدارە سنورەکانیشی تێپەڕاندووە و تورکەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەشی لەخۆیدا کۆکردوەتەوە، لەو ڕێیەوە خۆیان لە دەسەڵاتداریدا هێشتوەتەوە.
میدیای لغاوکراوی هەنوکەیی تورکیا بەئاستێکی زۆر فکر و بۆچوونی کۆمەڵگای داگیرکردووە و سیستەماتیک ئاڕاستەی دەکات.
بەتایبەت دوای سیناریۆیی کودەتاکە هەزاران دەنگی ناڕازیی تیرۆرکران یان خرانە زیندانە و هەزارانی دیکە ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن.
ئەردۆغان لەڕێی حەسەن خەیریەکانی حکومەتی هەرێمەوە چەقۆی تورکی خستوەتە سەر ملی گەلی کورد و هەوڵی قوربانی کردنی دەدات، ڕۆژانە بارەگای نوێی سەربازی دەکاتەوە و خاک داگیر دەکات، بۆردومان کۆمەڵکوژی ئاشکرا دەکات، هێڵە ئیخوان موسلمینە کوردەکانی باشووریش پرسی چارەنوسازی نەتەوەیی کوردیان لەهەستیارترین سەردەمدا کردوەتە قوربانی هێڵی دەمارگیری ئاینی سونیی گوایە ئەردۆغان محەمەد مەهدی سەردەمە و پێشەنگایەتی مانەوەی ئەو هێڵەیان بۆ دەکات بەرامبەر خاچپەرست و رافزیەکان هەربۆیە بێپەردە پشتیوانی ئەو ڕەگەزپەرستیە خوێناویەی تورکیا دەکەن و فتوای بۆ دەدەن.
ئەردۆغان سودی لە پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوماڵی کوردی بینیووە، هەربۆیە تاکە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو فاشیزمە مەترسیدارە یەکبوونی نەتەوەییە ڕێگەی دووهەم نیە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.