له‌پێناو رزگاركردنی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 301 جار بینراوە

د. كامه‌ران مه‌نتك

ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وڵاته‌كه‌مانی پیادا تێپه‌ڕده‌بێت، به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌، وایكردووه‌ خوێندن و زۆر له‌م بوارانه‌ی تر، كه‌وا كاری به‌ كۆمه‌ڵن، په‌كیان بكه‌وێت، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ په‌روه‌رده‌و خویندنه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك به‌ ته‌نیا ئه‌و بواره‌ كه‌وتۆته‌ قه‌یران به‌ڵكو گه‌ڕان به‌دوای ده‌رچه‌و چاره‌سه‌رییه‌كانیش خراوه‌ته‌ قه‌یرانه‌وه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌ ده‌رهاویشته‌كانی نه‌بوونی كاڵا به‌ قه‌د باڵایه‌و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شێوازه‌یه‌، كه‌ پله‌و پۆسته‌كانی له‌ هه‌ریمی كوردستان پێبه‌خشراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌رییه‌كانیش مۆركێكی سیاسی وه‌رگرتووه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر خه‌مساردی به‌رامبه‌ر په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌وه‌ پێوه‌ دیاره‌!. ئه‌و بژاردانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری خرانه‌ روو، هه‌ر له‌ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی و ئۆنلاینه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ به‌ڕێكردن و تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كان، بژارده‌ی ته‌ندروست نه‌بووینهو نینه‌‌، هه‌رچه‌نده‌ خویندنی ئۆنلاین، ئه‌گه‌ر ژێرخانه‌كه‌ی له‌بواربێت، بژارده‌یه‌كی له‌باره‌، به‌ڵام به‌و خێراییه‌ ئه‌و بژارده‌یه‌ ناكه‌وێته‌ بواری پراكتیزه‌كردنه‌وه‌، ده‌بوایه‌ پێشتر بایه‌خی پێبدرابوایه‌و فه‌رامۆش نه‌كرابوایه‌، كه‌واته‌ چی بكرێت باشه‌؟
به‌رله‌ هه‌موو شتێك ده‌بێت دۆخی وخوێندن و په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌ریمی كورد به‌و شێوه‌یه‌ سه‌یر بكرێت، كه‌ هه‌یه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن خۆمان ده‌مانه‌وێت وێنای بكه‌ین و رووی راسته‌قینه‌ی بشارینه‌وه‌، سه‌یری دۆخی خویندن له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا به‌ر له‌كۆرۆناش پڕۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌و خویندنی باڵا له‌ هه‌ریمی كوردستان له‌ قه‌یرانی گه‌وره‌ ژیاوه‌ و له‌ لێواری داته‌پین نزیك بۆته‌وه‌، دیاره‌، كه‌ خوێندن زیاتر بڕوا نامه‌ به‌خشینه‌وه‌ بووه‌و حزبه‌كان به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان بڕوانامه‌یان به‌سه‌ر كادیره‌كانی خۆیان به‌خشیوه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ئه‌و به‌شانه‌یان بۆ منداله‌كانیان كڕیوه‌، كه‌ ئاره‌زوویان لێیی بووه‌، نه‌ك به‌گوێره‌ی تواناكانیان بووه‌، كه‌واته‌ له‌ پاڵ قوتابی و خوێندكار، كه‌ ئێسستا كراوه‌ته‌ خاڵی سه‌ره‌كی چاره‌سه‌ریه‌كان، سوپایه‌ك خاوه‌ن بڕوانامه‌ی نه‌خوێنده‌وار به‌رهه‌م هێنراوه‌و ساڵانه‌ به‌ ده‌یان ملوێن دۆلار چ له‌ به‌رهه‌مهینانیان چ له‌كارپێكردنیان به‌ هه‌ده‌ر ده‌درێت، بێگومان به‌ر له‌هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ی خوێندن هه‌یه‌و به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان جلی دكتۆرو ماسته‌رو پڕۆفیسۆری یاریده‌درو پڕۆفیسۆریان له‌به‌ركراوه‌، ته‌نانه‌ ئه‌گه‌ر له‌و بابه‌تانه‌ی خۆیان ده‌یڵێنه‌وه‌ تاقیان بكه‌یته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌رنه‌چن، ته‌نانه‌ت گومانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م خۆیان بزانن به‌ دروستی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌، كه‌ خۆیان بۆ قوتابی و خوێندكاره‌كانیان داده‌نێن، هاوكات ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌درێژایی ساڵیش ده‌یڵێنه‌وه‌، له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك و مه‌لزه‌مه‌یه‌كی كۆن تێناپه‌ڕێت، كه‌ ره‌نگ بێت، هه‌موو ساڵه‌كه‌ ئه‌گه‌ر كۆی بكه‌یته‌وه‌ ته‌نیا به‌شی یه‌ك هه‌فته‌یه‌ بخوێنرێت، ئه‌مه‌ سه‌رباری جۆری ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌یڵێنه‌وه‌، كه‌ بابه‌تی ستۆك و كۆن و له‌ ئاستی زانیاریه‌كانی سه‌رده‌م دانینه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ قوتابی و خوێندكاره‌كانیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ راهێناوه‌، كه‌ ئاماده‌نه‌بن له‌مه‌ زیاتر وه‌رگرن و بخوێنن، به‌مه‌ش ئاوه‌ز له‌م وڵاته‌ فه‌رامۆش و پشتگوێخراوه‌!. بێگومان ئه‌مه‌ واتای نادیده‌گرتنی رۆڵی ژماره‌یه‌ك مامۆستای به‌ڕێز نیه‌ له‌ كوردستان، كه‌ زانای گه‌وره‌ن و به‌وپه‌ڕی توانی خۆیان شه‌ڕی ئه‌و دۆخه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت رۆله‌كانی گه‌له‌كه‌یان به‌ باشترین شێوه‌ پێبگه‌یه‌نن، به‌ڵام جێگای داخه‌ ئه‌وانه‌ ژماره‌یان هێنده‌ كه‌مه‌، كه‌ كاریگه‌ریان نه‌ك ده‌رناكه‌وێت بگره‌ ده‌خنكێنرێش!.
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌وردی و روانگه‌یه‌كی ریالیستیه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ین، كه‌ پڕۆسه‌ی فێربوون وپه‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای تێكه‌وتووه‌، خوێندن و نه‌خوێندن وه‌كو یه‌كی لێهاتووه‌ له‌ هه‌ریمی كوردستان، ته‌نانه‌ت به‌رده‌وام بوون له‌ خوێندن به‌و جۆره‌ی له‌ ئارادایه‌ زیان و مه‌ترسیه‌كانی ئێجگار زیاتره‌، ته‌نیا ئه‌و جۆره‌ ئاوه‌زه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌گرێته‌وه:” چش له‌ وڵات و نیشتیمان و هه‌موو شتێك له‌ پێناو خۆم و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆم، تاكه‌ راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ من بتوانم چۆن به‌ زووترین كات هه‌موو ئه‌وشتانه‌ به‌ده‌ست بێنم، كه‌ ده‌مه‌وێت خۆم به‌شایه‌نی زۆرینه‌ی ئه‌و شتانه‌ بزانم، كه‌ شایه‌نی نیم”. دیاره‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و به‌رپرس و كادیره‌ حزبیانه‌ی لێبه‌رهه‌م دێت، كه‌ هه‌موو شتێك بۆ خۆیان حه‌لاڵ بكه‌ن و ” شاپ له‌ مامۆستاكان هه‌ڵده‌ن”. ئاماده‌ن ده‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌هریمه‌نیش تێكه‌ڵ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن!. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ كێشه‌ی به‌رده‌وام بوونی و به‌رده‌وام نه‌بوونی خوێندن له‌ هه‌رێم زۆر زیاتر له‌ قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌ كراوه‌و كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژیت، به‌م شێوه‌یه‌‌ش هه‌رگیز ناتوانێت چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ تاكه‌ ریگا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌رله‌هه‌موو شتێك له‌ دۆخه‌كه‌ تێبگه‌ین، تا دۆخه‌كه‌ نه‌بینین وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چاره‌سه‌ریه‌كانیش وه‌كو دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ قه‌یرانه‌وه‌!.
ئه‌گه‌ر سه‌یری دۆخی ئێستای هه‌رێم بكه‌ین، ته‌نیا دوو رێگا بۆ چاره‌سه‌ری هه‌یه‌، چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌، كه‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ كۆی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندن و خویندنی باڵا، چاره‌سه‌ری كاتیش بۆ ئه‌و دۆخه‌ی هاتۆته‌ ئارا به‌ هۆی نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌، قه‌یرانی یه‌كه‌م پێوستی به‌ چاره‌سه‌ریه‌كی ریشه‌یی هه‌یه‌‌و كێشه‌یه‌كی قووڵه‌، به‌ڵام قه‌یرانی دوووه‌ه‌م كاتیه‌و تیده‌په‌ڕێنرێت، به‌ بۆچوونی من بۆ دۆخی ئێستا یه‌كێك له‌ بژارده‌ كرده‌ییه‌كان له‌ یه‌كتردانی دووساڵی خویندنه‌‌، واتا په‌ڕاندنه‌وه‌ی قوتابیان و خوێندكاران بۆ پۆلی دوایی و دواتریش له‌ سالی داهاتوو، خویندن زیاتر چڕ بكرێته‌وه‌و هه‌ردوو پۆل به‌یه‌كه‌وه‌ بخوێندرێت !، ئه‌مه‌ له‌وه‌ باشتره‌ هه‌موو ده‌ربچوێنرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای رازیكردنی قوتابی و خوێندكار خوێندن ریسوا بكرێت، ره‌نگ بێت ئه‌و بژارده‌یه‌ بۆ هه‌ندیك له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌خوێنرێت هیچ كێشه‌یه‌كی تیا نه‌بیت و بگره‌ زۆر ئاسانیش بێت، مه‌به‌ستم ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌، كه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، له‌ رووی زانستیه‌وه‌ باشتریشه‌و هیچ دابرانێك له‌نێوان بابه‌ته‌كان بۆ قوتابیان دروست ناكات، بۆ نمونه‌ له‌ به‌شی یاسا، ده‌روازه‌ی شه‌ریعه‌ هه‌یه‌، یاسای باری كه‌سێتی، میرات و وه‌سیه‌ت، اصولی فقه، ئه‌وانه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكان و له‌دوای یه‌كتر ده‌خوێنرین، هه‌مووی ته‌واكه‌ری یه‌كترن و ده‌شێت دوو قۆناغی ئاویته‌ی یه‌كتر بكردرێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی تر راسته‌، بێگومان له‌به‌شه‌كانی تریش ئه‌و له‌یه‌كتر نزیك بوونه‌ هه‌یه‌، هاوكات به‌گوێره‌ی بابه‌به‌ته‌كانی تر ده‌توانرێت ده‌وام درێژتر بكرێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كاتژمێر دوو ده‌وام ته‌واو بێت و خشته‌‌ی رۆژانه‌ی قوتابیان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دابنرێت، ده‌توانرێت تاوه‌كو كاتژمێر پێنج و شه‌شی ئێواره‌ درێژ بكرێته‌وه‌، بۆ یارمه‌تی باری دارایی قوتابی و خویندكارانیش له‌رێگای زانكۆكانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ده‌كرێت له‌ رێگای ده‌زگا خێرخوازیه‌كانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نه‌توانێت ئه‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵبگرێت، خواردن بۆ قوتابیان به‌ نرخێكی ره‌مزی دابین بكرێت!.
دیاره‌ ئه‌مه بژارده‌یه‌ بۆ به‌شی زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان زۆر له‌بارتره‌، به‌شه‌ زانستیه‌كانی تریش، كه‌ تاقیگه‌یان هه‌یه‌، كه‌ ره‌نگ بێت زۆر رۆژ به‌شێوه‌كی ئاسایی ده‌وامیان بگاته‌ كاتژمێری چواری ئێواره‌ له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما، كاته‌كانیان رێكبخه‌ن. ئه‌و كێشه‌یه‌ كێششه‌یه‌كی كاتیه‌و ده‌توانرێت به‌م چه‌شنه‌ تێپه‌ڕێنرێت، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، كێشه‌و قه‌یرانی راسته‌قینه‌ خودی ئه‌و دۆخه‌یه‌، كه‌ خویندن و په‌روه‌رده‌و به‌تایبه‌تیشش خویندنی باڵای تێكه‌وتووه‌‌، كه‌ پیویستی به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی كۆی كایه‌كانی هه‌یه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ‌ئێستا به‌و ئامڕازو كادیرانه‌ی حیزبه‌كان خستوویانه‌ته‌ ناو ئه‌و بواره‌ چاره‌سه‌ری ئاسته‌نگه‌، چونكه‌ به‌ر له‌هه‌موو شتێك ده‌بێت ده‌ستی ئه‌و حیزبانه‌ له‌ زانكۆكان و بواره‌كانی تری خویندنی باڵا ببڕدرێت، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و دۆخه‌ن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.