ستارە عارف
ڕاستی ببینیت و بیشاریتەوە و وەک خۆیان بۆ ئاگاداری و بە لاڕێدا نەبردنی خەڵک ئاشکرای نەکەیت، تۆیش تاوانباریت، لە٢٦/٥/٢٠٢٠ ئاوایی سەفرەی شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیای فاشیستەوە بە بیانوی هەبونی پەکەکەوە بۆردومانکرا و زیانی گیانی و ماددی زۆریشی هەبو، پەکەکە بۆچی سنوری باشور ناپارێزێت و ڕێزمان ناگرێت؟، تورکیا و ئێران بە بەردەوامی بە پاساوی بونی پەکەکە و جارجاریش کۆمەڵە و دیموکراتەوە سنور و دێهات و شارەکانی باشوری کوردستان بە سەختی بۆردومان دەکەن و لەدوای ڕاپەڕینی١٩٩١ و گوایە ڕزگاربونی ئەم پارچەیەوە، لەلایەن ئەو دو دەوڵەتە و بە هاوکاری عێراقی عەرەبی بە بیانوی ئەو حزبانەوە ئاوەدانی و سنورمان بە پێوە نەماون و لەبەعس خراپتر خاپوریان کردون، ئەمە جینۆسایدێکیتری کوردی باشورە لەلایەن دوژمنانەوە دەکرێت، کامەیە هەڵوێست و بەرگری پەکەکە لەباشوری کوردستان؟، دەبوایە بەهۆی هەبونی پەکەکەوە لەباشور تورکیا و ئێران نەیانوێرایە هێرشبکەنە سەرمان و هەزاران دێهاتیان نەسوتاندایە و کەچی پەلیان بۆ ناو شارەکانیش هاویشتوە و بە ڕۆژی ڕوناک میت و ئیتلاعات چالاکی تیرۆریستی بە هاوکاری هەردو بنەماڵە دەکەن و پەکەکەیش یەک جوڵەی تۆڵەی دژیان نەبوە، کەواتە پەکەکە و ئەوانیتر لەباشور هەبن یان نەبن سودیان بۆ ئەم پارچەیە چییە؟؟؟…
دەڵێن ئەگەر لەچیاکانی باشوری کوردستان نەبوینایە، ئێستا ئەو چیایانە بە دەست داعش و گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانەوە دەبون، کەچی گروپە ئیسلامی و تیرۆریستیەکان لەناو شارەکاندا داگیریان کردوین، پەکەکە دەڵێت ئەگەر ئێمە نەبوینایە ئێستا تورکیا باشوری کوردستانی داگیرکرد بو، کەچی تورکیا لەڕوی ئابوری و کلتوری و هونەرییەوە باشوری داگیرکردوە و زیاتر لەسی(٣٠)سەربازگەی لەم پارچەیە هەیە و چەندین کیلۆمەتر هاتۆتە ناوەوە و جارێکیش لەلایەن پەکەکەوە نە کۆمپانیا و نە سەربازگەیەکیان گوللەیەکی پێوە نەنرا، ئیتر داگیرکاری چییە؟؟.
پەکەکە لەباکوری کوردستان ئاستی جەماوەری دابەزیوە و لەڕۆژئاوا عەفرین و سەریکانی و بەشێکی سەرەکی ڕۆژئاوای لەدەستداوە و تەسلیمی تورکیا کراون، کەچی هەمو قورسایی خستۆتە سەر باشوری کوردستان و شەو و ڕۆژ لەڕاگەیاندن و وتاری فەرمیانەوە ڕۆژەڤە و باشوری کوردستان و باشوری کوردستانیانە، باشوریش تەنیا وەک مەیدانێک بۆ بەرژەوەندی حزبی و لۆجستیکی بەکار دەهێنن و لەهیچ قەیرانێکیدا خۆیان ناکەن بە خاوەنی و هەرگیز پشتگیری خەڵکەکەی ناکەن و بگرە هەزاران ناو و ناتۆرەی ناشیرینی دەخەنە پاڵ چونکە پشتیوانی حزبیان نین، پەکەکە لەباشور جیاوازی و ناکۆکی لەنێوان دیالێکتیکەکانی زمانی کوردی دروست دەکات و لەسەر ئاستی جوگرافیا و لەهجە مامەڵە دەکات و ڕێنوس و دیالێکتیکی خۆی دەسەپێنێت، کە ئەوەیش جۆرێکیترە لەسیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی باشور، لە١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧دا، سەرەڕای ئەو هەمو مانەوە و داڵدەدانەی پەکەکە لەو سنورانە، بەڵام ئامادە نەبون یەک فیشەک بۆ پشتگیری کەرکوک بتەقێنن و نەبنە لایەنێک لەگەڵ یەکێتی و پارتی و تورکیا و عێراق بۆ فرۆشتنی کەرکوک و سنورەکانی، لێ شەنگالیان کردوە بە سیمبۆڵ و بە فشاریش بەجێی ناهێڵن، ئەو جیاوازییە زۆرە بۆ ئەگەر بە ڕاستی یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزن؟، پەیوەندی و بەرژەوەندیشیان لەگەڵ ی ن ک و پدک تێکنادەن و ژێر بە ژێر و بە ئاشکرایش لەپەیوەندیدان، هەر وەفدێکیشیان لەشاخ و باکور و ڕۆژئاواوە بۆ باشور دێن، یەکسەر بێدودڵی خۆیان بە کۆشکەکانی هەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا دەکەن و هەمیشەیش پشتیان لەخەڵک و ئۆپۆزسیۆنی باشور بوە.
پەکەکە لەباکور و ڕۆژئاوا و هەر لەبەرنامەیشیاندا پشتیوانی لەیەکێتی گەلان دەکەن و دژی نەتەوەیبون و ناسیۆنالن، کەچی بۆ چەواشەکردنی خەڵکەکەی لەباشوری کوردستان باس لەیەکێتی نەتەوەیی و کۆنگرەیی نەتەوەیی دەکەن، لەسەر زینی وەرتێ بە نیازن خەڵکی باشور بڕژێنە شەقام و بڵێن یەکێتی و پارتی شەڕی براکوژی دەکەن و پەکەکە یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزێت، ئەم هەمو دوفاقیە لەپێناوی بەرژەوەندی حزبیدا، باشوریان کردۆتە مەیدانێک و لەناویشیدا بە تەنیا لەسلێمانی جێگەیان بۆتەوە و هەر ڕۆژەی تەرمی گەنجێکی بێ ئەزمونی بۆ دەنێرنەوە، چونکە بێ ئەزمون دەخرێنە پێشی جەنگەوە و شەهید دەبن، بۆ ئەوەی پشتیوانی کەسوکارەکەی بە دەست بهێنن و شەهیدبونی بە ئەزمونەکانیشی هەر جێگەی گومانن و ئەم تاکتیکەیشیان زۆر کۆنە، بۆیە پەکەکە لەدوای ساڵی١٩٩٧وە نابێتەوە بە هێز و ڕێکخستن لەباشور و هەر لق و حزبۆکەیەکیشی بە چەند ئەندامێکی گوناحەوە بۆ دروست بکەن، هەروا بە مردویی لەدایک دەبن و هەر بچوکتر دەبنەوە، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەرچەندە لەکەمپەکان خەریکی ژیان و ڕابواردنی ئاسایی خۆیانن و هەر شوێنیان گرتوە، کەچی بە بیانوی ئەوانیشەوە باشور بۆردومان دەکرێت و زیانی جۆراوجۆری پێدەگەیەنن و ئەوانیش فزەیان لێوە نایەت….