تەسەوف لە دیدی دکتۆر زەڵمی دا

لەلایەن ستاندار Posted on 547 جار بینراوە

نوسین و ئامادەکردنی: ئالان قارەمان شێخبزێنی

سەرەتای بابەتەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دکتۆر و پڕۆفیسۆری گەورەی کورد، مستەفا ئیبراهیم زەڵمی لە کتێبی ”کاروانی ژیانم” کە لە سەرگوزەشتەی ژیانی دەدوێت، لە بەشێکی کتێبەکەیدا لەسەر سۆفیگەری و تەسەوف دەدوێت و دەیبەستێتەوە لەگەڵ ڕووداوێکی ژیانیدا، کە باسی ئەوە دەکات بوومەلەرزەیەکی گەورە لە دێکەیان ڕوودەدات(کە دێی زەڵمە و ئەو کات مەلای دێیەکەیە)، گوایە لەو شوێنەی بۆ خێزانەکەی کەپریان لێ کردووە، پێشتر جێکەپری خێزانی شێخی دێکەیان بووە، بەم بوومەلەرزەیە کەپرەکەیان تێکدەشکێت و لەناودەچێت،

بەمەش دەکەونە بەر تانەی خەڵکیەوە کە گوایە شێخ بووەتە هۆکاری ئەم بوومەلەرزەیە و تەنها زەرەرمەند کەپرەکەی ئەوان بووە، وە لەم ڕووانگەیەوە بە موسڵمانی کۆڵەوار ناویان دەبات، کە ئەوکات پێیان وابووە ئەگەر هەر شێخێکی تەریقەت ئارەزوو نەکات، باران نابارێت، تۆوی کشتوکاڵ ناڕوێت و تەنانەت شێخ دەتوانێت مردوو زیندوو بکاتەوە. لەم هەڵوێستە و تێڕامانەدا زەڵمی دیدی خۆی دەربارەی تەسەوف و سۆفیگەری دەخاتە ڕوو وە دەڵێت: من کە ئەم باسانە دەگێڕمەوە لە بارەی شێخی دێکەمان یاخود هەر شێخێکی دیکەوە، مەبەستم ئەوە نییە کە ئەو شێخانە بە کەم بزانم.

یاخود شێخایەتی و تەسەوف لەلام ڕاست نەبێت، ڕێبازی تەسەوف دەبێت هەموو موسڵمانێک لەسەری بڕوات، چونکە بریتییە لەوەی مرۆڤ هەردەم لایەنی خوا زیاتر بگرێت لە لایەنی دونیا، تەسەوفی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ واز لە دونیا بهێنێت بۆ ڕەزامەندی ئاخیرەتی، هەروەک وتوویانە دونیا و قیامەت دوو هەوێنن لە هەر کامیان نزیک ببیتەوە لەوی تریان دووردەکەویتەوە. بۆ ئەم بابەت و پرس و ڕایەش نموونەیەک دەهێنێتەوە لەسەر زاری هاوڕێیەکی خۆیەوە بەناوی ” کاک عبداللە کانی مارانی” دەیگێڕێتەوە، کە گوایە ئەم هاوڕێیەی کاتێک لە قۆناغی ناوەندی بووە، لە دێکەیاندا پیاوێکی ئێرانی پێیدا تێپەڕیوە، بە دوو کەللة شەکری گەورە و ١٠ تمەنی ئێرانی، کە دەیویست بیبات بۆ لای شێخێک لە شێخە گەورەکانی ئەو کاتی کوردستان، تا لە کاتی سەرەمەرگ لە شەیتان ڕزگاری بکات و شەیتان ئیمانەکەی نەبات، لە کاتێکدا بۆ بەیانی ڕۆژی داهاتوو داوا لە گێڕەرەوەی چیرۆک دەکات کە ئەگەر بتوانێت تا دەرەوەی گوند بیگەیێنێت، تا پۆلیس بە بیانووی ئێرانی بوونی نەیگرن، ئەویش پێی دەڵێت: جا ئەگەر شێخ نەتوانێت لە دەستی پۆلیس ڕزگارت بکات، چۆن دەتوانێت لە شەیتان و سزای قیامەت ڕزگارت بکات؟!!

هەر لە باسەکەیدا تانە لە بەمیرات ڕۆیشتنی شێخایەتی دەکات لە شێخەوە بۆ کوڕەکانی، کە وەکو خۆی دەڵێت: شێخایەتی هەمووی نزیک بوونەوەیە لە خودا و خواپەرستیە، ساڵەهای ساڵ مرۆڤ تەسەوف پەیدادەکات، نازانم چۆن بە میرات ئەم تەسەوفە لە شێخەوە دەچێت بۆ کوڕەکانی، کوڕە شێخی وا هەیە لەماوەی هەموو ژیانیدا نوێژێکی نەکردووە، یان بە ئارەق خواردنەوە ڕۆژی بەسەربردووە. کەچی پێش مردنی شێخ وەسیەت دەکات لە جێگەی خۆی دابنرێت، بە قودرەتی قادر کوڕەکەی لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا دەبێت بە شێخی تەریقەت و ئیرشاد.

لە کۆتاییدا زەڵمی تەنها تانەی لە شێخەکان نەگرتووە، بەڵکو ستایشی بەشێک لە شێخەکانی هەورامان دەکات و دەڵێت: نمونەی وەکو شێخ سراج الدین، شێخ ضیاء الدين، شێخ بهاء الدين، شێخ نجم الدین…هتد کە شێخایەتیەکەیان هەموو بۆ خودا کردووە بەپێی ئاینی ئیسلام، وە هەوڵیان نەداوە بۆ دەوڵەمەندی و موڵک کڕین و ڕابواردن و خۆشی دونیایی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.