پێگەی دەسەڵات لەسەر هزری کۆمەڵگا

لەلایەن ستاندار Posted on 665 جار بینراوە

ئالان قارەمان شێخبزێنی

بیرۆکەی بابەتەکەم لە یەکێک لە کورتە چیرۆکەکانی نووسەری ناودار ”عەزیز نەسین” سەرچاوە دەگرێت، کە نووسەرێکی ناوداری تورکە، لە ڕۆمان و کورتە چیرۆکەکانیدا لەسەر کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کۆمەڵگای تورکی بە تایبەتی دەنووسێت. ئەم نووسەرە پەیام ڕوون و قەڵەم درەوشاوەیە، لە یەکێک لە کورتە چیرۆکەکانیدا بەناوی ”سواڵکەری خاوەن نەسەب”، ڕەخنە لەو بیرکردنەوە بێ بەها و سەیرەی کۆمەڵگاکەی دەگرێت، کە تەنانەت پلەوپایەی سواڵکەرێکیش لە لایان بەهادار بێت و زیاتر جێی تێڕامان بێت وەک لە سواڵکەرەکانی تر.

کورتە چیرۆکەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات، کە ژنە سواڵکەرێک بە هەنسک و گریانێکی قووڵەوە بەرەو ڕووی دەرگای چاخانەیەک هەنگاو دەنێت، نێرگەلەکێش و تاوڵەکەرانی نێو چاخانەکە لە پڕ دەوەستن و بێدەنگی باڵ بەسەر کەشەدا دەکێشێت، دوای ئەوەی چاویان بە ژنەکە دەکەوێت و دەبینن بە قووڵی دەگریێت، وە هەمووان پرسیاری هۆکاری لێدەکەن، بەڵام کاتێک ژنە سواڵکەر دەست دەردەهێنێت و داوای یارمەتی دەکات، ئیدی هەموو ڕوو وەردەگێڕن و کەس گوێی پێنادات و ژاوەژاو دەستپێدەکاتەوە.

نووسەر لێرەدا دەڵێت: وا مەڕوانن موشتەریەکانی نێو چاخانە ئەوەندە دڵ ڕەق بن، بەڵکو هەریەکێکیان لە تاو ئازارەکانی هەژاری و نەبوونی دەناڵێنێت، یەکێکیان کە بە دەستڕ ئارەقەکانی دەسڕێت، پڕ بەدڵ حەزدەکات شەربەتێکی سارد بخواتەوە، ئەوی تریان تەنانەت پارەی نیە دوو گوێز بۆ منداڵەکانی بکڕێت، جا چۆن دەتوانن یارمەتی سواڵکەرێک بدەن؟!!!.

لە ناکاو هەمووان بە منگەمنگێکی ژنە سواڵکەر واقیان دەوڕمێت، کە دەڵێت: ئاااای زەمەن، منێک لە بێوەژنی پاشای پێشووەوە بوومەتە چ سواڵکەرێک!، کە تەنانەت خواردنی ئێوارەش شک نابەم، بەڵێ منێک لەو پلەوپایەیەوە، ئێستا هاتوومەتە چ پلەوپایەیەك.

ئەم قسانە کاریگەری توند دەخاتە سەر دڵی هەمووان و بەرەبەرە قروش قروش پارەی بۆ تێدەگرن، تەنانەت ئەوانەی کە پارەی شەربەتێکی سارد، یاخود دوو گوێزیان بۆ منداڵەکانیان پێ نەبوو، ژنە سواڵکەریش دوای وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر تاوەکو سەری کۆڵان بە خەمۆکی دەڕوات، لەوێ پڕ بەدڵ بە قاقاوە دەڵێت: بەوای نەجیب زادەکانەوە ئێمەی بێ پلەو نەسەب چۆن دەژین.

لەم کورتە چیرۆکە پڕ مانایەدا نووسەر دیدی کۆمەڵگایەکی تورک نیشاندەدات، بەڵام ئێمە گەر بەراورد بکەین بە کۆمەڵگای خۆمان، هیچ جیاوازیەکمان نییە، هەروەکو چۆن پلەوپایە لای ئەوان تەنانەت بۆ سواڵکەرێکیش جێگای جیاوازی بوو، لای ئێمەش لامان ڕوونە پلەوپایە چ نەهامەتیەکی بە دوای خۆیدا هێناوە، لە نموونەی ماستاو و بەرتیل و دەعوەت و زمان لووسیەکانمان کە هۆکارن بۆ جیاکاری نێوان هاوڵاتیان، نەخۆشی و گرفتێکی وامان تووشبووە، تاک بە تاکی کۆمەڵگا بە دەستیەوە دەناڵێنن، تەنانەت وامان لێهاتووە سواڵکەرێکی نەسەبدار لامان گرنگتر بێت لە سواڵکەرێکی ئاسایی، چ جای دەسەڵاتدار و پلەوپایەدارەکان، هەرچەندە خاوەنی ژیان و گوزەرانیەکی خراپیش بین، لە کۆتاییدا هەتاوەکو نەتوانین پیرۆزکردنی پلەدار و دەسەڵاتدار و …هتد بووەستێنین، بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی گۆڕانکاری و پێشکەوتنیش ناکرێت.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.