رەحمان خانی
توركیا ، بە كەرەستەی جەنگی زەمینی و ئاسمانی هاتەناو خاكی هەرێمی كوردستانی عێراقەوە، ئێران بۆردومانی دەست پێكردەوە، ئێمە پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە ، چیان لە دەست دێ؟ لە سەرتاسەری عێراق جگە لە سوپای ئەمریكا هیچ هێزوسوپایەكی دەرودراوسێ ناتوانێ بەم شێوەیە داخلی عێراق بێ، جگە لە سنورەكانی هەرێم ! ئەمە بونی هێزی سیاسی و سەربازی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە! خۆ ناشكرێ ئەوان بە گڵۆپی سەوزی (ترەمپ) هاتبن، عێراق و هەرێم بتوانن لە گوڵ كاڵتریان پێ بڵێن !
گەرچی توركیا رێككەوتنێكی كۆنیان لەگەڵ عێراق هەیە و بنكەی سەربازی و هەواڵگریان لە هەرێم هەیەو زۆر كاتی تر ئۆپەراسیۆنی وایان ئەنجام داوە ، واپێ دەچێ هاتنی ئەمجارەیان جیاواز بێ ، زو زو بەپرسانی باڵایان دژی پی كەی كەی و دەڤەری سلێمانی لێدوانی توند دەدەن و برینی میساقی میللی دەكولێننەوە وەكو ئەوەی وەزیری دەرەوەی توركیا وتی: سلێمانی لە ژێركاریگەری PKK دایە)، ئاخۆ جۆرێك لە ئەزمونی پەلامارو داگیركاری رۆژئاوای كوردستان لێرەش دوبارە دەكەنەوە ؟ ئەو فراوانخوازیەی بۆ سەرچاوەكانی وزە بەرەو لیبیای بردون ، خۆ موصل و كركوك و كێڵگە غازیەكانی هەرێم نزیكترن! كە ئەردۆگان لە چاوپێكەوتنی BBC بڵێ ( چ پێویست دەكات بۆ چونە ماڵی خۆمان پرس بكەین ، باكوری عێراق بەشێكە لە پەیمانی میللی توركی ، لە داهاتوی نزیكدا دەبێتە بەشێك لە توركیای مەزن)) و لە كاتی بانگكردنی باڵوێزی توركیا لە بەغدا لە سەر ئەم كێشەیە بە ئاشكرا وەڵامی جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق بداتەوەو بڵێ: منیش بۆ ئەوە هاتوم پێتان رابگەیەنم كە ناكشێینەوەو هێرشەكان راناگرین ! و هەڵوێستی سەرۆكایەتیەكانی عێراق نەك هەر زۆر لەوانەی هەرێم ؛ نەرمترە، بگرە نقەشیان لێوە نایە ، دەبێ چاوەروانی چ بكەین؟ لەكاتێكدا بیانوی هاتنی توركیا لەم كاتەدا بۆ لەناوبردنی نەیارەكانی؛ بەتاڵە ، چونكە لەم ماوەیەدا هێزەكانی (پی كەی كەی) لە ناو هەرێمەوە هیچ جۆرە فشارێكی بۆ توركیا دروست نەكردوە ، ئەوەی هەیە نیەت وپلانی نەژادپەرستی و فراوانخوازی لەلایەك و تەنگژەی ناوخۆیی و ئابوریە لە سەر دەوڵەتی توركیا لەلایەكی تر كە هاڕەكردنی رۆژ لە دوای رۆژی لیرەو داتەپینی رەسیدی سیاسی و جەماوەری ئەردۆگان و ئاكپارتی و فراوانبونی نارەزایەتیەكانی لێ كەوتۆتەوە ، هەمان ئەو بیانوانەیە كە صدام لە ساڵی 1990 كوەیتی پێ داگیركرد و چارەنوسی خۆی و عێراقی بەم دەردەی ئێستا برد! بە جیاوازی ئەوەی لە عێراق ، ئێستا حكومەتێك هەیە سوپاو پشتوانی ئەمریكای هەیەو ئێرانیش لەم كەینوبەینە تەنها چاودێر نابێت! ئەم سەركێشیە لە سەر ئاستی هەرێم ، عێراق و توركیاو ئێران و ناوچەكە ، بێ گۆڕانكاری تەواو نابێت ! ئاخۆ سەركردایەتی سیاسی كوردی هەرێم لەكوێدا بەشدارە لەم پلانەو لە كوێدا دەبێتە قوربانی !؟