بۆ کوردستانییەکان بۆ یەکەمجار دەنگدەدن بە گەڕانەوە بۆ باوەشی ئێڕاقی عەرەبی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 315 جار بینراوە

(تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تائریخی میللەتا)

بەهەمەن تاهیر نەریمان

لە لاپەڕەی (کردار)ـی سەر بە دکتۆر بەرهەم ساڵح، لەسەر پرسی مووچە، ڕاپرسییەکیان کردووەو بەم شێوە دایان ڕشتووە:( ڕاپرسی: وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە؟ ١- بەڵێ ٢- نەخێر) ئەم پۆستە، تا نوسینی ئەم بابەتە، بیستوسێ کاتژمێرە دانراوە، سێ هەزار و شەشسەد لایک و دوو هەزار و حەوتسەد کۆمێنتی بۆ هاتووە.

چاوم بە نزیکەی (٥٠٠)تێچێندا گێڕا، تەنها چواریان نەخێر بوو، هەندێکی کەمیان هاشتاگی(کوا ٤٠٠ ملیارەکە؟) بوو، کۆی ئەوانی تر هەموویان (بەڵێ) بوو، واتە کەمتر لەسەدا یەک (نەخێر) بووە، نزیکەی لەسەدا (٩٩) بەڵێ و هاشتاکەکە بوون. سایتی (شارپرێز)ـیش هەمان ڕاپرسیی کردووە و لەسەدا نەود و دووی دەنگدەران؛ داوادەکەن مووچەکانیان بگەڕێتەوە سەر ئێراقی عەرەبی.

لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیست، بەهۆی وەدەرنانی دەسەڵاتی بەعسەوە، لە هەرێمی کوردستان، دۆخێکی خراپ و ترسناکی برسیکردن و بێمووچەکردنی خەڵکی هەرێم لەلایەن بەعسەوە پیادەکرا، بەڕادەیەک خەڵک بێنان و ژیان کرابوون، بە دۆخی ئێستا بەراوردنەدەکرا، ئەوساش بێمووچەیی و برسێتی بڕستی لە مووچەخۆران و خەڵکی هەرێم بڕیبوو، بەڕادەیەک ببوە نوکتە، مووچەخۆرێکی وەک مامۆستا هی ئەوە نەبوو گۆشت بخوات، گوایە لەبازاڕی گۆشفرۆشەکانی سلێمانی ئێسقان دانراوە، هاواریان دەکرد (ئێسقان بۆ مامۆستا…!)، دروشمی ئەوکاتەی مامۆستا ئەوە بوو(سەری بەرزمان بۆ مووچە نەوی ناکەین!).

باش بیرم دێت، لە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان بووم، مامۆستا ئەفراسیاب، ئەندازەی بۆ شیدەکردینەوە، لەپڕ هاتە سەر مووچەو فەرمووی: (بێمووچەیی و برسیکردن کێشە نییە، دەبێت بۆ دنیا بسەلمێنین، کورد سەرکەوتوانە، خۆی خۆی بەرێوەدەبات). ئەو ئارگیومێنتەی مامۆستا ئەفراسیاب، بۆ ئەوسا، پڕبوو لە قوربانی، لەهەمان کاتدا پڕبوو لە دڵسۆزیی بۆ خەونێک کە هەر کوردێک چواردەوری خۆی دەناسی، خەونی(نیشتمانێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستانییەکان) لەگەڵیدا چەکەرەی دەکرد و گەورە دەبوو، بەجێهینانی ئەو خەونە؛ لەو کاتەدا قوڵپی دەدا.

کورد دەساڵ نەهامەتییەکانی کیمیاباران و ئەنفالی بەسەردا تێنەپەڕی بوو، بیرەوەرییەکانی بەعس لە ویژدانیدا بەهێزبوون. لەلایەکی ترەوە، خەونی (خۆبەڕێوەبەری بۆ ژیانێکی ئازاد و بەڕوومەت)، لە خەیاڵدانی مرۆڤی کورددا بەتاڵوحەتاڵ نەبووبوویەوە، تەنانەت شەڕی ناوخۆش ئەو خەیاڵدانەی لاوازنەکرد، هیچ دەنگێک نەدەبیسترا، باسی گەڕانەوەی مووچەی هەرێم بکات بۆ سەر ئێراقی عەرەبی، پێم وابێت ئەوە لەبیرلێکراوەکانی کورستانییەکاندا نەبوو، بەڵکو لەبیرلێنەکراوەکان بوو، هێڵی سووری نیشتمانیی بوو. برسیکردنی مرۆڤی کورد، تۆقاندن و ئەنفال و کیمیاباران و لەداردان و هەر ستەمێکی دیکە کە (ئەوی دی ) لە(منی کورد)ـی کردبێت نەیتوانیوە، خەون و ئامانجی (نیشتمانێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستانییەکان) لەبارببات، یان لاوازبکات.

تەواو بە پێچەوانەوە، وەک یاسای (کار و کاردانەوە) بەهێزتر و ڕیشەکانی قووڵتردەبوون. ئەم ئەگەرە، تەنها بۆ کوردانی باشوور ڕاست نییە، بۆ ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوریش هەر ڕاستە. بەئەزمون بۆ مان سالما، ئەوەی خەونی (نیشتمانێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستانییەکان) لەباردەبات، ستەمی ئەوی تر نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی کوردی و کوردستانیی گەندەڵە، دەسەڵاتێک لەبەڕێوەبردن فەلەج و دەبەنگ، لە ئابورییسازی دەسپیس، لەشکاندنی کەرامەتی هاوڵاتیانی بێڕکابەرە. دەسەڵاتێک بۆ شکاندنی شکۆی هاوڵاتییەکانی (نیشتمانێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستانییەکان) دوژمنی هەرگیز نەگەیشتوەتێ.

بە ئەزمونی هەرێمی کوردستان، بۆ خۆمان و بۆ دوژمنەکانی کورد دەرکەوت، لەهەر پارچەیەکی کوردستاندا، ئەگەر ویستت خەونی(نیشتمانێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستانییەکان) لەبارببەیت، ئەوا دەسەڵاتێکی کوردیی گەندەڵ و دەسپیسی بۆ بخەرە سەرڕێ و دەستت پێوەی بێت هەناسە و ئاهی هاونیشتمانیان نەیبات، ئەم دەسەڵاتە لە شکاندنی کەرامەتی کوردستانییەکان بەردەوامبێت، ئیتر خۆت سەیرکەربەو سەربازەکانی خۆشت بەکوشت مەدە، دەسەڵاتە گەندەڵەکە ویست و ئیرادەی کوردانت بۆ هەپرونهەپرووندەکات.

ئەو دەسەڵاتەی کە دروستدەکرێت، نابێت بەو کەواسورە بەرلەشکرانە دروستبکرێت، کە کورد خۆی ناوی ناون (جاش)، دەبێت لەوانە پێکهاتبێت کە پێشتر خۆیان وەک کوردستانی و شۆڕشگێڕ وەسفکردووە، لە هیچ سەردەمیکدا (جاشایەتیی فەرمی) نەی توانیووە خەونی (نیشتمانێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردستانییەکان) لەبارببات، چونکە لەبەرچاوی مرۆڤی کورددا، جاشە فەرمییەکان، نوێنەری ویستی ڕاستەقینەی کوردستانییەکان نەبوون، بەڵام ئەم خۆبەشۆڕشگێڕزانانە، لە کەوڵی شۆڕشگێڕیدا، ئەو وەهمەیان لای کوردستانییەکان دروستکرد، کە کوردان شایەنی ئەوە نین شۆڕش بکەن و خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵکو دەبێت بەڕێوەببرێن!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.