تورکیا چی دەوێ؟ “میساقی میللی” چیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 430 جار بینراوە 0 سەرنج
104668585_3222525377800300_477809322160603336_o

Image may contain: 1 person, indoor and close-up

ئاسۆس هەردی

ئەمە نەیەکەمین جارە سوپای تورکیا هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، نە دوا جاریش دەبێ. بەڵام ئایا ئەم هێرشەیش هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە وەرزییەکانی پێشوودایە بە بیانووی “لیدانی گەریلاکانی پەکەکە”، یان لەم کاتەدا بەدیاریکراوی ئامانج و مانایەکی تری هەیە؟
پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، باشتر وایە سەیری وێنە گەورەکە بکەین. لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تورکیای ئەردۆغان هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە پێستی خۆی دەرچێت و بە هەنگاوی عەمەلی، وەک ئەو خەیاڵەی لە مێشکیدایە نفووزو دەسەڵاتی تورکیا وەک سەردەمی ئیپراتۆرییەتی عوسمانی بەرفراوان بکات. ئەگەر دروشمی کەمالییەکان ئەوە بوو چوارچێوەی سنووەرەکانی “میساقی میللی: سوێند یاخود پەیمانی نەتەوەیی” نەبەزێنن، تورکیای ئەردۆغان دروشمی “گەڕانەوە بۆ مەزنیی دەوڵەتی عوسمانی”ی هەڵگرتووە (دواتر دێمە سەر میساقی میللی). بە کردەوەش رۆژ بە رۆژ نفووزی سیاسی و ئەمنی و عەسکەریی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان دەکات. جگە لە هەوڵدان بۆ هەیمەنەی سیاسی و سەبازیش، چاوی بڕیوەتە سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەدا. هەر لە نەوتی لیبیاو کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، تا دەگاتە رۆژاواو باشووری کوردستان.
ئەردۆغان ئەمڕۆ دەیەوێ بە جیهان بڵێت، چیدی تورکیا وڵاتێکی لۆکاڵی نیە، بەڵکو هێزێکی گەورەیەو بەشدارە لە کێشانی نەخشەی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەیەوێ بڵێ لە هەموو رووداو و مەیدانێکی ململانێی ناوچەکەدا تورکیا گەمەکەرێکی سەرەکییەو رێگە بە هیچ پێشهات و گۆڕانکارییەک نادات کە بەرژەوەندییەکانی ئەو لەبەرچاو نەگرێت. ئەوەتا لە کەناراوەکانی لیبیادا تەحەدای هێزی دەریایی فەرەنسا دەکات، لە سووریاو رۆژاوای کوردستان لە ئەمەریکا یاخی دەبێ و لەگەڵ رووسیا پەیمان دەبەستێ، لەسەر پەتی ناکۆکییەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا یاری دەکات…هتد. لەسەر ئەرزی واقیعیش تا ئێستا بۆی چۆتەسەر.
گەڵیک هۆکار هەن بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە بۆ ئەردۆغان بچنەسەر، کە رەنگە لێرەدا جێگەی باسکردیان نەبێت. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی: دۆخی ناسەقامگیری دەوڵەتانی ناوچەکە، لاوازیی هەڵوێستی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆشاییەکی گەورەی جێهێشتووە، لەوانەش گرنگتر ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانەیە کە بواری دەستێوەردانی هێزی دەرەکیی وەک تورکیا دەڕەخسێنن. هەمیشەش گرووپێک پەیدا دەبن بۆ لێدانی نەیارەکانیان پەنا بەرنە بەر هێزە دەرەکییەکان. هەندێ جاریش ناکۆکی دەوڵەتێک لەگەڵ دراوسێ و دوژمنە بەهێزەکانی هەلی دەستێوەردانی بۆ تورکیا رەخساندووە، وەک لە حاڵەتی قەتەرو سووداندا بینیمان (لە سوودان پاش رووخاندنی حکومەتەکەی عومەر حەسەن بەشیر، ئەم دۆخ پێچەوانەوە بووەوە). دیارە لەم جۆرە حاڵەتانەدا، گەلێک جار نزیکیی ئایدیۆلۆجیش رۆڵی هەبووە.
ئەوەی گرنگە وەبیر خۆمانی بهێنینەوە ئەوەیە، لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا بۆ هەر وڵاتێک چووبێت و دەستی خستبێتە کاروباری هەر وڵاتێکەوە، جێ پێی سیاسی و سەربازیی خۆی قایم کردووەو جێی نەهێشتووە. لەوەش گرنگترو بۆ ئێمە مەترسیدارتر ئەوەیە، ئەگەر تورکیا لە وڵاتە دوورەدەستەکاندا تەماعی ئابووری، سیاسیی و فراوانکردنی “ناوچەی نفووز”ی هەبێت، ئەوا لە کوردستاندا تەماعی داگیرکاریی هەیە. چونکە تەنانەت بەپێی ئەو سنوورانەش کە “میساقی میللی” دەستنیشانی کردووە، باشوورو رۆژاواوی کوردستان بەشێکن لە تورکیا، وەک لە نەخشەکەدا بە روونی دیاریکراوە. خودی ئەردۆغانیش ئەم تەماعەی نەشاردۆتەوەو هەندێک جار بە ئاشکرا ویلایەتی مووسڵی وەک خاکی تورکیا لەقەڵەم داوە. بۆ نموونە لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٦دا دەڵێت : “ئەگەر دەیانەوێ بزانن مووسڵ بۆ ئێمە مانای چیە، با بڕۆن میساقی میلل بخوێننەوە”.

“میساقی میللی” چیەو سنوورەکانی تورکیای چۆن دەستنیشان کردووە؟
پاش شکستی عوسمانییەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨دا رێکەوتننامەی مودرۆس بۆ وەستاندنی شەڕ لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەکاندا ئیمزا کرا. بەوپێیەش هێزە هاوپەیمانەکان زۆربەی ناوچە گرنگ و ستراتیجییەکانی دەوڵەتی عوسمانییان داگیر کرد، لەوانە: ئەستەمووڵ و گەلێک لە شارە گرنگەکانی تر… پاشان سوپای بەریتانیا لە ١٥ی تشرینی دووەمدا (واتە ١٦ رۆژ دوای ئیمزاکردنی رێکەوتننامەکە)، ویلایەتی مووسڵی داگیر کرد.
ئەم شکست و داگیرکارییە، بووە مایەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیای ئێستادا. سەرباری خۆپیشاندان و چووڵانەوەی جەماوەریی بەرفراوان لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەمووڵ، کۆمەڵێک رێکخراوی بەرگریش پێک هاتن کە بە “جەمعییەی مودافەعەی حقوق: کۆمەڵەی داکۆکی لە مافەکان” دەناسران. لەم دۆخەدا مستەفا کەمال کە ئەفسەرێکی پلە بەرزی سوپای عوسمانی بوو، بە رەزامەندیی سوڵتان محەممەدی شەشەم خۆی گەیاندە ناوچەی ئانادۆڵ و باکووری کوردستان. پەیوەندیی بە ئەفسەرو کەسایەتییە خاوەن نفووزو دەسەڵاتەکانەوە کرد، زۆربەیانی لەدەوری خۆی کۆکردەوەو جووڵانەوەیەکی دژی “داگیرکاری” و بە ئامانجی وەدەرنانی هاوپەیمانان و هێزەکانی یۆنان دەست پێکرد، کە دواتر لە ئەدەبیاتی تورکیای هاوچەرخدا بە “کورتولوش ساواشی: شەڕی رزگاری” ناسرا. لەکاتێکدا کە سوڵتان محەممەدی شەشەم لە ئەستەمووڵ لەژێر دەستی ئینگلیزەکاندا بوو و هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی نەبوو، رۆژ بە رۆژ بزووتنەوەکەی مستەفا کەمال گەورەترو بەهێزتر دەبوو.
لەنێوان ٤-١٢ی ئەیلوولی ١٩١٩دا، مستەفا کەمال و هاوەڵەکانی کۆنگرەیەکیان لە شاری سیواس رێکخست. لەو کۆنگرەیەدا بنەما سەرەکییەکانی جووڵانەوەکەو بەرنامەی کارکردنی لە دەقێکدا داڕێژران کە بە “میساقی میللی” ناسراوەو لە شەش مادە پێکهاتووە. ئەم پەیمانە سنوورەکانی تورکیای نوێ بەو هێڵە دەستنیشان دەکات کە لە رۆژی ئیمزاکردنی رێکەوتننامەی مودرۆسدا لە نێوان هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی هاوپەیماندا هەبووە. واتە باشوورو رۆژاوای کوردستانیش بە بەشێکی “دانەبڕاوی دەوڵەتی تورکیا” دەزانێت کە “بەهیچ شێوەیەک قابیلی دابەشکردن نیە”. چونکە بە خوێندنەوەی کەمالییەکان، دەبوو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمەوە هەموو شەڕو “داگیرکارییەک” رابگیرێ و ئەوەی تا ئەو رۆژە بە شەڕ لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە داگیر نەکراوە، خاکی تورکیایە. بۆیە جەختیان لەوە دەکردەوە کە “داگیرکردنی” ویلایەتی مووسڵ “پێشێلکردنی رێکەوتننامەکەو یاسای نێودەوڵەتییە”و ئامادە نەبوون دانی پێدا بنێن.
بەکورتی، زۆرینەی هێزە سیاسیەکانی تورکیای ئەمڕۆ بە عەلمانی و ئیسلامی و تۆرانییەوە، سەرباری هەموو ناکۆکییەکانیان، ئەگەر لەگەڵ سیاسەتە بەرزفڕەکانی ئەردۆغانیش نەبن، ئەوا بێگومان لانیکەم لە دیاریکردنی سنوورەکانی تورکیادا بڕوایان بە هێلە گشتییەکانی “میساقی میللی” هەیە، ئەگەرچی رەنگە هەندێکیان راشکاوانە راینەگەیەنن.
بە کورتی هەموو ئەو دراوە مێژوویانەو ئەو عەقلییەتە سیاسی و ئایدۆلۆجییەی ئەمڕۆ لە تورکیادا باڵادەستە، پێمان دەڵێ لەشکرکێشیی تورکیا بۆباشوورو رۆژاوای کوردستان، بۆ ئێمە گەلێک مەترسیدارترە لە هەموو سەرکێشییەکانی دیکەی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا. ئەوەتا بەرپرسێکی باڵای تورکیش بە ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت: “لەو ناوچانەدا کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بنکەی سەربازیی نوێ جێگیر دەکەین”. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە کە تورکیا هاتووە بۆئەوەی بمێنێتەوەو کێشەی گەریلاکانی پەکەکە تەنها بیانووە. راستییەکەی ئەوەیە لە هەلێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی بە سوود وەرگرتن لە کێشەو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەلایەک و، لاوازی و ناکۆکیی هێزەکانی کوردستان و تەسلیمبوونیان بە ئەمری واقیعی “تورکیای زلهێز!” لەلایەکی دیکەوە، پلانی لکاندنی کوردستان بە تورکیاوە جێبەجێ بکەن. پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ حیزب و سەرکردەکانی ئێمە لە گەورەیی مەترسییەکە تێناگەن، یاخود تێدەگەن و وەکو هەمیشە شەڕە سووک و بچووکەکانی بەرژەوەندییە کانی خۆیان لە رووبەڕوو بوونەوەی ئەو مەترسییە لا گرنگترە؟

تێبینی: لەنووسینی ئەم وتارەدا سوودم لە گەلێک سەرچاوە وەرگرتووە، بەتایبەت وتارێکی مامۆستای خۆشەویست د.جەبار قادر لە کتێبی (ترکیا المعاصرە)دا، کە ساڵی ١٩٨٨ لە زانکۆی مووسڵ چاپکراوە.
نەخشەکەش لە سایتی ویکیپیدیا وەرگیراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *