شەڕەڤان، یادەوەری پزیشکێکی ئازارشکێن

لەلایەن ستاندار Posted on 300 جار بینراوە

د.هەڤین كەمال

 بەتەواوی لەیادم نییە دە ڕۆژ بوو یاخود دووھەفتە لەمەوبەر، کەکچێکی ئەسمەری ڕەشتاڵەی لاواز لەگەڵ سکرتێرەکەم دەرگای ژوورەکەمیان کردەوە لەکلینیک و ھاتنە ژوورێ .

سکرتێرەکەم دەستێکی بەئاراستەی ئەو ڕاکێشا و ووتی : دکتۆرە وەرەقەم بۆ پڕ نەکردۆتەوە، ئەم بۆ پشکنینی پێش بەنجی گشتی ھاتووە بیبینیت. فەرمووم لێکرد و ئەویش لەبەردەممدا دانیشت، بەھێمنی و ووردی لەڕووخساریم ڕوانی ، کچێکی گەنجی بەھێز دیاربوو ھەرچەندە لاواز بوو، ڕووخسارێکی ئەسمەر ، ھیچ جۆرە ماکیاژێک و ئارایشتێکی پێوەنەبوو، زەردەخەنەیەکی جوان لەسەر ڕووخساری بوو . پانتۆڵێکی کاوبۆو قەمیسێکی پانی لەبەردا بوو، لەو جۆرە کچانە بوو کە شێوەیان پێت دەڵێت ژن بەھێزە و لەتوانایدایە هەموو شتێک بکات و تەنیا بۆ چێژ بەخشین دروست نەکراوە .

نازانم بۆ حەزمدەکرد تا دەھات زیاتر سەیری بکەم و سەرنجی بدەم و ھیچ ووشەیەک نەڵێم ! لەبەر کەمی ماوەکەم ناچار بووم لێم پرسی : فەرموو ، نەشتەرگەری چیت بۆ دەکرێت ؟  دکتۆر ، ھاوڕێکەم سووتاوە لەکاتی بۆردومانی تورکەکان دا و لە ٥٠٪ ی زیاتر لەجەستەی سوتاوە، و دوو بەیانی نەشتەرگەری بۆ دەکەن، لەپێستی من لێدەکەنەوەو دەیدەن لە ڕانی ئەو ، ووتیان دەبێت پزیشکی بێھۆشکارەکە بت بینێت و ئەو بڕیار دەدات تۆ گونجاوی بۆ بێھۆشکاری یاخود نا . : ئەھا ، یانی تۆ پێستی خۆت ئەبەخشیت بە ھاوڕێکەت ؟ ھێندەت خۆشدەوێت ؟! ئەی ھاوڕێکەت خزمتە؟ ھیچ پەیوەندییەکی خوێن دەتان بەستێتەوە بەیەک ؟ : بۆ ھەر دەبێت خزم بین ؟ : نەخێر مەرج نییە بۆ ئەم نەشتەرگەرییە ، بەڵام لام سەیر بوو کەڕازی بوویت پێست بدەیت بەھاوڕێکەت بەخۆشحاڵییەوە، بێ ئەوەی ھیچ پەیوەندییەکی خوێن ھەبێت لە نێوانتان.

ھەتا ئێستا ئەوەی بینیبێتم تەنھا دایک و باوکەکان بوون ڕازی بوون پێست ببەخشن بە منداڵەکانیان کەسی ترم نەدیووە، بۆیە لام جێگای سەرسوڕمان بوو . : دکتۆر گیان ، ئێمە لەبناری ئەو قەندیلە ھەموومان خوشک و براین جیاوازی نییە . من خەڵکی باشووری کوردستانم و لە گوندەکانی دەوروبەری ھەولێر گەورەبووم ، ئاگرینی ھاوڕێم خەڵکی باکوورە ، بەڵام پەروەردەی ئێمە جیاوازی ناکا ، ئێمە لەگەڵ یەک دەژین ، لەگەڵ یەک دەخۆین و دەخۆینەوەو دەخەوین ، و لەگەڵ یەک بەرامبەر تورکی فاشیست دەجەنگین . ئیتر خێزانیش ھەر ئەوەیە، بەڵام ئێمە خێزانێکی کەمێک گەورەین لەخێزانەکانی دی ناچین . : بەڕاستی واتلێکردم بێم بۆ بناری قەندیل، باشە ئەی ئەزانیت لەوانەیە جێگای ئەو پێستەی لێت دەکرێتەوە ناشرین ببێت و ببێت بە پەڵە و نەتوانی دەریبخەیت ؟ ڕازیت ؟ پێت ناخۆش نابێت ؟ : دکتۆر ئەوە بەڕاستە ؟! ئێمە چەندین کوڕ و کچی گەنجمان دەست و قاچیان پەڕیوەو لەدەستداوەو ئێستاش لەبەرەی جەنگدان دژی تورکی فاشیست، بەڕای تۆ بۆمن گرنگە پێستەکەم ناشرین دەبێت و لەکەدار ببێت ؟! : ببورە من وەک پزیشکێک ئەرکی سەرشانمە پێت بڵێم، و بیرکردنەوەی زۆرینەی خەڵکیش وایە، بۆیە پرسیم . ئێستا بڕۆ پاڵکەوە با پشکنینت بۆ بکەم.

دوای تەواوبوونی پشکنینەکە و پێدانی ڕێنماییەکان ، سەرنجەکانم لەسەر ڕەچەتەی پزیشکیەکەم نووسی و دامە دەستی و خوا حافیزیم لێکرد . لەدوایی ئەو کەوتمە بیرکردنەوەیەکی قووڵەوە ، باشە ئەبێت پەروەردەی ئەوان چ جیاوازییەکی ھەبێت لەگەڵ ئێمە ؟! باشە ئەوان بۆ ھێندە بەھێز و بەجەرگن و ئێمە بۆ ھێندە لاواز و بێ دەسەڵاتین! ئەوان بۆ بەدەستھێنانی مافی خۆیان ئەندامانی جەستەیان لەدەست دەدەن و شەڕ دەکەن و شەھید دەبن .

ئێمەش لەسۆشیاڵ میدیا بەترسەوە لەپشتی مۆبایلەکانمان ھاشتاگ و پۆستی فەیسبووک و قسەی پڕوپووچ بڵاودەکەینەوەو گلەیش دەکەین لە بەختی خۆمان . باشە ئەو ئایدیا و بیرو ئیمانە بەهێزە چییە ئەوان کۆدەکاتەوەو وایان لێدەکات هێندە بەهێزبن ، و ئێمەش بۆ هێندە بێ باوەڕ و لاواز و بێ پرینسیپڵ و بنەماین . ئەوان نەشتەرگەری دەکەن مەترسی بێھۆشکاری گشتی قبووڵ دەکەن و پێستیان لەکەدار دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ھاوڕێکانیان .

ئێمەش گەنجەکانمان چەندین نەشتەرگەری زیادە دەکەن بۆ جوانکردنی لوت و دەمووچاو لێو و چەناگەیان و کەچی ھەر ناشتوانین نیو ھێندەی ئەوان جوان بین . ئەوان پێست دەبەخشن و خۆیان لەکەدار دەکەن ، ئێمەش پلازمای خوێنە کە بەخشینی ھیچی تێناچێت خەریکە دەبێت بە خزم خزمێنەو بازرگانی و پاڕانەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانێکی تر . باشە ئەوان بە پێستە سووتاوەکەیانەوە لەبەر تیشکی خۆر و لوتە باریک و لێوە زەردەکانیانەوە بۆ ھێندە جوانن ؟! و ئێمەش بە دەمووچاوە ھەڵئاوساوە پڕ سلیکۆن و لێوە پڕ فیللەر و لوتە ھەڵقرچاوەکانمانەوە کەسامانێکیان تێچووە بۆ ھێندە ناشرینین ؟! کەگرتە ڤیدیۆکانی ئەوان دەبینیت حەزت بەژیان دەبێت، حەزت بەسروشت دەبێت ، حەزت بەشادی دەبێت و گەشبین دەبیت و لەمانا ڕاستەقینەکەی ژیان تێدەگەیت کەخۆشەویستی و باوەڕە . کەگرتە ڤیدیۆکانی کچانی خۆشمان دەبینیت بە لێوێکی پڕ فیللەر و دەمووچاوێکی ھەڵئاوساوەوە گۆرانی گەعدە دەڵێنەوە لەسناپ، ژیانت لەبەر چاودەکەوێت و ڕووە ڕاستەقینە ڕەشەکەی سیستمی سەرمایەداری دەبینیت . باشە ئێمەی کوردی باشوور لەچ زەلکاوێکدا دەژین ؟ بۆ واخۆمان لێ وونبووە ؟ کەی بەخەبەردێن و ئەوان وەک نموونەیەک سەیربکەین و ھیچ نەبێت کەمێک لاساییان بکەینەوە.

نازانم ، لەوانەیە ھەرگیز نەتوانین وەکو ئەوان بین ، بریا بمانتوانیایە نیو ھێندەی ئەوان بەجەرگ بین ، بریا یەکێک بوومایە لەوان و لەو بناری شاخە ژیانم بەسەربردایە و وەکو ئەوان نموونە بوومایە. بریاو ھەزار بریای تر لەمێشکما بوو ، لەپڕ دەنگێک بانگی کردم و وەرەقەیەکی دایە دەستم : دکتۆر ئازاری پشتم ھەیە بۆ سێ مانگ دەبێت . ھێندە تێڕامابووم لەبیرکردنەوەکەمدا ، بێ ئاگا بووم لەوەی نەخۆشێکی دی ھاتبووە ژوورێ !

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.