ستاندەر
هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێكەوتن نەخشە رێیەكی 30 رۆژیان داناوە، بەجۆرێك ناوەرۆكەكەی رێكەوتنە لەسەر مەلەفی مووچەی فەرمانبەران و بودجە و داهاتی نەوت و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تری هەردوو لا.
دیار بەرواری، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندوە:” حكومەتی هەرێم پابەندی خۆی بەو مەوعیدانە دەربریوە كە دیاریكراون بۆ رێكەوتن لەگەل بەغدا و یەكلاكردنەوەی مەلەفەكان”.
وتیشی:” مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەفدی دانوستان ئامادەكردووە بۆ گەیشتن بەرێكەوتن و هەموو لایەنەكان بەنیەتێكی راستگۆیانە كاردەكەن بۆ گەیشتن بە رێكەوتن”.
جێی باسە بەگوێرەی زانیاریەكان بریارە ئەو هەفتەیە وەفدی هەرێم بۆ رێكەوتن بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا بكات، لەناوخۆی یەكێتیش مەرجی ئەوەی كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی وەفدەكە بكا ئەوەیە پێویستە دەسەڵاتی واژووكردنی رێكەوتنی هەبێت.