توشى چ بەڵایەک بووین ؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 328 جار بینراوە

دانا بەهادین

فەیس بووک یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، جیهانێکى ترى بۆ مرۆڤ دروستکرد، لە دەرەوەى جیهانى سەر گۆى زەوى، بەڵام سەر لە نوێ ئەم جیهانەش بەدبەختى بۆ دروست کردین لە برى بە ختەوەرى، لە کاتێکدا بە ملیۆنەها مرۆڤ لە دەست مەینەتییەکانى سەر زەوى هەڵهاتین و خۆمان خزاندە ناو تۆڕەکۆمەلایەتیە تەکنەڵۆژییەکان ، کەچى زۆر بە داخ و کەسەرەوە دووچارى بەدبەختى کێشە دەروونى و کۆمەڵایەتى و سیاسیەکان بوینەوە.
پێش ئەوەى بکەومە ناو ووردەکارییەکانى ئەم نوسینەوە، ئەمەوێت ڕوون و ئاشکرا ئەوە بخەمە ڕوو ئەم بابەتە هێندەى تیشکەکانى خۆى چڕ دەکاتەوە لەسەر گیرۆدەبوونى هەموان بە دەست فەیس بووکەوە’ هێندەش خۆى بە دوور دەگرێت لە تانەو تەشەرى شەخسى لە هەر چالاکوانێکى فەیس بووک کە هاوڕێمانن هاوکات زۆریش لەیەک دوورین.
نازانین ئاخۆ فیس بووک کاریگەرى لەسەر ئەم نەوەیە چى دەبێت ؟ کە پێش ئاشنابوون بە فەیس بووک ئاشنا نەبووە بە بنیاتنانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و هاوڕێتى و خۆشەویستى، لەوانەیە بە شێوەیەک پەروەردە بێت لەو بڕوایەدابێت بەدەستهێنانى هاوڕێیەتى زۆر ئاسانە، بە دەستنان بە دوگمه یەکدا مەیسەر دەبێت، بە هەمان شێوە کۆتایى پێهێنانیشى هەر زۆر ئاسانە لە ڕێگاى پەنجەنان بە دوگمەیەکى تردا’ لەو بڕوایەدا بێت کە لوتکەى پەیوەندییەکانى مرۆڤ ئەوەیە، کە 50 کۆمێنت لەسەر وێنەیەکى فیس بووک ئاڵوگۆڕبکەن، لە کاتێکدا لە ماڵەوە تاک و تەنیایە.لەو بڕوایەدایە کە کارلێککردنەکانى ژیان و ڕووداوەکانى بە پەنجەنان بە دووگمەى لایک دا، یان چاوخشاندنەوە بە دیوارى پەیجى فیس بووک دا دەبێت. کچێک وێنەى گەشتێکى خۆى لە فیس بووک دادەنێت، لایک… یەکیک لە خۆشەویستەکەى جیادەبۆتەوە، لایک… یەکێک هێرش دەکاتە سەر زۆردارێک یان ستایشى دەکات، لایک… یەکێک ڤیدیۆى کوشتار و وێرانکارى بڵاودەکاتەوە، لایک.
دەکرێت وێناى ئەوە بکەین کە دەستمان بۆ دووگمەى لایک برد، واتا هێماى سەر ڕاوەشاندنە بۆ بەڵێ، بەمەش بۆمان دەردەکەوێت کۆمەڵگایەکى مێگەل بنیات دەنێین کە وەک ژمارە مامەڵە لەگەڵ قورساى یەکتر دەکەین. لە هەمانکاتدا لافى ئەوە لێدەدەین زیاتر لە هەردەمێکى مێژوویى پێکەوە بەستراوین؍ بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەمووکات زیاتر گۆشەگیرین و ئالودەى بەردەمى شاشە و مۆبایل و کیبۆردین تا ئەو ئاستەى لایک و کۆمێنت و وێنە و پوستە جۆراوجۆرەکان جێگاى بە گەرم و گورى زمان و قسەکردنى زیندوو چۆڵ کردووە.
فەیس بووک خۆى تەکنیکێکە زیاتر بۆ گەڕان بە دواى ئەوى تردا، بەڵام ئێستا بۆتە جیهانى خۆ خستنە ڕووى خود، واتا بۆتە پەردە هەڵدانەوە لەسەر نەخۆشییە دەروونیەکانى خود پەرستیمان_ نرجسییەت_ سەیرم کەن ببینن چ شۆڕشگێڕێکم؍ بروانن لەم وێنەیەدا خۆم و خانوادەکەم چەند بەختەوەر و جوانین، ئەها شیعرەکانم چەند ناسکن، چەندەها وێنەو پۆستى لەم شێوەیە ئەوەدەخاتە روِو هێندەى ئێمە لە واڵەکانماندا خودى خۆمان بە بەختەوەرى و جوانى نمایش دەکەین، هێندە بە دواى زانیارى و تواناى زانسى و ئاستى لیوەشاوەیى ئەوى تردا ناگەڕێین.
نەخۆشى نەرجسییەت بریتیە لەو بەدبەختییەى کە هەمیشە دەیەوێت وەک بەختەوەرێکى بەهێز خۆى نمایش بکات. بە مانایەکى تر بەکارهێنەران هیچ کات نایانەوێت وەک ناشرینێک یان وەک لاوازێک یان وەک ماندوییەک دەربکەون. ئەمەش یەکێکە لە زیاتر بە دوو ڕوویکردنى مرۆڤەکانى ناو جیهانى تەکنەلۆژییە.
بە پێى لێکۆڵینەوەى بوارە دەرونییەکان، تیۆرى بەراودکارى سەرچاوەى بەدبەختیە’ واتا هەر مرۆڤێک خۆى بەراورد بکات بەوى تر بەختەوەرنابێت. ئەمەش لە جیهانى فەیس بووکدا زۆر زەق و ئاشکرایە. وەختێک مێگەلى بەکارهێنەرانى فیس بووک کە گۆشەگیربوین لەبەرامبەر شاشەکانى دەستمان، بەدەم خەم و ئازارەکانى تەنهایى و قەیرانى کۆمەڵایەتى و ئابورى و دەرونیەوە دەناڵێنین و خێرا ئۆنلاین دەبین لە ناو فیس بووکدا، وێنەو پۆستەکانیشمان پڕن لە جوانى و خۆشگوزەرانى و رۆمانسییەت، ئیدى لەم بەراورد کارییەدا دووچارى تێکشانى دەروونى زیاتر دەبین. پوست جوان و ڕازاوە، دەروونیش تێکشکاو گۆشەگیر.
پۆست پڕ لە خۆشەویستى و بوێرى و میهرەبانى، کەچى خۆمان دوور لە هەموو گەرموگوڕییەک و باوەش پیاکردنێکى گەرم و ماچکردنێکین. ئەمەش چەشتنى ئازارەکانى بەدبەختیە.
وەک بەکارهێنەرى فەیس بووک لە روِوى کۆمەڵایەتییەوە هەمیشە بە دواى هاوڕێى تازەدا دەگەڕێین کە ناشیان ناسین، لە هەمان کاتدا دەستبەردارى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانى ترمان دەبین، زۆرینەى کات سەرقاڵین بە کات بردنەسەر لەگەڵ ئەوانەى کە نایناناسین، کەچى ئامادەنین سەردانى گەرم و گوڕى ئەوانى تر بکەین کە هاوڕێمانن و مێژوویەکى جوانى پڕ لە هەستمان هەبووە بۆیەکتر.
فەیس بووک لە بەشێکى زۆرى مشت و مڕەکانى ناو کەس و کار و هاوڕێیان و دۆستانى کردین. هەر ئیستا لە ساتەوەختى ئەم نوسینەدا، دووان لە بەکارهێنەرانى فەیس بووک لە مێزى ئەوبەرمەوە دانیشتون بىِ ئەوەى یەکتر بدوێنن ’ ماوەى یەک کاتژمێرە بە بێدەنگى دانیشتوون و قسە لەگەڵ یەک ناکەن، واقیان ووڕماوە بە دیار شاشەى مۆبایلەکانى دەستیانەوە، نازانم بۆ داواى یەکتر بینینیان کردووە ؟ لە حاڵێکدا یەکتر نا دوێنن .
زۆرینەى لێکۆڵینەوەکانى زانای کۆمەڵناسى و دەرونزانى _ بیفیز_ ، جەخت لەوە دەکاتەوە، فەیس بووک مەترسیدارترین ئامڕازە بۆ گۆشەگیرى و کوشتنى پەیوەندییە گەرم و گوڕەکان. وێنەى ماچێکى سارد و سڕ دەخات شوێن ماچێکى گەرم و گوڕ.
یەکێک لە توێژینەوەکانى بیفیز، گەشتۆتە سەر ئەنجامێک کە فیس بووک لە هۆکارە سەرەکییەکانى بەدبەخت بوونمانە، چونکە چەندین نیشانەى دەروونى خراپ دەچەسپێنێت. وەک زۆربونى هەستى ئیرەیى، شڵەژان و تەنیایى، نەمانى پەیوەندى گیانى بە گیانى’ لە هەنێک باریشدا خەمۆکى.
بە نمونە توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەکات’ مەیدانى توێژینەوەکەى لە ناو 425 خۆیندکارى زانکۆیەک دەبێت. ئەنجامى توێژینەوەکە پێمان دەڵێت:- ئەوانەى کاتى زیاتر بەسەر دەبەن بە بەراورد لەگەڵ ئەوانى دى، بەدبەختترن. چونکە لە بەکارهێنانى فەیس بووکدا دووچارى زیاترى بەراودکارى و کات بە فیڕۆدان دەبن زیاتریش پەیوەندییە بایەخدارەکان لە دەست دەدەن.
لە ناوەڕۆکدا فەیس بووک پشت بەستووە بە بەشداریکردن بە وێنە، هەواڵى تایبەتى، نوێکردنەوەکان، هەرشتێک پەیوەندى بە ژیانى تایبەتمانەوە هەبێت یان نەبێت.
فەیس بووک شوێنێکە بۆ ڕاگەیاندنى دەستکەوتەکان و شانازیکردن بە شێوەیەکى گشتى جا ئەوە لە ڕێگاى وێنەى جوانى خۆمانەوە بێت یان وێنەى ئوتومبێلە نوێیەکەمان، یان وێنە لەگەڵ خۆشەویستان، یان وێنەى ژەمە خواردن و خواردنەوەیەک، ئەمەش وادەکات هەمیشە ژیانى خۆمان نمایش بکەین و بەراوردى بکەین لەگەڵ وێنەو پوستەکانى ئەوانى تردا. ئەم پرۆسەیەش بریتیە لە پرۆسەیەکى داخراوى بەردەوام، کە ناتوانیین ئەم بازنە داخراوە تێک بشکێنین و هەمیشە وەک ئالودەبوییەک لە ناویدا دەخولێینەوەو کات بەسەر دەبەین.
فەیس بووک واى دەردەخات، هەمووان ژیانێکى نمونەى بەسەردەبەین. گەلێک جار وا هەست دەکەین، هاوڕێکانمان لە ژیانێکى باشتر و سەرنج ڕاکێشتر لەوەى ئێمە بەسەردەبەن.
کێشە هەرە گەورەکە ئەوەیە ڕۆژێک نایەت بە ئەندازەى پۆستەکانمان بەختەوەر بین کە هاوڕێکانمان و خۆمان دەیخەینە ڕوو، چونکە ئەو بەختەوەرییەى کە لە پێگەکانمان دەیخەینە ڕوو لەژیانى ڕاستەقینەماندا بوونى نیە.
زۆرجار بەخۆمان دەڵێین تەنها فەیس بووک بۆ ئەوە بەکاردەهێنین کە ڕۆژانە چەند زانیارییەکى نوێ و هەواڵ بەدەست دەهێنین، بەڵام ئەم قسەیە لە کرداردا ئاسان نیە، چونکە وەختیک ئون لاین دەبین ئیدى دەچینە بەردەم هێرشى بەلێشاوى جۆراو جۆرى پۆستى هاوڕێنمان و سەدەها ئۆپشنى هەمە چەشن خۆیمان بۆ نمایش دەکات؍ کاتێک بە خۆمان دەزانین چەندین کاتژمێرمان لەبەر ڕۆشتوە بە بێ ئەوەى هەستى پێبکەین. واتا نمایشى پرۆفایلە کۆن و نوێکان. پوستى میوزیک و کورتە فیلمەکان ئێمەى بەکارهێنەر دەکاتە چاوگێڕێکى بەپەلەى لە دواوە جێماو، هەر بۆیە بەکارهێنانى ئەم تۆڕە هێندە ئاسان نیە کە بڵێین بە بەرنامەیەکى کۆنکرێتى مەبەستدارى کات بۆ داڕێژراوەوە مامەڵەى دەکەین، چونکە جیهانى فەیس بووک زۆر بە سەختتر هێرش دەباتە سەر کۆنترۆلکردنمان. لەیەکەم چرکە ساتى بەکارهێنانیدا ئیدى ئێمە نیشتەجێى جیهانى فەیس بوکین نەک فەیس بووک ئامڕازێک بێت بە دەست ئێمەوە.
بە هۆى ئەوەى ئۆپشنەکانى فەیس بووک بێ شومار و بە لێشاون وایکردووە دووچارى ناساغى ببین لە لێوردبونەوەدا، بە شێوەیەک ناتوانین دید و سەرنجمان چڕبکەینەوە لەسەر بابەتێک، یان ناتوانین تا کۆتایى لەگەڵ ووتارێکدا ببین ، تەنها بە چاوپێداخشاندنێکى خێرا دووچارى بێزارى دەبین. لە هەمانکاتدا کەسێکى بەرهەمهێنیش تواناى ئەوەى نیە کە لە فیس بووکدا گرنگى بداتە کواڵتى ئیشەکانى چونکە بێشکە لەوەى بەکارهێنەر ئامادەنیە ماوەبداتە بەرهەمێک و لەسەر تەنها یەک بابەت ڕابوەستیت؍ بەڵکو بەکارهێنەر وەک مەلەوانێک لە ڕووبارى تۆڕى کۆمەڵایەتیدا پەل کوتانێتى بۆ بڕینى ئەم پەڕ و ئەو پەڕى ڕووبارەکە.
دەستەوسان لە ئاست وردبونەوە لە تاقە مەسەلەیەک بۆ ماوەیەکى درێژ ( وەک خوێندنەوەى کتێبێک، بەشداریکردن لە گفت و گۆیەکى درێژ، بەشداریکردن لە کۆبونەوەیەکى درێژخایەن، یان چارەسەرکردنى مەسەلەیەکى فکرى و دەرونى).
فیس بووک وامان لێدەکات خێرا لە زۆربەى مەسەلەکان بێزاربین. سەرقاڵبونى بەردەوام و خێرا بازدان لە مەسەلەیەکەوە بۆ مەسەلەیکى تر یان ئەنجامدانى چەند بابەتێک لەیەک کاتدا، بەبێ ووردبونەوە لە تاکە یەک بابەت.
ئەم حاڵەتەش پێویستى بە لێکۆڵینەوەى ووردى زانستى هەیە تاکو ئێستا ئاشنا نیم بە لێکۆڵینەوەى زانستى کە لەسەر ئەم حاڵەتەى فەیس بووک کرابێت لەسەر لێ ووردبونەوە بە ناو بابەتە بایەخدارەکاندا. بەڵام بە شێوەیەکى گشتى هەرچ بابەتێکى گرنگ پۆست بکرێت بە چەندین لایک و کۆمێنتى سادە دەرگاى بە ڕوودا دادەخرێت.
لە جیهاندا بە ملیۆنەها کەس لە بەکارهێنەرانى فیس بوکن، بەشێکى زۆر لەم بەکارهێنەرانە لە ڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاست و جیهانى سێدا وەک چەکێکى شۆڕشگێڕى بەکاریدەهێنن. بۆ گۆڕینى سیستمى سیاسى بیرۆکراسى و دژە گەندەڵى’ یان سەربەخۆبونى گەلانى بندەست و کەمە نەتەوەکان؍ تەنانەت هەوادارانى ئیسلامى توندڕەویش بەکاریدەهێنن بۆ بە گژاچونەوەى جیهانى نا ئیسلامی. ئەم ئامڕازە بۆتە هۆى سەرهەڵدانى شۆڕشگێڕانیکى لە ڕادەبەدەر زۆر.
بەڵام فیس بووک دۆخى شۆڕشگێڕى راِستەقینەى گۆڕى بۆ شۆڕشگێڕى ئەلیکترۆنى. بە مانایەک ئێستا کەسى شۆڕشگێر پێویستى بە هەڵبژاردنى ڕێگایەکى سەخت نیە بۆ ڕووبەڕوو بونەوە و ململانێى و گیان بەختکردن، بەڵکو کەسى شۆڕشگێڕى ئەلیکترۆنى تەنها ئەوەى بەسە پارە بخاتە سەر حسابى ئینترنێتەکەى و پاشان دەستبکات بە خەباتى قارەمانانەى خۆى لە ناو واڵ و ماڵەکەیدا. فۆرمى قارەمانێتى گۆڕدرا، لە گۆڕینى سیستەمى سیاسى و هێنانەدى بۆ بەختەوەرى مرۆڤ گوازرایەوە بۆ ئەو ئاستەى تەنها کەسى قارەمان پیویستى بەوە هەیە فێرى ئەوە ببێت کە بزانێت چۆن پەنجە بنێت بە دوگمەى کیبۆردەکەیدا. لە ڕێگاى پەنجەنان بە دوگمەیەکدا و دابەزاندنى پۆستێک لەسەر ماڵپەڕەکەى ئیدى ماناى وایە باشترین ڕۆڵى قارەمانانەو شۆڕشگێڕانەى جێبەجێکردووە.
لە شۆڕشگێڕانى وەک چێ گیڤارا و مارتن لۆتەر کینگ و سەدەها شۆڕشگێڕى مێژووى مرۆڤایەتییەوە لێژ بوینەوە بەرەو شۆڕشگێڕانیک کە تەنها ئەوە بەسە ئاشنایەتیان لەگەڵ فیس بووک هەبێت، گەورەترین شێوازەکانى خەبات و شۆڕش بەرنەوە بۆناو کوچەو سوچى ماڵەکانى خۆیان. ئەمەش گرفتیکى گەورەیە کە دەبێتە هۆى چەق داکوتاندنى بەدبەختى لە برى گۆڕانکارى و هێنانەدى جیهانێکى بەختەوەر، لەبەر ئەوەى فۆرمى ڕیگاکانى خەبات کردن گۆردرا بۆ ڕیگاى پەنا بردنە بەر شاشەى کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانى دەستمان؍ ئیدى ئەوەى کە ڕوودەدات تەنها لە ناو جیهانى ئەلیکترۆنیدایە نەک جیهانى ئەرزى واقیع و راِستەقینە.
پاشان بەکارهێنەرانى فیس بووک بە شێوەیەک ئالودە بوون، کەمتر گوێ دەدەنە ئەو مەترسییانەى کە لە ڕێگاى ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە، زۆرترین زانیارى خۆمان بە وورد و درشتەوە دەدەینە دەست دەزگاکانى هەواڵگرى.
ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکان گەر بیانەوێت سێرچ بکەن بە ناو ووردەکارى ژیانى هەر یەکێکمان لە بەکار هێنەرانى فیس بووک، ئەوا بە ئاسانترین شیوەو لە کەمترین کاتدا لە ڕێگاى فیس بووکە کانمانەوە دەستیان دەکەوێت. واتا ئێمە هیچ تایبەتمەندییەکمان نەماوە لەگەڵ ئەوەى تاکێکى گۆشەگیرى بەدبەختین، بەهەمان چەشن تاکیکین هیچ جوًرە گرانتییەکمان بۆ سەلامەتى بە دەست خۆمانەوە نەماوە؍ بەڵکو بە کەمترین ڕێگا هەر دامەزراوەیەک بییەوێت زۆرترین زانیاریمان لەسەر کۆدەکاتەوە، وەک بلێیت هیچ مافى خاوەندارێتیمان بە دەست خۆمانەوە نیە.
بەکارهێنەرانى فیس بووک’ لە بوارى بەرهەمێناندا لە کەرتە گشتى و تایبەتەکاندا کاریگەرى نەرێنیان هەیە لەسەر بەرهەم هێنان، چونکە زۆرینەى فەرمانبەران لە کاتى کارکردندا لە کاتى کارەکەى دەدزێت بۆ بە کارهێنانى فەیس بووک، واتا لە برى ئەوەى سەرنج چڕبکاتەوە لەسەر بەڕێوەچونى کارەکانى خۆى؍ خێرا لە جیهانى کارکردنەوە راِدەکات بۆناو جیهانى دەرەوەى کار و سەرقاڵ دەبێت بە چونەوە ناو جیهانى فیس بووکەوە.
ئەمەش زۆرترین کات بە فیڕۆدان و کەمترین گرنگى دانە بە ماوەى کارکردنى بەرهەمهێنەرانەوە؍ هەر بۆیە ئەمەش ئەژمار دەکرێت بە خۆدزینەوە لە کارو گرنگیدان بە تەمبەڵى و بێ بەرهەمى.
جیهانى فیس بووک، جیهانێکى پڕوپوچە، کاتێک لە خۆمانى دووربخەینەوە هیچ مەترسییەکمان توش نابێت، ئەگەرچى زۆرینەمان ئالودەى بووین، بەڵام با تاقى بکەینەوە هەریەکەمان بە جۆرێک خۆمانى لێبە دوور بگرین، بزانین چى ڕوودەدات؟
بێگومان هیچ. لە پەناى ئەمەشدا دەچینەوە ناو دنیایى راِستەقینە نەک ئەو دنیا تەکنەلۆژییەى کە سەر ئێشەى زۆرى بۆ دروستکردووین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.