هەڵوێستی فەرمی یەكێتی لەسەر كەمكردنەوەی مووچە بەفەرمی رادەگەیەندرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 246 جار بینراوە

ستاندەر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی  رایدەگەیەنێت ، وەک پرەنسیبی بنەڕەتی لەگەڵ کەمکردنەوەی قوتی ھاونیشتمانیان و موچەخۆرانی کوردستان نییە، کە شایستەی خزمەتکردنی زۆر و زیاترن، بەڵام بەھۆی باری نائاسایی ھەرێمی کوردستان  و عێراق و ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت کە شادەماری ئابوری ھەرێم و عێراقە و بەھۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا حکومەتی ھەرێم بەناچاری ئەم بڕیارە قورسەی داوە.

ئەو راگەیەنراوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای کۆبونەوەی شەوی رابردوییان بو، لە بەشێكی تری هاتووە، “وێڕای پشتیوانی خۆی بۆ تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم بە جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە بەرێزەکانەوە بۆ بەشداریکردنیان لەم بڕیارە لەگەڵ سەرجەم پێکھاتەکانی ناو  حکومەتی ھەرێم رایدەگەیەنین کە، لەگەڵ ئەوەی یەکێتی نوێنەری رەنجدەرانی بیروبازوی جەماوەری کوردستانە و لەم سۆنگەیەوە وەک پرەنسیبی بنەڕەتی لەگەڵ کەمکردنەوەی قوتی ھاونیشتمانیان و موچەخۆرانی کوردستان نییە کە شایستەی خزمەتکردنی زۆر و زیاترن”.

داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات ھەنگاوی جددی و بەرجەستە بنێن  بۆ چاکسازیی لەھەمو جومگەکانی داھات و خەرجییەکانی ھەرێمدا و لەم قۆناغە چاکسازی تەنھا موچەی موچەخۆران نەگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم دامودەزگای ئابوری و وەبەرھێنان و کۆمپانیا نەوتییەکان و داھاتەکانی ھەمو لایەن و پێکھاتەکان بگرێتەوە و دەستەبەری شەفافیەت لەسەرجەم داھات و خەرجییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان بکات.

راشیدەگەیەنێت بۆ داھاتو و دوای ئەم مانگە، سەبارەت بە چارەنوسی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆران و کارمەندانی کوردستان پێویستە لەبەردەم پەرلەمان و لەسەرپێشنیاری حکومەت بکرێت و دوا بڕیار بۆ پەرلەمانی کوردستان بێت کە باڵاترین دەزگای یاسادانان و چاودێری حکومەتە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.