د.حلمى رەسول رەزا
* دۆخە نێو دەوڵەتى و هەرێمایەتیەکان بە شێوەیەک ئالۆزە، واى لێهاتوە، پیشبینى کردن بۆى دەچێتە قاڵبى فاڵگرتنەوە، کەواتە بێ سێ و دوو پێویستە ئەکادیمیانەو واقیعبینیانە لێکدانەوەى بۆ بکرێت. ئەوەشى گومانى تێدا نیە بەرهەم ساڵح سەرۆکى قۆناغێکى پڕ گرفت و کێشمەکێشى عێراقە، هەر لە دروست بوونى خۆپیشاندانەکان و پاشان داتەبینى دۆخى ئابورى و لە هەموانیش بەڵاتر بڵاوبونەوەى پەتا جیهانیەکەیەو و گرفتى ئابورى کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەى گرفتارى دەستى ئەو نەخۆشیانەیە، ئەمە ئەگەر فشارە نێو دەوڵەتى و هەرێمایەتەکانى لێ دەربکەین. دکتۆر بەرهەم لەسەرەتاى دەستبەکاربونیەوە خاوەن دیدو دونیا بینى خۆى بوە بۆ کێشە کەڵەبوەکان و ویستویەتى عێراق لە پاشکۆیایى بێنێتە دەرو رێگربێت تا نەبێتە گۆڕەپانى پێکدادادنى زلهێزو هێزە هەرێمەیەتیەکان و بە ئاشکراش لە بۆنە نێو خۆى و نێو دەوڵەتیەکاندا ئەمەى بە گوێى سەرجەم وڵاتاندا داوە.
کەواتە، وەک کۆسیستەم بەرهەم ساڵح داینەمۆى ئەو سیاسیەتەیە کە ئێستا عێراق گرتویەتیە بەرو هێدى هێدى واى کردوە بەزاندنى سنورى عێراق و سەروەریەکەى بەرێتە نێو یاسا نێو دەوڵەتیەکان و لەو رێگایەوە چارەیەکى بۆ بدۆزێتەوە، نەک بە هاژو هوژى نێو میدیاکان، دیارە بەسروشتى خۆى ئەو کەسێکى پۆپۆلیست نیەو حەز بە هەرا نانەوە ناکات، وەک پیاوێکى دەوڵەتمەدارو لێهاتوى ناوچەکە گەرەکێتى ململانێکان خاو بکاتەوەو سەرجەم گەلانى عێراق لەو نەهامەتیە دەرباز بکات کە یەخەى پێگرتوە، بۆیە سەیرە کەسێکى خۆ بەئەکادیمى زان، لە سەنگەرى پۆپۆلیستیەوە هەڵوێستەکانى ئەو شیبکاتەوە.
* سەبارەت بەوەى بێ دەنگە لە ئاست مافەکانى گەلى کورد بە شێوەیەکى گشتى، دکتۆر بەرهەم لە رۆژى دەست بەکاربوونى سەرۆکى هەرێمدا لە هەولێر، وەک سەرۆک کۆمارى عێراق و لە بۆنەیەکى رەسمیدا بەرامبەر نوێنەرى ولاتان و بالیۆزەکانیان و لە نێویاندا وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ئەوەى بە گوێى جیهاندا نا، لە تەک پرسە گەورەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بەبێ چارەسەرکردنى کێشەى رەواى کورد، زەحمەتە رۆژهەلاتى ناوین سەقامگیرى بەخۆیەوە ببینێ، ئەگەر ئەم ناوچە جوگرافیە گەرەکێتى بە ئارامى و پێکەوە ژیان ژیانى بۆ بچێتە سەر، پێویستە چارەسەرى کێشەى کورد بکرێت.
* ئەو سەردەمەى بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانى کوردستان بوو، بە گەواهیدانى یارو نەیار، یەکێک بوو لە سەردەمە پڕ بەرهەمەکان و سەقامگیرى و ئاوەدانى جگە لە چەند رووداوێکى دروست کراو نەبێت، کە پاشان بۆ خەلکى ژیر روون بوەوە، چ سەردەمێکى زێڕین بوە بۆ هەرێمى کوردستان، ئەو کارى دەکرد، نەیگوت ولات دەکەم بە بەهەشت و بەسەر کەسیشدا نەیفرۆشتەوە، و لە کۆتایى دەسەڵاتەکەیشیدا، نەک قەرزار نەبوو، قاسەیەکى پڕ پارەشى بۆ بەجێهشتن، ئەوانەى ئەو سەردەمە لە گەڵیدا وەزیر و گزیرو کاربەدەست بوون، خۆیان بەو دەسکەوتانەوە بادەداو بزەى سەرکەوتنیان دەکرد، گەر دەوترێت ئەوکاتە پارەى بەغداد زۆر بووەوە نرخى نەوت باش بووە ئەوا پاش و پێش ئەویش نەوت نرخى هەر باش بووەو عێراقیش پارەى هەرناردوە.
* ئێستا جۆرەها کێشەو گرفت لەم هەرێم و عێراقەدا هەیە، هەرێم قەرزارە، مووچەى پێ نادرێت، داهات شەفاف نییە، هەمووان وەکو شەیتان وێناى یەکترى دەکێشن، لە فەیسبووکدا هیچ نەماوە سوکایەتى پێ نەکرێت، کەچى دەبینرێ لەژێر برۆوە و بەناوى قسەى نەستەقەوە لەو هەموو مالوێرانیەى بەسەر ئەم گەلەدا هێنراوە هەندێک بۆ مەرامى تایبەتى خۆیان و رازیکردنى ئەوى دى، دەیانەوێت ملى کاک بەرهەم بابدەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیانەوێت هەموو کێشەو گرفتەکان بکەنە ئەستۆى ئەو، بێ ئەوەى ئەو پاڵەوانانە بتوانن شتێکى جدى لەسەر دۆخى ئێستاى کوردستان بڵێن، لە کاتێکدا ئەو وەک سەرۆک کۆمارى عێراق شەوو رۆژى خستۆتە سەر یەک بۆ ئەوەى دۆخەکە لەوە ئالۆزتر نەبێت، سەیرەکەش لەوەدایە، ئەوانەى جار جار چرنوک دەگرن، وەک مانگە شەو دۆخەکەیان لێوە دیارەو دەزانن چ پارسەنگێک راگیراوە بۆ ئەوەى هەمووان بەناو یەکترى نەکەون.
*هاتنە دەنگى حکومەتى عێراق لەبەرامبەر پێشێلکاریە هەرێمایەتیەکان کە ئێستا رێچکەیەکى یاسایى بە خۆیەوە بینیوە، بۆیەکەم جارە لە مێژووى عێراقى دواى رژێمى کۆن، بەغداد ئەوەندە توند بێت لەسەر سنور بەزاندن و پەلاماردانەکانى تورکیا، میدیا جیهانیەکان سەرنجى زۆریان داوەتە هەڵوێستەکانى بەغداد لەو بارەیەوە، ئەمە وێراى ئەوەى هەنگاوى ئایندەش رووکردنە نەتەوەیەکگرتوەکانە بەشێوەى فەرمى، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم پرسە زیاتر پەیوەستە بە وەزارەتى دەرەوەو ئەنجومەنى وەزیرانەوە.
ئەمانە هەمووى داینەمۆکەى بەرهەم ساڵح ە، بەڵام ئەو وەک کەسێکى مەدەنى کە پارە تەخشان و پەخشان ناکات بۆ کەناڵە میدیاییەکان، وەها وێنا دەکرێت بێ دەنگەو پاڵى لێداوەتەوە. بۆیە ئەوانەى پێیان وایە بەرهەم ساڵح بێ دەنگە، دەیانەوێ لە ژێر برۆوە رەماش و ئاماژە بنێرن بۆ ئەوانى دى کە ئێمە سەرۆک کۆمار بە ناسەرکەوتوو لە قەڵەم دەدەین، و دە ئێوەش رەحمێک بەم بێ کارییەى ئێمە بکەن.