هۆکاری هەڵکشانی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا

لەلایەن ستاندار Posted on 374 جار بینراوە

شنە بەرزنجی

ئێستا جگە لە تاقیگە حکومیەکانی تایبەت بە کۆرۆنا، لە چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەتیش پشکنینی کۆرۆنا دەکرێت !! ئەمەش وادەکات کەسی هەڵگری ڤایرۆسەکە بەرکەوتەی لەگەڵ چەندین نەخۆشی ئاسایی و پزیشک و کارمەندی شوێنی پشکنینە ئەهلیەکە هەبێت و زۆربەیان توشبکات، هەروەها لەکاتی چوون و هاتن بۆ هەمان مەبەست بەرکەوتەیتری لەگەڵ خەڵک لە بازاڕ دەبێت، گەربێت و توشبووەکەش بچێتە چێشتخانەیەک بۆ نان خواردن یان چایخانەیەک بۆ چاخواردنێک ئەوا ڕێژەی توشبوان زۆر زیاتر دەکات، لە ڕاستیدا وا پێویستە حکومەت وەک چۆن ڕێگەیداوە بە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەهلی ( لەبەر فریا نەکەوتنی تاقیگە حکومیەکان)، کە پشکنینی کۆرۆنا بکەن، ئاواش دەبێت ناچاریان بکات ئەوپەڕی خۆپارێزی بگرنە بەر، دەشکرێت بینایەکی تایبەت وەک کۆمەڵگەیەکی پشکنینی ئەهڵی کۆرۆنا تەرخان بکات کە تەنها تایبەت بێت بە پشکنینی ئەو ڤایرۆسە و هیچ نەخۆشێکی تر ڕووی تێنەکات.

هۆکارێکی تریش ئەوەیە بەشێک لە خەڵکی ئاسایی کە هێشتا توشی نەخۆشیەکە نەبونە و ڕەنگە هەر توشیش نەبن، کەوتونەتە کڕینی ئامێری ھەناسەدان و لە ماڵەکانیان بۆ کاتی تەنگانە هەڵیدەگرن!!، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی ئامێرەکان داناوە، دەبێت (لیژنەی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا و لیژنە هەمیشەییەکانی قایمقامیەتی پارێزگاکان)، ڕێگە لە بەرزبونەوەی نرخی ئەو ئامێرانە بگرن کە لە چاو ڕابردوو چەند قات نرخەکەی گرانترە، یاخود بە جۆرێک ڕێکبخرێت کە ڕێگە لە خەڵکی ئاسایی بگرن نەتوانن بیکڕن کە ئەمەش بۆ توشبوان کار ئاسانی دەکات کە بە نرخێکی هەرزانتر لە ئێستا دەستیان بکەوێت، (مەبەست لەو نەخۆشانەیە کە دوای دەرکەوتنی نیشانەی سوک پێویست به خەوتن لە نەخۆشخانە ناکات و لە ماڵەکانیان خۆیان کەرەنتینە دەکەن).

بەشێک لە ڕاگەیاندن و میدیا کارەکانیش هۆکارن، کە بەداخەوە بەبێ گوێدانە پرەنسیپەکانی هەواڵ و بێ لە بەرچاوگرتنی ڕەوشی دەرونی خەڵک ڕۆژانە بەزەقی ژمارەی مردوان بە کۆرۆنا بڵاو دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی دروستبوونی ترس و تۆقین و دابەزاندنی ئیرادەی خەڵک و وادەکات گیانی بەرەنگاربوونەوە کەمبێتەوە و بگۆڕێت بە تەسلیمبوون، لەبری ئەمە پێویستە ژمارەی چاکبووەکان گرنگی پێبدرێت و ڕێژەی مردن باس نەکرێت یان بە لاوازی بڵاو بکرێتەوە، بەداخەوە ئەمە بە فراوانی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشی گرتووەتەوە.

هۆکاری سەرەکی کەمتەرخەمیەکەش حکومەتە و هاوکاری خەڵک نیە لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەر لە نەدانی مووچە و بە سیاسیکردنی ڤایرۆسەکە و دابیننەکردنی پێداویستیە تەندروستیەکان، نەبوونی پلانی گشتی بۆ سەرجەم هەرێمی کوردستان، کە هەر پارێزگا و بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات، لە پاڵ ئەم هۆکارەنەشدا خودی خۆشمان بە گوێنەدان بە خۆپارێزی و بە هەند وەرنەگرتنی ڤایرۆسەکە هێندەیتر ڕێژەکەمان بەرزکردووەتەوە.

دواجار لێدوانەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگا و قەزاکان لەگەڵ خەمخۆری حکومەت نایەتەوە، ئەمانە بەردەوام باس لە ڕوودانی کارەسات و کەوتن دەکەن لە ئاستی ئەم پەتایە، بەڵام حکومەت هاوکاری خەڵک نیە و ئامادەکاریشی نیە، ئەمەش گومانەکان زیاتر بەرە و ڕاستی دەبەن کە دەڵێن “حکومەت بازرگانی بە کۆرۆناشەوە دەکات”، کە هیوادارم وانەبێت، مەهامی نوسینی ئەم وتارەش خستنە بەرچاوی کەموکوڕیەکانە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و هیواخوازم ئاوڕی جدی لەم هۆکارانە بدەنەوە و کار بۆ بنبڕکردنی بکەن، تا بە کەمترین قوربانی ئەم پەتا نەگریسە لە کۆڵ خۆمان بکەینەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.