(ھەرێمی کوردستان لە نێوان گۆڕینی سیستەمی سیاسی و بەردەوامی قەیرانەکان)

لەلایەن ستاندار Posted on 358 جار بینراوە

دکتۆر دلێر سابیر خۆشناو-دکتۆرا لە یاسای گشتی

دواى جێگیربوونی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە یاسای ئیدارەدانی دەولەت بۆ قۆناغی گواستنەوەی سالی 2004 ، وە دواتر لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق ساڵی 2005 کە پێناسەی عێراقی کردووە بە کۆمارێکی فێدرالی کە تیایدا کوردستانی عێراق بە ھەرێمێکی ئەم دەوڵەتەی ھەژمار کردووە .
ھەروەکو ئاشکرایە لەم ئان و ساتەدا ئەم ھەرێمە ڕووبەرووی چەندین قەیرانی ئابووری بۆتەوە کە وای کردووە کاریگەریەکانی پەلبھاوێژێت بۆ پەیوەندییە سیاسیەکانی نێوەخۆیی و عێراقی و تەنانەت ھەرێمیش لەوەی پەیوەندار بێت بە ھەرەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەم ھەرێمە . ئێمە لە کاتێکدا ئەم ووتارە دەنوسین تەنانەت چارەسەرەکانیش تووشی قەیران بوونەتەوە بەجۆرێک ئاسۆی چارەسەری قەیرانەکان کلیلیان خەریکە لە دەستی کیانی ھەرێم و سەرکردە و پارتە سیاسیەکانیش دەردەچێت . بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان پێویستیمان بە بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی ھەیە کە دوور بێت لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی یاخود ویستی کەسی ، بۆ ئەمەش پێم وایە باشترین و گونجاوترین ھەنگاو کە ھەرێم ئێستا کاری لەسەر بکات گۆرینی سیستەمی سیاسییە بەجۆرێک کە دیموکراسیەت بۆ ماوەیەک ھەڵبپەسێردرێت و پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە و ھەوڵی پێکھێنانی حکومەتێکی بچوککراو بدرێت کە پێک بێت لە تەنھا سەرۆکی حکومەت و پێنج وەزیری حیزبی بەلام تەکنۆکرات کە تەنھا کاریان دارشتنی ستراتیژ بێت بۆ پارێزگاکان .. بەجۆرێک ھەر پارێزگایەک لامەرکەزی ئیداری و دارایی بگرێتە ئەستۆ و پەرە بە ئابووری شارەکەی خۆی بدات و سەرچاوەی داھات پەیدا بکات ، لە ھەمان کاتیشدا ئەم ھەنگاوە ھەستی لێپرسراویەتی و بەشداربوون لە لایەن ئیدارەی پارێزگاکان پەرەپێدەدات ، جگە لەمانەش مووچەی پارێزگاکەشی بکەوێتە ئەستۆ لەو داھاتەی کە ھەر پارێزگایەک دەستی دەکەوێت ، وە بۆ ھەر مانگێکیش ڕێژەی لە نێوان (٪؜١٠ بۆ ٪‏٢٠ ) لە داھاتی ھەر پارێزگایەک بگەرێتەوە بۆ حکومەتە بچوککراوەکە بە مەبەستی خەرجی و مووچەی کارمەندانی ،، لە ئەنجامدا بۆ ماوەیەکی کەمتر لە پێنج سال ھەرێم لە رووی ئابووری و سیاسیەوە سەقامگیر دەبێت وە جۆرێک لە پێشکەوتنی ئابووری باش لە رێگەی پێشبڕکێ ی پارێزگاکان دێتە ئاراوە، لە بەرامبەر ئەمەشدا کێشەکانی ھەرێم شیدەکرێنەوە بە جۆرێک کە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێم لە چارەسەرکردنیان پشکدار دەبن .. بەلام لەگەل ئەم ھەنگاوانەشدا پێویستە ھەرێم ھەوڵی جیدی بدات بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی ھاوسەنگ لەگەل بەغدا کە بنەماکانی دەستووری عێراقی 2005 مەرجەع و سەرچاوەی پابەندبوونی ھەردوو لابن ، بۆ ئەمەش حکومەتە بچوککراوەکەی ھەرێم لەگەل بەغدا لایەنی ستراتیژی رێکەوتنەکە بە ئەنجام بگەیەنێت ، بەلام ووردەکاری و داھاتەکانی بۆ پارێزگاکان جێبھێلێت .. بەمەش ھەر پارێزگایەک بەرپرس دەبێت لە دابینکردنی قووتی دانیشتوانی پارێزگاکەی … ھیوادارم ئەمەی سەرەوە چەند بنەمایەکی دروست بن بۆ رزگاربوون لەم بارودۆخە قەیراناوییەی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا گەشانەوەی ئابووری ھەرێمی بەدوادابێت بەجۆرێک کە سەرچاوەی داھات فرە بکرێت بە جۆرێک لەگەل نەوتدا ، کشتوکال و گەشتوگوزار و بازرگانیش پالپشتی بەھێزی ئەم ئابووریە بن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.