ئەگەرەکانی بەردەم هەرێم

لەلایەن ستاندار Posted on 495 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

ئەگەر لەدەلاقەی قەیرانەکانەوە تەماشای دۆخی  ئێستای هەرێمی کوردستان بکەین لەڕوی خراپی باری ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک  و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکاریەکانی ناوخۆو هەنگاوەکانی حکومەتی نوێی عێڕاق و هێرش و تۆپ بارانەکانی ووڵاتانی هەرێمیی بۆسەر خاکی کوردستان و ئەو پیلانە مەترسیدارەی کە هەرسێ ووڵاتانی روسیاو ئێران و تورکیا دایانڕشتووە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان،هەموو ئەوانە هەرێم ناچار ئەکات کە هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانانە، ئەوەیش وا ئەکات هەرێم بکەوێتە نێوان دوو ئەگەرەوە کە پێویستە یەکێک لەو دووانە هەڵبژێرێت ،پێم وایە ڕێگای سێیەمی نییە.
ئەگەری یەکەم: ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا.
حکومەتی هەرێم لەڕوی داراییەوە شکستی گەورەی بەرکەوتووە بەجۆرێک کە ناتوانێت بەدوو مانگ جارێکیش مووچەی تەواوی مانگێکی فەرمانبەرانی دابین بکات ،ئەمە جگە لە پەککەوتنی هەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری دیکەی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانەوە ، بۆیە ناچارە پەنا بۆ ڕێکەوتن بەرێ لەگەڵ بەغداد ، بێگومان ئەو ڕێکەوتنەش هەرێم ئەخاتە نێو قالبێکی داخراودا کە زۆر لەدەسەڵاتە سیادی و ئیداریەکانی لەدەست دەدات، بەڵام دواجار هەر ناچارە تەنازولی گەورە بۆ بەغدا بکات ، ئەویش لەبەر ئەم  هۆکارانە.
هەم بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و شایستە دارایەکانی، هەم  بۆ پاراستنی سنوری هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە،چونکە حکومەتی هەرێم لەروی سەربازیەوە توانای بەرەنگاربونەوەی سوپای ئەقلیمی نیە دیارە بەهۆی ئەو گەندەڵیەی کە لە سلکی سەربازی هەیە بەو پێیەی هێزەکان هێزی حزب و تاکە کەسن و نەبونەتە هێزی نیشتمانی ، هەم بەهۆی ئەو پەیوەندیە ناتەندروستانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ووڵاتانی درواسێ هەیانە، هەر بۆیە عێڕاق وەک دەوڵەت لە ڕێگای ڕایەڵە جیاوازەکانیەوە ئەتوانێ ڕێگری بکات لە مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاو ئەو پیلانە دەولییەی کە ئاماژەمان پێدا، لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا دەوڵەتی عێڕاق ئامادەیی تێدایە دژی ووڵاتە ئەقلیمیەکان بووەستێت و بەرگری لە قەوارەی هەرێم بکات؟ بێگومان ئەویش پەیوەستە بەو ڕێکەوتنەی کە ڕەنگە لە نێوان هەولێرو بەغداوە واژۆ بکرێت ، کە تاچەند ئەتوانرێ سودیان لێ وەربگرێت ، هەروەها کورد تاچەند ئەتوانێت توانا دیبلۆماسیەکانی بخاتە گڕ لە ڕێگای ووڵاتە دۆست و زلهێزەکان و پشت بەستن بە یاسا نێونەتەوەیەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەزاندنی سنوری خاکی کوردستان لەلایەن ووڵاتانی دراوسێوە.
ئەگەری دووەم: پشت بەخۆبەستن.
لەسۆنگەی ئەوەی هەرێم نەیەوێ داهات و نەوت و خاڵە سنوریەکان  و بە شێک لە دەسەڵاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات و ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا ڕەت بکاتەوە بە بیانوی پاراستنی سیادەو قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە،  لەم حاڵەتەشدا هەرێم روبەڕوی چەندین ئاستەنگی نێوخۆیی و دەرەکی ئەبێتەوە، ئەگەر ئەلتەرناتیفێکی باشتری بۆ ئامادە نەکردبێ ئاستەمە بەم عەقڵەو شێوازە لەحوکمڕانیەو بەم داڕمانە ئابوریەو ئەو قەیرانانەی دووچاری هەرێم بوونەتەوە بتوانێت تێیان پەڕێنێت و دۆخەکە بەئاراستەی دەربازبوون بەرێ، ڕابردوی ئەم دەسەڵاتە شایەدی ئەو ڕاستیە ئەدات .
پوختە:ئەمانە ئەو دوو ئەگەرەن کە پێویستە حکومەتی هەرێم یەکێکیان هەڵبژێرێ یان گەڕانەوە بۆ بەغداو دەستبەرداری بەشێکی زۆر لەدەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بەرامبەر دابینکردنی بەشێک  لە شایستە دارایەکانی هەرێم و پاراستنی سنورەکانی لەدەستی دەرەکی، کە ئەویش ئەگرێکی لاوازە، یان بڕیاری پشت کردن لەبەغدا و درێژەپێدانی ئەو دۆخەی ئێستا کە ڕەنگە ئەنجامەکەی زۆر بەخراپی لەسەر دەسەڵات بشکێتەوەو هەرێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات.
لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئەوەی گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوی بۆ بەرێت و تا چارەسەری ئەو بارگرانیە ئابوریە بکات کە هەرێمی بەرەو ئاقارێکی خراپ بردووە، جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازییە بەشێوەیەکی فراوانتر لەو  یاسایەی کە لەپەرلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و گێڕانەوەی دادپەروەری ، هەروەها پێویستە حکومەت  بوێرانە هەوڵی  بڕینی دەستی حزب و  هەموو ئەو کۆمپانیانانە بدات کە قۆرغی بازارەکانی هەرێمیان کردووەو لەو ڕێگایەوە ئەتوانێت پارێزگاری لە مانەوەی قەوارەی هەرێم بکات و لەداڕمان رزگاری بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.