ئارام هادی
10 ساڵ زیاترە ئێمە مانان لە شەقام و سیمنار و نوسین و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکاندا ئەوەمان خستووەتە ڕوو کە ئامانجی تورکیا داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستانە و هەوڵی زیندووکردنەوەی ویلایەتی موصڵ لە عیراق دەدات بۆ داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستان، بەڵام برادەرانی پارتی و هاوئاوازەکانیان قورمیشکراون بەوەی (تورکیا تەنها بۆ شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە)، لە باشوری کوردستانە، کەچی تازە بە تازە هۆشیار زێباری: ئهندامی مهكتهبی سیاسی پارتی، له تویتێكدا ڕایگهیاندووه”پەلاماری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەی زاخۆ پێشهاتێکی جیۆسیاسی زۆر جددیە و چڕی هێرشەکان زەنگێکی مەترسیدارە”، دهشڵێت “داواکاری سەرکردەکانی تورک بۆ زیندووکردنەوەی داواکردنی پارێزگای موسڵ لە لایەن تورکیاوە زیاتر لە هەموو پێشهاتەکانی دیکە مایەی نیگەرانییە”.
هەروەها بەردەوام باسمان لە زەرەر گەیاندنی تورکیا کردووە کە لە ڕێگەی سوپاکەی لە زەمینەوە و فڕۆکەکانی لە ئاسمانەوە خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار دەکات و ڕەزوباخی گوندنشینانی سنورەکان دەسوتێنێت و ئاستەنگی لە بەردەم کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی دروست دەکات، بەڵام لەدوای ئەو ماوە زۆرە لە بێدەنگی دواجار دوێنێ بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا ڕایگهیاندووه ”تورکیا هێزێکی زۆری هێناوەتە سنوری گوندەکانی سەر بە ناحیەکە” دەشڵێت “بۆردوومانی تورکیا لە سنوری ئەو گوندانە بەردەوامە، تا ئێستا دانیشتووانی 12 گوندی سەر بە ناحیەی باتیفا زەرەرمەند بوون و گوندی (کەشان) چۆڵکراوە و خەڵکەکەی چوونەتە سەنتەری ناحیەی باتیفا و هەندێکیشیان چوونەتە سەنتەری قەزای زاخۆ، لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 32 هاونیشتمانی شەهید بوون و 10 کەسیش برینداربوون، زیانێکی زۆر بەر ناوچەکەش کەوتووە”، دهشڵێت “زانیاریمان لەسەر ئەوەش نییە کە پەکەکە لەو ناوچانە هەن یان نین”.
هاوکات لەمێژە ئەوەشمان خستووەتە بەرچاو کە تورکیا سەرەتا لە سنورەکانی خۆیەوە بەقوڵایی چەندین کیلۆمەتر هەر لە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا (خواکورک) کە سێگۆشەی سنوری نێوان (عیراق. تورکیا. ئیران) داگیردەکات و بنکەی سەربازی هەمیشەیی تێدا جێگیردەکات، بەڵام هەرجارێک سەرۆک حکومەت و سەرۆک هەرێمەکەمان لەسەر بابەتەکە دوابن ڕاستەوخۆ حەقیانداوە بە تورکیا و چاویان لە ئاست نیەتی ڕاستەقینەی داگیرکردنی باشوور نوقاندووە و تهنها له 15ڕۆژی كۆتایی مانگی ڕابردوودا تورکیا لە 24 شوێنی ستراتیژیی سنووری ناحیەی باتیفا جێگیربووە، پێشتریش 24 بنکەی دیکەی سەربازیی لە سنووری (نێروەییەکان و کانێ ماسێ) داناوە و بەرپرسێکی سەربازی پارتی لە ناحیەش دەڵێت، “ئەگەر رێگری لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا نەکرێت، هەرسێ ناحیەی (کانی ماسێ، باتیفا و دەرکارێ) بەتەواوی لەلایەن تورکیاوە داگیر دەکرێن”.
ئەو 10ساڵەی کە باسمکردووە تەنها لە کێشەکە نەدواوین بەڵکو لەگەڵیدا چارەسەریشمان خستووەتەڕوو، هەندێک جار بە کۆنفرانس و دەرئەنجامەکەیمان لە پرۆژەیەکدا داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەشی زۆری کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەولێر و تەنانەت نەتەوەیەکگرتوەکانیش، بە داتا و بەڵگەی ورد و زانستی ڕایگشتیشمان لێ ئاگادارکردووەتەوە، ئەمە جگە لە گردبوونەوە و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکان و خۆپیشاندانەکانی تایبەت بە دژایەتی داگیرکاریەکانی تورکیا، بەڵام ڕۆژێک نەمانبینی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم نە لەڕابردوو نە ئێستاش گەر تەنها بۆ مێژووی خۆشیان بێت یەک جار هەڵوێست لەدژی داگیرکاریەکانی تورکیا دەربڕن، ئەوەی هەبوو جار و بار لەلایەن بەشێکی کەم لە پەرلەمانتارانەوە بە ئیمزا داوای دەرکردنی هێزەکانی تورکیایان لە هەرێم کردووە.
ئێستاش حکومەتی هەرێم و حزبە سیاسیەکانی دەتوانن واز لە ناکۆکیە لۆکاڵیەکانی نێوانیان بهێنن و شەڕی بچوکی ڕۆژانەی نێوانیان کۆتایی پێبهێێن و بیر لە بەرەیەکی یەکگرتوی کوردی بکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی سوپای تورکیا و وەدەرنانیان لە باشوری کوردستان، هەروەها لە ڕێگەی عیراقیشەوە ڕایگشتی عەرەبی بجوڵێنن بەدژی تورکیا بە تایبەت وڵاتانی (مصر و ئەردەن و سعودیە و ئیمارات)، لەلایەکیترەوە لەڕێگەی پەیوەندیە دبلۆماسی و دۆستایەتی دێرینەوە وابکەن (بەریتانیا و فەرەنسا و کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا) لەسەر پرسەکە بهێننە سەرخەت تا هەرێمی کوردستان لە تەماحی داگیرکاری تورکیا دەربازی قۆناغێکی سەقامگیربکەن، گەرنا لەبێدەنگیدا ڕەوشەکە لە بەرژەوەندیمان نابێت.