هەرێم و بەغداد بۆ رێک ناکەون وەڵامێک بۆ جەواد سەعید..

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

د. حلمى رەسول رەزا

کەسێک بەناوى ” جەواد سەعید” وتارێکى لە ماڵپەڕى ئاوێنەدا بڵاوکردۆتەوە بەناو نیشانى ” بەرهەم ساڵح لە نێوان خەمى خۆى و مافەکانى کوردا، کە وەک فاڵ گرتنەوە گەڵیک تۆمەتى داوەتە پاڵ دکتۆر بەرهەم، بەپێویستم زانى ئەم سەرنجەى لەسەر بنوسم.
ھەرێم و بەغدا بەرەو کوێ؟
نووسەر لەسەرەتاى نوسینەکەیدا باس لەوەکات کە وەفدەکەى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەبەراورد لەگەڵ جارەکانى پێشوودا نەرمتر وتووێژیان کردوە، کەچى کازمى بەبێ منەتى قسەى لەگەڵ کردون. دیارە بە هەموو لۆژیک و پێودانێک دەبێ نووسەر ئەو راستیە بزانێ هیچ حکومەتێکى دەستبەکاربووى بەغدا وەک ئەوانەى پیشوو نین و هیچ سەرۆک وەزیرانێک لەم دۆخە ئابوریە داتەپیوەى عێراقدا ناتوانێ رێگە بەخۆى بدات پیاوەتى بە ئاوى حەمامەوە بکات و مووچە بۆ فەرمانبەرانى هەرێم دابین بکات بەبێ ئەوەى بزانێ داهات و خەرجى ئەم هەرێمە چەندە و چۆن پەیداو سەرف دەکرێت. ئەمە راستیەکە کەسى ئەکادیمى و ئەوانەشى موتابعى دۆخەکەن مەگەر خۆیان گێل بکەن ئەگینا دەزانن دواى خۆپیشاندانەکان و پەتاى کۆرۆناو داتەپینى نرخى نەوت چى دەگوزەرێ.

سەرۆك كۆمار و كێشەكانی هەرێم
لە بەشێکى ترى وتارەکەى نوسەردا، باس لەوە دەکات یەکێتى و پارتى پاڵیان لێ دابوەوە و مام جەلالى رەحمەتى نەیدەهێشت تەشقەڵە بە کوردستان بکرێت، بێ ئاگا لەوەى یەکێک لەو کۆڵەکانەى مام جەلال پشتى پێ بەستبوو بۆ هەرێم و بەغداش دکتۆر بەرهەم بوو، ئەو بەراوردەشى بیرچوە کە دۆخى ئابورى سەردەمى مام جەلال و ئێستا ئاسمان و ڕێسمانى فەرق بوو، لەگەڵ ئەوەشدا مام جەلال دەیانجار لاى دۆست برادەرە نزیکەکانى باسى لەوە کردوە کە ئیدارەى هەرێم چەند سەرئێشەیان بۆ دروست کردوە و ئەو هەر خەریکى پینەکردنى بووە. بۆیە بەراوردێکى بچوکى هەردوو سەردەمەکە دەرى دەخات نوسەر چەند پەلە پرۆزێى کردوە بۆ هاویشتنى تیرەکەى و نەک نەیپێکاوە بەڵکو بەلاشیدا نەرۆیشتوە. ئەوجا نوسەر دێتە سەر لۆمەى بەشێک لە سەرکردایەتى یەکێتى بەوەى بەرهەم ساڵحیان کردە نوێنەرى ئەو حزبە تێکۆشەرە لە بەغدا، باشە هەڵەى یەکێتى لە چیدا بوو کاتێ ئەو بوە سەرۆک کۆمار یەکێتى بە ژمارەیەکى قورسەوە بردەوە نێو گەمە سیاسیەکان و هاوسەنگى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى بۆ گەڕانەوە. ئەمە قسەى من نیە بەڵکو شرۆڤکارە عێراقى و نێودەوڵەتیەکان وا دەڵێن، ئەوەى گومانى تێدا نیە، پشتگرتنى یەکیتى فاکتەرێکى سەرەکى بوو بۆ بۆ سەرکەوتنى دکتۆر بەرهەم لەو هەڵبژاردنەى لەناو پەرلەمانى عێراقدا کرا، بەڵام خودى کەسێتى بەرهەم ساڵح بوو کە توانى سەرکەوتن مسۆگەر بکات و بەسەر رکابەرەکەیدا سەرى بخات. پاشان نوسەر پێى وایە ماڵى کورد ئەوەندە تۆکمەو یەکگرتو بوە، بەرهەم ساڵح بۆتە مایەى لەرزاندنى، بێ ئەوەى ئاماژە بۆ ئەو دەردە کوشندەیە بکات کە ماوەى زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بەرۆکى ئەم خەڵکەى گرتوە، دیارە هۆکارى شەڕى ناوخۆش بەرهەم ساڵح بوو کە ئەسڵەن ئەو لەم وڵاتەدا نەبوو، ئەوەشى لەبیرچوە یەکێک لە فاکتەرەکانى پێکهاتنەوە و کۆتایى هێنان بەو خوێنڕشتنەى پرسەى خستبوە زۆربەى ماڵەکانى ئەم هەرێمەوە، بەرهەم ساڵح بوو، کە بێ ووچان لە واشنتۆن تێدەکۆشا بۆ کۆتایى پێ هێنانى و ئاشتى و ئارامى گەڕانەوە بۆ هەرێمەکە.

كازمی و بەرهەم ساڵح

نووسەر بەوە سەغڵەتە، رۆژێ لە رۆژان دکتۆر بەرهەم و کازمى پەیوەندییان خۆش بوەو ئێستاش پەیوەندیەکە توندو تۆڵە، من نازانم ئەمە مایەى شەرمە یان شانازى بۆ کورد، پێم سەیرە کورد بیت و ئەوەت لەبەرشان ناخۆش بێت کوردێک تواناکەى گەیشتبێتە ئاستێک لەو شەقامە چڕو پڕەى عێراقدا تواناى بەسەر ئەوەدا هەبێت چەندین کاندید رەتبکاتەوەو کاندێدێکى شەقام جێگیر بکات.. ئەى بۆ نابێ حوسنى زەنمان بەوە هەبێت کاریگەرى کاک بەرهەم لەسەر کازمى دەبێتە خێرو بەرەکەت بۆ کوردستان.. نازانم نوسەر خۆى لەوە لادەدا کە نەزعەى قەومى و ئایینى عێراقیان بەچ دەردێک بردوە، زۆربەى ئەو دروشمانەى جاران بۆ شیعە پیرۆز بوون، ئێستا بونەتە گاڵتەجاڕى شەقام،  ئەو دروشمانەى بۆ کوردستان دەوتراو ئێستا لاى خەڵک چۆن سەیردەکرێن، ئەویش بەهۆى ئەوەى لە سایەیدا خەڵک شیرى پێ ناکڕدرێ بۆ مناڵەکانى. جا ئەگەر پرۆژەیەکى نیشتمانى هەبێت و هەمومان لە سایەیدا برسى نەبین و کەرامەتمان پارێزراو بێت، چ زیانێکى هەیە؟. نووسەر لە بڕگەیەکى تردا تۆمەتى ئەوەى دەداتە پاڵ گوایە لە رێگەى رێبوار کەریمەوە دەیەوێ مووچەى هەرێم  بخاتە سەر بەغدا، لەراستیدا دکتۆر بەرهەم زۆر لەوە زیاتر دەستکراوەترە گەر پرۆژەیەکى هەبێت لەرێگەى پەرلەمانتارێکى کوردەوە بیخاتە بەرچاو، ئەمە جگە لەوەى لەسەر ئەو پرسە هیچ ناڵێم با تەنها لە واڵەکەى خۆیەوە راپرسیەک بکات، بزانێ ئایە خەڵک دەیەوێ مووچە حەڵاڵەکەى لە کوێ وەربگرێ، بۆ فەرمانبەرێکى سادە چ فەرقى هەیە مووچەى لە بەغدا بێت یان هەولێر، ئەدى باشە کێیە ئەوەندە دەست پاکە واى کرد بە عەرەبى لافیتە بنوسرێ و لە عەبادى بپارێنەوە رەحممان پێ بکات.. ئەوەش بەرهەم ساڵح بوو یان دەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمە خۆماڵییە.
نووسەر، حاشا لەوە ناکات دەسەڵاتدارانى هەرێم خەڵکیان نائومێد کردوە، دیارە هیچ کەسیش قسەى لەسەر ئەم گوزارشتە نیەو کەمیشى وتوە، بەڵام دواى ئەوە یەکسەر فاڵ دەگرێـتەوەو میللەت دەکاتە کاڵاو بەرهەم ساڵحیش بە مەعامەلەچى، و دەیانفرۆشێ، بێ ئاگا لەوەى کوردستان بۆ ماوەى چەندین ساڵى داهاتوو فرۆشراوەو نەوت و درامەتەکەشى لە بازاڕدا لە نەوت و درامەتى هەموو ناوچەکە هەرزانفرۆشتر دەکرێت.. ئایە نوسەر ئەو دۆخەى ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێ هەر بە تاوانى بەرهەم ساڵح ى دەزانێ یان ئەوانەى بۆریە نەوتەکانیان بەدەستەوەیە و لەبارخاترى سکى برسى ئەم میللەتە لە کەلـلەى شەیتان نایەنە خوارەوەو ناگەنە رێککەوتن. پاشان نوسەرى خەمى ئەوەیەتى، بەرهەم ساڵح و کازمى شەقام بەلاى خۆیاندا رادەکێشن، تۆ بڵێ شەقام ئەوەندە کاڵفام بێت تەنها بە وشەو دروشم بکەونە داوى سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران، یان ئەوەى بەچاوى خۆیان دەیبینن، وردە وردە دەستە درێژەکان دەبڕن و دەیانەوێ شکۆ بۆ ئەو کەسانە بگێڕنەوە، کە قوتیان کەوتۆتە گەروى نەهەنگەوە، جا گەر ئەوان توانیان کارێکى وابکەن، ئەوکاتە خەڵک خۆیان دەنگیان پێدەدەنەوە نەک بەلۆژیکى پێشووتر، کە ئەمەش دەستکەوتە بۆخەڵک، ئیتر نازانم نووسەر چ داخێکى لەم پرۆسەیە هەیە.
سەبارەت بە رۆڵى بەرهەم ساڵح لە پێکگەیاندنى وەفدەکانى هەرێم، نوسەر توشى تێکەڵ کردنێک بوە، گوایە کاک بەرهەم نایەوێ هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن، وەک ئەوەى یەکێتى و پارتى ئەوەندە دەست کورت بن لە رووى پەیوەندى و کەناڵەوە، تۆ بڵێى ئەو وەفدەى بیەوێ رێکبکەوێ ئەوەندە داماو بێت، تەنها بەرهەم ساڵح لێیان تێکبدات.. باشە، ئەگەر نیەتەکە ئەوەندە پاکە با بەشەفافى لەگەڵ کابینەکەى کازمى بگەنە رێککەوتن بەبێ بەرهەم ساڵح، ئێ خۆ هەندێک ئەگەر مەبەستیان بێت ئەڵێن لەوێ هیچى بەدەست نیەو فەیسبوکەوانەکانى لێ رادەسپێرن تا بەخەڵکى رابگەیەنن سەرۆک پاڵى لێ داوەتەوەو بێ خەم لێى دانیشتوە، یان هەوەسیان لێ بێت ئەڵێن هەموو شت بەدەست ئەوەو کەچى هیممەت ناکات. حەقە خوێنەرو ئەوانەى موتابعن ئەم دوو فاقیە لە گوزارشت کردن بە ویژدانەوە وەربگرن و لەوە هوشیار بن ئەم جۆرە نوسینانە چ مەبەستێکى تاریکى لەپشتەوەیە.
یەكێتی و پارتیی
لە کۆتاییدا نوسەر، پێشنیارێکى زۆر جوانى کردوەو داوا لە یەکێتى و پارتى دەکات چاکسازى لە نەوت و خاڵە گومرگیەکان بکەن و دەست لە تاڵانى هەڵبگرن، و وشەى ئەگەر بەکاردەهێنێ، من نازانم چۆن رێگەى بەخۆیداوە بڵێ ئەگەر.. چونکە کاتى ئەگەر نەماوەو بە فیعلى دەبێ دەستبەردارى بن. ئێ خۆ هەم حکومەتى عێراق و هەم کاک بەرهەم و هەموشمان هەر ئەو داواکاریەمان هەیەو هیچى تر. ئەى ئەگەر ئەوان دەستیان لەو تاڵانى بڕۆیە هەڵگرتبا، داهات و خەرجى شەفاف با، لە مانگى حەوت مووچەى مانگى دوو بە نیوەو دوومانگ جارێک دابەش نەکرابا، با کاک بەرهەم هەر هەوڵى تێکدانى ماڵى کوردو قەوارەکەى دابا، نەک جێگەى سەرەنج نەبوو، بەڵکو مەگەر لە هەواڵێکدا خەڵک وەبیرى هاتباوە.
بەڵام بەم هەموو کەموکوڕى و ماڵوێرانیەى دەسەڵاتدارانى کورد بەسەر کوردیدا هێناوە، و خەڵک بە کورد بوونى خۆشى بێزارە؛ نەخۆشى بەردەرگاى پێگرتوە، دینارى پێ نییە، کاروکاسبى وەستاوە، هیچ جوڵەیەکى نەماوەو گەیشتۆتە قۆناغى چەق بەستن؛ هەموو ئەمانەش بەرهەم ساڵح هۆکار بێت، ئەوە بەراستى ویژدان کار ناکات، مەگەر تەنها ئەوکەسانە ئەو قسانە بکەن کە راسپێردراون سپى لەخەڵک بکەن بەرەش و شاباشى خۆیان لەورێگەیەوە دەستبکەوێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.