ستاندەر
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان رایدەگەیەنێت لە ئەنجومەنی وەزیران بریاردراوە پێداچونەوە بەكاری كۆمپانیاكانی نەوت بكرێت بەرێكەوتنی 50 ساڵە لەگەل توركیاشەوە.
ناوبراو لەدیدارێكی لەگەل پەرەگراف وتی “تیمی وەزاریی گۆڕان ئاگاداری ڕێككەوتنە 50 ساڵییەكە نییە لەگەڵ توركیاو زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆكەكەی نییە، ئێمە داوامان كردووە هەموو مەلەفی نەوت پێداچوونەوەی پێدا بكرێت بە گرێبەستە 50 ساڵییەكەشەوەو بڕیاری لەبارەوە دراوە”.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە ئەوەشی وتوە “لە كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارمانداوە لیژنەیەكی نوێ دروست دەكرێت بۆ پێداچوونەوەو گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت، چونكە سێكتەری نەوت نەك لای ئێمە لای بەشێكی زۆری ئەم كابینەیە ڕوون نییەو پێویستی بە پێداچوونەوەیە، نە داهاتو نە خەرجییەكەی ڕوون نییە، ڕاستە كۆمپانیای دیلۆیت هەیە كە پشكنین بۆ چۆنیەتی فرۆشتنو داهاتەكانی نەوت دەكات، ڕاپۆرت لەو بارەیەوە ئامادە دەكاتو چاودێریی سێكتەرەكە دەكاتو لە ڕووی زانستییەوە دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام لە ڕووی واقیعییەوە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە”.
سەبارەت بە رادەستكردنی نەوت بە بەغدا، ئەو وەزیرەی گۆڕان رایگەیاندووە “حكومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو نەوتی هەرێم(نەك تەنها داهاتی نەوت) ڕادەستی بەغداد بكات، تەنانەت بە داهاتە نانەوتییەكانیشەوە، بەڵام بە مەرجێك لە بەرامبەردا عێراق شایستە داراییەكانی هەرێم بە پارەی سەرجەمی مووچەو پڕۆژەكانەوە بنێرێت”.