لە چاوەڕوانیی(جەلۆ)*دا

لەلایەن ستاندار Posted on 218 جار بینراوە

رێبوار کەریم وەلی

سیاسەتی کوردستان بارگاوی بووە. وەک سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووە، بەڵام ھیچ رەبتێکی لەگەڵ رەوتی مێژووی ململانێی جەلالی و مەلاییدا نییە. ھەڵەیەکی کوشندەیە ئەگەر بڵێی ئەوەی ئێستا درێژەی رابردووە.
*
جەلالیزم تەواو بوو. وەک چۆن مەلاییزمیش تەواو بوو؛ نە پارتیی ئێستا میراتگری رەحمەتی بارزانیی باوکە، نە یەکێتیی ئێستاش فڕی بەسەر دنیابینی و سیاسەتەکانی خوالێخۆشبوو تاڵەبانییە.
*
تاڵەبانی بە پشتیوانیی بارزانی، گەیشتە ئەو لوتکەیەی کە ھەموو ژیانیی بۆ تەرخانکردبوو. ئەویش وەک بەرھەم ساڵح لە پێناوی گەیشتن بەو شوێنە دەستبەرداری حزبەکەی بوو؛ بەس ئەوەندە بوو نەچووە ناو پارتی! ئەگەرنا نە ھیچ حیسابێکی بۆ سەرکردایەتیی حزبەکەی کرد و نە بۆشی موھیم بوو چەندی لێ پەرتەوازە دەبن لەو یەکێتییەی بە چنگ و نینۆک رایگرتبوو. دیارە یەکێتیشی ھەر بۆ ئەوە بوو.
*
بەرھەم ساڵح لە رێبازی مام جەلال تێگەیشتبوو. ئادرێسەکەی رووی لە پارتی بوو. بەڵام بە رێگەیەکی قەدبڕ بردیانەوە ناو یەکێتی. دوایی ئەو فەزڵە لەگەڵ خۆیدا دەباتە مێژووەوە کە یەکەم کاربەدەستی باڵای کوردە لە بەغدا کە بێ رەزامەندی و پشتیوانیی پارتی ئەو پۆستەی دەستەبەرکرد.
*
یەکێتیی ئێستا میراتگری رێبازی نەوشیروان مستەفا و برایم ئەحمەدە ئەگەر خەت رەجعییەکان حیساب نەکەین. ئەوەی یەکێتیی سەردەمیی تاڵەبانیی باوک بەرامبەر بە پارتی پێینەکرا و ئەوەیش کە نەشیروان مستەفا بەرامبەر ھەردوو بنەماڵە پێینەکرا و، خۆی لێ بوو بە بنەماڵە! وەک رەوتێکی سیاسیی جیاواز لە رابردووی خۆی ھاتۆتە مەیدان.
*
پارتی ھەر چاوەڕێیە و ھەوڵ دەدات تاڵەبانییەکەی خۆی بدۆزێتەوە. زەحمەتە. تاڵەبانییەكان بكەونە گیانی یەکتری(سەرباری ئەوەی کە لەناو پارتی ھەرکەسە وادەزانێ جەلۆی خۆی دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەوان وەک یەک پێڕ وان کە ئەگەر یەکیان بێتە دەرێ خۆی و ئەوانی دیکە دەسووتێنێ)،کوڕەکان ئامۆزاکان تەسفییە بکەن و بگەنەوە یەکێتیی دڵخوازی خۆیان، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ھەمیشە کوڕەکان مەرج نییە بتوانن جێگەی باوکیان بگرنەوە، دەبینی برازا یان شاگردەکان باشتر و کارامەتر دەردەچن. وەک تورک دەڵێن:”قۆچ لە گوێ درێژتر دەبێ.”
*
خەتمی کەلام ئەوەیە کە رێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوکاتە روودەدات کە ئەو دوو بەشەی پارتی و یەکێتی کە لەسەر حیسابی تەسعید و دژایەتیی یەکتری کاردەکەن، رێکبکەون یان لانیکەم کەمێک ئەھوەن ببنەوە.
کوڕانی تاڵەبانی بۆ مانەوە لە حوکمڕانیدا پێویستیان بە پاڵپشتیی ئێستای سەرکردایەتییەکەیانە کە ھەر دەققەیەک حەز بکات دەتوانێ کودتایان بەسەردا بکات.
*
پارتی لەم فەوزایە یان تەسعیدە کەمێک کاتی دەست دەکەوێ، بەڵام بۆ جەلۆیەکی دیکە عومری نوحی پێویستە. ئەو سێکوچکەیەی ئەمڕۆ تەمسیلی واقعی سیاسیی زۆنی سەوز (نەک رەنگاوڕەنگ)دەکەن، دەبێ ھەرسێکیان وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەگەرنا نەک ھیچ چاکسازییەک مەیسەر نابێ، بگرە دەرھاوێشتەی خراپتری لێ دەکەوێتەوە.

* پارتییەکان بە مام جەلالیان دەگووت جەلۆ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.