کورتەیەک لە بیبلۆگرافیای خوێن لە عێراقدا…

لەلایەن ستاندار Posted on 239 جار بینراوە

دانا بەهادين

مێژووى ( 100 ) ساڵەى عێراق، کوشتن و جەنگ و کودەتا، بووە سەرچاوەى کاولکارى سیاسى، مرۆڤایەتى، ئابوری.
بە هۆى ناکۆکى مەزهەبى- خێڵەکى- نەتەوەیى- ئەم دەوڵەتە پارچە پارچەیە، ناکرێت ببێتە پێکهاتەیەکى بەهێزى سیاسى .
لە پەناى بەدبەختى چارەنوسمان وەک کوردى داگیرکراو، ئەم دەوڵەتە پڕ لە ئاشوب و فیتنەیە کرا بە داگیرکەرمان.
تا ئێستاش سەرانى سیاسى هێزە کوردییەکان، بۆ چارەسەرى کێشەى کورد لەیەکەمین هەنگاوەکانیان بە پێویستى دەزانن بگەڕێنەوە بۆ دوڵەتى مەرکەزى عێراق، ئەم هەنگاوەش نەک هەڵەیە بەڵکو ڕێگایەکى کلکدارە بۆ گرێدانەوەى ئایندەمان بە بەدبەختى و نائومێدى و گوزەرانێکى تاریک و تون.
هەندێک لایەنى سیاسى لەخەباتى ئەوەدان پەنا بردنەوە بۆ دەستوورى عێراق لەهەرێمدا، لە باشترین ڕێگاکانن بۆ باشکردنى گوزەرانى هەرێم، ئەم هەنگاوە لە ووردەکاریدا چەندەها نمونەى سیاسى جۆراوجۆر هەیە بۆى بخرێتە ڕوو’ کە هەنگاوێکى هەڵەى بێ هودەى مەترسیدارە لەسەر پرسى سەربەخۆبونمان.
لایەنێکى تریش کە پارتى دیموکراتى کوردستانە، ماوەى چەند ساڵێکە بەلا لێوەوە پرسى سەربەخۆیی ختوکە دەدات’ بەڵام ئەزمونى ئەمیش بە هۆى دەستەڵاتى تاکڕەوى و هزرى پاوانخوازی سیاسى و ئابورییەوە، چەمکى سەربەخۆبونى مەترسیدار کردووە لەبەرامبەر گەلى کوردستان.
هەرێمى کوردستان چەند ساڵێک لەمەوبەر بە بەهانەى ئەوەى مامەڵەی لەگەڵ عێراقدا نەدەکرد، خەڵکى کوردستانى بە ئاڕاستەیەک لە برسێتى و نەبوونى و بێ کارى بردووە بێگومان بە ئێستاشەوە، گەر ئەمە بکەنە هەنگاوەکانى سەربەخۆیی یان دەرئەنجامەکانى سەربەخۆیی کوردستان، ئەوا خەڵک بێ دوو دڵى خەبات بۆ وابەستەبون بە عێراقەوە دەکات نەک سەربەخۆیی. بەم مانایە هەنگاوەکانى پارتیش جۆرێکن لە تێکدانى ویست و ئیرادەى سەربەخۆیی نەک کاربۆکردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە. چونکە ئەم ئەزمونەى ئێستاى هەرێم دۆخێکى وەهاى خولقاندووە، خەڵک بە ئومێدە بۆ ئەوەى دەوڵەتى عێراق درزێکى دەرگاى ژیانى لێبکاتەوە.
هەنگاوەکان لەهەرێم ئەو ڕیگایە دەگرنە بەر بەپێى خۆمان بگەڕێینەوە بەردەم ئەو مێژووەى کە پڕن لە سامناکى و نا دڵنیایى و ناکۆکى و کوشتن.
لەسەر ئاستى بێ ئاگایى سیاسیش لایەنی کوردی هەیە بە هیوایە عێراق بکات بە دەوڵەتێکى دیموکراتى’ پاشان لە ڕێگاى دیموکراسیەت و دابەشکردنى دادپەروانەى سەروەت و سامان و پارەو پولى عێراقەوە، کورد پێگەکانى خۆى بەهێز بکات، دواجار لە عێراق جیابێتەوە، ئەمەش تێگەشتنێکى هەڵەى ساسی و فکرییە، کە ئەستەمە سەربەخۆبونى کوردستانى لێ سەوز ببێت، بگرە ماوەى چەند سەدەیەکى پێدەچێت تاکو ئەگەرى ئەوە هەبێت عێراق ببێتە دیموکراسى، ئەم جۆرەش لە هەڵەى سیاسی زیاتر بزووتنەوەى گۆڕان سەرکردایەتى دەکرد و دەکات.
گەر بڕوانیینە کەمێک لەو ژمارە و بەرواری ساڵانەى کە لە دەوڵەتى عێراقدا کارەسات تیایاندا ڕوویداوە، دەریدەخات گەڕانەوەمان بۆ ئەم سنورە مەترسیدارە نەک بڤەیە، بەڵکو سەرجەم خەبات و مێژووى چەوسانەوەمان سەرلەنوێ زیندە بە چاڵ دەکاتەوە، کەمێک لەو مێژووانەى کە بە بەروارەوە دەیخەمە ڕوو، پاشخانەکەى بریتین لە ڕووداوى سیاسى جۆراو جۆر، کە ئەستەمە بتوانین چارەنوسمان وەک کورد بە رێگاى دیموکراسى چارەسەر بکرێت لە عێراقدا.
لە هەمان کاتدا چەند سالێکە دەستەڵاتى سیاسی هەرێمى کوردستان ئەزموونى سەربەخۆیی بەناو جۆگەلەیەکى زۆر لێڵ و قوڕاویدا بردووە.
ببین بەشیکى ڕووداوى کەم لە دەوڵەتى عێراقدا، بزانن چ جانەوەرێکى پڕ لە شەڕ و فیتنە و ئاشوبە کە لەچەندین سەرچاوەوە وەرگیراون :-
_ لە (27 ئاب 1921)، بەریتانیا لە سایەى ئینتدابى بەریتانیا و بە ڕەزامەندى کۆمەڵى نەتەوەکان، فەیسەڵى کردە پاشاى عێراق، هەر لەگەڵ هەڵایسانى ئەو شۆڕشەى بە شۆڕشى عەرەب ناودەبرێ، دەستو پێوەندێک لە خەڵکى عێراق لە دەورى خڕبونەوە، ساتع حوسەرى یەکیک بو لەو کەسانەى هێدى هێدى ئەرکى پەروەردەى ناسیونالیزمی عەرەبى لە ووڵاتدا گرتە دەست.
– لە (10 تشرینى یەکەم- 1922)، ئەو ڕۆژەبوو پەیماننامەى عێراق – بەریتانیاى تێدا واژۆکرا. ئەمەش مەوداى دەست تێوەردانى بەریتانیایى بۆ ناو دەوڵەتى عێراقى تێدا ڕێکخرا.
– لە (3 ى تشرینى یەکەم- 1932)، دەوڵەتى عێراقى سەربەخۆ بو، کرا بەئەندامى کۆمەڵى نەتەوەکانیش.
– لە (ئاب-1933)، سەرهەڵدانى کێشەى ئاشورییەکان، سوپاى عێراق بە فەرماندەى جەنەرال بەکر سدقى و بە ئاگادارى حکومەت و لەسەر خواستى شا فەیسەڵ، قەسابخانەیەکى لە دژى کورد ڕێکخست، دوابەدواى ئەوەش سدقى بووە قارەمانێکى نیشتمانى.
– لە (8ى ئەیلول-1933)، شا فەیسەل مرد و غازى کوڕى جێگەى گرتەوە بەرامبەر قەتڵ و عامى ئاشورییەکان، سەرسەختانە لایەنگرى سوپاى کرد.
– لە (29ى تشرینى یەکەم- 1936)، بەکر سدقى کودەتاى بەسەر حکومەتدا کرد، ئەوەش یەکەم کودەتا بوو لە جیهانى عەرەبیدا، سدقى پەیمانیدا ڕیفۆرمێکى کۆمەلایەتى بەرفراوان بکات، کۆمەڵێک خەڵکى هێنایە ناو حکومەتەوە کە نوێنەرایەتى باڵى چەپیان دەکرد.
– لە (11ى ئاب- 1937)، بە هاوکارى کۆمەڵێک ئەفسەر بەکر سدقى تیرۆر کرا، دوا بەدواى ئەوەش هەوڵى کودەتاى تر درا کە دواهەمینیان کودەتاکەى ساڵى (1941) بو.
– لە (1 ى نیسان 1941)، بەئاگادارى چوار جەنراڵ کە لایەنگرییان لە بزووتنەوەى عەرەبى دەکرد بارى نائاسایی ڕاگەیەندرا، حکومەتى بەرگرى بە سەرۆکایەتى ڕشید عالى گەیلانى و چەند جەنراڵکى دى دامەزرا’ ئەم حکومەتە یەکسەر لە لایەن ووڵاتە سوێند خۆرەکان –ئەڵمانیا و ئیاڵیا- پێشوازى لێکرا، ئەوانەى لایەنگرییان لە ئینگلیزیش دەکرد لە عێراق هەڵهاتن.
– لە (ئایار-1941)، هێزەکانى بەریتانیا گەیشتە بەسرە لە (2ى ئایار)، شەڕ لە نێوان هێزەکانى بەریتانیا و عێراق هەڵایسا، لە (19 ئایار)، سوپاى عێراق تێکشا و لە (29 ى ئایار)، ڕەشید عالى گەیلانى و هەندێک لە جەنراڵەکان بەرەو تاران ڕایانکرد، وەسى گەڕایەوە سەر تەختى پشایەتى و ئەوانەى لایەنگرى بەریتانیا بوون، حوکمیان گرتەوە دەست.
– لە (حوزەیران-1941)، لەو کردەوە توند و تیژانەى کە هەندێک ووردە ئەفسەر بەشدارییان تێدا کرد، بەرامبەر ئەوانەى لە دۆخەکە ناڕازى بوون، بووە هۆى لە دەستدانى گیانى سەدەها یەهودى.
– لە (20 بۆ 27 کانونى دووەم- 1947)، ناڕەزاییەکى گەورە لە دژى پەیماننامەى پوِرتسموس لەگەڵ بەریتانیا سەریهەڵدا، حزبى شیوعى عێراق وەک هێزیکى ڕێکخراوى سەرەکی دەرکەوت لە ناو ناڕەزایەتیەکەدا.
– لە (14 بۆ 15 شوبات- 1949)، حوکمى لە سێدارەدان بەسەر فەهدو دوو هاوڕێى لە سەرکردایەتى حیزبى شیوعى عێراقدا جێبەجێکرا.
– لە (14 تەموزى 1958)، ڕێکخستنێکى نهێنى کە لە دوو سەد ئەفسەر پێکهاتبون ڕژێمى پاشایەتیان لە عێراق سەرنگوم کرد. لە دواى بیستنى تەقەى سەرکەوتن بە چەند کاتژمێرێک، خەڵکێکى زۆر ڕژانە سەر شەقامەکان، پەڕلەمان هەڵوەشایەوە، سوپا پاککرایەوە، بەمەبەستى دادگایکردنى سەرانى حوکمى پێشو، دادگاى شۆڕش بە سەرۆکایەتى فازیل عباس ئەلمەهداوى دامەزرا، لیوا عبدالکریم قاسم سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و فەرماندەیى گشتى گرتە دەست.
– لە (30 ئەیلولى 1958)، عەبدولسلام عارف وەک جێگرى سەرەک وەزیران و وەزیرى ناوخۆ دەستگیر کرا، عەبدولسلام یەکێک بوو لەو ئەفسەرانەى لایەنگرى لە پانعەرەبیزم دەکرد و یەکێک بوو لە ڕێکخەرانى کودەتاکەى ساڵى ( 1958)، و هاوڕێى و هاوکارى قاسمیش بوو، لە دواى هەوڵە شکستخواردووەکەى بۆ کوشتنى قاسم دەستگیر کرا’ بە ئاشکرا لە دادگاى مەهداوى. ئەم ناتەبا بوونەى نێوان سلام و قاسم بە هۆى جیاوازى نێوان ڕێبازى پانعەرەبیزم و ڕێبازى عێراقچێتییەوە بوو.
– لە (مارسى 1958)، هەندێک لە ئەفسەرانى سەربە حامییەى موسڵ، لایەنگرى فکرى پانعەرەبیزمیان دەکرد، ڕاپەڕینێکیان لە دژى قاسم ساز کرد، بەڵام ئەو ڕاپەڕینەش هەر بەزوویى سەرکوتکرا، شیوعییەکانیش هەڵچونێکى مەزنى ئەوتۆیان بەرپاکرد کە بە سەدان کەس تیایدا بە تۆمەتى عەرەبچێتى کوژران و جەستەیان شوێندراو ململانیەکەش مۆرکى دەمارگیرى و کۆمەڵایەتى وەرگرت، لەو بارگرژیەدا قاسم خەڵکانێکى زۆرى لە ناو برد.
– لە ( 1ى ئاریارى 1959)، لە خۆپیشاندانێکى نیو ملیۆن کەسیدا داواى دادگایکردنى شیوعیەکان کرا.
– لە ( تەموزى 1959)، کوردە شیوعییەکان لە دژى تورکمانەکانى کەرکوک قەسابخانەیەکیان ساز کرد، قاسمیش هەڵمەتى گرتنى شیوعیەکانى دەستپێکرد، ئەم هەڵمەتە تا ئاب بەردەوام بوو.
– لە (7ى تشرینى یەکەم 1959)، دەستەیەک لە بەعسیەکان نەیانتوانى قاسم بکوژن، یەکێک لەو دەستەیە بەرەو سوریا ڕایکرد، ئەو کەسەش سەدام حسین بوو ئەوکات تەمەنى 22 ساڵ بوو، ئینجا بەرەو میسر هەڵهات و 78 بەعسیش درانە دادگاى مەهداوى.
– لە (کانونى دووەمى 1960)، قاسم جگەلە شیوعییەکان، ڕێگەیدا بە حزبەکانیتر کارى سیاسى ئاشکرابکەن، گرتن و ڕاوەدوونانیش تا کۆتایى حوکمى قسم بەرامبەر شیوعییەکان بەردەوام بو.
– لە (ئەیلولى 1961)، سوپاى عێراقى یەکەم هەڵمەتى لە دژى کورد دەست پێکرد، لە (بەهارى ساڵى 1962) دا، شەڕى پارتیزانى هەڵگیرسا، ئەم شەڕەش نەیتوانى قاسم لە ناوبەرێت.
– لە (8 شوبات1963)، لە دواى شەڕێکى قورسى سەرجادە بەعسیەکان توانیان حوکمى قاسم بخەن و بۆ یەکەمین جار حوکم بگرنە دەست، عەبدەلسلام عارفیش بووە سەرۆکى عێراق.
– لە (18 نیسان بۆ 6ى ئابى 1966)، عەبدلرەحمان بەزازى سەرەک وەزیران، بەمەبەستى کۆتایى هێنان بە شەڕى کورد، پەناى بۆ گفت و گۆ برد، هەوڵیدا ئیمتیازاتى سوپا کەمبکاتەوە و کەش و هەوایەکى گونجاو بخولقێنێت.
– لە (17 تەموز 1967)، بەعسییەکان بە هاوپەیمانێتى لەگەڵ ئەفسەرانى نابەعسى لە کودەتایەکى سەربازیدا، ڕژێمى عەبدولسلام عارفیان خست.
– لە (30 تەموزى 1968)، حیزبى بەعس لە کودەتایەکى تازەدا کە ئامادەکارییەکى باش بۆکرابوو، لە هاوپەیمانە کۆنەکانى خۆى دزییەوە، دەستەڵاتى باڵا درایە ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش و سەرۆکەکەى ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر، ئەمیندارى حیزبى بەعسى عەرەبى، بووبە سەرۆکى دەوڵەت و فەرماندەى گشتى سوپا، لەو دەمەدا سەدام جێگرى ئەمیندارى گشتى بوو، پاشان بوبە جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش و بەرپرسى ئەمنى ناوخۆ.
– لە (شوباتى 1969)، عەزیز ئەلحاج سەرکردەى سەرکردایەتى ناوەڕاستى حزبى شیوعى عێراق دەستگیر کرا، لە ڕێگاى دانپێدانانى ئەویشەوە هەموو بەرپرسە سیاسیەکانى حیزبى شیوعى دەستگیر کران.
– لە (8 ئابى 1969)، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سوپاى عێراق لە ناوچە کوردنشینەکاندا باڵایدەکرد، گوندە کوردییەکانى سنورى شارى موسڵ بوە شانۆى کردەوە توند و تیژو دڕندەکانى بەعس و سوپاى عێراقى.
– (تشرینى یەکەمى 1969)، عەبدوالرحمان بەزازى سەرەک وەزیرانى پێشو، ئەشکەنجەیەکى زۆر دڕندانە دراو بە تۆمەتى سیخوڕیکردن بۆ زایۆنیزم بە 15 ساڵ زیندانى حکومدرا.
– (14ى کانونى یەکەم 1969)، تەلەفزیۆنى عیراقى وردەکارى بەناو گروپێکى بەکرێگیراوى زایۆنیزمى پیشاندا، ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى بێتاوانى تێوەگلابو، کەگوایە ئەو پیلانەش لە شارى بەسرە ئاشکرابووە.
– (5 کانونى دووەمى 1969)، یەکەم گروپى بەناو سیخوڕى درانە دادگا لە ناو 17 کەسدا 13 کەسیان لە سێدارە درا. ئەم حوکمەش بە ئاهەنگى گوتار خوێندنەوە و بە بەرچاوى سەدان هەزار کەس لە گۆڕەپانى تحریر جێبەجێکرا.
– (21 کانونى دووەم 1970)، ڕژێمى بەعسى دیکتاتۆر’ پیلانێکى نوێى ڕاگەیاندو بە هەفتەیەک دواى ئەو ڕاگەیاندنەش 44 کەسى هاوڵاتى بە ئاشکرا لە سێدارەدا.
– (11 مارس 1970)، لە ئاهەنگێکى پڕ شکۆدا بەیاننامەى 11 ئازار ڕاگەیەندرا، بە پێى ناوەرَۆکى ئەم بەیاننامەیەش، مافى نەتەوەیی درابە کورد’ کە زۆر زیاتر بوو لەو مافانەى کە گوایە لەسەردەمەکانى تردا گوایە دراوە بە کورد، ئاگربەست ڕاگەیەندرا، ئیدى بەعس سودى لە کات وەردەگرت بۆ ئەوەى خولێکى تازەى شەڕ لە دژى کورد دەست پێبکاتەوە.
– (ئابى 1971)، عبدالکریم نەسرەتى کۆنە بەعسى لە ماڵەکەى خۆى بە چەقۆ کوژرا، نەسرەت ڕێکخەرى ئەو میلیشیانە بو کە لە ساڵى ( 1963 )، قاسمیان لە دەستەڵات خست.
– ( تشرینى یەکەم 1970)، حەردان تکریتى لە کویت تیرۆر کرا، حەردان بەرپرسێکى گەورەى بەعس بوو’ ئەندامى پێشوى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش ، جێگرى سەرەک وەزیران و وەزیرى بەرگرى بوو.
– ( ئەیلولى 1971)، هێزە ئەمنیەکانى عیراق هەوڵیاندا’ سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان – بارزانى تیرۆر بکەن’ بەڵام بۆیان نەچووە سەر.
– لە (تشرینى دووەمى 1971)، فواد ئەلڕەکابى لە زیندان’ بەدەستى بەعسییەکان کوژرا’ ئەلڕەکابى ئەندامى سەرکردایەتى بەعس بوو تا ساڵى ( 1959 ).
– لە ( 8 تەموزى 1973)، کودەتایەکى سەرنەکەوتو لە دژى حکومەت ڕاگەیەندرا و دوابەدواى ئەوەش نازم گزار و چەندین کەسى دیکە بەلایەنى کەمەوە 35 کەس حوکمى کوشتنیان بەسەردا درا.
– لە ( تەموزى 1973)، ڕێکەوتن لە نێوان بەعس و حیزبى شیوعیدا ئیمزا کرا، ڕێکەوتنێک کە داڕشتنەکەى بۆ یەکەم جار ساڵى ( 1971 )، داڕێژرا بو، حیزبى شیوعى هەموو ئەو مەرجانەى قبوڵکرد کە لە تەموزى (1970) دا، پێشکەشکرابوو.
– (مارسى 1974)، ڕێکەوتنامەى ئۆتونۆمى کورد’ هەرەسیهێنا، شەڕ لە نێوان هەردوولا هەڵایسا، چەندین شارى وەک زاخۆ و قەڵادزێ وێرانکران. سەدان هەزار کورد شارەکانى خۆیان بە جێهێشت، کردەوەکانى بەعس بێ سنوور دڕندانە بوو.
– لە(کانونى یەکەمى 1974)، پێنج زاناى شیعە بەبێ هیچ هۆیەک لە سێدارە دران.
– لە (6 مارسى 1975)، ڕێکەوتننامەى جەزایر لە نێوان بەعسى عێراق و شاى ئێران مۆر کرا، بە پێى ئەم ڕێکەوتننامەیە عێراق هەموو داواکارییەکانى ئێرانى بە فەرمى ناساند، بەو مەرجەى ئێران لە دژایەتیکردنى کورد یارمەتى عێراق بدات’ بەوەش ڕێگە لە هەموو هاوکارییەکى کورد گیراو هێزى بەرگرى کوردیش توشى ئیفلیجى بوو، پاشان بەعسى دیکتاتۆر دەستیکرد بە ڕاگواستن و کۆچ پێکردنى بە کۆمەڵ بە زۆر لە شوێنى دىکه نیشتە جێیکردن.
– لە (شوباتى 1977)، زانایانى شیعە بەبۆنەى ڕۆژى عاشوراوە خۆپیشاندانێکى مەزنیان سازکرد، بە دواى ئەوەش نزیکەى هەزار کەس دەستگیر کران و هەشت زاناى شیعە لە سێدارە دران، ئیدى لەو ساتەوە پروسەى ڕاگواستنى شیعەکانیش بە بیانوى ستونى پێنجەم دەستیپێکرد، لە کۆتایى حەفتاکاندا نزیکەى 200 هەزار هاوڵاتى دەست بەسەر سەرو ماڵیاندا گیراو ڕەگەزنامەى عێراقیان لێسەندرایەوە’ بەرەو ئێران ڕاگوێزران.
– لە (حوزەیرانى 1979)، سەدام بووە سەرۆک کۆمارى عێراق و ئەحمەد حسن ئەلبەکریش هەموو بەرپرسیارێتییەکى لێسەندرایەوە’ لە ماڵەکەى خۆیدا خرایە ژێر چاودێرییەوە.
– لە (9 نیسانى 1980)، محمد باقر ئەلسەدر و خوشکەکەى بنت لهودا لە سێدارە دران، کە هێماى بەرگرى شیعە بون لە دژى حکومەتى عێراقى.
– ( 22ى ئەیلولى 1980)، سەدام جەنگێکى سەرتاپاگیرى لە دژى ئێران هەڵایساند.
لە ( 1980)، بەدواشەوە تاکو پرۆسەى ئازادى عێراق 2003 ’ هەزاران نمونەى جۆراوجۆر و ڕەنگاو ڕەنگى دژوارو سەخت هەن کە ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو دەوڵەتى عێراق ماشێنى زەبەلاحى هاڕینى مرۆڤایەتى و ئەنجن ئەنجنکردنى مافە مەدەنى و سیاسى و نەتەوەیى و ئاینیەکانە، سەرباری سەدان ڕووداوی تراژیدی کە هێشتا ئاماژەم پێنەداون، ڕوون و ئاشکرایە دەبینین دەوڵەتی عێراق هەتا ئەم چرکە ساتەش لە دەوڵەتە هەرە ناسەقامگیر و پڕ لە ئاشوبی سیاسی و سەربازییە لە ناوچەکەدا، بە ئاستێک کە له دۆزەخ بە ئازارترە بۆ هاوڵاتیانی عەرەبی عێراق و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان.
پێویستە سەرکردایەتى کورد ئايکیوى خۆى بەهێز بکات ’ هەم بە ئاوڕدانەوە بە مێژووى خوێناوى عێراق’ هەم بە خۆگونجاندنى لەگەڵ ڕەوتى گەشەکردنى سیاسى و خۆى داببڕێت لە و قەناعەتەى کە کێشەکانى لە عێراقدا دەبێت چارەسەر بکات. هەروەها دەبێت کارى ڕوون و ئاشکراو بێ پێچ و پەنای سیاسى و فکرى بکات بۆ سەربەخۆبونى کوردستان، نەک بەناوى کارکردن بو دابڕانى حکومەتى عیراقى خەڵکى دووچارى برسێتى و بێ موچەى بکات.
ئەبیتَ سەرکردایەتى کورد فکرى سەربەخۆبون بکاتە پلانى سەرەکى و یەکەمى کارەکانى، لە سەر ئاستى سەرکردایەتى سەربەخۆبون ستراتیژ بێت، لەسەر ئاستى خۆیندەواران و ڕۆشنبیرانی کورد سەربەخۆیى هۆشیارى و چالاکى کەلتورى بێت، لەسەر ئاستى کۆمەڵانى خەلکیش بکرێتە ڕاى گشتى، گەر کارى جدى بۆ ئەم پرسە نەکرێت بێ دوودڵى هەمیشە ژیانمان لە قەرەبوى قوڵ و گەورەدا دەبێت، دواجار شان و ملی مێژووى سیاسى سەرجەم سەرکردایەتى کورد تۆزاوى دەبێت بە کەمتەرخەمى و نەزانى و نابەرپرسیارێتى.
ئەبێت سەرکردایەتى کورد لەوە بگەن کە ئەستەمە بتوانرێت دەوڵەتى عێراقى بە دیموکراتى بکرێت لەم قۆناغەدا و بگرە بۆ قۆناغەکانی دواتریش، سەختە ئێمە بتوانین لە ڕێگاى دایەلۆگ و ئاشتییەوە مافى سەربەخۆبون وەربگرین.
وەهمیشە گەر وابزانین ئیستا پایەکانى هەرێمی کوردستان بۆ دەوڵەت و سەربەخۆبون توکمە نیە’ چونکە تاکو سەربەخۆنەبین و قەوارەى دەوڵەتێکى کوردستانیمان نەبێت، مەحاڵە پایە ئابورى و کۆمەلایەتى و سیاسییەکانى خۆمان توکمە بکەین، کە سەرکردایەتى کورد مەخابن لەم هاوکیشەیەدا لە ڕووى زانستییەوە زۆر پێچەوانە تێگەشتوە.
لە مێژووى عێراقدا دەستەڵاتى یاسایى و دەستورى و مافى مەدەنى وەهمێکى گەورەیە’ پەنا بردنە بەر ڕێگاى یاساى بۆ چارەسەرى کیشەکانمان بریتیە لە وونکردنى دۆزى سیاسى و نەتەوەیمان، چونکە عێراق بڕواى بە ڕێگەی یاسایی نییە و بە شێوەیەکى کاوبۆییانە مامەڵە دەکات لەسەر پرسە نەتەوەییەکانمان.
هەروەها چەندەها نمونەى مێژووى تریش هەن کە سروشتى عێراق سروشتێکى ناکۆکى خێلاکیانەو مەزهەبیانەى ناجێگیرە، هەڵەیەکى زۆر گەورەیە ئێمە بڕوامان بەوە هەبێت، بحەوێینەوە لە ژێر سێبەرەکانى ئاشتى و ئازادى دەوڵەتى عێراقى. هەربۆیە دەبێت بە هەر ڕێگایەک و بە هەر شێوازێکى خەبات، بەهەر پێدانى نرخێک بێت کار بۆ سەربەخۆبونی کوردستان بکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.