لوقمان حاجی قادر
دوای شه‌پۆله‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی كه لیبیا- شی گرته‌وه، ڕژێمه‌كه‌ی معه‌مه‌ڕ قه‌زافی له ساڵی 2011 هه‌ره‌سیهێنا، له ساڵی2014 له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه په‌رله‌مانی لیبیا دروست بوو كه ڕه‌ووته ئیسلامییه‌كان به ئه‌نجامه‌كانی ڕازی نه‌بوون، چونكه له كۆی گشتی 188 كورسی په‌رله‌مانی ته‌نها 23 كورسیان به‌ده‌ستهێنا، به‌مه‌ش كاره‌كانی په‌رله‌مانیان په‌كخست. له ئاكامدا و به سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له سێبتێمبه‌ری 2015 له مه‌غریب ڕێككه‌وتننامه‌ی (سخیڕات) له نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كاندا واژۆكرا و حكومه‌تێكی كاتی به سه‌رۆكایه‌تی فایز سه‌ڕاج له هه‌موو لایه‌نه‌كان له ته‌ڕابلوس پێكهات، به‌و مه‌رجه‌ی له ماوه‌ی 2 ساڵ له مێژووی دانپێدانی په‌رله‌مانی لیبیاوه بتوانێت ئاماده‌سازی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستور بكات، به‌ڵام به هۆی توندبوونی ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كانه‌وه، ئه‌و حكومه‌ته هه‌رگیز دانپێدانانی په‌رله‌مانی لیبیای وه‌رنه‌گرت و به‌شێك له ئه‌ندامه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه. له‌مه‌شه‌وه سێ جه‌مسه‌ر ده‌سه‌ڵات له لیبیادادروست بوون؛ حكومه‌تی سه‌ڕاج له ته‌ڕابلوس، په‌رله‌مانی لیبیا له به‌نیغازی و خه‌لیفه حه‌فته‌ری سوپاسالاری سوپای لیبیا كه هه‌ر یه‌كه‌یان خۆی به خاوه‌ن شه‌رعیه‌تی ڕاسته‌قینه ده‌زانێت.
یه‌كه‌م، حكومه‌تی سازانكاری له ته‌ڕابلوس كه فایز سه‌ڕاج سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به گوێڕه‌ی ڕێككه‌وتننامیه سخیڕات- ی ساڵی 2015 پێكهاتووه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دانیپێداناوه. ئه‌و حكومه‌ته نه‌یتوانی پارێزگاری له شه‌رعیبوونی خۆی بكات، چونكه نه‌یتوانی ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات له ئاماده‌سازی بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ربه‌ندی فه‌رمانڕه‌وایی و ئامادسازی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێك له به‌رپرسانی له لایه‌نه‌كانی دیكه ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه. به‌مه‌ش له واده‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا نه‌یتوانی ئه‌رك و لێپرسراویه‌ته‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات كه له پێناویدا دروست بووه، لێره‌وه ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌ی له‌ده‌ستدا كه هه‌یبوو، بۆیه له ساڵی 2017 به‌داوه شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه، به تایبه‌تیش كه مه‌رجێكی دیكه‌ی شه‌رعیبوونی په‌یوه‌ست بوو به دانپێدانانی په‌رله‌مانی لیبیا كه ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت ده‌ستی نه‌كه‌وت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به هۆی زاڵبوونی گروپه چه‌كداره ئیسلامییه توندڕه‌ووه‌كانه‌وه به‌سه‌ر كاروباره‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌دا، هێنده‌ی دیكه شه‌رعیه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردنی گه‌لی لیبیای له‌ده‌ستدا.
دووه‌م په‌رله‌مانی لیبیا كه ده‌زگایه‌كی یاساكاری هه‌ڵبژێردراوی گه‌لی لیبیایه، عه‌قیله ساڵح سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و باره‌گاكه‌ی له به‌نغازییه و له به‌رقه‌یه كۆبوونه‌وه‌كانی گرێده‌دات، خاوه‌ن شه‌رعیه‌تێكی ته‌واو بوو به‌و پێیه‌ی هه‌ڵبژێردراوی گه‌له. به‌ڵام ئه‌و ده‌زگایه‌ش به هۆی پهرتبوونییهوه و ئاماده‌نه‌بوونی به‌شێك له ئه‌ندامه‌كانی له كۆبوونه‌وه‌كانیدا شه‌رعیه‌ته‌كه‌ی كه‌وته مه‌ترسییه‌وه، بۆیه له ئانوساتی پهرتبوونییهوه ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌ی جارانی نه‌ماوه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له هه‌موو ده‌زگاكانی دیكه‌ی لیبیا زیاتر له شه‌رعیه‌تی سیاسی و یاسایی گه‌له‌وه نزیكه.
سێیه‌م ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه حه‌فته‌ری سوپاسالاری لیبیایه كه جه‌نه‌ڕاڵێكی سه‌رده‌می موعه‌مه‌ر قه‌زافی-یه، زۆرێك له هۆزه لیبییه‌كان له ده‌وری كۆبوونه‌وه، هێز و توانستی خۆی له پێگه سه‌ربازییه‌كه‌یه‌وه وه‌رگرتووه وه‌ك سه‌رۆكی ده‌زگایه‌كی سه‌ربازی شه‌رعی لیبیا. له ئاكامی توندبوونی ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كانی لیبیاوه، حه‌فته‌ر هه‌وڵیدا ده‌ست به‌سه‌ر ته‌ڕابلوسدا بگرێت و هێزه‌كانی گه‌یشتنه لێواری پایته‌خت، به‌ڵام به هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی توركیا و پشتیوانیكردنی له حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌ڕاج، حه‌فته‌ر نه‌یتوانی ئامانجه‌كه‌ی به زه‌بری هێز بێنێته‌دی. حه‌فته‌ر له لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه وه‌ك ئه‌مری واقع دانیپێدانراوه وه‌ك ڕوسا و ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و میسر و ده‌وڵه‌تانی درواسێی لیبیا و به‌شێكی زۆری ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو، به‌و پێیه‌ی له زۆرێك له كۆبوونه‌وه و كۆنگره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به لیبیادا نوێنه‌ر‌ایه‌تی فه‌رمی وڵات ده‌كات. له‌مه‌وه حه‌فته‌ریش نه‌یتوانی ببێته خاوه‌ن شه‌رعیه‌تێكی ته‌واو.
له‌مه‌ی سه‌ره‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه هیچ كام له‌و سێ هێزه خاوه‌ن شه‌رعیه‌تی ته‌واو نین، هه‌ر چه‌نده نزیكترینیان له‌و شه‌رعیه‌ته په‌رله‌مانی لێبیایه.
هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تان
ده‌وڵه‌تانی جیهان له لیبیادا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقع ده‌كه‌ن، چونكه هه‌ر یه‌كیكیان خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری تایبه‌تن له‌گه‌ڵ لایه‌نه ناكۆكه‌كانی لیبیادا، بگره هه‌ندێكیان ڕێكه‌وتننامه‌ی جۆراوجۆریشیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه ناكۆكه‌كان به‌ستووه، كێ بتوانی لایه‌نه‌كانی سه‌ر به خۆی له‌و ململانێ ناوخۆییه‌دا سه‌رخات، ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی مسۆگه‌ر بكات و قازانجی ئابووری زۆر بكات و كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانی له لیبیادا بخاته‌گه‌ڕ.
ڕۆڵی توركیا له لیبیادا له هه‌موو ڕۆڵه‌كانی دیكه مه‌ترسیدارتره كه پشتیوانێكی سه‌رسه‌ختی حكومه‌ته سازانكارییه‌كه‌ی سه‌ڕاجه، چاودێران ده‌ڵێن ئه‌نقه‌ره به پشتیوانی ژێربه‌ژێری واشنتۆن له لیبیا پێی لێڕاكێشاوه، ئامانجی ئه‌مریكاش به‌كاهێنانی توركیایه وه‌ك مقاش و كارتی فشار بۆ سه‌ر ڕوسیا و ئه‌وروپییه‌كان. ئه‌مه وای له توركیا كردووه چاوی ببرێته سامانه‌كانی لیبیا و ڕێككه‌وتننامه‌ی دیاریكردنی سنوری ده‌ریایی له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌ڕاجدا واژۆ كردووه، به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و هێزی سه‌ربازی جۆراوجۆر یارمه‌تی ئه‌و حكومه‌ته ده‌دات، تا ئێستا نزیكه‌ی 20 هه‌زار چه‌كداری چه‌ته‌ی توندڕه‌ووی ئۆپۆزسیۆنی سوریای گواستوونه‌وه سه‌ر خاكی لیبیا، جه‌نه‌ڕاڵ و سه‌ربازه‌كانی ڕاسته‌وحۆ به‌شداری له كرده سه‌ربازییه‌كان ده‌كه‌ن له لیبیا و له چه‌نده‌ها بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته‌دا جێگیرن، به فه‌رمی ڕایانگه‌یاندووه كه به به‌رده‌وامی له لیبیادا ده‌مێننه‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لای لیبییه‌كان ورژاندووه و بۆنی ئیمپریالیزمی و زیندووكردنه‌وه‌ی میراتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی لێده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌نقه‌ر جێگه‌ی ناڕه‌زایی زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی جیهان به گشتی و تایبه‌تریش ئه‌ورپییه‌كان و میسر و وڵاتانی كه‌نداو و وڵاتانی هاوسێی لیبیایه.
میسر پشتیوانێكی سه‌رسه‌ختی په‌رله‌مانی لیبیا و خه‌لیفه حه‌فته‌ره، قوڵاییه‌كی مێژووی و ستراتیژی له لیبیادا هه‌یه و 1200 كیلۆمه‌تر سنوری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵدا هه‌یه. به‌هێزبوونی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌ڕاج به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌زانی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی، چونكه به زاڵبوونیان به‌سه‌ر لیبیادا ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی له سنوره‌كانی نزیك ده‌بێته‌وه. ده‌وڵه‌تانی كه‌نداویش وه‌ك سعودیه و ئیماڕات هه‌مان هه‌ڵوێستی میسریان هه‌یه.
ئیتالیا له حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌ڕاجه‌وه نزیكه و ڕێككه‌وتنی ئابووری زه‌به‌لاحی له‌گه‌ل ئه‌نجام داون، فه‌ڕه‌نسا نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی حكومه‌ته‌كه‌ی سراج و سیاسه‌ته‌كانی توركیایه له لیبیا و ده‌ره‌وه‌ی لیبیا، یۆنان به ته‌وای پشتی نه‌یاره‌كانی سه‌راجی گرتووه، چونكه جموجۆله‌كانی ئه‌و حكومه‌ته مه‌ترسییه‌كی گه‌روره بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری یۆنان و به‌رژوه‌ندییه‌كانی له ده‌ریایی سپی ناوه‌ڕاست دروستكردووه، دوا هه‌ڵوێستی تونس و جه‌زائریش به لای په‌رله‌مانی لیبیا و حه‌فته‌ردا ده‌شكێنه‌وه و له‌و ماوه‌ی پێشوودا ڕایانگه‌یاندووه كه ڕێككه‌وتننامه‌ی سخیرات كۆتایی هاتووه و ده‌بێت جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ دیاری بكرێت.
پوخته‌ی قسه ئه‌وه‌یه كه یان دۆخی لیبیا ئالۆزی زیاتر به‌خۆوه ده‌بینێت و ململانێكان درێژه ده‌كێشن، یان لایه‌نێك به زه‌بری هێز خۆی ده‌سه‌پێنێت و ده‌بێت خاوه‌ن شه‌رعیه‌تی ئه‌مری واقع. ئه‌گه‌ری دووه‌میشیان له یه‌كه‌م به‌هێزتره.