د.یوسف محەمەد: مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێم، شکستە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتەکەیەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 405 جار بینراوە

ستاندەر

د.یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەوەی هەرێمی کوردستانی لاواز کردوە چ لە هاوکێشەی هێزی ناوخۆیی عێراق و چ لە پەیوەندی و هاوکێشەی هێزە ئیقلیمییەکان، شکستە سیاسی و ئابوری و سەربازییە ناوخۆییەکانیەتی. 

ناوبراو لە وتارێک بەناونیشانی مەترسی بۆسەرقەوارەی هەرێم هەروەها دەڵشێت ئەوەی هەرێمی لاواز کردوە و مەترسیی بۆسەر سنوردار کردنی ڕۆڵی قەوارەکەی و، تەنانەت لەسەر ژیانی هاوڵاتییەکانی دروست کردوە، بونیاد نەنانی ئابورییەکی بەهێزە.

 

دەقی وتارەکە بخوێنەوە

مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم

ماوەیەکە مەسەلەی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم و، کۆبونەوەی دەوڵەتانی پەیوەندیدار دژ بە هەرێم و، و خواستی بەغدا بۆ لاوازکردنی زیاتری هەرێم، قسە و باسی زۆری لەسەر ئەکرێت. شاراوە نییە کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق کەوتۆتە ناوچەیەکەوە کە بە بەردەوامی مەیدانی ململانێ و کێشمەکێشی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە، کە ئەمەش سەرچاوەی هاتنە کایەی مەترسی و لە هەمان کاتدا دەرفەتن بۆ هەرێم. لە لایەکی ترەوە دابەشبونی کورد بەسەر چوار دەوڵەت و ئەوەی هەرێم سەرباری ئەوەی لە چوارچێوەی عێراقە و، سێ دەوڵەتەکەی تریش دراوسێن لەگەڵی، دیسانەوە سەرچاوەی کێشە و لە هەمان کاتدا رەخسێنەری پانتایی فراوانتری یاری کردنیەتی وەک کارەکتەرێکی ناوچەیی، هەروەک سود وەرگرتنی حیزبە چەکدارەکانی هەرێم لە دژیەکییەکانی نيوان ئەم دەوڵەتانە بۆ درێژەدان بە شەڕی چەکدارییان دژ بە ڕژێمی پێشوی عێراق.
قوتابخانەی تەقلیدیی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە وابەستە بوە بە فاکتەری دەرەکی و، فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە لە بژاردە و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغداش. هەر بۆ نمونە، ئەو کاتەی کە ئێران دوای ڕێکەوتنی جەزائیر دەستبەرداری هاوکاریی کورد بو، بێ ڕەچاو کردنی توانا ناوخۆییەکان، شۆڕشی ئەیلول لە لایەن بارزانی و سەرکردایەتیی پارتییەوە هەرەسی پێهێنرا. لە هەمان کاتدا، هاوشێوەی سەرجەم دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکان و دەسەڵاتە شکستخواردوەکان، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام شکست و قەیرانەکان ئەبەستنەوە بە مەترسی و پیلانی دەرەکی. بڕوانن بەشێکی زۆری دەوڵەتانی عەرەبی هۆکاری پەیڕەو نەکردنی دیموکراسی و شکستی ئابوری و نەبونی خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکانیان، سەرەڕای توانا و سەرچاوە زەبەندە ناوخۆییەکانیان، ئەبستنەوە بە بونی ئیسرائیل لە ناوچەکە. لە بەرامبەردا ئیسرائیڵ سەرەڕای بچوکیی سەرزەمینەکەی، بەرامبەر هەمو ئەم دەوڵەتانە وەستاوەتەوە و هیچ یەکێک لەو ئەرکانەی سەرەوەشی دوا نەخستوە. مێژو فێرمان ئەکات کە مەترسیی گەورە بۆسەر دەوڵەت و کیانە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لاوازیی ناوخۆییە نەک مەترسیی دەرەکی. بۆ نمونە یەکێتیی سۆڤیەت لە ناوەوە داڕوخا نەک لە دەرەوە!
هەرێمی کوردستان پاش ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق و چەسپاندنی بەشی زۆری مافەکانی و بەتایبەت سنورە دیفاکتۆکەی تاپێش دەستپێکردنی جەنگی عێراق لە ١٩/ ٣/ ٢٠٠٣، چ لە قانونی ئیدارەدانی دەوڵەت (مادەی ٥٣/ آ) و چ لە دەستوری عێراق (مادەی ١١٧)، مەترسییە دەرەکییەکانی سەر قەوارە دەستورییەکەی لاواز بون، جگە لە ناوچە جێناکۆکەکان کە تا ئێستاش چارەنوسیان یەکلا نەکراوەتەوە. ئەوەی هەرێمی کوردستانی لاواز کردوە چ لە هاوکێشەی هێزی ناوخۆیی عێراق و چ لە پەیوەندی و هاوکێشەی هێزە ئیقلیمییەکان، شکستە سیاسی و ئابوری و سەربازییە ناوخۆییەکانیەتی. ئەوەی هەرێمی لاواز کردوە و مەترسیی بۆسەر سنوردار کردنی ڕۆڵی قەوارەکەی و، تەنانەت لەسەر ژیانی هاوڵاتییەکانی دروست کردوە، بونیاد نەنانی ئابورییەکی بەهێزە سەرەڕای ئەو هەمو سەرچاوە و دەرامەت و توانا و داهاتەیە کە ژێر زەوی و سەرزەوی و سنور و جوگرافیا و توانای مرۆیی دانیشتیوانی دەستەبەریان کردوە و، بە هۆی گەندەڵییەوە گەیاندویەتییە ئاستی ئیفلاس و دەستپان کردنەوە لە عێراق و دەوروبەر. دروست نەکردنی سوپایەکی نیشتیمانیی پیشەیی سەرچاوەی مەترسییە بۆسەر هەرێم چ لە لاوازیی لە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی دەرەکی، چ لە بەردەوامیی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ململانێی خوێناوی لە نێوان پارتی و یەکێتی. مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم بە هۆی بەردەوامیدانە بە پەیوەندیی ژێربەژێری هێزەکانی دەسەڵاتی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و، وابەستەیی و پاشکۆیەتییان بۆ سیاسەتەکانیان و، نەبونی روئیایەکی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ جۆری ئەم پەیوەندییانە و، چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا. نەبونی دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی هاوبەش و بەردەوامیدان بە دو ئیدارەیی و بونی هەڕەشەی داخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم و، نەچەسپینی بنەماکانی دیموکراسی و، پێشێل کردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ و، نەمانی متمانەی زۆرینەی هاوڵاتییانی هەرێم بە دەسەڵاتەکەی، مەترسیی ڕاستەقینەن.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی پڕ کێشە و ململانێیە و، هەر وەک پێشتر باسمان کرد هەمیشە ڕوداوەکانی ئەم ناوچەیە سەرچاوەی مەترسی و لە هەمان کاتیشدا دەرفەتن بۆ کارەکتەرەکانی ناوی. ئەوەی دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی کاریگەریی ئەم مەترسییانە و قۆستنەوەی دەرفەتەکان و تەنانەت گۆڕینی مەترسییەکان بۆ دەرفەت، شێوازی مامەڵەی ئەم کارەکتەرانە و ڕادەی ئامادەیی سیاسی و ئابوری و سەربازییانە بۆ چۆنیەتیی ڕوبەڕوبونەوەی ڕوداوەکان. هەر بۆ نمونە سەرهەڵدانی داعش مەترسی بو بۆ زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە. بەڵام زۆربەی ئەم دەوڵەتانە شەڕێ دژی داعشیان قۆستەوە بۆ زیاد کردنی کاریگەری و نفوزیان. وەک ڕژێمی سوریا و ئێران و تورکیا و تەنانەت عێراقیش. ئەوەی بەدەست بەتاڵی لە شەڕی داعش دەرچو سەرەڕای هەمو قوربانیدانەکانی لەم شەڕەدا، هەرێمی کوردستان بو، کە بە هۆی دروست نەخوێندنەوەی پێدراو و هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم نەک نەبویە بەهێز بونی پێگەی هەرێم، بەڵکو بویە هۆی لە دەستدانی هەمو ناوچە جێناکۆکەکان کە بە هۆی شەری دژی داعش و بە قوربانیدانی هەزاران پێشمەرگە و هاوڵاتییەوە ئازاد کرا بون و، لە هەمان کاتیش دەرفەتی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا لە پێگەیەکی بەهێزەوە و، بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتیی لەدەست دا.
هەربۆیەش مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێم، زیاتر بە هۆی شکستە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتەکەیەتی. هەر قسەیەکی تر لەم بارەیەوە، تەسلیم بونەوەیە بە گوتارە تەقلیدییەکەی کاستی سیاسیی دەسەڵاتداری هەرێم.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.