گۆڕان بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕینی مووچە ئاشكرادەكات “نابێت لەیەك مانگ زیاتربێت”

لەلایەن ستاندار Posted on 313 جار بینراوە
ستاندەر
دوای كۆبونەوەی ئەمرۆی جڤاتی نیشتیمانی، بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە جەخت لەوە دەكاتەوە پێویستە رێكاری كەمكردنەوەی مووچە تەنها یەك مانگ بێت.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتووە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان پێویستە کۆتایی بهێندرێت بە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی دەستکرد و لاوەکی، کە لە روانگەی ئێمەوە بیانوە بۆ دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی..
دەقی بریار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتیمانی بخوێنەوە:
یەکەم: جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بەشداری لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کرد. قەیرانی قوڵی سیاسی و ئابوریی و دارایی هەرێمی کوردستان ئەنجامی حوکمڕانی خراپ و نادادپەروەری و گەندەڵی رابردووە. هەروەها، جەختی کردەوە لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی، و بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانیش لە کابینەی نۆ تەنیا بەم ئامانجەیە و، لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەکات لە حکومەتدا.
دوەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پابەند بێت بە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠ کە تەنها بۆ یەک مانگ موچەی فەرمانبەران کەم ئەکرێتەوە و ئەو رێکارە کاتییە. بزوتنەوەی گۆڕان جەخت ئەکاتەوە کە حکومەت هەرێم  پابەندبێت بەو بەڵێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە:
1. چاکسای ریشەیی لە کەرتی نەوت و گاز، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەکان، باج ئەنجامبدرێت.
2. رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەپێویست ئەزانێت، لەم پێناوەشدا پێویستە هەردولا پابەندی ماف و ئەرکەکانیان بن.
3. پێویستە دەستبەجێ تەواوی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و کۆتایی بە قۆرخکاری و دەستێوەردانی کۆمپانیای حیزبی بهێندرێت. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی داهات و پێدانی موچەی هاونیشتمانیان لەکاتی خۆیدا.
سێیەم: چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ بکرێت بە نەهێشتنی دەستی حیزب لەناویاندا و کردنیان بە دامەزراوەی نیشتمانی.
چوارەم: مانەوە و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان بەندە بە بنیاتنانی پایەکانی حکومڕانی باش، بەدەستهێنانەوەی متمانەی هاونیشتیمانیان، جێبەجێکردنی ستراتیژی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان.
پێنجەم: سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان پێویستە کۆتایی بهێندرێت بە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی دەستکرد و لاوەکی، کە لە روانگەی ئێمەوە بیانوە بۆ دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی.
شەشەم: بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەنجام ئەدات.
دڵنیاین ئەتوانین قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی بە بەشداری چاکسازیخوازان و هاونیشتیمانیان تێئەپەڕێنین. بزوتنەوەی گۆڕان بە باوەڕێکی نەپساوە پابەندە بە ئەرکی نیشتیمانی و ئەخڵاقی خۆی کە هەمیشە وەک داکۆکیکاری مافی هاونیشتیمانیان ئەمێنێتەوە. لەم پێناوەدا هەمو هەنگاوێکی پێویست ئەگرێتەبەر.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.