سایتی بلومبێرگ نهێنی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات”دەڵاڵێک ملیار دۆلاری سەروەتی نەتەوەیەک بەڕێوە دەبات”

لەلایەن ستاندار Posted on 280 جار بینراوە

یادگار سدیق

ئەمڕۆ سایتی بلومبێرگ وتارێکی ( ٣٠٠٠)سێ هەزار وشەیی لەژێر ناوی: “دەڵاڵێک ملیار دۆلاری سەروەتی نەتەوەیەک بەڕێوە دەبات” بڵاو كردەوە

ڕاپۆرتەکە زۆر بەدرێژی باسی دەڵاڵە بەڕەگەز پاکستانییە کە دەکات ( مورتەزا لاخانی) کە چۆن ئەستێرەی بەختی لە هەرێم درەوشاوەتەوە.
چۆن پارەی نەوتەکەی هەرێم خراوەتە سەر حسابێکی لاخانی لە لبنان . تەنها لەماوەی ٢٠١٨ تا کۆتایی ٢٠١٩ بڕی ٦ ملیار دۆلار خراوەتە سەر حسابەکەی .
لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ ١ ملیار دۆلار بۆ ماوەی سێ ساڵ خراوەتە سەر حسابەکە بە سودی ١٠٪ واتە ساڵێک ١٠٠ ملیۆن دۆلار سود. سودەکە بەجیا لەحسابێکی تردا دابنرێت!!
ئەو پارەیە بەهۆی کێشەی دارایی بانکەکانی لوبنانەوە قفڵ بووە . بەپێی لێدوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێمی تیایە . هەروەها لەڕاپۆرتی دیلۆیتیشدا دەڵێت ٣١٨ ملیۆن دۆلاری هەرێمیش لە لوبنان گیری خواردووە.
کێشەکە لەوەدایە چەندین کۆمپانیای هەرێم کە دیارە کێیان لەپشتە دەتوانن لەماوەی دوو سێ هەفتەدا چەندین حسابی بانکی لە چەند شوێنێکی جیای دنیا بکەنەوە و پارەی زەبەلاحیشی بخەنە سەر. بۆ نمونە کۆمپانیایەکی بچوکی وەکو ئابوری لاند کە لە ساڵی ٢٠١٠ بە سەرمایەی ٢٠٠ ملیۆن دینار دادەمەزرێ ( کۆمپانیای دەرەجە پێنجە ) بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ لە ڕێی کۆمپانیایەکی بریتانی بە ناوی UKGB LIMITED وە کە خاوەنەکەی کابرایەکی ئیتاڵییە لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا چەند حسابێکی بانکی کردوەتەوە و ملیارەها دۆلاریان بۆ نەقڵ کراوە.
ئەم کەیسە پەرلەمانتارڵکی بەڕێز جوڵاندی و مەلەفەکەی دایە داواکاری گشتی، بەڵام لەبری کۆمپانیا داوا لەسەر پەرلەمانتارەکە جوڵێنراوە و داواکاری گشتی تەنها بەوەی کۆمپانیاکە وتویەتی من کاری وام نەکردووە باوەڕی کرد!! ( سەدامیش وتی من کیمیاویم بەکار نەهێناوە)!! ئەم کەیسە بە بێدەنگی سەری نرایەوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چەندین کۆمپانیا لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیا حسابیانەوە دەتوانن چەندین حسابی بانکی بکەنەوە، خێرە حکومەت لەماوەی ١٣ ساڵدا ناتوانێت ئەوکارە بکات، و لاخانی دەڵاڵێکە دەبێت پارەی هەرێمێکی لەڕێوە بگوێزرێتەوە؟!
لەهەموو قەباحەت تر لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگدا هاتووە :حکومەتی هەرێم دەڵێ لە سەرەتای ٢٠٢٠ حسابێکمان لە سیتی بانک City Bank کردوەتەوە بەڵام هەر پێویستمان بە لاخانییە!!
باشە ئەم وەزارەتە گرنگەوە ئەو ئیدعاگەورەیەی بۆ وەزیرەکەی دەکرا کە کەسێکی بێوێنەیە لە زیرەکیدا، نەیتوانی حسابێک بۆ پارەی نەوت بکاتەوە؟ نەیتوانی خۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کڕیارەکانی مامەڵە بکات؟!
کەیسی لاخانی بەس نییە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و بەدادگای گەیاندنی ئەوانەی لە گەندەڵی گلاون لەگەڵی.

✓ وێنەکە لە لای ڕاستەوە مورتەزا لاخانی و لە ناوەڕاستیش شێخ بازی کۆمپانیای کار ساڵی ٢٠١٣ هەولێر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.