شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەكێتی گەرمتر دەبێتەوە وردەكاریەكە بخوێنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 245 جار بینراوە

ستاندەر

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەموزی 2020، میدیای فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەینراوێك ڕایگەیاند: “ڕۆژی شەممە 18-7-2020 ماڵپەڕی (pukmedia) بابەتێكی دابەزاندووە بە ناونیشانی (میدیایەك شكستی گەورە بە ئاڵا دادەپۆشێت) و گلەیی لە هەندێ میدیا و چالاكوانی فەیسبووك كردووە كە بابەتەكەی هەڵكردنی ئاڵای عێراق لە بازگەیەكی میحوەری قەرەتەپە و سوكایەتیكردنی ئەفسەرانی عێراقی بە پێشمەرگەیان گەورە كردووە.”

لە بەشێكی راگەیەنراوەكە هاتووە: ” ماڵپەڕەکە گلەیینامەكەی تێكەڵ كردووە بە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و پێشوازیكردنی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ماڵپەڕەکە هەلی قۆستووەتەوە ناماقووڵی و زێدەڕۆیی بەسەر كەسایەتی و دامودەزگەی هەرێم بكات.”

میدیای فەرمی پارتیئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: “بەر لەوەی بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕەکە بە هەناسەتەنگی شتەكان تێكەڵ بكەن، دەبێ ئەو مافە بە خەڵكی كوردستان بدەن كە بەرانبەرتان بەدگومان و دوودڵ بن، دەبێ ئەوە بزانن كە هەموو تاكێكی كورد، هەموو ساتێك، دڵیان لەناو دەستیانە نەوەك بە قەوڵی كاك كۆسرەت كاڵفامێك لە پڕ ببێتە دەڵاڵی فرۆشتنی لایەك لە خاكی نیشتمان، خەڵك بەردەوام چاوەڕێی ئەوەیە بە قەوڵی كاك قوباد كەتنێكی تازەتان لێ ڕوو بدات و خوێنی شەهیدان و ڕەنج و قوربانیدانیان بەر با بدەن، هۆکاری ئەو كاردانەوانە لە كاربەدەستانی خۆتان بپرسن كە بۆ وایان كردووە هاووڵاتیانی كوردستان بەردەوام ترسی ئەوەیان لێ نیشتبێت دەستی حەسەن پلایسێك بگرن بیهێننە سەر ماڵ و كەرامەتی كورد.”

لە بەشێكی تری هاتوە:”پێتان وایە خەڵك فرمێسكی ئەو پێشمەرگەیە لە یاد دەكات كاتێك بۆ تێكشكاندنی ورە و كەرامەتی پێشمەرگە و خاك دەگریا و دڵی نەتەوە بەو فرمێسكانە هەلاهەلا بوو؟ كورت و كرمانجی كوردستانیان مارانگەز بوونە و متمانەیان بە كۆڵوانەسوور و شاگردی حاج ئاغاكان نییە و ناشبێت، لەبری ئەوەی گلەیی لە خەڵك بكەن، وەرن تۆزێ شەهامەتتان هەبێ و نیشتیمانپەروەر بن، وەرنە بەرەی گەل و نڕەی سوپای جەهل و پلایسەكان دڵ و دەروونتان نەلەرزێنێ.”

لە دوا بەشی پەیامەكە هاتووە “لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا چیتر ڕێگە بە خۆتان مەدەن زاتی ئەوە بكەن ناوی سەرۆك بارزانی تێكەڵی ئەو بیانووە بێبنەمایانە بكەن، سەرۆك بارزانی نە ئیشی بە ئێوەیە و نە ڕێگەی بە ڕێگەی ئێوە كەوتووە، بۆیە ئەم ناماقووڵیانە دووبارە بكەنەوە دەبێ خۆتان و كاڵفامخانەتان تەحەمولی مەسئولیەت بكەن.”

ئەو راگەیەنراوە لەكاتێكدایە  دوێنێ شەممە میدیای فەرمی یەکێتیی، لە بابەتێكدا  ڕایگەیاندبوو: ” هەڵكردنی ئاڵای عیراق، كە لەلایەن ژمارەیەك سەربازی عیراقی بەهەڵە و بەوتەی ئەفسەرانی هێزەكە و روونكردنەوەی راگەیاندنی میحوەری قەرەتەپە- حەمرین، هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەو هێزە عیراقیە رێگەیان لێتێكچووە، بەڵام میدیای دوو میدیای سێبەری سەربە دوو باڵەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مەبەست و لەژێر ناوی پیرۆزی ئاڵای كوردستان، كەوتوونەتە چەواشەكاریی و شێواندنی راستی رووداوەكان.”

راشیگەیاندبوو: “ئەوەش لەكاتێكدا لەكاتی نمایشكردنی خەمخۆری درۆزنانەیان بۆ ئاڵاكەی كوردستان و دژایەتی ئاڵای عیراق، هەرزوو رووی راستەقینەیانی هەڵماڵی و لەكاتی پێشوازییكردنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ژان لۆردیان  بە هەڵكردنی ئاڵای عیراق دیدار و پێشوازییەكەی كرد.”

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.