ستاندەر
ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت دوای پەسەندكردنی یاسای قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لە پەرلەمانی عێراق ئێستا حكومەتی عێراق دەستی بەقەرزی ناوخۆیی كردووە بۆ ئەوەش هەشت تریلیۆن دیناری لە بانكی ناوخۆیی و حەوت ترلیۆن دیناریشی لە بانكە ناوخۆییەكان قەرزكردوە، دەشلێت رێكەوتنی هەرێم و بەغدا تەنها لەسەر ئەوە ماوە كە بەغدا چەند پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاندووە “حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش بەشی لەو قەرزانە ھەیە، بەڵام پێویستە رێككەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا بكرێت و بڕیارە حكومەتی ھەرێم و بەغدا بۆ ئەو پێنج مانگەی ماوە رێككەوتنێك بكەن و دواتر رێككەوتنێكی درێژخایەن بۆ ساڵانی داھاتو بكەن، بۆ ئەوەی بەردەوام كێشەكان دوبارە نەبنەوه”
ئەحمەد سەفار لەبارەی كیشەی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ رێكەوتنی لە لێدوانەكە بۆ مالپەری فەرمی پارتی رایگەیاندووە “بڕیارە حكومەتی ھەرێم بەشێكی نەوت و بەشێكی داھاتی ناوخۆ بداتە بەغداو ئەوانیش بڕێك پارە بدەنە ھەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ بۆ موچەو، لە ئێستاشدا تەنھا لەسەر بڕی پارەكە ماوە بگەنە رێككەوتن و ھەركاتێك گەیشتنە رێككەوتن، موچەی ھەرێم رەوانە دەكرێت، چونكە ناكرێت ساڵانە ئەو كێشەیە دروست بێت و پێویستە رێژەیەك پارە بۆ ھەرێم دریاری بكرێت لەبەرامبەر ئەو مەرجانەی لەسەری دەگەنە رێككەوتن، بۆ ئەوەی ساڵانە بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان بێ كێشە رەوانە بكەن”