گورزێکی کوشندە بۆ گیانی نەتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 450 جار بینراوە

عارف کەریم- ستۆکھۆڵم

گورزێکی کوشندە بۆ گیانی نەتەوە
ئایا حزبی موخابەراتیی دەتوانێ پێشرەوی میللەت بێ
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا شکست لە دوای شکست بۆ کوردی ھێناوە
عارف کەریم- ستۆکھۆڵم
تێبینییەکی پێویست/ ماوەی جەند ساڵێک بوو بەھۆی زەرفی تایبەتی خۆم و باری تەندروستیمەوە لە نووسین دابرابووم ئەوە ناڵێم لە پێش ڕاپرسیەکەی بۆ ڕێفراندەم کرا بە چەند ھەفتەیەک وتارێکم نووسی و ڕاو بۆچوونی خۆمم تێدا دەربڕیبوو دەربارەی ئەنجامدان یان نەدانی ڕاپرسیەکە لەو کاتەدا و دواتر پێشھات و چاوەڕوانکراوەکان ئەوەبوون کەمن لە وتارەکەمدا ئاماژەم پێدابوو ، جگەلەوە گەشبین و بەرچاوڕوون نەبووم سەبارەت بە بارودۆخەکە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر و ئالۆزتر دەبوو ، خەڵکیش بەگشتی ڕەشبین و بێزارو تووڕەبوون بەھۆی ئەوەی بارودۆخەکە چاوەروانی باشەی لێنەدەکرا ، لەبەرئەوە منیش دەستم لە نووسین ھەڵکرت و لێی دابڕام بەڵام بە درێژایی ھەموو ئەو کاتانە ڕاو بۆچوون و ھەڵوێستی خۆمم ھەبوە لە ھەموو کارێکی باش و خراپی حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بەتایبەتی لە فەیس بوک ، بەم وتارە جارێکیتر دێمەوە مەیدان و ھیوادارم بەردێک بخەمە سەر بەردێک و سەرنجی خوێنەر بەلای خۆمدا ڕابکێشم.
پێشەکی دەمەوێ بڵێم کەمن لەوتارەکانمدا چ لەوەوپیش و چ ئێستا ھەوڵی ئەوەمداوە خۆم بەدوور بگرم لە چوونە ناو موھاتەراتی سیاسی و ڕوشاندن و بریندارکردن و ناشیرینکردنی کەرامەتی ئەم و ئەو بەتایبەتی من دوژمنایەتیم لەگەڵ کەس نیە و ھەرچی من بینووسم لە خۆشەویستی و دڵسۆزیمەوەیە بۆ گەل و نەتەوە و نیشتمانەکەم ھەروەھا داکۆکیم لە مافە ڕەواکانی گەلەکەم ، من بۆخۆشم پاشکۆیەکی سیاسیم ھەیە کەدەگەر یتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی ١٤ ی تەمموزی١٩٥٨ و ئیتر لەوکاتەوە تێکۆشانم دەستپێدەکات لە ڕیزی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ، ساڵی ١٩٦٤ من خوێندکاری زانکۆ بووم لە زانکۆی موسڵ لەھەمانکاتدا بەرپرسی ڕێکخستنەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووم لەھەمان زانکۆ ، ھەر لەو ساڵەدا گیرام و درام بە (مەحکەمەی امن الدولە لە کەرکوک) ، جارێکیتریش گیرامەوە و لە زانکۆ دەرکرام ، بەڵام پاش دوو ساڵێک بەمەرسومێکی کۆماریی منیان عەفو کرد و وازیان لێھێنام بۆئەوەی بگەڕێمەوە بۆ ژیانی مەدەنی خۆم (خوێندن و کارکردن) ، دیسان ساڵی ١٩٧٥ کە کارمەند بووم لە زانکۆی سلێمانی ، ڕژێمی بەعس ھەوڵی گرتنی منی دا بەڵام خۆم نەدا بەدەستەوەو وازم لە ماڵ و حاڵ و وەزیفەی خۆم ھێنا و چوومە سوریاو ھەتا ئێستایش نەگەڕاومەتەوە بۆ زانکۆ ، ئەم چەند دێرە بۆ خوێنەری بەرێز لەبەر ئەوەبوو بڵێم کە من لە سەرەنوێلکی سیاسیەوە نەھاتووم ھەتا بەئارەزوی خۆم قسەی ھەلەق ومەلەق فرێبدەم ، نەخێر دەمەوی بڵێم کە من بایی تێکۆشان و قوربانیدانی خۆم قسەدەکەم و ڕەخنەدەگرم و دەنووسم . جگەلەوە من زیاتر لە جارێک ھەل و دەرفەتم بۆ ھەڵکەوت کە پۆست و پلە و پایە وەربگرم بەڵام لەبەرئەوەی نەمویست ببمە بەشێک لە گەندەڵ و مشەخۆر ، خێرا خۆم لێدزیەوە ، ئەوکاتانەش کە بەدوای مامەلەی خانەنشینیدا ڕامدەکردلە نێوان سلێمانی و ھەولێر ، لای ھەندێک وابوو من بەدوای پلەو پایەدا ڕادەکەم ، بەڵام ڕاستێکەی ئەوەبوو من بەدوای مووچەیەکی کەمتر لە مووچەی پۆلیسێکی مروردا ڕامدەکرد کە پێنج ساڵی خایاند ھەتا جێبەجێ بوو. جگەلەمانە شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگری خۆی ھەبوو لەسەر ئەم نووسینە بەھۆی ئەوەی ھەموومانی لەماڵەوە بەستۆتەوە و کەمتر لەجاران دەچینەدەرەوە .
بەرلەوەی بچمە ناو قوڵایی باسەکەوە دەمەوی بڵێم لە ئەلفبای سیاسەتدا ھەندی زانیاری وردو مێتودی ڕاست و واقیعی ھەن کە پیویستە ئاماژەیان پێبکرێ و پەنجەیان بۆ ڕابکێشرێت بەتایبەتی ئەوانەی بەرەوڕووی ئەوحزبانە دەبنەوە کە پەنادەبەنە بەر شۆڕش و کاری شۆڕشگێرانە ، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر و ڕەوشەنبیر کارێکی پێویستە بۆئەوەی دیراسەیەکی سیاسی بەراورد و دروست بکرێت لەگەڵ ڕێبازی سیاسی و دروشم وئامانج و پراکتیزەکردنی حزبەکانی سەردەم .
گرنگترینی ئەو شتانەی کەپێویستە حزبێک پەنای بباتە بەر لەکاری سیاسی و بەرپاکردنی شۆڕشدا ئەوەیە خاوەنی ستراتیژێکی سیاسی ڕوون و ئاشکرا و نەگۆربێت کەلەپێناویدا خەبات و تێکۆشانی بۆبکات و بەھیچ جۆرێک گۆڕانکاری تێدا نەکاتو لێی نەیەتە خوارەوە ، ھەروەھا ھێزو توانای خۆی و دوژمن و دۆستەکانی بناسێ و خۆی تووشی ھەڵەی کوشندە نەکات لەکاتی دەستنیشانکردنی ناکۆکیەکان و ململانێکانداو لەوەبگات کامە ھێزی سەرەکی دوژمنە کە ململانێ و شەری لەگەڵدەکات و کامە ھێزی لاوەکیە ، واتا دوژمنەکان کامەیان بەپلەی یەکەم دێن و کامەیان بەپلەی دوو و سێ ، ھەروەھا لەوە گەیشتبێ لەگەڵ کێ دۆستایەتی دەکا واتە تێگەیشتن لە مەبدەئی ( الوحدە والێراع ) و (التناقچ) کەلەسیاسەتدا بەمەبدەئە ھەرە بنچینەیی و گرنگەکان دادەندرێت. پرسیارەکە ئەوەیە : ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان کەیەکەم حزبی کوردستانیە و لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١وە دەستی داوەتە چەک دژی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا و شەڕدەکات، لەم مەبدەئە گەیشتوە و پەیرەوی کردوە؟! لەوەڵامدا دەڵێین نەخیر چونکە پ د ک خاوەنی دروشمێکی ستراتیژی سیاسی نەگۆر نەبوەو ھەرجارەی دروشمێکی بەرزکردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی وەکوو( مادە ٣ ی دەستوری عێراق ، لامەرکەزی ، حوکمی زاتی ، حوکمی زاتی حەقیقی ، فیدرالی ) ئەمانە بەدرێژایی ئەوساڵانە لەوە نەگەیشتبوون بۆچی شەڕدەکەن و خەڵک بەکوشت دەدەن و بەھەڵە جێگۆرکێیان کردوە بە مەبدەئە بنەرەتیەکانی یەکێتی و ناکۆکی و ململانێکان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان ھێناوەو بەپێی بەرژەوەندی و خواستەکانی گەل ھەنگاویان نەناوە ، بەئارەزووی خۆیان بریاری شەرو ئاشتیان داوە، بۆ نموونە لەسەروەختی حوکمی عەبدولکەریم قاسمدا ١٩٥٨_ ١٩٦٣نەدەبوو پ د ک شەری حکومەتێکی نیشتمانپەروەری وەکوو قاسم بکات و ڕێگە خۆشبکات بۆئەوەی بەعسیە درندەکان کۆدەتای سەربازی بەسەردا بکەن و جلەوی حوکم بگرنە دەست و میللەتی عێراق بگەوزێنن لە خەڵتانی خوێنداو دواتریش پەلاماری کورد بدەن بەپەنابردنە بەر سیاسەتی ئاگرو ئاسن و تەڕو وشک پێکەوە بسووتێنن.
تاکە تاوانی عەبدولکەریم قاسم ئەوەبوو کەیاسای ژمارە ٨٠ ی دەرکرد سەبارەت بەنەوت ھەروەھا یاسای چاککردنی زەویو دابەشکردنی زەوی و زار بەسەر جوتیارەکاندا. کۆمپانیاکانی نەوت و گازی بیانی لەلایەک و ئاغا و دەرەبەگ و کۆنەپەرستانی کوردستان و حکومەتە وابەستەکانی دراوسێی عێراق لەلایەکی تر لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەی قاسمدا نەبوون و کەوتنە ئاژاوەنانەوە لەدژی ئەو. پارتی بەھەڵە مامەلەی قاسمی کرد و کەوتە ناو ئاژاوەکەوە ، لەپێشانا بڵاوەی بە ھۆزو خێڵەکان کرد کە لەھەردو دەربەندی بازیان و دەربەندی خان کۆبوبونەوە دژی حکومەت بۆئەوەی جڵەوی سیاسی نەگرنە دەست و دواتر خۆیان خزاندە ناو گوندولادێکانی کوردستانەوەو کەوتنە کۆکردنەوەی خەڵک و دروستکردنی ھێزی چەکداری پێشمەرگەو ناوی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ یان لێنا.
ھەرلەسەرەتاوە جۆرە پەیوەندیەک درووستبوو لەنێوان مەلا مستەفاو مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ ئێراندا ، ئەوەبوو ھەر زوو شای ئێران سەرھەنگ مودەریسی و عیسا پەژمانی بە نوێنەری خۆی ناردە لای سەرکردایەتی پارتی و لەوێ چادرێک و جیھازێکی بێتەل و پارەوپووڵ و پیویستی تری موخابەراتیان بۆ دابین کردبون بۆئەوەی بەوردی چاودێری بارو دۆخەکە بکەن و دواتر ساواک و شای ئێرانی لێ ئاگاداربکەنەوە. ئەم ئاژاوەیە(نەک شۆڕش) تاساڵی ١٩٦٤ ی خایاند و مەلامستەفای بارزانی بەھۆی ئەوەی تووڕەو بێزار بوو لە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی و دەیویست دەسەڵاتی یەکەم خۆی بێت و ئەوانی تر ملکەچی ئەوبن، ھات پەنای بردە بەر کۆدەتایەکی سەربازی لەساڵێ ١٩٦٤ دا بەھاوکاری و پشتیوانی سەرۆک ھۆزوخێڵەکان ھەروەھا ژمارەیەکی دیار لە ئەفسەرە بەرپرسەکانی ناو ھێزی پێشمەرگە و توانی پارتی بکات بە دووکەرتەوە، کەرتێکیان بەسەرکردایەتی خۆی و ئەوی تریشیان بەسەرکردایەتی م س کە دواتر ناوی مەلایی و جەلالی یان لێناو مەلامستەفا ھێزێکی زۆری کۆکردەوەو ھێرشی کردە سەر ھێزەکانی م س و ھەموویانی ھەڵبری بۆ دیوی ئێران. لیرەوە دەمەوێ بڵێم ھەروەکوو چۆن کۆدەتاکەی مەلامستەفا بەسەر پارتیدا و پەلاماردانی م س کارێکی خراپ بوو ئاوەھاش کۆکردنەوەی ھێزی چەکدار لەلایەن م س وە ھەروەھا چوونیان بۆ ئێران کارێکی لەو باشتر نەبوو ، مەکتەبی سیاسی دەبوایە خەباتی سیاسی بکردایە و پەنای نەبردایەتە بەر چەک ھەڵگرتن دژی مەلا مستەفا، جگەلەوە مەکتەبی سیاسی خۆیان بە چەپ و پێشکەوتنخواز و دژی ئەقڵی خێڵەکی دەزانی و لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی میللەتاندا بوون ، شیوەن و گریانیان بۆدەکرد و ھاواریان دەکرد بۆ ئازادی و دیموکراتی و مافی گەل، بۆیە چوونی ئەوان بۆئێران و مانەوەیان زیاتر لەساڵێک لەوێ لەژێر سێبەری ڕژێمی شادا خەتاو تاوان و ھەڵەیەکی کوشندە بوو بۆ بیری چەپ و پێشکەوتنخواز ، لەجارێکی تردا پاش ساڵێک ھەر ئەمان گفتوگۆیان لەگەڵ مەلامستەفادا کرد بۆ ئەوەی ئێران جێبھێڵن و بگەرێنەوە باوەشی ئەو ، کەگەرانەوە ھێزەکانی ھەردولا یەکخرایەوە و ھەندێ لەسەرکردەکانیان پۆستی سەربازیان پێدرایەوە لەلایەن مەلا مستەفاوە، ماوەیەکی زۆری پێنەچوو جارێکیتر مەکتەبی سیاسی بەخشکەیی لەساڵی ١٩٦٦دا لەگەڵ حکومەتی عەبدولرەحمان عارف لەسەر بەیانی ٢٩ حوزەیران ڕێککەوتن و ھێزەکانیان جارێکی تر جیاکردەوە دژی مەلا مستەفا . ئیتر لێرەوە ھەردولا نەرێتی کوردکوشتنیان داھێنا و کەوتنە گیانی یەکتر ، پێشتر مەلا مستەفا ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی سەر بە م س ی کوشت وەکوو عەلی حەمدی (مەردان) ، ئەحمەد عەبدوڵڵە ، مەحمود حاجی تۆفیق ، عوسمان عوزێری، ئەو پێی وابوو ئەگەر ھێزەکانی بەڕەنگاری ھێزی جاش و سوپا و جەلالی بوەوە ، لەپێشاندا دەبێ تەقە لەجەلالی بکرێ و ئەوان بکوژرێن.
پێش ڕێککەوتنەکەی ساڵی ١٩٦٦ مەلامستەفا پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکاو ئیسرائیل توندوتۆڵ کردبوو ، لەساڵی ١٩٦٥ داسەرەک وەزیرانی ئەوسای ئێران ئەمیر عەباس ھوەیدا و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ھەنری کێسنجەر سەردانی مەلا مستەفایان کرد لە گوندی ساوجی لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق و لەگەڵی کۆبوونەوە ، ( ئەو کاتە من خۆم لەو گوندە بووم) ، دوابەدوای ئەوە بە لێشاو یارمەتی لوجیستی و سەربازی دەھات بۆ بارەگای بارزانی و پێشمەرگە ، لەولاشەوە پەیوەندیەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کە ناوی خۆیان گۆڕیبوو بە پارتی شۆڕشگێری کوردستان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بوو ھەتا ساڵی ١٩٦٨کە بەعسیەکان جارێکیتر لەڕێگەی چەند ئەفسەرێکی پلەباڵای سوپای عێراقەوە کۆدەتایەکی سپییان بەسەر سەرۆک عەبدولرەحمان عارفدا کرد و دەسەڵاتیان گرتە دەست و ئەویشیان ڕەوانەی تورکیا کرد . بەعسیەکان بۆ جێگەپێقایمکردنی خۆیان کەوتنە بژارکردن و لەبێژنگدانی سەرکردەکانی ناو سوپا و توانیان ھەندێکیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن بە ناوی جۆراوجۆرەوە، ھەندێکی تریشیان لەناوبەرن و بسڕنەوە ، دوابەدوای ئەمە دەستیانکرد بە بە ئاڵوگۆرکردن لەناو خودی سوپا خۆیداو ھەموو ئەوانەی لێیان بە گومان بوون و لێیاندەترسان و جێی باوەری ئەمان نەبوون، ھەموویانیان دوورخستەوە یان خانەنشین کردو ورد ورد لەماوەی دوو ساڵدا کۆنترۆڵی سوپایان کرد.
لە دوساڵی یەکەمی دەسەڵاتی بەعس لە بەغدا ١٩٦٨-١٩٧٠ پەیوەندیەکانی حکومەت و جەلالیەکان تادەھات پەرەی دەسەند و بەھێز دەبوو، پارەوپول و چەکێکی زۆریان بۆ ڕژاندن، ژمارەی چەکدارەکانیان ڕووی لە زیادبوون بوو کار گەیشتە ئەوەی لە زۆر ناوچەدا تەنگ بە ھێزەکانی مەلایی ھەڵچنن . ئەم ھەنگاوە ، یان نزیکبوونەوەی بەعس لە جەلالیەکان بۆ خۆی گەمەیەکی سیاسی بوو بۆ ڕشتنی خوێنی کورد لەلایەن کورد خۆیەوە ھەروەھا تەڵەو داوێک بوو بۆ شەخسی مەلا مستەفا و ھێزەکەی ، بەعس مەبەستی بوو بەھەرنرخێک بێت ئاگری شەرەکە خۆشبکات کە بوەھۆی تیاچوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە بەتایبەتی بەعسیەکان بروایان بە شتێک نەبوو کەناوی کورد و کوردستان بێتو بەپێی بیرکردنەوەی خۆیان خاکی عەرەب و سنووری وڵاتی عەرەبی لای ئەوان لە موحیتەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە شاخەکانی ئارارات و خەلیجی عەرەبی ، ئەمە لەگۆڤار (الپورە العربیە) ی تایبەت بە حزبی بەعس بڵاوکراوەتەوە کە لەشەستەکاندا دەردەچوو ، تایبەت بوو بە ئەندامەکانیان و ناوبەناو دزەی دەکرد و دەست خڵکی تر دەکەوت.
ئەوکاتە مەلا مستافا بە پشتی ئێران شەرەکەی دەکردو لەبەرەی میللەتدا حسابی بۆدەکراو بە پێچەوانەوە میللەت ھێزەکانی جەلالی لەبەرەی حکومەتدا حسابدەکرد و خەڵک بێزار بون لەو شەرە تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی دەنگی نارەزایەتی لەناو خودی حزبەکەدا بەرزبێتەوەو داوای کۆتایی ھێنان بەشەڕ و حەلکردنی حزبەکە و چوونە ناو ڕیزی ھێزەکانی مەلامستەفا بکەن کە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی بەمە ڕازی نەبوون و قەبووڵیان نەکرد. ھەنگاوی دووەمی بەعسیەکان لەم گەمە سیاسیەدا بۆ زیاتر خۆشکردنی شەرەکە پەیوەندی ژێربەژێری ئەوان بوو بە مەلا مستەفاوە بۆئەوەی لەگەڵی رێکبکەون و ھاوکاری بکەن بۆ لێدانی جەلالیەکان. بەعسیەکان پاش ھاتوچۆو گفتوگۆ لەگەڵ بارزانیدا توانیان لەسەر بەیانی ١١ ی ئازار ڕێکبکەون کەگەورەترین دەستکەوتبوو بۆ ئەو سەردەمە ، ھەر دوای بەیانەکە باماوەیەکی کورت سەرۆک کۆماری ئەوسا ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باڵی مەکتەبی سیاسی بە جەماعەتێکی سەربە حکومەت لەقەڵەم دا، ئەم پیلانەی بەعسیەکان سەرکەوتوو نەبوو ، ئەوەی ئەوان بەتەمای بوون ڕووی نەدا کە بەیەکدادانی ھیزە چەکدارەکانی نێوان جەلالی و مەلایی بوو، چونکە ھەر زوو دوای بەیانەکە بارزانی لێبوردنی گشتی دەرکرد.
ساڵەکانی ١٩٧٠-١٩٧٤ کەدیاریکرابوو حوکمی زاتی تێدا جێبەجێ بکرێت بە بێ گرژی و ئاژاوە و کێشە تێنەپەری ، ڕژێمی بەغدا بەرنامەی بەبەعسیکردن و بەعەرەبکردنی ڕانەگرت ، ھەڕەشە و داپڵۆسین و گرتن و ڕفاندن و کوشتن بەردەوام بوو لە ھەندێ جێگا ، تەقەیان لە شاندێکی پارتی کرد لە بەغدا و کەسێک یان زیاتریان لێ بریندار کردن ، پیلانی کوشتنی مەلامستەفایان لە مانگی ٩ ی ١٩٧١ داڕشت کە سەرکەوتوو نەبوون تێیدا ، لەولاشەوە مەلامستەفا و بارەگای بارزانی متمانە و بروایان بە حکومەت نەمابوو ، تادەھات پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران بەھێزتر دەبوو ، ھەموو جۆرە یەرمەتیەکیان لەوان وەردەگرت ، ھەرچی ئێران و ئەمەریکا بوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانویست شەر دەستپێبکاتەوە ، ڕووسەکانیش بە پێچەوانەی ئەمانەوە شەرکردنەوەیان پێباش نەبوو بۆیە ھەر بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسێکی گەورەی سۆڤیەت( بریماکۆف) یان ناردە لای مەلا مستەفا کە قەناعەتی پێبکات بۆ ئەو مەبەستە بەڵام بێسود بوو .
ساڵی ١٩٧٤ حکومەت و مەلا مستافا ھاتنەوە چوارگۆشەی یەکەم و شەر دەستیپێکردەوە ، شەڕەکە شەڕی پارتیزانی نەبوو وەکوو کۆن ، بەڵکو شەڕی بەرامبەری بوو بە چەکی قورس، سوپای عێراق پەرێشان بوبو ، زیانی زۆری لێکەوت ، فرۆکەیەکی جەنگیان خرایە خوارەوە ، لەبەرەکانی شەردا سەرکەوتوو نەبوون و زیانی ماڵی و گیانیان زۆر بوو ، ئەمانە حکومەتی عێراقی ناچارکرد بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران ، سەرۆکی ئەوسای جەزائیر – ھاواری بۆمیدیەن- ناوبژی ئێران و عێراقی کرد و لە کۆبوونەوەی ئەندامانی ئۆپیک لە ٠٦/٠٣/١٩٧٥ دا لە جەزائیر، توانی سەددام و محەمەد رەزا پەھلەوی کۆبکاتەوەو ڕێککەوتننامەی جەزائیریان پێ واژۆ بکات ، مەلامستەفا چاوی بە شای ئێران دەکەوێ و بەقەولی دکتۆر مەحمود عوسمان پێی وتوە پێمان بڵێی بمرە ، دەمرین ، بڵێی بژین ئەوا دەژین ، دوابەدوای ئەوە ھەر خودی مەلا مستەفا لەدیدەنی و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە کاری ئەو تەواو بوە، دوابەدوای ئەمە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەماوەیەکی کورتدا وەکوو بەفر توانەوە، ئەو ھەر وەکوو ئەوەشی گوت ، ڕازی نەبوو کەسانێک ، گروپێک ، لایەکی سیاسی تر درێژە بە شۆڕش بدەن و شەڕی حکومەت بکەن بەتایبەتی ھیچ کێشەیەکی تەقەمەنی و ئازووقە و پارەوپوول لە کایەدا نەبوو ، بە قەولی دکتۆر مەحمودعوسمان بنەماڵەی بارزانی ٤٣ ملیۆن دیناری ئەوسایان لابوە کەھەر دینارێک زیاتر لە ٣ دۆلار بوە جگە لە ٢ ملیۆن دیناری فرۆشگاکان ھەروەھا ئەو دەڵێ بنەماڵەی بارزانی ماڵی حەمەئاغای مێرگەسووری و فاخیر یان لەناوبرد نەوەک جلەوی سیاسی لەکوردستاندا بگرنەوە دەست و شەربکەنەوە ، ئەمە جگە لە تەسلیمکردنەوەی ٣٠٠ زیندانی بە ئێران بەرامبەر بە پارە ، لەکاتێکتدا خاچی سوور داوای کردوە ئەم کارە نەکەن .
لەو ھەلومەجە ناسکەدا پێشمەرگەی کوردستان لەھەموو شوێنێکەوە بە لێشاو دەگەرانەوە بۆ ناو شارەکان و خۆیان و چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت دەکردەوە ، خەڵک ڕووخاو و ورەنزم بوو ، بارودۆخەکە تروسکایی تێدا نەمابوو ، ژمارەیەک پێشمەرگە لە داخانا پەنایانبردە بەر خۆکوژی ، خەڵک بە گشتی سەری دنیایان لێھاتبۆوە یەک و نەیاندەزانی چ ڕێگایەک بگرنە بەر و خەونیان بە بەدیلێکەوە دەبینی بٶئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو بارودۆخە بگرێتە ئەستۆ ( من ئەمەم بەشەخسی مام جەلال وت لەسوریا) ، ئالەم بارە ئاڵٶزو ناخۆشەدا بنەماڵەی بارزانی وەکوو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون ، پشتیان کردە میللەت و ڕوویانکردە ئێران و بوون بە میوانی شا- محەمەد رەزا پەھلەوی و لەکەرەجی نزیک تاران نیشتەجێ بوون .
ڕۆژگارێک ئەوان خەریکی ژیانی خۆیان و بنەماڵە بوون ، لایان لەکەس نەدەکردەوە ، کەوتبوونە بەر پرسیار و ڕەخنەی توندی میللەت و ھەر خەریکی درۆبەخشینەوە بوون بەسەر خەڵکدا و ھەرجارەی شتێکیان دەگوت ، دەیانگوت خەڵک ئازادە لە نێوان عێراق و ئێراندا کامیان ھەڵدەبژێرێ ، کێ حەزدەکات بگەرێتەوە بۆ عێراق ئێمە لاریمان نیە ، لە ھەمووی گرنگتر لای بنەماڵە ئەوەبوو کەس بیر لە چەک ھەڵگرتن نەکاتەوە دژی حکومەتی عێراق، ناوبەناو بەڵێنی درۆیان بە خەڵک دەدا گوایە ترێ ڕەشە لە کوردستان دەخۆن و شۆڕش دەستپێدەکەنەوە.
مەلا مستەفا گەورەترین و ناودارترین سەرکردەی کورد بوو ، لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەموو دنیا ناسراو بوو بەڵام بە رێککەوتننامەکەی جەزائیر ڕووخا و خۆی بە پشت شکاو دەزانی و بەیەکجارەکی لەساڵی ١٩٧٦ دا چوە ئەمەریکا و لە ساڵی ١٩٧٩ دا کۆچی دوایی کرد. بارزانی پێش سەفەرەکەی بۆ ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی ئێرانی ئەمیر تاھیری ، ھەروەھا لەگەڵ بیرمەندو ڕۆژنامەوان و نووسەری بەناوبانگی میسری محەمەد حەسەنەین ھەیکەل خۆی زۆر بچووک دەکاتەوە و دەڵێ : من چیتر سەرکردە نیم و ئارەزوو دەکەم ناوم لە مێژوو بسردرێتەوە.
خودی شای ئێران کە لەو کاتەدا لەگەڵ عێراق ڕێککەوتبوو ، بڕوای نەبوو کە مەلامستەفا بەو شێوەیە دەروخێ و چۆک دادەدات و جارێکیتر ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان ، بەعسیەکان خۆشیان بڕوایان نەبوو کە بزووتنەوەی چەکداری کۆتایی دێت ، ئەگەر بارزانی درێژەی بە شەڕیش بدایە دژی حکومەتی عێراق ، ئەوپەرەکەی شای ئێران دەرگاکانی سنووری دادەخست و یارمەتی لێدەبڕی .
ھەتا ئێرە باس باسی ئەو ١٤ ساڵە بوو ١٩٦١-١٩٧٥ کە پ د ک شەڕێکی خوێناوی بەرپاکرد دژی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و بە مایەپووچی لێی ھاتە دەرەوە و گورزێکی گەورەی سرەواندە گیانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد ، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە لەشەڕی ناوخۆو دژ بە حکومەت کوژران و تیاچوون ، لادێ و گوندێکی زۆر وێران بوون ، باری ئابوری و ڕەوشەنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان گەرایەوە بۆ دواوە و گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نەھات ، پارتی شەڕی کرد لە پێناوی شەڕدا بە بێئەوەی ڕەچاوی کەمترین ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانی کردبێت ، چییان لەدەست ھات لەو چەند ساڵەدا لە چەوساندنەوە و ئازاری میللەت ، لە ڕاو وڕووت و دزی و گەندەڵی و داوێن پیسی و پیاوکوشتن و خۆبەخێوکردن کردیان جگە لەوابەستەیی و کلک گرێدان لەگەڵ دوژمنانی گەلەکەماندا ، دیوە ناشیرینەکانی ئەمان کە شاردرابۆوە تەنھا بەھۆی ئەو چەکەوە بوو کەلە شانیانا بوو دژی حکومەتەکانی عێراق.
ساڵی ١٩٧٥ ساڵێکی شووم و تاریک بوو بۆ کورد کەشوھەوایەکی سیاسی خراپ باڵی کێشابوو بەسەرکوردستاندا ، دوای خۆبەدەستەوەدانەکە ، بەعس کەوتە گیانی ھەموو ئەوانەی پێشتر فەرمانبەر یاخود مووچەخۆری حکومەت بوون ، ھەموویانی دوورخستەوە بۆناوەڕاست و خوارووی عێراق ، پێشمەرگەو لێپرسراوەکان بڵاوەیان لێکرد و ھەرکەسە بۆ ماڵی خۆی ، دوای ئەوە حکومەت یاسایەکی ھەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە بۆ ئەوانەی چەکیان لایە و تەسلیمی حکومەتی ناکەنەوە. ھێزەکانی ئاسایش و موخابەرات و سوپا تەراتێنیان دەکرد لە ھەموو سووچ و قوژبنێکی کوردستان و کەوتنە پەیوەندیکردن بە کوێخای گوندەکانەوە و داوایان لێکردن نزیکترین بارەگای حکومەت ئاگاداربکەنەوە لە جموجۆڵ و ھاتوچۆی ھەرکەس و تاقمێک کە دێنە گوندەکانیان یان لەو نزیکانە دەبینرێن. سیاسەتی بەبەعسیکردن و بەعەرەبکردن تادەھات ڕووی لە گەشەکردن بوو ، حکومەتی بەعس دەستیکرد بە درووستکردنی ئۆردوگای زۆرەملێ و ڕاماڵینی گوندەکان ، ئەوان تەواو لەخۆبایی و تووشی سەرخۆشی سیاسی بوبون و قەناعەتیان وابوو کە ئیتر جارێکیتر کوردستان پێشمەرگە بەخۆیەوە نابینێتەوە و تەقەکردن ڕوونادات.
سەرھەڵدانێکی نوێ و دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بە پێچەوانەی قەناعەتی بەعس و بیرکردنەوەکانی بنەماڵەی بارزانی کە واتێگەیشتبوون جارێکیتر بەبێ ڕازیبوون و بریاری ئەوان ھیچ جۆرە جالاکیەکی چەکدارانە ڕوونادات لە کوردستاندا ، بەپێچەوانەی ئەمەوە ڕێکخراوێکی نوێ بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا بە سەرۆکایەتی مام جەلال.
مام جەلال ئەوکاتانە لە بەیروت بوو ، لیبیەکان و سوریەکان و بەشێک لە فەلەستینیەکان ئامادەیی خۆیان پیشاندا کە یارمەتی مام جەلال بدەن بۆئەوەی ببێتە بەدیلێک بۆ بنەماڵەی بارزانی و شۆڕشی کورد ، ئەوان مەبەستیان بوو شوڕشەکە درێژەی ھەبێ. مام جەلال دەستیکرد بەچالاکی و پەیوەندیکردن بە دۆست و ھاوڕێ و نزیکەکانی خۆیەوە، ژمارەیەکی لێھەڵبژاردن لەوانەی جێگای بڕواو متمانەی خۆی بوون و ترسی لێیان نەبوو ، لەکۆتایی مانگی مایسی ١٩٧٥ دا بەیانی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان داڕشت و لە ڕادیۆی دیمەشقەوە خوێندرایەوە .
پێش دامەزراندی یەکێتی ڕێکخراوێک بەناوی کۆمەڵەوە ھەبوو ، خەباتی نھێنی دەکرد ، ئەوانیش پەیوەدیان بە مام جەلالەوە ھەبوو، سەردانی ئەویان دەکردلە بەیروت لە پێش دامەزراندنی ی ن ک دا ، دواتریش دەھاتنە شام و لەگەڵی کۆدەبوونەوە ، ئەوانیش ئاگاداربوون لە دامەزراندنی یەکێتی.
ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی ئێرانیان جێھێشت و ڕوویانکردە شام و لەوێ گیرسانەوە وەکوو دکتۆر مەحمود عوسمان ، شەمسەدین موفتی ، عەلی سنجاری ھەروەھا ژمارەیەک لە ئەفسەرەکان ، ژمارەیەکیتر لە پێشمەرگەکانی ئەیلول ھاتنە دیوی سوریا ، لە قامیشلۆ و دێرک گیرسانەوەو جێگەو ڕیگەیان بۆدابینکرا و لەوێ مانەوە و لەلایەن یەکێتیەوە سەرپەرشتی دەکران ، من خۆشم لەکەسە دیارەکانی ناو کۆمەڵەبووم و لەدەستی حکومەتی بەعس ھەڵاتبوم و چوومە شام . ورد ورد شام قەرەبالغ بوو خەڵکانێکی زۆر لە زۆرشوێنی دنیاوە یان بەسەردان یان بە یەکجارەکی دەھاتنە ئەوێ ، ھەر لەو ساڵەدا ڕاھێنان و مەشقی سەربازی لەدەرەوەی شاری شام دەستیپێکرد ، ئەو کەس و پێشمەرگانەی خۆیان ئامادە دەکرد بگەڕێنەوە بۆ کوردستان لەوێ مەشقیان پێدەکرا.
بنەماڵەی بارزانی کەبەدامەزراندنی یەکێتیان زانی کێچ کەوتە کەوڵیان و کەوتنەخۆیان ، پەیوەندیان بە دەزگاکانی ساواک و میتەوە کرد کە چیبکەن و چاوەڕوانی ئامۆژگاری و رێنماییەکانی ئەوان بوون و بەئاگاداری ئەوان قیادە موەقەتەیان دامەزراند ، ئامانجی ئاوان لەم کارە ئەوە نەبوو ئەوانیش لەلای خۆیانەوەخەڵکی کۆبکەنەوە و بانگەشەی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕش بکەن و ھاوکاری بکەن ، نەخێر ئامانجیان تێکدانی کارەکانی یەکێتی بوو چونکە پرسیان پێنەکرابوو لەم ھەنگاوەدا و ئەوانیش بەھۆی ئەوەی لەکۆنەوە خۆیان بە وەریسی شەرعێ بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد زانیوە ، ڕازی نەبوون کەسێک یان لایەنێک بەبێ ئەوان و سەرکردایەتی ئەوان کارێکی وەھا ئەنجام بدات ، سەردەمێک دەیانوت : ( ئەگەر نەتوانین ھیچ بکەین ، ئەوا دەتوانین لێیانی تێک بدین) . بەبیرم دێ پێش دامەزراندنی قیادە موەقەتە مام جەلال نامەیەکی دۆستانەی بۆ ئیدریس بارزانی نووسی و بە کەسێکدا بۆی ڕەوانەکرد ، ناوەڕۆکی نامەکە نە پاڕانەوە و نە ھەڕەشە و گوڕەشە بوو ، لە ھەلومەرجی نوێی سیاسی ئاگاداری کاک ئیدریسی کرد و داوای دۆستایەتی و ھاوکاری لێکرد ، من ئاگاداربووم لەنووسینی نامەکە و ھیچ شتێکی نەرینی تێدا نەبوو ، دواتر بەھۆی ئەوەی لەشام نەمام ، زانیاریم لا نیە وەڵامی نامەکە درابێتەوە یان نا !.
ڕوژان ھات و ڕۆیشت ، ی ن ک لەساڵی ١٩٧٦ دا دوو مەفرەزەی چەکداری ئامادەکرد کە بگەڕیەنەوە بۆ کوردستان بۆ گەڕان بەناو گوندەکاندا و پروپاگاندەکردن بۆ شۆڕشێکی نوێ ، یەکێکیان بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا بوو کە سەرکەوتنی بەدەست نەھێناو گەرایەوە بۆ شام ، ئەوی تریان بە سەرکردایەتی ئیبراھیم عەزۆ و ملازم حەسەن خۆشناو بوو بوو کە گەیشتنەوە کوردستان و کەوتنە کەمینی میت و قیادە موەقەتەوە و ھەر ھەموویان بەدەستی ئەوان کوژران .
کۆکردنەوەی خەڵکی چەکراد بەتفاقی جەنگیەوە و ڕەوانەکردنەوەیان لە سوریاوە بۆ کوردستان بەمەرجێک دووجار سنووریان پێببەزێنی ، یەکێکیان سنووری سوریا- تورکیا، ئەویتریان سنووری تورکیا – عێراق کارێکی دروست و بەجێ نەبوو چونکە ئەگەر مەبەست پروپاگاندەکردن بوایە لە کوردستان ، ئەوا کۆمەڵەو یەکێتی پەکیان نەکەوتبوو لە خەڵک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە ، ھەروەھا ھەڵمەتی ھێزکۆکردنەوە لەساڵی ١٩٧٨ دا بۆ چوونە ناوچەی ھەکاری کە ئەنجامەکەی تیاچوونی ٧٠٠پێشمەرگەبوو ، کارێکی ساوایانە و موراھیقانە بوو، ھەڵچوون و سەرگەرمیەکی ئەو سەردەمە بوو ھیچی تر ، لەمەشیاندا یەکێتی تووشی نووچدانێکی گەورە بوو چونکە بەبێ دیراسەو ھەڵسەنگاندنی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و نێودەوڵەتی ، خێڵەکیانە ئەم ھەنگاوەیان ناو بەزیانی خۆیان کۆتایی ھات ، ئەوان بیریان چووبۆوەکە ھاوکارییەکی بەھێز ھەیە لەنێوان عێراق – ئێران – تورکیا ، عێراق و تورکیا لەساڵی ١٩٧٧ دا ڕێککەوتبوون لەسەر پاراستنی سنوری نێوان ھەردولا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ساواک و میت بەوردی چاردێری ناوچەکەیان دەکرد دژی ھەموو جۆرە چالاکییەکی چەکدارانە لە کوردستانی باشوور، قیادە موەقەتە پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان ھەبوو لەگەڵ ئێران و ساواک ، تورکیا و میتی تورکی ھەروەھا لەگەڵ خێڵ و ھۆزەکانی ناوچەی ھەکاری و دەوروپشتی ، ھەردوجارەکە چ ئەوکاتەی مەفرەزەکانیان لە سوریاوە دەناردەوە بۆ کوردستان و چ کاتی حەملەکردن بۆ ناوچەی ھەکاری ، قیادە موەقەتە خێڵ و ھۆزەکانی ئەو ناوچانەیان ئاگادار کردبۆوە کە ھێزی دوژمن بەوان بەڕێگاوەیە و دەبێ لە ئامادەباشیدابین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان ، لەم وتارەدا من ناچمە ناو قوڵایی کارەساتی حەملەی ھەکارییەوە ، چۆن دەستی پێکرد و چۆن کۆتایی ھات ، ئەمەبۆخۆی قسەوباس زۆر ھەڵدەگرێ و دەبێ بەتایبەتی لەسەری بنووسی کە لێرەدا جیی نابێتەوە، کارەساتی ھەکاری قۆناخی دووەمی شەڕی ناوخۆی کورد بوو ، ( ئەوەی یەکەم ١٩٦٦ – ١٩٧٠ ) بوو ، سەرکردایەتی کاتیی و ی ن ک ئامانج و دروشمێکی ستراتیژی سیاسیان پێنەبوو بۆ کورد لە دروشمە کۆنەکان بەولاوە ، یەکێتی لەبەر خاتری ڕاگرتنی دڵی ھەندێ لە دەوڵەتانی عەرەبی کە یارمەتی کوردیان دەدا بەناوی شۆڕشی عێراقیەوە دەستیان پێکردەوە و ھاتنە مەیدان و لەپاڵیدا داوای حوکمی زاتی حەقیقیان دەکرد ، سەرکردایەتی کاتیش لەئاژاوە نانەوە و تێکدان بەولاوە ھیچی تریان نەدەویست و پێنەبوو، بۆ نمووونە ئەوان پێش کارەساتی ھەکاری لەو سەرسنوورانە خۆیان مەڵاس دابوو ، کارو پیشەیان ئەوەبوو ناوبەناو بێنە ناوەوە و دەستێک بوەشینن و خێرا بکشێنەوە بۆ شوێنی خۆیان . لەدوای کارەساتی ھەکاری ی ن ک بە ھاوکاری ئەندامانی کۆمەڵە توانی جارێکی تر خۆی کۆبکاتەوە و سەرلەنوێ مەفرەزەی پێشمەرگە درووستبکاتەوەو لە زۆر ناوچە لەسەر پێی خۆی بوەستێ و کۆنترۆڵی بکات ، پێش چوونە ھاکاری واتە ساڵەکانی ١٩٧٦ –١٩٧٨یەکێتی ھێزی زۆری ھەبوو لەزۆر ناوچەی کوردستان ڕێگەیان بە قیادو موەقەتە نەدەدا کە بێنە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان چونکە قیادە موەقەتە یەکێتیان بە دوژمنی سەرەکی دەزانی نەک حکومەتی بەعس و زیاتر خۆیان تەرخان کردبوو بۆ دەست وەشاندن لە پێشمەرگەکانی یەکێتی ( ئەمە سیاسەتی ساواک و میت ی تورکی) بوو کە لە پشتی ئەم ھێرشانەوە بوون.
ئەم ئاژاوەیە درێژەی کێشا تا ساڵی ١٩٧٩ کە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بەرپا بوو و ڕژێمی حەمە رەزا پەھلەوی ڕووخا. ھەڵوێستی خومەینی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەیەکەم ڕۆژی دەسەڵاتگرتنەدەستیان ھەتا ئێستادوژمنایەتی کورد بوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان ھەنگاوێکیان نەنا کە بۆنی ئاشتی لێبێ لەگەڵ کورد، ئەوان ھەر لەسەرەتای دەسەڵاتگرتنە دەست کەوتنە پەلامار و ھێرشبردنە سەر کۆمەڵەو دیموکرات و دەنگی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەکی زۆریان لێگرتن و کوشتن و ئیعدامکردن ، ئەوکاتانە قیادە موەقەتە لەنۆکەرایەتی بۆ ڕژێمی شا خۆیان گۆڕی و بوون بە نۆکەری خومەینی و پشتگیرییان لەودەکرد و پەلاماری ھێزەکانی کوردیان دەدا ، لەلایەک کۆمەڵە و حزبی دیموکرات و لەلایەکی تریشەوە ی ن ک ، لەجارێکی تردا ناکۆکی کەوتە نێوان حزبی دیموکرات و یەکێتییەوە و ئەوانیش کەوتنە گیانی یەکتر وچەند توانیان لە یەکتریان کوشت ، کۆمەلەی ئێرانیش بێبەری نەبوو لەو شەڕانەی نێوان لایە سیاسیەکان ، ھەم پەلامار دەدران و ھەم پەلاماریشیان دەدا.
ساڵی ١٩٨٠ عێراق و ئێران شەڕیان ھەڵگیرسان دژی یەک ، ئەوسا یەکێتی پەیوەندیەکانی چاک کردبۆوە لە گەڵ ئێران ، قیادە موەقەتەش ھەرلەکۆنەوە لەگەڵ ئیڕاندا بوون . ستراتیژی شەری حکومەتی عێراق لە کوردستانداگۆرانی بەسەرداھات و ئەوان زیاتر پەلاماری ھێزەکانی پاسدارو سوپای ئێرانیان دەدا ، ھەلێکی باش رەخسابوو بۆ یەکێتی و پارتی بۆئەوەی کاری باش بکەن و خۆیان کۆبکەنەوە دژی ڕژێمی بەغدا ، بەڵام لەباتی ئەوە ھێزەکانی کورد پارتی ، یەکێتی ، حسک ، حزبی شیوعی کەوتبوونە گیانی یەکتر و ئەوەندەی توانیان لە یەکتریان کوشت ، شەڕو ناکۆکیەکانی نێوان ئەم لایە سیاسیانە زیاتر لە ٣ ساڵی خایاند و لەساڵی ١٩٨٤ دا بەداخستنی دەرگاکان بەڕووی یەکێتیدا کۆتایی ھات کە ناچاربوون ڕووبکەنە بەغدا بۆ گفوگۆکردن و دەست خستنە دەستی بەعس ، ئەم ھەنگاوەی یەکێتی کاردانەوەیەکی خراپێ لێکەوتەوە چ لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا و چ لە ڕیزەکانی میللەتدا چونکە ئەوان بەعسیان لەھەموو کەس باشتر دەناسی و دەیانزانی ھەڵوێستیان چۆنە بەرامبەر بە کورد ، یەکێتی لەم ھەنگاوەیاندا خۆیان بە ناچار دەزانی و زۆر تەنگەتاو بوبون ، تەنانەت ئەوەندە شپرزە بوبون فریای ئەوە نەکەوتن ڕێکخستنەکانی دەرەوە و پەیوەندیەکانیان لە وڵاتانی سوریاو لیبیا ئاگادار بکەنەوە و کێشەی زۆریان بۆ دروستکردبوون ، ژمارەیەک لەوانە پەڕینە وڵاتانی ئەوروپاو قسەی ناشیرینیان بە سەرانی یەکێتی دەگوت ، یەکێتی لەم ھەنگاوەیدا دەیویست بەھەر نرخێک بێت بێتەوە مایە و لەگەڵ حکومەتی عێراق بگاتە ڕێککەوتن بەلام بە پێچەوانەوە بەدەستی بەتاڵ گەرانەوە ناو ڕیزەکانی میللەت ، پێش تێکچوونی گفتوگۆکەیان و گەرانەوەیان بۆ کوردستان بەعس ھەرەشەی ئەوەی لێکردن ئەگەر بیتو دەست بخەنە دەستی ئێرانیەکانەوە بۆ لێدانی ئێمە ئەوا ئێمەیش بە چەکی کوشندە وەلامتان دەدەینەوە ، بەپێچەوانەی ئەمەوە یەکێتی نەک ھەر ھەرەشەکانی سەددامی بەھەند وەرنەگرت و حسابی بۆ نەکرد ، ئەمجارەیان لەدڵەوە دەستیان خستە دەستی پاسداران و حکومەتی ئێران و شەر بەردەوام بوو لە کوردستاندا ، پارتیش لەلای خۆیەوە چی لەدەستھات بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێراندا کردیان ، ئەوکاتە شەرەکەی نێوان عێراق و ئێران گەرم بوو ، ڕوسیا و ئەمەریکا لەسەر خەت بوون بۆ یارمەتیدانی ھەردولا بە چەکی قورس و توانیبویان تەرازوی ھێز لە نێوان ئەم دوانەدا ڕابگرن ، زۆری پێنەچو ھێزەکانی ئێران لە زۆر شوێنەوە ھاتنە ناوەوە ، لەناوچەی ھەولێرو حاجی ھۆمەران پارتی و لەناوچەی سلێمانیش یەکێتی چاوساخ بوون و بەھەردولا توانیان ھەندێ شوێن بگرنەوە دەست و ھێزەکانی سوپای عێراق دەرپەڕێنن وخۆیان و پاسدار جێگایان بگرنەوە ، ئەم ھێزانە شۆڕبوونەوە بۆ قووڵایی ناوچەکە ، حکومەتی عێراق کاتێک بەخۆی زانی پاسدارانی ئێران گەیشتوونەتە کانە نەوتەکانی کەرکوک ، لەولاشەوە نزیکبوونەتەوە لە ھەلەبجە ، لە ناوچەی حاجی ھۆمەرانیش شوێنی گرنگیان گرتبوو ، حکومەتی عێراق دەستبەجێ ھەڵەبجەی چۆڵکرد و لە جێی ئەوان پێشمەرگەو پاسدار چوونە ناو شارەکەوە و ھەڕەشەیان لەھەرکەسێک کرد ئەگەر شارەکە جێبھێڵی و بە خائین و ترسنۆک ناویان دەبردن . بەرامبەر بەمە حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆی بەجێھێنا وئەنفالی دەستپێکرد لە ناوچەکانی کوردستان کە قوربانیەکانی زیاتر لە ١٨٢ ھازار کەس بوون ھەروەھا کەوتە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە زۆر ناوچەی کوردستان ، ھەڵەبجەی کیمیاباران کرد و لەچەند خولەکیکداپێنج ھەزار کەس شەھید بوون و زیاتر لە دە ھەزار کەسیش بریندار بوون ، ھەرچی پاسدارو بەرپرسەکانی یەکێتیش ھەیە ھەر ھەموویان ڕایانکرد بۆ دیوی ئێران و خەڵکی شاری ھەڵەبجەیان فریوداوبەجێھێشت کەسیش لە دانیشتوان فریای ھیچ نەکەوتن ، دوابەدوای ئەم کارەساتە جەرگبڕو دڵتەزێنە ھەر بەرپرسەکان خۆیان بوون کە ھاتنەوە ناو شاری ھەلەبجەو دەستیان کرد بە تاڵان و بڕۆی شارەکە و ھەموویان ئاودیوی ئێران کرد ، زێرو ئاڵتونیان لە لەشی لاشەی خنکاوی ئافرەت دادەماڵی و شانازیان بەم کارەوە دەکرد ، ئەم بێئەخلاقانە ھەتا ئێستایش خۆیان بە دەمڕاست و نوێنەری میللەت دەزانن .
کارەساتەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە ، ھەروەھا شەڕەکانی پێشووتر ئەوە دەگەیەنن کە دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا بە مێشکێکی خێڵەکی بەتاڵەوە شەڕیان لەگەڵ دوژمنانی گەلەکەمان کردوە و خەڵکیان بە کوشتداوە چونکە خاوەنی ستراتیژی سیاسی و سەربازی نەبوون ، نەخۆیان ناسیوە نە دوژمنەکانمان ، لەخوێن و ئارەق و فرمێسکی خەڵکی کوردستان نەترساون و زۆر بێباکانە ملیان ناوە و بێنرخ و بێحورمەتانە حسابیان بۆ ئەو خەڵکە کردوە و وەکوو کۆیلەو مێگەل مامەلەیان کردوون ، بەلایانەوە گرنگ نەبوە و نیە ئەگەر بەھەڵەو خەتاو تاوان و خیانەتەکانیان ملیۆنێک ڕۆڵەی ئەم میللەتە بە کوشت بدەن تەنھا و تەنھا بۆئەوەی خۆیان پادشای وڵات بن ، سەرانی پاری و یەکێتی و حزبەکانی تر لەدوای ئەنفال ھەموو ھەڵاتن و ڕوویانکردە ئێران ، کوردستان پێشمەرگەو چالاکی پێشمەرگەی تێدا نەما ، حکومەتی عێراق ھێزی سوپاو ئاسایشی لە ناوچەکانی کوردستان بڵاو کردەوە ، ڕاگواستنی دەستپێکرد لە گوندەکانی سەر سنووری عێراق – ئێران و بەدرێژایی چەندەھا کیلۆمەتر کەسی تێدا نەھێشت و ھەموویانی ڕاپێچ کرد بۆ ئۆردوگای زۆرەمڵی . حزبە کوردستانەیەکان کە پێشتر خەریکی یەکتر کوشتن بوون و دوژمنیان بیرچووبۆوە و ئێستایش بە مایەپوچی لێی ھاتنەدەورەوە ھەر ھەموویان ھەڵاتن بۆ ئێران و فشەبەرەیەکیان درووستکرد کە پێکھاتبوو لە (یەکێتی ، پارتی ، حسک ، پارتی گەل ، پاسۆک ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ، بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشووری) ، لەساڵی ١٩٨٩ دا من چوومە ئێران و نزیکی ساڵێکی لێمامەوە ، ئەم حزبانەی سەروە ھەر ھەموویان لە دیوی ئێران بوون و نانخۆری کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و بەبی رەزامەندی ئەوان نەیاندەتوانی ھەنگاوێک بنێن ، جەماوەر لەمانە بێزاربوو و بەئارەزووی خۆیان قسەیان پێئەوتن ، ئەوانیش مێش میوانیان نەبوو ، ئەگەر مام جەلال یان کاک مەسعود بیانویستایە سەفەرێک بکەن بۆ دەرەوەی ئێران دەبوایە دەزگای قەرارگا یان ئیتیلاعات ئاگادار بکەنەوە ، ئەوکاتانە شەڕی عێراق و ئێران ڕاگیرابوو بەڵام ھەرلایە بڕواو متمانەی بەویتر نەمابوو و بیریاندەکردەوە چۆن چاڵ بۆ یەکتری ھەڵکەنن ، خومەینی کە بریاری ڕاگرتنی شەڕەکەی دابوو لە مانگی ٧ و ١٩٨٩ دا مرد ، دوابەدوای ئەم بارودۆخە ، ساڵێکی نەبرد سەددام لە ساڵی ١٩٩٠ دا کوێتی داگیرکرد ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای کشانەوەیان لێکرد بەڵام ئەو گوێێ پێنەدا و ھێزەکانی نەکشانەوە . چەند مانگێک دوای ئەوە واتە لە ١٧/٠١/١٩٩١ دا جەنگی کەنداو دەستیپێکرد و سەددام ئیسرائیلی دایە بەر موشەک ، ھەر ئەوکاتە دەرفەتێکی نوێ ھاتە پێشەوە بۆ خەڵکی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە ، لەناوەڕست و خوارووی عێراق و کوردستان ڕاپەرین دەستیپێکرد، لەکوردستان شارەکانی ڕانیە ، سلێمانی ، کەرکوک ، ھەولێر ، دھۆک ڕزگار کران و کەوتنەوە دەست کورد ، ئەمەریکا کە ھەمیشە بۆ بەرژەوەندی خۆی کار دەکات و زیاتر لە دەمووچاوێکی سیاسی ھەیە پشتگیری لەم ڕاپەرنە نەکرد و ھانی سەددامی دا کە بەئارەزووی خۆی قەتڵ و عام بکات لە ھەمەموو ناوچەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە بۆیە کورد باناچاری کۆڕەوەکەی دەستپێکرد و ئیتر ئەوسا ئەمەریکا لە مانگی ٤ ی ١٩٩١دا پشتگیری دژەفڕینی کرد و ھەوڵی دا پشتیوانی بۆ کۆڕەوەکە پەیدا بکات . ھۆکاری ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا ئەوەبوو کە جڵەوی سیاسی لە عێراقدا نەکەوێتە دەستی خەڵکانی سەربە ئێران ، ھەروەھا خەڵکی چەپخواز و رادیکال.
جگە لە پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ کۆڕەوەکە ، ھەموو دنیا دەنگی نارەزایی بەرزکردەوە و ھەڵسایە سەرپێ بۆ کورد ، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانە مەدەنیەکان ھاتنە سەر خەت ، ھونەرمەندانی ئەوروپاو دنیا بە کۆنسێرت و ئاھەنگ گێڕان پاڵپشتییان لە کورد کرد و داھاتی کۆنسێرتەکانیان بەرەوڕووی کورد کردەوە ، نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانی دنیا پشتگیری خۆیان بۆ کورد دووپاتکردەوە ، ئالەم کاتە ناسکەدا دەرفەتێکی زۆر جاک و لەبار بۆ کورد ھەڵکەوت کە کیانێک بۆخۆی درووستبکات و بانگەشەی دەوڵەتی کوردی بکات ، بەڵام بەپێچەوانەوە سەرانی یەکێتی و پارتی لە جێی ئەوە ڕایانکرد بۆ بەغدا و کەوتنە ماچکردنی ئەملاولای جەللادەکەی کورد سەددام حوسەین و بەمکارەیان ھاتنەوە خاڵی سفر و خۆیان و کوردیان سووک و بێحورمەت و بێنرخ کرد . کە میللەتان و وڵاتانی دنیا ئەم دیمەنە قێزەونەیان بینی سەریان سووڕما و لە جێی خۆیان ساردبوونەوە و ئیتر چیتر وەکوو جاران گوێیان نەدایە کورد .
لەکۆنەوە سەرانی یەکێتی و پارتی بەبیانووی ئەوەی کورد لەھەر چوارلاوە دەورەدراوە بە دوژمن ، کوردستان ھیچ بەشێکی ناکەوێتە سەر دەریا و یارمەتی نێودەوڵەتی پێناگات بۆیە بانگەشەی دەوڵەتی کوردییان نەکردوە ، بەڵام ئەم قسەو پێنەوپەڕوانە ھیچیان ڕاست و دروست نین و لە جێی خۆیدانین ، ئەگەر کورد خەباتی شۆڕشگێرانەی درێژخایەنی بکردایە و خاوەنی گوتارو ستراتیژێکی سیاسی یەکگرتوو بوایە ، لەبەرەیەکی نیشتمانیدا خەباتی ڕزگاریخوازانەی درێژە پێبدایە و ئەوەندە ڕاینەکردایەتە باوەشی دوژمنەکەی بەناوی جۆراوجۆرەوە یاخود بۆ خۆشکردنی شەڕی ناوخۆ ، ئەوا دوور نەبوو کوردیش وەکوو میللەتانی چین، فێتنام، کەمبۆدیا و کوبا و زۆر وڵاتی تر سەبەخۆیی خۆی بەدەست بھێنایە . کاتیخۆی لەسەرەتای نەوەدەکاندا کاتێک بلۆکی ڕۆژھەڵات ھەرەسی ھێنا ، زۆرێک لە دەوڵەتانی سەر بەسۆڤیەت ئەم ھەلەیان قۆستەوە و لە سۆڤیەت جیابوونەوە و بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ ، لە یۆگۆسلاڤیاش بۆسنە و ھەرسەک کەوتنە شەڕێکی ڕزگاریخوازانەی خوێناوی بە سەرکردایەتی عەلی عیزەت بیگۆڤیتیش (١٩٢٥-٢٠٠٣) ، ئەمان درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیاندا و کۆڵیان نەدا ھەتا سەبەخۆییان بەدەستھێنا و بوونە دەوڵەت . عەلی عیزەت لەدوای جەنگ و دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی دایتۆن لەساڵی ١٩٩٠ تا ساڵی ١٩٩٦ بوو بەیەکەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا تیایا کول و کافر بوون و تکای زۆریان لە عەلی عیزەت کرد کە داوای دامەزراندنی دەوڵەت نەکات و لەناو یۆگۆسلاڤیادا بمێنێتەوە ، بەڵام ئەو چونکە بە ڕاستەقینە سەرکردەو دڵسۆزی گەلەکەی بوو ، بەقسەی کەسیانی نەکرد و سەربەخۆیی ڕاگەیاند ، ئەمە لەکاتێکدا بۆسنە و ھەرسەک ھەرچواردەوریان دوژمن بوو ، وڵاتەکەشیان لەسەر دەریانەبوو و خۆشیان موسوڵمان بوون ، بەڵام لەبەرئەوەی میللەتەکەو سەرکردەکەیان ئیرادەی بەھێزی ڕزگاریان ھەبوو ، کۆڵیان نەدا ھەتا بوونە دەوڵەت . میللەتان و دەوڵەتانی دنیا ، موراقیبە سیاسیەکانیان ، دیپلۆمات و سیاسەتمەدارەکانیان ناھەقیان نیە ئەگەر بڵێن : ئەوە ھەر کوردە لەم دنیایەدا زیاتر لە نیوسەدەیە خوێندەدا و دەڕێژێ و تەپوتۆزدەکات و ھیچیان بە ھیچ نەکردوە و ھەر بەتەمای ئەوەن دوژمنەکانی کورد یان زلھێزەکان شتێکیان بۆ درووست بکەن . کورد خاوەنی نوخبەیەکی دز و جەردە و گەندەڵە ، دینو ئیمان و باوەڕیان پارەیە و ئەوەی ئەوان نەیانەوێ سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیە ، میللەتانی دنیا کەمتر لەکورد خەبات و تێکۆشانیان کرد بەڵام ھەموو ڕزگاربوون و بوونە خاوەن دەوڵەتی خۆیان .
نموونەیەکی تر کە نیشانی دەدا کورد خاوەنی نوخبەیەکی سیاسی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر نیە ئەوەیە لەکاتی ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ دا زۆربەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی پێشبرکێیان دەکرد چۆن کوردستان تاڵان بکەن و ئاودیوی ئێرانی بکەن ، ئەمانە ھەر زوو بە خێرایی ھەڵیانکوتایە سەر بانکەکان و تاڵانیان کرد ھەروەکوو دوژمنانی ئەوان پارەیان لە بانکەکاندا دانابێ!!!!! و پارەکە ھی میللەت نەبووبێ !!! بەنداوی بێخمەو کەرەسەکانی ئەو بەنداوەیان فرۆشت و ئاودیوی ئێرانیان کرد ، ھەر شتێکی تری بە نرخیان دەستبکەوتایە لە ئوتومبیل ، گەڵابە ، قەڵابە ، شۆڤل ، شیش ، ئاسن و دەرگاوپەنجەرە ھەمویان دەبردە دیوی ئێران ، ئێمە ئەوکاتە لەڕێگای پەیامبەرو شورنالیستە بیانیەکانەوە کە ڕووداوەکانیان ڕووماڵدەکرد و لە کوردستانەوە دەیانگواستەوە بۆ ئەوروپا ، ئەم دیمەنە قێزەون و ناشیرینانەمان بەجاوی خۆمان دەبینی و نەفرەتمان لەھەموو ئەوانە دەکرد کەبەوکارە ھەڵدەستن .
نموونەیەکی تر کە ترسنۆکی و بێخەمی ئەمانە نیشاندەدات ئەوەیە لەدوای ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەو کوردستان ، ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرانی یەکێتی و پارتی ڕژابوونە پایتەختەکانی ئەوروپا بەتایبەتی لەندەن ، لەجارێکیاندا سەعد ساڵح ئەلجەبر کوری سەرەک وەزیرانی کۆنی سەردەمی پاشایەتی لە عێراق کەیەکێک بوو لە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق ، بیرۆکەی فیدرالی دەخاتە بەردەمی سەرانی یەکێتی و پارتی وکوو خواستێکی کورد کە کاری بۆبکرێ لە داھاتوودا ، ئەو لە دۆستایەتی بەولاوە مەبەستێکی تری نەبوو ، کاتێک بەخۆی زانی کەوتە بەر ڕەخنەو تانەو تەشەری سەرانی یەکیتی و پارتی و کابرایان کرد بە عەرەبی تڕکەن و پێشنیارەکەیان ڕەتکردەوە و پێێانوت کەی ئێستا کاتی ئەوەیە ! کەی ئێمە داوای شتی وامان کردوە ، پیاوی چاکبە کێشەمان بۆ درووست مەکە و پێشنیاری واش بۆ ئێمە مەکە ، ئەو سەردەمە ئەمانە ڕازیبوون بەوەی سەددام مزگەوتێک ، قوتابخانەیەک ، خەستەخانەیەکی بچوکیان بۆ درووستبکات و ھیچی تریان نەدەویست .
لەنەوەدەکاندا فرانسۆ میتران ی سەرۆکی ئەوسای فەرەنسا بانگھێشتی سەرانی پارتی و یەکێتی کرد کە بچنە پاریس و بیرۆکەی دامەزراندنی کیانێکی سیاسی بۆ کورد (دەوڵەتی کوردی) خستە بەردەمی ئەمانە کە بە نھێنی و بە شێنەیی کاری بۆبکەن بەومەرجەی بەینی خۆیانبێت و ھیچ لایەن و کەس و وڵاتێک بەمە نەزانێ ، ئەم مێشک پووچانە کەپڕن لەبەتاڵ ، چونکە شتی وایان بە خۆیانەوە نەدیوە و لەمێژەوە خۆیان بە بچووک و بێنرخ زانیوە و ھەموویان نۆکەرو وابەستەی دەزگا ھەواڵگرییەکانی تورک (میت) و دەوڵەتی تورک بوون ، خۆیان بۆ نەگیرا و ماخۆلانیان بوو وەکوو جیوەت تێکردبن ، ڕایانکرد بۆ لای تورکەکان و موژدەیان پێدان و پێیان وتن : فریاکەون ، فەرەنسا دەیەوێ دەوڵەتمان بۆ درووستبکات ، بەم کارە چارەی خۆیان لای فەرەنسیەکان گران کرد و نرخ و حورمەتیان دابەزی ، چارەی فەرەنساشیان لای تورکەکان ناشیرینکرد ، زۆری پێچوو تاوەکوو فەرەنسا بە حوکمی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان جارێکیتر لای لەمانە کردەوە.
لەدوای ڕاپەرین و کۆڕەوەکەی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردن دەستیپێکرد ، خەڵکی کوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و لەدڵەوە بەشداری ھەڵبژاردنەکەیان کرد بەوھیوایەی ئیتر جارێکیتر ڕۆژە سەخت و تاریک و خوێناویەکانی ڕابوردوو دووپات نابێتەوە و لە سێبەری ئازادی و دیموکراتیدا حزبە کوردستانیەکان دەتوانن پێکەوە ھەڵکەن و خزمەتی ئەو میللەتە بکەن و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان قەبوڵ بکەن . پاش گزی و فزییەکی زۆر ئەنجامەکان ئەوەی نیشاندا کەپارتی نیسبەتێکی زیاتری ھێنابێ لە یەکێتی٤٩% بۆ یەکێتی و ٥١% بۆ پارتی و دەبوایە بەو پێیە یەکێتی دەسەڵاتی ڕادەستی پارتی بکردایە و خۆی ببوایەتە ئۆپۆزسیۆن ، بەڵام ئەقڵی خۆپەرستی و خێڵەکی و بنەماڵەیی یەکێتی ڕێگربوو لەوەی ئەو ئەنجامە قەبوڵ بکات و ئەوەندەی نەمابوو جارێکیتر شەڕو ئاژاوە دەستپێبکاتەوەو دواتر بەناچاری پارتی و یەکێتی پەنجا بە پەنجا یان پەسەند کردو ڕازی بوون و ئاویان کرد بە ئاگردا.
ھەر ساڵی ١٩٩٢ ھێشتا پەرلەمان ساوابوو ، لەسەر قاچی خۆی نەوەستابوو بەفشارو فەرمانی تورکەکان پارتی و یەکێتی بریارێکیان لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، ھەردولایان کەوتنە پەلاماردانی پ ک ک و شەرێکی خوێناوی دەستی پێکرد و ھێزەکانی پ ک ک یان ناچارکرد بگوێزنەوە بۆ ناوچەی قاسمەڕەش . ساڵێک دوای ئەوە یەکێتی شەڕی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا ھەڵگیرسان و شەڕەکە بە ھەڵاتنی بزوتنەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆتایی ھات ، لەساڵی ١٩٩٤ دا یەکێتی ڕێگەیدا بە ھێزەکانی پاسدارانی ئێران کە بێنە ناوەوە و بە تۆبخانەو چەکی قورسەوە ھێرشیانکردە سەر حزبی دیموکراتی ئێران لەدەشتی کۆیە بەڵام زوو کشانەوە شوێنی خۆیان .
جەولەیەکی تری خوێنڕشتن ١٩٩٤
گورزێکی تری کوشندە
پارتی و یەکێتی تێریان نەخوارد لە ڕشتنی خوێنی لاوی کورد و دەرس و پەندیان وەرنەگرت لە شەڕەکانی ١٩٦٦ – ١٩٧٠ ھەروەھا ١٩٧٦ – ١٩٨٦ کە ھیچیان فڕی بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردەوە نەبوو بەڵکوو شەڕ بوو لە پێناوی شەڕدا . ئەمانە لە ساڵی ١٩٩٤ دا کوێرانە و خێڵەکیانە و دوور لە ھەموو مەنتیقێکی سیاسی و دیپلۆماسی و عورف و عاداتی باو ، بەبێ گوێدانە زەرفی زاتی و مەوزوعی ئەوکاتە کەمەبەستم لە زاتیەکە بوونی ھەرێمێک بەناوی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا بوونی حکومەت و پەرلەمان ، مەوزوعیەکەش مەبەست لەدەسەلات و توانای دەوڵەتانی ترە بەتایبەتی ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپا کەلەشەڕی خەلیجدا چۆکیان بە سەددام دادا و کلک و گوێیان کرد و لە سنوورێکی تەسک و دیاریکراودا دەسەڵاتیان بۆ ھێشتەوە لەبەغدا . ئالەم کاتەدا کە سەرکردە دەبەنگەکانی پارتی و یەکێتی واتێگەیشتبوون کە ئەوان پاڵەوانی مەیدانەکەن و ئەوە ئەوانە و ئازایەتی ئەوانە کە ھەرێم و حکومەت وپەرلەمان ھەیە ، ئەوە ئەوانن کە سەددامیان بەزاندوە و شکستیان پێھێناوە …ئالەوکاتەدا بەھۆی بەیەکدادانێکی چەکدارانەی نێوان ھەردولاوە لەناوچەکانی قەڵادزێ و ڕانیە شەڕێکی خوێناوی تریان بەرپاکرد کە ئەمیشیان ٣ ساڵی خایاند و باجەکەی زیاتر لە ٤٠٠٠ چوار ھەزار پێشمەرگەی ھەردولابوو ، ئەمانە بەکوڵ شەڕیاندەکرد و تینووی خوێنی یەکتر بوون ، پەرلەمان و حکومەت و ھەرێمیان کرد بە دووکەرتەوە، ھێزەکانی یەکێتی توانی ھێزەکانی پارتی ڕابماڵێت و شاری ھەولێر داگیربکات و بە مەسعود بارزانی بڵێن: مەگەر بە دوربین چاوت بە ھەولێر بکەوێتەوە ، پێش ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ ھێزەکانی یەکێتی گەیشتنە سەری ڕەش و شاخی سەفین ، مەسعود بارزانیان تەنگەتاو کردبوو بۆیە دەستبەجێ مەسعود داوای یارمەتی لە سەددام تکریتی کرد ، ئەوەبوو لە ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ دا سوپای عێراق بە چەکی قورسەوە ، بە ھەزاران سەرباز و کەتیبەی دەبابەو تۆپخانەوە پەلاماری شاری ھەولێریانداو بەھاوکاری پارتی چەند توانیان خوێنیان ڕشت و ھەولێریان داگیرکردەوە و خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان ، ھێزەکانی یەکێتیش پەرش و بڵاو بوونەوە و گەیشتنە سنووری ئێران و دواتر بەبریارو ئاگاداری ئەمەریکا دێگەلەیان کردە سنووری نێوان پارتی و یەکێتی ، لە ٢٥/٠٩/٩٩٧ دا ھێزەکانی تورکیا بۆ یارمەتیدانی پارتی ھاتنە ناو خاکی ھەرێمەوە و پەلاماری ھێزەکانی یەکێتی و پ ک ک یان دا و ئیتر ئەمە بوە ھەلێک بۆ تورکیا بۆ ھێشتنەوەی سەربازەکانی لە ھەرێمی کوردستان . ئەم شەڕەی دوایی نێوان یەکێتی و پارتی بە ڕێککەوتننامەی واشنتۆن کۆتاییھات کە ھەردولا واژۆیان لەسەر کرد .
لەدوای ڕێککەوتننامەی واشنتۆن شەڕی نێوان یەکێتی وپارتی کۆتایی پێھات ، ھەرچەند ناکۆکیش یان نارەزایی ڕوویدابێ لە نێوان ئەم دوولایەدا لەدوای ڕێککەوتنەکە ئەوا لەبەر فشار و چاوسوورکردنەوەی ئەمەریکا نەیانوێراوە پەنابەرنەبەر شەڕ و بە شێوازی تر چارەسەریان کردوە . بەم بۆنەیەوە ساڵی ١٩٨٩ چوومە ئێران و پاش ماوەیەکی کورت چاوم بە مام جەلال کەوت ، ھەرلەڕێوە وتی وەرە با نوکتەیەکی حەمە سەعیدی برات بۆ بگێرمەوە ، وتم فەرموو: وتی ئەزانی کاتی خۆی حەمەسەعیدی برات بە ملازم عومەر و برادەرانی تری مەکتەبی سیاسی وتوە : ئەم شەڕە سەگە ھەر بە مام جەلال دەکرێت !! منیش پێکەنیم وتم توشەرەف ناوی چی لێدەنێیت ؟ دەبا لێرەدا ھەموومان میللەت بکەینە حەکەم ر ڕیش سپی بۆ ئەوەی ناوێک بۆ ئەم شەڕانەی لەکوردستاندا کرا بدۆزێتەوە ، بزانم لە قسەی براکەی من باشتر دەدۆزێتەوە؟ !
ئاخر ناوی چی لەشەری ئەم ٣٥ ساڵە دەنێیت کەپارتی و یەکێتی بە خوت و خۆرایی و بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی خۆیان و سەرکردەکانیان خوێنی ئەو خەڵکەیان ڕشت و بە فیرۆدا ، لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەو ناوچەکانی تر و ھەروەھا بە کوشدانی ھەشت ھەزار بارزانی و وێرانکردنی ھەزاران گوندی کوردستان و دەربەدەرکردنی ھەزاران و ڕاگواستنی خەڵکی داماو و بێدەرەتان بەولاوە ، لەمانە زیاتر کامەیە ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتوەبۆ کورد؟.
ئایا لەو ٣٥ ساڵەی خوێنڕشتنەدا کەسێکی خۆیان بە کوشتدا ؟! من ڕووی دەمم دەکەمە سەرانی ھەردو حزبەکە و ڕاشکاوانە پێیاندەڵێم تو شەڕەفتان تو کەرامەتتان تو ئەخلاقتان ئەگەر ئیوە چەکتان ھەڵنەگرتایە و تەقە نەکرایە لە کوردستاندا باشتر نەبوو لەوەی کردتان ؟!!!!
ھەڵبەتە ئەقڵیەتی سیاسی کورد بە ئێستاشەوە درێژەدانە بە ئەقلیەتە خێلەکیە کۆنە دواکەوتوەکە و لەکارکەوتوە و تۆزی لێنیشتوە و پیویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕین ھەیە چونکە عاجزە وەڵامی داواو پرسیارەکانی سەردەم بداتەوە. سەدان ساڵە کورد بەھۆی پارچەپارچەکردنی خاکەکەی و دابەشبوونی بەسەر چەند دەوڵەتێکی داگیرکەردا بۆتە خاوەنی کولتورێکی سەقەت چونکە داگیرکەرانی دوژمن خۆیان تێکەڵی زمان و کولتوری ئێمە کردوە و لەھەوڵی شێواندنیابوون ، جگەلەوەی باری ئابوری و سیاسی ئێمەیان ھەڵوەشاندۆتەوە و بە ئارەزووی خۆیان سنووریان بۆداناوە ، کولتوری عەرەب و فارس وتورک لەگەڵ ئیسلامی توندرەو باڵیان کێشاوە بەسەر کولتوری ئێمەدا و چەندین ساڵە کۆمەڵگای سەقەت و سەرکردەی سەقەت و کاری سەقەت بۆ ئێمە بەرھەمدێنن . مافێکی ڕەوای کوردە لەگەڵ خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا ئەم کولتورە سەقەتە ڕەتبکاتەوە بۆئەوەی ڕزگاری ببێت لە نوخبەی سیاسی سەقەت و ئینسانی سیاسی سەقەت.
ھەر ئەم ئەقڵە دواکەوتوە ، ھەر ئەم ئەقڵە خێڵەکیە داوەشاوە توانیان بەدرێژایی ئەم ساڵانەی ڕابوردوو یاری بە خوێن و ئارەق و فرمێسکی تاکی کوردەوە بکەن ، کەرامەت و شەرەفی کورد بڕووشێنن بۆ بەرژەوەندی بنەماڵە ، کەی ویستبێتیان لەگەڵ دوژمنی گەلەکەماندا شەڕیان ھەڵگیرساندوە و بە پێچەوانەوە کەی ئارەزوویان کردبێ ئاشتییان لەگەڵدا کردوە یاخود بوونەتە نۆکەری ، ھەروەھا شەڕەناوخۆیەکانی کوردیشیان ھەر والێکرد، ئەوانە چونک حزبی بنەماڵە و تاکەکەس بوون، چۆنیان ویستبێ ھەروایانکردوە و حسابیان بۆ کەس نەکردوە ، نموونەی ئەمە کەسێکی وەکوو مام جەلال کە یاساناس بوو ، سیاسەتمەدارو دیپلۆمات ، دەیان ساڵ لە ڕیزەکانی قوتابیانی کوردستان و لاوان و حزبدا کاری سیاسی کردبوو خۆی بە دیموکرات دەزانی بەڵام ھەمیشە تاکرەوانە و دیکتاتۆرانە ملی ئەنا ، ئەو کە بە ئەندازیاری شەڕی ناوخۆ ناوی دەبرێ ، لەپاش ئەم ھەموو خوێنڕشتن و کوشتارو ماڵوێرانیە لەپڕ بە گۆشەیەکی ١٨٠دەرەجەیی خۆی گۆڕی و چووە سەر مەزاری مەلا مستەفا لە بارزان و سەردانی حەمایلخانی ھاوسەری کرد و دانی نا بە ھەڵەکانی خۆیدا و بەوەش نەوەستایەوە و دەستیکرد بە پروپاگاندەکردن بۆ شەخسی مەسعود بارزانی بۆئەوەی ببێتە سەرٶکی ھەرێم بەرامبەر بەوەی خۆی ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق کە دواتر دێمەوە سەری .
دەرفەتێکی تر بۆ بانگەشەی سەربەخۆیی
لە ڕۆژی ٩ ی نیسانی ٢٠٠٣ دا وەرچەرخانێکی سیاسی گەورە ڕوویدا لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەراست ، سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش بریاریدا لەو ڕۆژەدا ھیرش بکاتە سەر عێراق و ھێزەکانی ئەمەریکا لە چەندقۆڵێکەوە ھاتنە ناو خاکی عێراقەوە و بە موشەک ژێرخانی ئابووری عێراق و بنکە سەربازیەکانیان تەخت کرد و توانیان لە ماوەی ٣ ھەفتەدا ڕژێمی سەددام بروخێنن و ھێزەکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە لە شارەکانی بەغداو کەرکوک و تکریت ، ھەر لە ڕێوە وەزارەتەکانی بەرگری و ڕاگەیاندیان ھەڵوەشاندەوە و حاکمێکی مەدەنیان بۆ عێراق دانا بە ناوی پۆل برێمەر کە حوکمی عێراق بکات .
ئەوکاتە دنیا شڵەقابوو کەس بەکەس نەبوو عێراق بەبێ خاوەن بوو کوردستان ئازاد بوو نە حکومەت ھەبوو نە سوپا نەپۆلیس و نە ئاسایش ، لایە سیاسیە عێراقیەکانیش لەسەر قاچی خۆیان نەوەستابوون و خەریکی خۆکۆکردنەوە بوون و کەسیان دەسەڵاتی نەبوو ، ئالەم کاتەدا ھەلێکی زێرین ، دەرفەتێکی زۆر لەبار بۆکورد ھەڵکەوت کەخۆی ساخبکاتەوەو بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان بکات ، بەڵام مەخابن لەبەرئەوەی سەرانی پارتی و یەکێتی لە مێژەوە خۆیان زۆر بە بچووک زانیوە و لەخۆیاندا رانەدەبینی ئەو ھەنگاوە پیرۆزە بنێن کە ھەموو کوردی لەگەڵدا بوو ، ڕایانکرد بۆ بەغدا بۆلای برێمەر و لەباتی ئەوە داوای پارە و بودجەیەکی باشتریان لێکرد و بەشداریانکرد لە مەجلیسی حوکم ولکاندنەوەی عێراقی ھەڵوەشاوە بە کوردستانی ئازادەوە و دواتر ڕازیبوون بە پەسەندکردنی دەستوورێکی لوغمکراو کە کەی دوژمنانی کورد ویستیان مادەو برگەکانی بتەقێننەوە بەڕووی کوردا ، لەم دەستوورەدا زۆرشت بە ھەڵواسراوی مایەوە بەتایبەتی مەسەلەی کەرکوک و دەوروپشتی کەلە٤٠% خاکی داگیرکراوی کوردستانە و ناویان بردوە بە ناوچەی جێناکۆک و مادە ٥٨ و ١٤٠ یان بۆدانا کە گوایە ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و تەعریب و تەبعیسی تیا نەمێنی و دوایی سەرژمێری بکرێ لەگەڵ ڕاپرسی بەمەرجێک تامانگی ١٢ ی ٢٠٠٧ کۆتایی پێبێت بەڵام ئەمانە ھیچی جێبەجێ نەکران ، پارتی و یەکێتیش لە شیڕە شیڕ و ھاوار ھاوار و شیوەنکردن بەولاوە ھیچی تریان پێنەکرا . ساڵی ٢٠٠٣ پارەیەکی زۆر ڕژایە عێراقەوە کە ھەموو لایە سیاسیەکانی گێژو سەرسام و سەرخۆش کرد بەتایبەتی پارتی و یەکیتی کە ھەر ھەڵپەی پارەیان بوو . ئەمەریکاییەکان وتیان: تاقمە خەڵکێکمان ھێنا بۆئەوەی دەسەڵات بگرنەدەست لە عێراق و حوکم بکەن ، کەچی ھەموویان سەرسەری و ھەتیوی سەر جادە و دزو جەردەیان لێدەرچوو . نووسەر و بیرمەندی عەرەب محەمەد حەسەنەین ھەیکەل دەڵێ: عێراق بانکێک بوو ، دزوجەردە دایان بەسەریا و تاڵانیان کرد. ھەدولا خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن بوون ، کەمتر لایان لە میللەت دەکردەوە ، کەمتر خەریکی ئاوەدانکردنەوە و پرۆژەی ئابوری بوون ، ھەردولایان کێبرکێیان بوو لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێ خەڵک زیاتر کۆبکاتەوە لەخۆی ، ئەگەر لایەکیان فەڕاشێک ، چایچیەک ، کرێکارێکی دابمەزراندایە ، خێرا لایەکەی تریش ھەمان شتی دەکرد ، بەوپێیە ھەزاران کەسیان بە نایاسایی و بێئەوەی پێویست بێت دامەزراندو ئەوخەڵکەیان کردە بار بەسەر خۆیان و میللەتەوە . جگەلەوە میللەتیان فێری مشەخۆری و نوستن و باوێشکدان کرد ، لەباتی ئەوەی میللەتی ئیشکەر و بەرھەمھێنەر بێت ، خەڵکیان وا ڕاھێنا بوو ، فێرکردبوو کەی سەری مانگ بێت و بچێت مووچەکەی وەربگرێت ، بەھەزاران کەسیان لە دانیشتوانی گوندەکان دامەزراند بە پۆلیس ، پۆلیسی مرور ، زێرەڤان، ئاسایش ، پێشمەرگە ، فەڕاش ، بەم شێوەیە گوندنشینەکان ژمارەیان کەم بوەوە و ئەوانی تریش ورد ورد ڕژانە شارەکانەوە.
پارتی و یەکێتی لەبەرئەوەی لە ھەناوی بیرێکی خێڵەکی دەرەبەگایەتی پەنجاکانەوە ھاتبوون و سەریان ھەڵدابوو ، ھێشتا نەیانتوانیبوو لێی ڕزگارببن ، خاوەنی بەرنامەیەکی مۆدێرن و سەردەمانە نەبوون و بەڕاوەستاوی مابوونەوەو لەجێی خۆیان تەپوتۆزیاندەکرد و خۆیان ئامادەنەکردبوو بۆ ئەو وەرچەرخان و تەقینەوە سیاسیە گەورەیە کە لە عێراقدا ڕوویدا ، ئامانجی ئەوان بە ئێستاشەوە تەنھا پارەپەیداکردن بوو لەگەڵ ھەندێ پۆست.
بارزانی و تاڵەبانی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی ڕێکدەکەون
پێش ئەوەی ھەڵبژاردنی ٢٠٠٥ دەست پێبکات لە عیراق ، مام جەلال دەیویست و زۆریش مەبەستی بوو ببێتە سەرۆک کۆمار ، ئەمە خەون و ئاواتی ئەو بوو دەبوایە کاری بۆبکردایە و لایەنە کوردی و عەرەبیەکانی ڕازی بکردایە ، بۆئەم مەبەستە لەقاپی بەرپرسە حزبی و تایەفی و مەزھەبیەکانی عێراقی دا و ڕووی دەمی لە حزبەکانی ئەوان نا و تاڕادەیک قەناعەتی پێکردن کە داواکەی ڕەتنەکەنەوە . لە کوردستانیش دەبوایە رەزامەندی مەسعود بارزانی بەدەست بھێنێ بۆئەوەی لەکاتی خۆیدا دەنگی پێبداو کێشەی بۆ دروست نەکات ، پارتی و مەسعود لەخوایان دەویست و ئەم دوایەی مام جەلالیان قۆستەوە و بەگەرمی پشتگیرییان لەمام جەلال کرد بۆئەوەی ئەو لە بەغدا سەرۆک کۆماربێت و کاک مەسعودیش لەکوردستان سەرۆکی ھەرێم . ئەوکاتە دەسەڵاتەکانی پارتی و یەکێتی لە کوردستاندا تاڕادەیەک وەکوو یەک بوو ، ھێزەکانیشیان دابەش بوبون بۆ ناوچەی سەوز و زەرد و ئەو داھات و پارەیەش کە دەھاتە دەست دابەشدەکران و پارتی نەیدەتوانی وەکوو ئێستا بکات لەگەڵ یەکیتی و شەخسی مام جەلال ، پارتی بڕوای وابوو بوونی مام جەلال لە کوردستان ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم بنەماڵەی بارزانیدا و ئەوان ناتوانن بە دڵی خۆیان پەل بھاوێژن و ھەلسوکەوت بکەن ، کارەکانیان لە کوردستان ھەمووی سنووردارە ، لەبەرئەوە بەگەرمی باوەشیان بۆ داواکەی مام جەلال گرتەوە ، لەمەیاندا ئەوان وریاترو زیرەکانەتر لەیەکێتی بیریان لە خۆیان و داھاتووی خۆیان دەکردەوە لەکوردستان و دڵنیابوون بەبێ حزوری مامجەلال دەتوانن زۆر شت بکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بۆیە دەستیان کرد بە پروپاگاندەکردن بۆ شەخسی مام جالال و مام جەلالیش خۆی نزیک خستەوە لە کاک مەسعود و کەوتە پروپاگاندەکردن بۆ ئەو ، دەچوە ھەر جێگایەک دەیگوت : دەنگ بدەن بە کاک مەسعود ، کاک مەسعود ئێستا سەرۆکە و بۆ داھاتووش ھەردەبێ ئەو سەرۆک بێت .
ڕۆژی ٠٦/٠٤/٢٠٠٥ مام جەلال دوای ھەڵبژاردنی لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقەوە پۆستی سەرۆک کۆماری پێسپێردرا ، لە ١٢/٠٦/٢٠٠٥ دا مەسعود بارزانی وەکوو یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژیردرا و سوێندی یاسایی خوارد .
بەم شێوەیە مام جەلال بۆ کورسیەکی سەرۆک کۆمار کە نە دەستکەوتێکی نەتەوەیی و نە دەستکەوتێکی نیشتمانی بوو بۆ کورد کوردستانی جێھێشت بۆ پارتی و مەسعود بارزانی بۆئەوەی بێ سانسور و لێپرسینەوە و سنوور دیاریکردن تەراتێن بکەن بەئارەزووی خۆیان ، پارتی توانی گۆڵی خۆی لەیەکێتی بکات دوای ئەوەی کاک مەسعود بوە سەرۆکی ھەرێم ، مامجەلالیش لەبەغدا ئەوەندەی سەرقاڵی کاروباری عێراق و کێشەکانی عەرەب بوو ئەوەندە سەرقاڵی کێشەکانی کوردستان نەبوو چونکە ھەمووی بەرەوڕووی کاک مەسعود کردبۆوە و بەلایەوە گرنگ نەبوو پارتی چیدەکات چونکە لەسەر ئەمە ڕێککەوتبوون .
پارتی گۆڕەپانەکەی بۆ چۆڵ بوو ، بەئارەزووی خۆی کەوتە چالاکی ، دەستی ھێنا بە ڕێکخستنەکانیدا و خۆی گورجکردەوە ، بەھێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش و زرێڤاندا چوەوە ، ژمارەیەکی زۆری لەخەڵک دامەزراندو فڕێیدانە ناوئەمانەوە ، بە پەیوەندیەکانی دەرەوەی وڵات و بەغدادا چوونەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێکیخستەوە ، کۆنترۆڵی بودجەو داھاتی کوردستانی کرد ، پەیوەندیان لەگەڵ کۆمپانیای گەورەگەورەی نەوتی دنیادا پەیداکرد و ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردن بۆئەوەی بێنە کوردستان و بەدوای نەوتدا بگەڕێن و بەرھەمی بھێنن و ڕەوانەی دەرەوەی بکەن ، پەیوەندیان لەگەڵ تورکەکاندا بەھێزو توندوتۆڵکرد و چەندین ڕێککەوتننامەیان لەگەڵدا واژۆکردن و ئەوانیان کردە شەریکەبەش لەسامان و سەروەت و داھاتی کوردستان .
بەم ھەنگاوانە پارتی پێی نایە قۆناخێکی سیاسی و ئابووری نوێوە و ملی نا ببێتە حزبی کەڵەگا لە کوردستاندا بەبێئەوەی ھیچ حسابێک بۆ یەکێتی بکات کە ئەوان ھێشتا لە خەوێکی ‌قووڵدا بوون و کاتێک بەخۆیانزانی پارتی بەخشکەیی جومگە گرنگەکانی کوردستانی گرتۆتەدەست وەکوو : داھاتی خاڵە گومرگیەکان ، سامانە سروشتیەکان ، ئابووری و داھاتی ناوەوە ، سوپاو ئاسایش وزێرەڤان ، ڕاگەیاندن ، پەیوەندیەکانی دەرەوە ، مام جەلالیش کە ئەوکاتە سەرۆک کۆمار بوو ناوبەناو دەھاتەوە بۆ قەڵاچوالان ، لەھەندێ شتی وردەدا نەبێ دەستی نەدەخستە کاروباری پارتیەوە و بێدەنگەی لێکردبوو.
قەبوووڵکردنی کورسیەکی سەرۆک کۆمار بەرانبەر جێھێشتنی ھەموو کوردستان بۆ پارتی ، گورزێکی گەورە بوو بۆ گیانی ی ن ک کە ھەتا ئێستایش پێوەی دەناڵێنێ ، ئەوھانگاوەی مام جەلال بوە ھۆی بچووککردنەوەی قەوارەی یەکیتی و لاوازکردنی ڕیزەکانی کە بەھاتنەدەرەوەی گۆران لەھەناوی ئەو کۆتایی ھات ، ئەگەر بھاتبا و مام جەلال ئەو کارەی نەکردایە ، مەحاڵ بوو پارتی ببێتە حزبێکی کەڵەگای پۆلیسی و موخابەراتی و سەرمایەداری گەورە لە کوردستاندا و بە ئارەزووی خۆی گەمەی سیاسی بکات و بریار بدات لەسەر خەڵکیی . گێڕانەوەی کەسێکی کارێزمای بەھێزی وەکوو مام جەلال بۆ شوێنی جارانی ناو یەکێتی چەند کارێکی زەحمەت و ئالۆزە ، ڕاگرتنی پارتیش لەکاتی ئێستادا لەلایەن یەکێتییەوە لە سنوورێکدا لەو ئاڵۆزتر و زەحمەتترە .
پارتی دەبێتە حزبێکی پۆلیسی و موخابەراتی
ئەو بۆشاییە سیاسیەی بەھۆی وەرگرتنی کورسی سەرۆک کۆمار لەلایەن شەخسی تاڵەبانیەوە ، دواتریش وەفاتی خودی تاڵەبانی خۆی بۆ پارتی ڕەخسا ، پارتی خستە بەدەم قۆناخێکی سیاسی نوێی بێ ڕکابەر بۆ ئەوەی ھەڵپەی سیاسی گەورەتر لەقەوارەی خۆی بکات لە پێناوی کۆنترۆڵکردنی تەواوی گۆڕەپانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان . بۆ ئەم مەبەستە پارتی وەکوو حزبی بنەماڵە کە پەیرەوی سیاسەتی خێڵەکی دەکرد و بەتاڵ بوو لە مەعریفەو ئەقڵی سیاسی سەردەم و خۆی لەسەروو یاسا و دەستوورەوە دەبینییەوە ، توانی چەند ھەنگاوێک بچێتە پێشەوە بەبێئەوەی ھەڵوەستە بکات لەسەر ئێستاو ڕابوردوو لە پێناوی ئایندەیەکی ڕووناک و شکۆداردا ، ئایندەیەک لەسەر بنەماکانی سیستەمێکی دیموکراتی دوور لە ھەژموون و باڵادەستی حزب و بنەماڵەیی ، ھەروەھا پەیرەوی یاساو دادی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داھات و خەرجیەکان . دوای ئەو دەرفەتەی دەست پارتی کەوت کە بێ ڕکابەر کاری خۆی ئەنجام بدات لە ھەرێمی کوردستان ، دوای ئەوەی مامجەلال بارەگای خۆی گواستەوە لە سلێمانیەوە بۆ بەغدا و لەکوردستان دوورکەوتەوە ، مەسعود بارزانی لە ١٢/٠٦/٢٠٠٥ دا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ھەڵبژێردرا بۆ سەرۆکی ھەرێم و لە ھەڵبژاردنی ٢٥/٠٧/٢٠٠٩ دا بۆجاری دووەم ھەڵبژێردرایەوە بۆ سەرۆکی ھەرێم و لە ٣٠/٠٦/٢٠١٣ دا بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی ماوەی ویلایەتی بارزانی درێژکرایەوە.
پارتی بۆ بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە پەنای بردە بەر ساختەو فروفێڵێکی بێوێنە لە ھەڵبژاردنەکاندا ، بەھەزاران کەسیان ناوو نووس کرد لەلیستی ھەڵبژاردنەکاندا لەوانەی کەھەر خەڵکی کوردستانی عێراق نەبوون و شتی پێویست چیە لە ڕەگەزنامەی عێراقی و ناسنامەی ئەحوالی مەدەنی و بیتاقەی تایبەت بۆیان جێبەجێ کردن و فرێیاندانە ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە . لەدوای ھەڵبژاردن پارتی بوە زۆرینە لە ناو حکومەت و پەرلەمان ، جگە لەسەرۆکایەتی پەرلەمان کە ھی خۆیانبوو ، بەمە تووشی غروری سیاسی و لەخۆباییبوون بوبون ، چاویان سوور بوبو حسابیان بۆکەس نەدەکرد ، بەئارەزووی خۆیان بریاریان دەدا و جێگۆرکێیان بە خەڵک دەکرد ، ئەو پۆستانەی گرنگ بوون خەڵکانی سەربەخۆیان بۆ دادەنا ، ھەر یاسا و بریارێک بەدڵی ئەوان نەبوایە لەدژی دەوەستانەوە ، ڕووبەرووی ھەر تەسریح و بەیانێک دەوەستانەوە کە ڕەزامەندی ئەمانی لەسەر نەبوایە . ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان بەئێستایشەوە ، ھیچ بایەخ و نرخێکی سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی نەبو لای ئەمان ، بنەماڵە بریاری لەسر حزب دەدا و حزبیش بریاری لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان دەداو ھەرھەموویانی بە مووچەخۆری خۆی دەزانی ، کاتی خۆی کە بنەماڵەو سەرۆک ھۆز بریاری دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر یوسف محەمەد یان دا پەرلەمان و حکومەت نەیانتوانی وشەیەک بڵێن !!!! ئیتر ئەو بە ناچاری پەرلەمانی جێ‌ێشت و گەڕایەوە بۆ سلێمانی . پەرلەمانی کوردستانیش بوە نوکتە و فیلم و سینەما لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بایی کارەکە لەنرخی خۆیان دابەزان ، ھەروەھا کە بریاری دەرکردنی چوار وەزیرەکەی گۆڕانیان دا ، لەمەشیاندا سووکایەتیان بە خۆیان و ئەنجوومەنی وەزیران و پلەی وەزیر کرد . لەم دواییەشدا ھێرشی توندیان کردە سەر پەرلەمانتار سۆران عومەر و بە شێوەیەکی ناشیرین و دواکەوتوو و قێزەون و ناشەرعی و خێڵەکی پارێزبەنییان لێسەندەوە لەسەر ھیچ نا ، تەنھا لەسەر ئەوەی ھەگبەکەی سۆران عومەر پڕی بوو لەباسی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و داھاتی ھەرێم لەلایەن بنەماڵەوە . کەپارتی ئێستا ئەم کارانەی بۆ چۆتەسەر دیارە لەبەرئەوەیە کە پەرلەمان پاشکۆی حکومەتە و حکومەتیش کلکی حزب و بنەماڵەیە بۆیە نەیتوانیوە ببێتە دەزگایەکی چاوقایم چاودێری حکومەت بکات و لێی بپرسێتەوە ، لێرەدا جێگای خۆیەتی بپرسین : ئەگەر حکومەت پەرلەمانتار بداتە دادگا ، ئەی کێ مەسرور بارزانی بداتە دادگا کە ٢٩ ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی خوێنی ئەو میللەتە دەمژن و سەروەت و سامان و داھاتەکان بە تاڵان دەبەن ؟!!
ئەوەی پەیوەندی بە ئازادی و دیموکراتی و بیرورای ئازادو سەربەخۆوە ھەیە ، پارتی لە مێژەوە ئەو دەنگەی کپکردوە و خنکاندویەتی ، کۆسپ و ڕێگر بوە لەبەردەم ھەموو ڕەخنەو دەربرینێکی ئازاد و دیموکراتدا ، سەردەمێک پارتی دیوارێکی پۆڵایینی لە نێوان سەرۆک و بنەماڵەو سەرکردایەتی لەلایەک و جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵک لەلایەکی ترەوە درووستکردبوو، ئەمان خەتی سوور بوون و سێبەری خودابوون لەسەر زەوی و کەس بۆی نەبوو ئەو خەتە سوورە تێپەڕێنێ یان ببەزێنێ و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە باسی ئەوان بکات ، ئەگەرنا بە ھەڕەشەو چاوسوورکردنەوە قڕوقەپیان پێدەکرد ، لەمەیدانی رۆژنامەوانیشدا رێگە بە ڕۆژنامەنووسان نەدراوە بەئازادی بنووسن و ڕای خۆیان دەربرن مەگەر لە سنوورێکی یەجگار تەسکی دیاریکراودا ، ئەگەر نووسەرێک یان ڕۆژنامەنووسێک پەیرەوێ ڕێنماییەکانی ئەوانی نەکردبێ ئەوا دووچاری ڕاونان و گرتن و داپڵۆسین و کوشتن بۆتەوە ، نموونەی ئەمە کوشتنی سۆرانی مامە حەمەیە لە ڕۆژی ٢١/٠٧/٢٠٠٨ داھەروەھا سەردەشت عوسمان لە ڕۆژی ٠٤/٠٥/٢٠١٠ دا لەگەڵ کاوە گەرمیانی لەرٶژی ٠٥/١٢/٢٠١٣ دا بەدەستی یەکێتی .
ھەرلە نەوەدەکاندا دەیان ژن بە دەستی پارتی و یەکێتی کوژران لەژێر ناوی شەرەف و فەساد و داوێنپیسی بەبێئەوەی یەکێکیان لێبدرێت بە دادگا ، بەداخەوە دەڵێم کە بەندە ناو و ژمارە و ڕۆژی کوشتنی ئەوانەم لەبەر دەستدا نیە بەڵام میللەت شاھیدی ئەو خوێنڕشتنەیە . چەند کەسێکیتر وەکوو شێخ ستارو عەلی بۆسکانی بەدەستی ئەم دوو حزبە کوژران بەبێئەوەی تاوانیان ھەبێ ھەتا سزای کوشتنیان بەسەردا بسەپێ ، من ئەم دوانەم بەباشی دەناسی و دڵنیام کە دوژمنی گەلەکەیان نەبوون لەوەزیاتر کە ئازاد بوون و بە ئازادی قسەیان دەکرد .
ئەگەر کەمێک بگەرێێنەوە بۆ دواوە ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە مەلامستەفای بارزانی لە کاتی خۆیدا ئاوێکی خراپی ڕشت و کورد کوشتن لە کوردستاندا ئەو دایھێنا و دواتر ھەموو ئەوانەی دوای خۆی بەتایبەتی ئەندامانی بنەماڵە پەیرەویان کرد و وەکوو ئەویان کرد ، ئەو (مەلامستەفا) بڕوای وەھابوو یان ھاوکاری دەکەیت و لەگەڵی دەبیت ، یاخود تۆ دوژمینت و دەتسڕیتەوە. بەبیرم دێت لەکاتی کەرتبوونی پارتی بۆ دووکەرتی مەلایی و جەلالی ، مەلامستەفا دەستی نەپاراست لە ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی کە ناڕێک بوون لەگەڵی و سیاسەتی ئەویان بەدڵ نەبوو و ھەموویانی لەناوبرد وەکوو: مەحمود حاجی تۆفیق ، عەلی حەمدی(مەردان) ، ئەحمەد عەبدوڵلە ، عوسمان عوزیری ، پێشتریش بۆ ڕازیکردنی میتی تورک ھەر یەک لە دکتۆ شوان و سەعید ئاڵچی کوشت ، ھەر لەوکاتەنەدا سەدیق ئەنجیری و ئەسعەد خودایاری و سلێمان موعینی و خەلیل شەوباش و مەلا رەحیمی وەرتێ لە ڕێبەرانی حزبی دیموکراتی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر وەک کوشتن یان ئیعدامکردن کۆتایی بە ژیانیان ھات .
کەوابوو ئەگەر باسی ئازادی و دیموکراتیەکەی شۆڕشی ئەیلول بکەین لە شاخ ، لەگاڵتەجاری و یاریکردن بە خوێنی میللەت بەولاوە ھیچیتر نەبوە ئەو بەناو سەرکردانە ھەر ھەموویان تاوانباری جەنگن کە ئەو ھەموو رۆڵە دڵسۆزەیان بە کوشتدا لە پێناوی ھیچدا .
ھەنری کێسنجەر وەزیری کۆنی دەرەوەی ئەمەریکا لە بیرەوەریەکانی ( سنوات التجدید ) بەم شیوەیە باسی ئەمانە دەکات: دەشێ یەکێک لە ھۆکارەکانی نەبوونی ڕاگەیاندن – جگە لە رادیۆ و ڕۆژنامە دەگمەنەکانی ئەو دەمە – ئەمە ھۆکاربوبێ کە خەڵکی کەمتر ئاگاداری دیوە نھێنیەکانی تری بەناو بزووتنەوەی شۆڕشگێری کورد بوبێ کە چۆن ئەم پارتانە بەناوی کوردایەتی و ڕزگاری گەلی کوردو سەربەخۆیی بانگەشەیان بۆدەکرد ، بەڵام دەرکەوت کە ئەمە تەنھا برێتی بوو لەکاری سەرانە وەرگرتن و زەوتکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک ھەروەھا وەرگرتنی یارمەتی و ھاوکاری دەوروبەر و نێودەوڵەتی بەناوی میللەتێکی پێنەزانی غەریب کە تەنیا مافی کوشتن و ڕاگواستن و ماڵ سوتانی پێ ڕەوا درابێ. کۆی یارمەتیەکانی ئێمە (CIA) بۆ بارزانی لەساڵەکانی ١٩٧٣ ، ١٩٧٤ ، ١٩٧٥ دا ٢٠ ملیۆن دۆلاربوو لەگەڵ ١٢٥٠ تۆن تەقەمەنی ،( چەک و جبەخانە و کەرەسەی سەربازی) ئێرانیش ئاگادارکراوەتەوە بۆ پێدانی ٧٠ ملیۆن دۆلار .
لەھەموو دنیادا دەزگاکانی پۆلیس و ھەواڵگری بۆئەوە دادەمەزرێ کە سەروماڵی خەڵک و ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزێ ، بگەڕێ بەدوای مەترسیەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی ، ڕێگە بگرێ لە تیرۆریزم ، شەڕ لەدژی تیرۆر بکا ، بگەڕێ بە دوای چەکی بەکۆمەڵکوژیدا ، ھەروەھا قەدەغەکردنی مادە ھۆشبەرەکان و بەگژداچوونەوەی ھەموو کارێکی بەدەر لە رەوشت و داب و نەرێتی باو لە کۆمەڵگادا . لەکوردستانی باشوور کارەکە تەواو پێچەوانەی ئەمانەی سەرەوەیە کە دەزگاکانی پۆلیس و ھەواڵگری دنیا دەیکەن بۆ خزمەتی ھاوڵاتیانی خۆیان وگەلەکەیان .
شێوازێکی تری کاری پۆلیسی و موخابەراتی ئەم حزبە ئەوەیە چەندین کۆمپانیای نھێنیان دامەزراندوە بۆ سەرانە سەندن و بەرتیل وەرگرتن و ڕووتاندنەوەی خەڵکیی ، ھێزی چەکداری تایبەتیان ھەیە بۆ پاسەوانی و پاراستنی دزو جەردە و گەنگەڵکاران کەرەگوڕیشەیان داکوتاوە و جومگە گرنگەکانی وڵاتیان بەدەستەوەیە ، مەحاڵە کاری ھیچ کەس و کۆمپانیایەکی تر لەکوردستاندا کە دەستکەوت و بەرژەوەندی ھەبێت بەڕێوە بچێت بەبێ وەرگرتنی بەرتیل ، کارێکی تری قێزەون و ترسناک و بەربڵاو و ناڕەواو بێشەرمانەی ئەم حزبانە لە کوردستاندا بڵاوکردنەوەی فەساد و کاری بێئەخلاقانەیە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا ، بەدەیان میوانخانە(ھوتێل) ی چوار ئەستێرەو پێنج ئەستێرەیان دیاری کردوە بۆ قومارخانەی شەوان ، مەساج و شێلاندن کە ھەمووی ئافرەتی بیانی دەیکات و بە سێکس کۆتایی دێت ، شوێنی تایبەتیان لە قاتەکانی سەرەوە تەرخان کردوە بۆ قەحبەخانەی تایبەتی بۆ بەرپرسە باڵاکان ژمارەیەکی بێشوماری لەشفرٶش ڕێگەیان پێدراوە لە جێگای تایبەتی لێرە و لەوێ بڵاوببنەوەو لەشفرۆشی بکەن ، ھەندێ شوێنیتر بەکاردێت وەکوو مەلھای شەوان .
کارێکی تری نابەجێ ئەوەیە کە ھەندێ لە کادیرانی پارتی پەیجیان بەناوی بەرپرس و ئەندام پەرلەمانەکانی ترەوە دروستکردوە بۆ سوکایەتی پێکردنیان، چۆنیان بوێ وەھا پڕیدەکەنەوە بۆ ناوزراندنی ئەوانیتر .
ھەندێ کۆمپانیای تر ناچاردەکەن کە نیوە بەنیوە کارەکان بکەن و قازانج بە شەراکەت بکەن لەگەڵیاندا ، ئەگەنا دەرگایان لێدادەخەن و ڕێگای کارکردنیان پێنادەن، ئەمانە بە لوشین و دزین و ھەراجکردنی نەوت و گاز و وەرگرتنی شیرینی نەوت و کۆنترۆڵکردنی خاڵە گومرگیەکان کەدەکاتە ملیارەھا دولار تێرناخۆن و تووشی غروری سیاسی و خۆپەرستی و ھەلپەرستی بوون ، ھاتوون پەلاماری قووتی خەڵک و پارەی خەڵک دەدەن لەبانکەکاندا بەناوی قەرزەوە، گوێ لە ئامۆژگاری و رەخنەی کەس ناگرن و زۆرچاک دەزانن شکستی سیاسییان ھێناوە و ئیفلاسیان کردوە و ماوەی نزیکەی ٣٠ساڵێکە میللەت بێزارو تووڕەیە لەمانە کەچی بەھۆی دەسەڵاتخوازی و لووتبەرزی خۆیانەوە نایانەوێ ئاور لەکەس بدەنەوە و بگەڕینەوە بۆ ڕاستیەکان.
جگەلەمانەی سەرەوە پارتی و پاراستن ، یەکێک لەکارە گرنگ و سەرەکیەکانیان برێتیە لە کردنەوەی مەلەفی تایبەت بۆ ئەو کەسانەی مەبەستیانە چ ئەوانەی لە ڕیزەکانی خۆیاندان و چ ئەوانەی لەدەرەوەی ڕێکخستنەکەن ، ئەمە زیاتر کەسە دیارو بەرپرسەکان دەگرێتەوە کەبەشێوەیەکی نھێنی زانیاریان لەسەر کۆدەکەنەوە بەتایبەتی ئەوەی لە ڕەوشت و داب و نەرێتی کۆمەڵایەتی بەدەرە ، خۆشیان بە شیوازی جۆراوجۆر موناسەبات و شەوی سوور ڕێکدەخەن بۆ ئەو کەسانەی لەسەر خۆیان حسێبە و پلەو پایەی تایبەتیان ھەیە و ھەموو ئەمانە تۆماردەکەن و دەیپارێزن لەمەلەفەکانیاندا بۆ ڕۆژی پێویست ، ھەرکەسێک لەمانە زێدەڕۆیی بکا و پێ خوار دابنێ و ڕیگایەکیتر بگرێتەبەر دژ بە ڕێبازی ئەمان ، ئەوا مەلەفەکانیان بۆ دەکەنەوە و ھەڕەشەی ئابروبردنیان لێدەکەن ، کەسانی تر کە بەرپرسن و ئەو مەلەفەیان نیە ئەوا بە شێوازی تایبەتی چاڵی بۆ ھەڵدەکەنن.
کارێکی تری ئەم حزبە خۆنزیک خستنەوەیە لە بەرپرسە تورکەکان ، عەرەبەکان ، کوردەکان ، بیانیەکان ، لەناو ئەمانەدا کەسە دیارەکان دەستنیشان دەکەن و ھەریەکەیان بە شیوازی تایبەتی نزیک دەخەنەوە لە خۆیان بە بڕینەوەی مووچەی باش یاخود پێدانی بەخشیش و پارەی باش ، پاچە زەوی ، بەشەنەوت ، خانوبەرە ، ڤێلا ، سەیارەو زۆریتر .
پارتی بەھۆی ئەوەی پارەی زۆری میللەتی لا کۆبۆتەوەو بەتاڵان بردویەتی ، لەم مەیدانەدا توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بھێنێ و ژمارەیەک لەو کەسانە بکڕێ یاخود لەخۆی نزیک بخاتەوە کە مەبەستی بوە بەتایبەتی ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی وگۆران و دواتر پێدانی پلەوپایەو ئیمتیازات بۆ ھەر یەکێک لەمانە ، بێگومان لەمەودواش بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم کارە قیزەونەی ، جگەلەمانە ئەم حزبە لەمێژەوە پەیوەندیەکی توندو تۆڵی ھەبوە لەگەڵ دەوڵەتەکانی دوژمن بە کوردو کوردستان وەکوو ئێران و تورکیا ، ھەروەھا لەگەڵ دەزگا ھەواڵگریەکانیان ، بەمەش نەوەستاونەتەوە، کاتی خۆی خۆیان گەیاندە ئیسرائیل و لەگەڵ ئەویش پەیوەندیان بەست و ژمارەیەک لە سەرکردەکانیان سەردانی ئیسرائیلیان کرد لەوانە مەلامستەفا ، مەسعود بارزانی ، سامی عەبدولرەحمان ، دکتۆر مەحمود ، شەکیب عەقراوی و ھەندێکی تریان . مەلامستەفا کاتی خۆی بڕوای وابوو کەبەبێ پشتبەستن بە دەوڵەتێکی گەورەو بەبێ یارمەتی ئەوان سەرکەوتن بەدەست ناھێنێ ھەر بۆیە لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ ڕووخاو کوردستانی بەجێھێشت و چوە ئەمەریکا .
ترسناکترین و کوشندەترین ھەنگاوی پارتی لەگۆڕەپانی سیاسیدا چوونە باوەشی تورکیایە بەبی ھیچ مەرجێک ، ئەم حزبە لە مێژەوە گەمەیەکی خۆفرۆشانە دەکات لەپێناوی مانەوەی خۆیدا، دوژمن چۆنی بوی وای بۆدەکا ، چونکە نە ئێستاو نەلە رابوردوودا بەرچاو ڕوون نەبوەو لەسەر ھیچ ستراتیژێک نەگیرساوەتەوە کە خێری کوردی تێدابێ ، لەمێژەوە دەستی ھەڵگرتوە لە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و گاڵتە بە ئەقڵی کورد دەکات ، ملی ڕێگای بازرگانی و ھەراجکردنی نەوت و گازی گرتۆتەبەر و ئەردۆغانی خوێنڕێژی کردۆتە شەریکە بەش لە کوردستاندا و رێککەوتننامەی پەنجا ساڵەی نەوتیان لەگەڵدا واژۆ کردوە لەسەر حسابی میللەتی کوردی ستەمدیدەو چەوساوە و بەشخوراو . ھەموو کوردو میللەتان و دەوڵەتانی دنیا لایان ئاشکرایە کە تورکیا بە حکومەت و دەوڵەت و گەلەوە دوژمنی کوردن ، لەوەتی ئاکەپە بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لەتورکیا ، سیاسەتی ڕاونان و گرتن و کوشتن و پەلاماردان و بۆردومانکردنی کوردستان بەردەوامە لە کوردستان ، لەسەرەتادا تاکتیکی ئەردۆغان سووکایەتی کردن بوو بە سەرانی پارتی و ئاڵای کوردستان ، دواتر بەناوی دژایەتی پ ک ک و داکۆکی لە پارتی ھێزەکانیان ھێنایە کوردستان و دەیان بنکەی سەربازیان دامەزراند جگەلە جێگیرکردنی ١٦ بارەگای میتی تورکی لە شارەکانی ھەولیر ، سلێمانی ، دھۆک . لەڕووی بازرگانیشەوە زیاتر لە ١٣٠٠ کۆمپانیای تورکیا کاردەکەن لە کوردستان و تاڕادەیەک کۆنترۆڵی بازرگانی کوردستانیان کردوە . دەستکەوتی پارتیش لەمەدا تەنھا وتەنھا ھێنانی کاولکاری و ماڵوێرانیە بۆ کورد
ھەربەھۆی پارتیەوە چەندەھا ملیار دۆلاری ئەم میللەتە کە بەتاڵان براوە لەبانکەکانی تورکیا دانراوە ، حکومەتی تورکیا کاری پێدەکات و پارەکە ناداتەوە ، ئەم حزبە لەسیاسەتدا قائیمەی قازانج و زەرەری خۆی نەزانیوە و نازانی و ھەر بە ئەقڵی دیوەخان کاریان کردوە بۆیە حاڵمان خۆشە . لەپاڵ ئەو ھەموو سووکایەتیەی ئەردۆغان بەکوردی دەکات ، ھێشتا ئەم حزبە تەمێخواردو و ئاقڵ نەبوەو زیاتر دەچیتە پێشەوە لەگەڵ ئەردۆغاندا و چێ بۆ سیاسەتی ئەو باشبێت ئەوە دەکەن و دەڵێن ، نموونەی ئەمە چوونی نێچیروان بارزانی بوو بۆ بەغدا و داوای لە مستەفا کازمی (سەرۆکوەزیرانی عێراق) کرد کە پ ک ک بخەنە لیستی تیرۆرەوە بەڵام کازمی بەقسی نەکردن .
دیسان چەندساڵێک پێش ئێستا سەرانی پارتی کڵاوی ئەردۆغان چوە سەریان و مەسەلەی ڕێفراندۆمیان وروژان ، بەمەرجێک ڕێفراندوم تەنھا ڕاپرسی و پرس کردنە بەخەڵک و ھیچیتر ، نەدەستکەوتی سیاسیە و نەھی نەتەوەیی ونیشتمانی ، بەڵام پارتیو سەرۆکی ھەرێم زلیان کردو دنیایان قڵپکردەوە و کەوتنە شیڕە شیڕ و ھاوارکردن و پروپاگاندەکردن ، بەری چاویان تاریک و سوور بوبو ، ھەر بۆئەم مەبەستە کۆمەڵێ کاڵفام و نەخوێندەوار و مەسینە ھەڵگریان ھێنابوە سەر کەناڵەکانی تەلەفزیۆن کەقسەی سەر تەنوور و گوێ ئاگردان بۆ خەڵک بکەن، ھەڕەشە وگوڕەشە پەخش بکەن و چاو لە خەڵک سووربکەنەوە و ھوشیاری بدەنە ئێران و تورکیا گاڵتەیان بە ئامۆژگاریەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاو سیاسەتمەدارانی تر دەھات و وازیان نەھێنا ھەتا سەریان دای بەزەویدا و چەند ساڵێک کوردیان بردەوە بۆ دواوەو ئەم ڕۆژەیان بەرھەم ھێنا کە ھەموومان بەچاوی خۆمان دەیبینین و دواتر ئەردۆغانیش تاتوانی سوکایەتی پێکردن ، ئەمانە بەھۆی ئەوەی ئینتەلای سیاسیان کردبوو کەوتنە بەر نەفرەت و تانە وتەشەری میللەت و خۆشیان وەکوو میزەڵدان فش بوونەوە و ئیتر ببڕای ببڕای باسی ڕێفراندۆم بکەن .
پارتی دەبوایە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە دروشمی مافی چارەی خۆنووسینی بەرزبکردایەتەوە بە دامەزراندنی دەروڵەتی کوردیشەوە کە خواستێکی نەتەوەیی یە و لەھەمانکاتدا ئامانجی بەرز و پیرۆژی گەلەکەمانە بە ھەموو توێژو چین و حزب و ڕێکخراوەکانیەوە و موڵکی ھەموانیشە و ھیچ کەس و لایەن و حزبێک بۆی نیە یاری پێبکات و زەوتی بکاو بەکاری بھێنێ بۆ جۆرێک لە بەرژەوەندی تایبەتی ، پارتی ئەگەر خەڵک چەواشە ناکات و خۆڵ ناکاتە چاوی خەڵکیەوە با لە پێشاندا دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندایە بەبێ شیڕە شێڕ و ھاوار ، ئەگەر کۆسپ و تەگەرە و نارەزایەتی ھاتەڕێ ئەوجا باسی ڕیفراندۆمی بکردایە ، ھەرچەندە ساڵی ٢٠٠٥ میللەتی کورد بە شێوەیەکی ناڕەسمی ڕێفراندۆمی کرد و زۆربە داوای جیابوونەوەیان لە عێراق کرد بەڵام پارتی و یەکێتی لەدژی وەستانەوەو دانیان بەم ڕاپرسیەدا نەنا . لەڕاستیدا کارکردن بۆئەم مەسەلەیە دەبێ لەڕێگەی زەمینەخۆشکردن بێت بۆ ڕزگارکردنی میللەت لە قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، خۆشکردنی گوزەران و ژیانی ئەوان ، بیناکردنی ژیرخانی ئابوری کۆمەڵ بە شێوەیەکی تۆکمە و بەھێز ، گێرانەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان (کەناوی ناوچەی جێناکۆکی لێنراوە) بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ، دامەزراندنی سندوقێکی تایبەتی نەتەوەیی بۆ داھاتی نەوت و گاز و داھاتەکانی تر لە کوردستاندا کە بە دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە داھاتی نەوت دەبێت بەپێی یاسای ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠١٥ کە پەرلەمانی کوردستان بریاری لەسەرداوە ، ھەروەھا ڕێکخستنی گوتاری سیاسی کورد و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد مەرجێکی تری ئەم بانگەشەیەیە .
لەڕاستیدا پارتی لە مێژەوە ئەو درووشمانەی پێچاوەتەوە و دەستی لێھەڵگرتوە و بەلایدا ناچێ ، ئەوان بەبەرنامە ھەموو شتێکیان سووک و خراپکردوە ، میللەتیان تاساندوە و ڕێز لەمافەکانیان ناگرن ، وەکو کۆیلە و مێگەل مامەلەیان لەگەڵدا دەکەن ، ئەم حزبە لەکاتێکدا دەسەڵات لە دەستیانایە و دەستیان دەڕوات و کێشەیان نیە ، بەری چاویان تاریکدەبێ و لا لەکەس ناکەنەوە ، بەپێچەوانەوە لە ڕۆژی تەنگانەدا کە لێیان دەقەومێ ، زۆر ئاساییە لایان سازش لەگەڵ دوژمنەکەیان بکەن و لێێان بپاڕێنەوە ، خۆئەگەر توێژەکانی میللەت نارەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەسیاسەتی چەوت و بێکەڵکی ئەوان ، ئەوا بەلایانەوە ئاسایی و حەڵاڵە کە پەنابەرنە بەر ھێزەکانیان و پەلاماری خەڵکی بدەن ، ڕاویان بنێن ، لێیان بگرن ، لێیان بکوژن ، بۆئەمەیان ئازاو بەچکە شێرن ، بەڵام کە داعش شەنگال و موسلی گرت و ویستیان بەرەو ھەولیر بڕۆن ، ھێزەکانی ئەمان ھەموو ڕایانکرد ، ئەمەلەکاتێکدا خۆیان ھاوکاری داعش دەکەن بەپارەو چەک دژی حکومەتی مەرکەزی و بازرگانیان لەگەڵدا دەکەن ، تەنانەت داعش لەڕێگای بانکێک یان چەند بانکێکەوە لە ھەولێر پارەکانیان وەردەگرن کە بۆیاندێت .
پارتی و یەکێتی دوو بازرگانی ملیاردێر
پێش دووکەرتبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ باڵی مەلایی و جەلالی و پێش دامەزراندنی کۆمەڵە و یەکێتی و حزبەکانیتر ، چڵەوی سیاسی لەکوردستاندا لەدەستی پ د ک دابوو ، لەسەرەتادا ئەندامان و جەماوەری پارتی سەرچاوەی داھات و کۆمەک و یارمەتیەکان بوون کە ھەمووی لە شارەکاندا لەشێوەی خواردن ، دەرمان ، جلوبەرگ و پارە کۆدەکرانەوە و ڕەوانەی مەکتەبی سیاسی دەکرا لە شاخ و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دابەشیاندەکرد، یارمەتیەکانی ئەوسەردەمە بۆ پێشمەرگە زۆر کەم و سنووردار بوون و بەشی پێشمەرگەی نەدەکرد .
کەپارتی ھێزی لەدەور کۆبوەوە و پێشمەرگەش چاوی کرایەوە لەلادێ و گوندەکاندا ، سەرانە و موڵک و ماڵ زەوتکردن و تاڵان و بڕۆ و دەستدرێژی بۆ سەر شەرەفی خەڵک دەستی پێکرد چونکە لەپاڵ چەک ھەڵگرتنەکەدا ھەڵمەتی ھوشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ئاراستەکردنی سیاسی بە شیوەیەکی مۆدێرن و سەردەمانە نەبوون و چەک بەشانەکانیش چاو سوور ولەخۆبایی بوون ، حزبەکە ئاگاداری ئەم کارە ناڕەوایانە بوو بەڵام بەھۆی ئەوەی پێشمەرگە ئەوسا خۆشەویست بوو ، نرخی ھەبوو ، بەھۆی ئەو چەکەی لە شانیاندا بوو چاویان لێدەپۆشین و بە شێوازی خێڵەکی کێشەکان چارەسەردەکران و دەخران بەلادا ، لەم ڕێگایەشەوە پارتی دەستکەوتی خۆی ھەبوو بەڵام نەگەیشتبوە ئەوەی پێی دەوڵەمەند ببێت . لەھەلومەرجێکی تردا کە پارتی پێدەنێتە دۆخێکی سیاسی نوێوە و فێری پەیوەندی بەستن و گەمە سیاسیەکە دەبێت ، باری ئابووری گۆڕانی بەسەردا دێت و دەبووژێتەوە ، لەڕووی سەربازیشەوە دەستکەوتی دەبێت ، ئەوکاتانەی پارتی لە بەغدا نزیک بوەوەو گفتوگۆ دەستپێکرد لە ساڵەکانی ١٩٦٣ ، ١٩٦٤ ، ١٩٦٦ ، ١٩٧٠ باری پارەوپوول و ئابوریان گۆڕانی بەسەردا ھات و بووژایەوە بەتایبەتی لەمێژەوە و ھەتا ئێستایش یەکەم دوای ئەوان لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان پارەوپوول بوە و مەسەلەی میللەت بە پلەی دوو و سێ ھاتوە ، کەپەیوەندیشیان لەگەڵ ئێران و تورکیا(ساواک و میت) بەھێزکرد ، لەوانیش پارمەتیان وەرگرت وخۆیان پێدەوڵەمەند کرد ، بۆ نموونە کە مەلا مستەفا وتی کاری من تەواو بوو و چوە ئەمەریکا ، بە پێی ھەندێ سەرچاوە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلاریان ھەبوە و بەشی کەسیشیان لێنەداوە.
لەڕێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ وە ھەتا ڕاپەرینی ١٩٩١ باری ئابووری و سیاسی حزبە کوردستانیەکان گۆڕانی گەورەی بەسەردا نەھات ، تەنھا لە ساڵی ١٩٨٤ دا ی ن ک بەھۆی ناکۆکی خۆی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان بەناچاری کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ سەددام و رژێمی بەعس چونکە لە کوردستان بەھۆی شەڕی ناوخۆوە ھەموو دەرگاکانیان بەروودا داخرابوو ، حاڵیان شڕ بوو ، لەوساڵەدا چەندجارێک چوونە بەغدا بەبێئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ سەددام و بەناچاری بەغدایان جێ‌ێشت و گەڕانەوە بۆ ناو پێشمەرگە .
دەرفەت بۆ پارتی و یەکێتی ھەڵکەوت کە ھەندێ لەبەرپرسەکانیان زۆر بێئەخلاقانە لەدوای کیمیابارانەکە ھەڵەبجە تاڵان بکەن و زێرو ئاڵتوونی لەشی لاشەی ئافرەتی خنکاو داماڵن و خۆیان و حزبەکانیان سووک وناشیرین بکەن لای میللەت . دەرفەتی دووم ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١بوو کە بەعس پەلاماری کوردستانی داو کۆڕەوەکەی لێکەوتەوە ، بەرپرسەکانی ھەردو حزبەکە وەکوو گورگی ھار کەوتنە تاڵانکردنی کوردستان و چییان توانی و لەدەست ھات ، ئاودیوی ئێرانیان کرد، من تێناگەم ئەمانە چۆن لەڕوویان دێت سەربەزبکەنەوە؟! چۆن لەڕوویان دێت بڵێن ئێمە کوردین ؟! ئائەمانە ئێستا نوێنەری میللەتن ! .
لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و کشانەوەی حکومەت لە کوردستان ، پارتی و یەکێتی پەنجا بە پەنجا دەسەڵات و ئیدارە و دارایی یان دابەشکرد لە نێوخۆیاندا ، سەرچاوە داراییەکانی ئەو سەردەمە تەنھا گومرگەکانی سەر سنوور و داھاتەکانی ناوخۆ بوو ، لەبەرنامەی نەوت بەرامبەر بەخۆراک لەعێراق کورد بەشێکی ھەبوو ، ھەتا ساڵی ٢٠٠٣ کە رژێمی سەددام لێی درا ، کورد یارمەتی تری نیودەولەتی نەبوو ، پەیوەندیش لەگەڵ بەغدا نەمابوو ، ھیچ پارەیەک لەوێوە نەدەھات بۆ کوردستان ، دەوڵەمەندترین خاڵی گومرگی سەر سنوور ئیبراھیم خەلیل بوو کەپارتی دەستی بەسەردا گرتبوو و بەشی یەکێتی لێنەدەدا .
ساڵی ١٩٩٤ جەولەیەکی تری یەکتری کوشتن دەستیپێکردەوە کە ٣ سێ ساڵ زیاتری خایاند و سەری ھەزاران نەک (سەدان) پێشمەرگەی ھەردوولای خوارد ، ئامانج لەشەرەکە پارەوپوول و داھاتی ئیبراھیم خەلیل بوو کە پارتی دەوڵەمەند کردبوو نەک مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان ، یەکێتیش خەونی دەبینی چۆن ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستی بگاتە ئیبراھیم خەلیل و داھاتەکان بۆخۆیبێت ، شەرەکە بەشەقی ئەمەریکا ڕاگیرا کەقوربانیەکەی ھەزاران رۆڵەی کورد بوو ، ھەردولا (کاکە و مامە) چونە ئەمەریکا و لەوێ ڕێککەوتننامەی واشنتۆنیان واژٶکرد . لەدوای ڕێککەوتنەکە ھەدولا لە ناوچەی زەردو سەوز دەسەڵاتی خۆیان پاراستبوو ، دێگەلە سنووری نێوان ھەردولابوو ، سەرچاوە داراییەکان گۆڕانی بەسەردا نەھاتبوو ھەتا ڕووخانی ڕژێمی سەددام لە نیسانی ٢٠٠٣ دا .
لەو ڕۆژەوە عێراق گۆڕانێکی سیاسی گەورەی بۆ خۆوە بینی ، ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەھۆی ڕژانی پارەوە تەواو گۆردرا ، برێمەر کە حاکمی سیاسی عێراق بوو لەڕێوە ٣ سێ ملیار دۆلاری دا بەیەکێتی و پارتی کە لەناوخۆیاندا بەشیان کرد بێئەوەی ئاور لە میللەت بدەنەوە و ھەندێک لەو پارەیە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان بکەن ، جەی گارنەر مانگانە ١٥ ملیۆن دۆلاری پێدەدان بەمەرجێ ھێزەکانیان جووڵە پێنەکەن بۆ ناوچە داگیرکراوەکان ، ھەروەھا بەڵێنی زیادکردنی ڕێژەی نەوتی پێدان لە١٣% وە بۆ ١٧% ، برێمەر و پەرلەمان وحکومەت بودجەی ساڵانەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دابینکرد کەئەویش دەکرا بەدوو کەرتەوە و بەئارەزووی خۆیان یاریان پێدەکرد و دزییان لەسەردەکرد ، بازاری بازرگانی گەورەی وەکوو جگەرە ، مەشروب ، خواردن ، دەرمان و ھەموو پێویستیەکی تر لەڕێگای کۆمپانیای گەورە گەورەی زەبەللاحی ئەم دوو حزبەوە دەستی بەسەردا گیرا ، ھیچ چالاکیەکی ئابوری وبازرگانی لە کڕین و فرٶشتن لە کوردستاندا ڕێی پێنەدەدرا ئەگەر بەشی ئەم دوو حزبەی تێدا نەبوایە . ھێنانی ھەموو کەرەسە و شتێک لەدەرەوەی وڵات یان ناردنە دەرەوەی ھەر کەلوپەلێک دەبوایە پشکی ئەم دوو حزبەی تێدابوایە . پارتی بەو دەستکەوتانە نەوەستایەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام ھاتەدەستی و کەوتە پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای گەورە گەورەی نەوتی دنیاوە کە بێن بۆ کوردستان بەدوای نەوتدا بگەرێن و بەرھەمی بھێنن و لەڕێگای تورکیاوە ڕەوانەی دەرەوەی بکەن ، ئەوان کوێرانە ئەم ھەنگاوەیان نا بەبێ دیراسەکردنی باری جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و زەرفی زاتی و مەوزوعی عێراق و کوردستان و ئەو ئەنجامانەی لێی دەکەوێتەوە ، زۆرێک لە لایەن و کەسانی شارەزا و ناسراو ئامۆژگارییان کردن کە دەستکاری ئەم سامانە سروشتیە نەکەن ، بابمێنێتەوە بۆ نەوەی داھاتوو ، بەڵام گوێیان نەدایە ئامۆژگاری و قسەی کەس ، وەکوو کەسانی برسی و چاوچنۆک و نەدی و بدی دەستیان کرد بە کارکردن لەسەر پرۆژەکان و نەوتیان بەرھەم ھێنا و دەیان گرێبەستیان واژۆکرد لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیا گەورەکان بەبێ ئاگاداری حکومەت و پەرلەمان و بە نرخێکی زۆر ھەرزانتر لە نرخی بازاڕی نەوت فرۆشتیان بەدەرەوە .
ئەم گەندەڵانە بە شێوازی جۆراوجۆر تورکەکانیان ڕازیکرد بۆ ئەمکارە :
یەکەم: ڕاکێشانی بۆری نەوت لەکوردستانەوە بۆ بەندەری جیھانی تورکیا بەسەرپەرشتی و ئاگاداری تورکەکان .
دووەم: فرٶشتنی نەوت بە تورکەکان بە نرخێکی خەیاڵی ھەرزان ، تاڕادەیاک بە خۆڕایی .
سێیەم: بەشی تورک لەو نەوتەی دەچێتە بەندەری جیھان .
چوارەم: ڕێککەوتننامەیەکی ٥٠ ساڵییان واژۆ کرد لەگەڵ تورکەکاندا لەبەرژەوەندی تورکیا .
لەپاڵ ئەمانەدا بنەماڵەی بارزانی کە بەئارەزووی خۆیان تەراتێنیان دەکرد لە کۆردستاندا و لەژێر چاودێری کەسدا نەبوون ، فێری بەرتیل و شیرینی وەرگرتن بوون لەکۆمپانیا نەوتیەکان بەرانبەر گەران بە دوای نەوتدا ھەروەھا بەرھەمھێنانی . ئەم دزو جەردانە تاساڵی ٢٠١٤ زیاتر لە ٥ ملیار دۆلار شیرینی نەوتیان وەرگرتوە جگە لەپارەی پەترۆ دۆلار کەھەمووی حەپەلووش کراوە و میللەتی لێبێبەش کراوە، جگەلەوە ئەمانە وەکوو ئەمیرەکانی خەلیج و سعودیە کێلگەی نەوتی تایبەتیان ھەیە بەناوی خۆیانەوە وەکوو کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە .

بەرھەمھێنانی گاز سەرچاوەیەکی تری داھاتە کە خەڵکانی سەر بە بنەماڵە بە نرخێکی گران دەیفرۆشنەوە بە ھاوڵاتیان و شوێنانی تر . لەپاڵ بەرھەمھێنانی نەوت و گاز لە کوردستاندا جەندین پاڵاوگەی نەوت درووستکراوە بۆ بەرھەمھێنانی نەوت و بەنزین کە بەنرخێکی گران ساخی دەکەنەوە بەسەر خەڵکیدا و پارەکەی بۆ بنەماڵەیە .
ئەو پارە بێشومارە زۆرەی ڕژایە خەزێنەی بنەماڵەی بارزانیەوە وای لەوان کرد پەل بھاوێژن بۆ دەرەوەی وڵات ، پارەکانیان بگوێزنەوە بۆ ئەمەریکاو ئەوروپاو خەلیج ، لەوێ وەبەرھێنان بکەن . بەقسەی سەفیری ئەمەریکا لە عێراق بنەماڵە ١٤٧ ملیار دۆلاریان ھەیە لە بانکەکانی ئەمەریکا و ئەوروپادا .
نموونەیەکی زیندووی وەبەرھێنانی بنەماڵە لەئەمەریکا گروپی لینایە(Lina holding ) کە لینا ی کچی سیروان بارزانی خاوەنێتی و پێکدێت لە ٢٦ کۆمپانیا ، ١٤ ھوتێل ، ٦ کارگە و ٢٨٦ قاوەخانە ، ٥٤٠ شوققەی نیشتەجێبوون و ٤٨ ڕیستۆرانت ، ٨ سەنتەری مەلەوانی و ٢ پرۆژەی گەشتیاری و یەک نەخۆشخانە و یەک بانک . جیگری بەرێوەبەری لقی لۆس ئەنجەلس ی گەورەترین بانکی ئەمەریکاو جیھانە ( J P Morgan )کە خاوەنی گەورەترین سەرمایەی پاڵپشتە بە گوژمی ٢ ترلیۆن و ٤٥٠ ملیار دۆلار . ئەم کچە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ ە واتە تەمەنی ٢٦ ساڵە.
کۆمپانیای کار کە بنەماڵە خاوەنێتی و لەناوەوی ھەرێم کاردەکات و دەستی گرتوە بەسەر جومگە سەرەکیە ئابوریەکانداو سەرپەرشتی کاروباری کۆمپانیاکانی خوار خۆی دەکات ، گەورەترین دەسەلاتی ھەیە لە کوردستاندا و بە حکومەتی سێبەر ناودەبرێت ، چونکە بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە کارەکانی دەکات و حساب بۆ حکومەت و پەرلەمان ناکات و یەکسەر پەیوەندی بەبنەماڵەوە ھەیە ، لەدەڤەری سەوزیش کۆمپانیای قەیوان و ئیدارەی گشتی وەکوو کۆمپانیای کار خاوەنی دەسەڵاتی ئابووری یەکێتین .
جگە لەنەوت و گاز و سەرچاوەکانی تری پارەو سەرمایە کە ئاماژەم پێکرد ، یەکێتی و پارتی بەشێوازی تریش داھات و دەستکەوتیان ھەبوە و بازاریان گەرم بوە ، ھاتنی داعش بۆ سوریا و عێراق دەرفەتێکی زێرین بو بۆ ھەردولایان ، لەلایەک ئەمەریکا ھاوکاری و یارمەتی پێشمەرگەی دەدا ، چەک و تەقەمەنی و تفاقی شەڕی دەنارد جگە لە یارمەتیدانی ھەردو حزبەکە بە ملیۆنەھا دۆلار بەناوی یارمەتی بۆ پێشمەرگەو کەسیش نازانێ چۆنیان خەرجکرد .
سعودیەش ھاتە سەر خەت و بەملیۆنەھا دولاری دا بەیەکێتی و پارتی بۆ شەڕی داعش ، لەمەشیاندا ھەر خۆیان دەزانن چی لەپارەکەھات . کارێکی تری قێزەون و ئابروبەرانەی ئەمانە بۆ پارەپەیداکردن ئەوەیە کە پەنایانبردە بەر فرۆشتنی چەکەکانی ئەلەمانیا بە دوژمنانی گەلەکەمان کە وەکوو یارمەتی درابوو بە پێشمەرگەو دوایی ئەلەمانیا پێیزانی و نارەزایەتی وبێزاری خۆی دەربڕی ، ئەم بێویژدانانە وەکوو چەتەو ڕێگر مامەلە دەکەن ، بەس پارەیان بدەرێ یان سەرچاوەی پارەپەیداکردنیان دەست بکەوێ ئیتر ھیچی تریان ناوێت ، میللەتێک و وڵاتێکیان خستۆتە مەزادی عەلەنیەوە لە پێناوی پارەدا ، ئێستا ھەر گەلی کورد نیە کە ئەمانە دەناسێ و لێیان تێگەیشتوون ، ھەموو میللەتان و وڵاتانی دنیا ئەمانە دەناسێ و بە دزو جەردە و عەسابە ناویان دەبەن و بڕوایان پێیان نەماوە . بەم شێوەیە ئەم دوو بنەماڵەیە بە شێوەیەکی ناشەرعی بوونە ملیاردێری سەردەم لە کوردستاندا لە ڕێگەی بە تاڵانبردنی داھات و سەروەت و سامانی گەلەکەمان ، داگیرکردنی موڵک و ماڵ و دەیان تەپۆڵکە و گرد وشاخ و زەوی خەڵک و ھەرێم ، بەقاچاخ فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی سەدان تەنکەرەوە کە ڕیزدەبەستن بەرەو ئێران و تورکیا . چی چاوەروان دەکەیت لەم نوخبە خێڵەکیە سەقەتە دواکەوتوە کە لە تەقەکردن و پیاوکوشتن و کاری پۆلیسی و موخابەراتی بەولاوە ھیچی تر نازانن و فیرنەبوون و ماوەی ٢٩ ساڵە ھەنگاوی سەقەت دەنێن و کاری سەقەت ئەنجام دەدەن و کۆمەڵگای سەقەت بۆئێمەبەرھەم دێنن ، کوردستانیان کردۆتە کەلاوە وسەرەنوێلک بۆ کورد ، ئەوپارەیەی کە ھاتۆتە دەستی ئەمانە و دزیویانە و ھێشتا ئێمە زانیاری تەواومان لانیە لەسەر بڕەکەی ، دوو وڵاتی وەکوو سوریا و ئەردەنی پێ ئاوەدان دەکرێتەوە و بەخێو دەکرێ ، لە جێی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پێشخستنی لەڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازی و دامەزراندنی ئێستگەی گەورە گەورەی ئاو و کارەبا و دروستکردنی جادەو ڕێگاوبان و خەتی شەمەندەفەر و خەستەخانە و قوتابخانە و باخچەی منداڵان و فرٶکەخانەی مودێرن و دەیان پرۆژەی تری وەبەرھێنان ، لە جیاتی ئەمانە کوردستانیان خستۆتە مەزادی عەلەنیەوە بۆ تورکە فاشیستە داگیرکەرەکان ، ئەوان خاکەکەی ئێمەیان بەبیانووی جۆراوجۆرەوە لێ داگیرکردوین و بوونەتە شەریکە بەش لەگەڵماندا .
بنەماڵەی بارزانی بەھۆی ئەوەی پەروەردەی دەستی دەزگا ھەواڵگریەکانی ساواک و ئیتیلاعات و میت و موسادن و شتی زۆر لەوانەوە فێربوون ، زیاتر بە کاری بازرگانی و پۆلیسی و موخابەراتیەوە خەریکن ، کەمتر سەرقاڵی مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانن بەتایبەتی دوای ئەوەی لە بانگەشەی ڕێفراندۆمدا شکستیان ھێنا و توشی نووچدان بوون و ساڵانێکی زۆر کوردیان گێرایەوە بۆ دواوە . بەم پێیە دەسەڵاتێکی تاکرەوی بیرۆکرات و ئەرستۆکراتی پیادەدەکەن ، سووک سەیری خەڵک دەکەن ، چەواشەو سەرگەردانیان دەکەن، بنەماڵەیەک کەئەمە ڕێبازەکەی بێت ، ماف و ئازادیە دیموکراتەکان پێشێل بکات لەپێناوی دەستکەوتی تایبەتیدا ، خۆیان لە سەرووی یاساو دەستورەوە ببیننەوە ، یاساو دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربھێنن ، بۆ کاری نایاسایی و ناڕەوا ، بازرگانی بە ئارەق و فرمێسک و خوێنی ڕۆڵەی کوردەوە بکەن ، ھەموو شتێک قۆرخبکەن لەکوردستاندا ، کۆنەجاش و مستەشار و بەعسی و ئەمن و موخابەراتەکانی سەددام لە نێوخۆیاندا دابەش بکەن و شانازی پێووبکەن ، پێشبرکێ بکەن لەسەرئەوەی کێ باشتر خۆی دەفرٶشێ بە ئێران و تورکیا و شوێنانی تر ، ئەگەر ئەمە بیروباوەڕ و خواست وڕێبازی ئەوان بێت، ئیتر چۆندەبێ خۆیان بە نوێنەری کورد بزانن لەکوردستان و بەغدا ، کەسی تریش بە ھیچ ، ئێستایش لەدوای شکستە سیاسیەکەیان ، بەناچاری و سەرشۆڕی بەرەو بەغدا دەچن و لێیان دەپاڕێنەوە کەلەگەڵیاندا ڕێکبکەون لەسەر مەسەلەی بودجەو نەوت . بەغداش دەستەکەی ئەمانی لا کەشف بووە و بەدز و ساختەچی و دەستبڕ ناوزەدیان دەکات و تێگەیشتوە کە ئەمانە لەسەردەمی نوری مالکی و حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەھدی یەوە ھەر خەریکی کات کوشتن و درۆ و ساختەھەڵچنین بوون و ڕیزو حورمەتیان بۆ خۆیان نەھێشتۆتەوە و دەیانەوێ بلۆف لە بەغدا بدەن و کارەکە تێپەڕێنن ، ئەوکاتەی نرخی نەوت لەبازارەکانی نەوتدا بەرزدەبۆوە ئەمان پشتیان دەکردە بەغدا بۆیە بەغداش بڕواو متمانەی بەمانە نەماوە ، لەوە گەیشتوون کە ئەم بنەماڵەیە بودجەی کوردستان و داھاتەکانی نەوت و گاز و خاڵە گومرگیەکان و ھی تریش نابەنە پەرلەمان ولەڕێوە نیوەی دەدزن و پەرلەمان ئاگاداری ھیچی ئەمانە نیە ، بەسەدان ھەزار مووچە خۆری بندیوار ، پۆلیسی ناوخۆ ، زیرەڤان ، پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن ، پاسەوان ھەن کە ھەندێکیان ھەر ناویان ھەیە و خۆیان دیارنین ، دەیانەوێ پارەی ئەوانەشیان بۆخرج بکرێ و قورخی بکەن .
حکومەتی سێبەرو کۆمپانیا زەبەللاحەکانی حزبەکان ڕێگرن لەوەی بودجە و داھاتی نەوت و گاز و داھاتەکانیتر بچێتە پەرلەمان چونکە بە زەرەری ئەوان تەواودەبێت ، ھەروەھا ڕازی نین مووچە بەپێی سیستمی بایۆمەتری دابەشبکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی سەربەخۆیان بتوانن زیاتر لە مووچەیەک وەربگرن . ئابەم حاڵە حزبەکانی بنەماڵە شیڕەشیڕ دەکەن بەسەر میللەتێکدا کە بەبەرنامە برسی کراوە و پسێنراوە و دەڵێن ئەوە ئێمەین کە ئەم ڕۆژەمان درووستکردوە ، ئەوەی دەیبینن بەرھەمی خەبات و تێکۆشان و شۆڕشی چەندساڵەی ئێمەیە کەچی ڕاستیەکەش ئەوەیە کەپارتی و یەکێتی فڕیان بەسەر ئەوبارودۆخەی عێراق و کوردستانەوە نیە ، داگیرکردنی کوێت و دواتر ھێرشی سوپای ئەمەریکا و ھاوپەیمانان بۆسەر ھێزەکانی سەددام لەکوێت و دەرپەڕاندنیان ، دواتریش لێدان و ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام لەلایەن ئەمەریکاوە ھۆکاری سەرەکین بۆ ئەو بارودۆخەی دوێنێ و ئەمڕۆی عێراق ، پیویستە میدیای حزبەکان دەست لە فشە فش و خۆھەڵکێشان ھەڵگرن .
ئەمڕۆ ساڵێکە مەسرور بارزانی و حکومەتەکەی دەستبەکار بووەو ھاتۆتە سەر خەزێنەیەکی بەتاڵ ، ٣٠ ساڵ لەبەر تاڵان و برۆ و دزیکردن ھیچ پارەو زێڕ و یەدەکێکیان نیە لەخەزێنەی ھەرێمدا ، بارودۆخەکە خراپترە لەوەی پێش خۆی ، یەکەم دیاریی کە ئەو پێشکەشی گەلەکەی کرد بەبێئەوەی پێی نەنگ بێت وتی: حکومەت ٢٧ ملیار قەرزارە ، دەتگوت لەدوکانی بەقاڵێک گوێز دەژمێرێت بۆ خەڵکی ، خۆیشی لەمە بێبەری کرد و کەموکوڕیەکانی خستە ملی حکومەتی پێشوو کە ئامۆزاکەی (نێچیروان) دەیبرد بەڕێگاوە . ئەوەی جێی سەرسوڕمانە و سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە بۆچی کاک مەسرور و یاریدەدەرەکانی ئەم میللەتە بە گێل و دەبەنگ دەزانن ، ئەم میللەتە بەدەیان پسپۆری ئابوری ، سیاسی ، ئیداری ، پسپۆری نەوت ی تیایە کە دەیانی وەکوو مەسرور بارزانی لەسەر پەنجە دەخولێننەوە ، ھەموان دەزانین کە وڵاتەکەی ئێمە لەسەر دەریایەک نەوت و گازە ، ئایا ئێمە نەوت و گازمان لەم ولەو کڕیوە ھەتا قەرزاربین یان فرٶشتوومانە؟!!! ، زۆر بەڕاشکاوانە دەڵێم کە مەسرور بارزانی گاڵتە بە ئەقڵی خۆی دەکا و بەخۆی پێدەکەنێ و ھیچ کەسێک گوێ لەم قسانەی ئەو ناگرێ و حسابی بۆناکات ، خەڵکی ھوشیار زۆرن لەناو ئەم میللەتەدا کە ئەو قسانە رەتبکەنەوە .
کورد لە باشوور لەپێش دەرھێنانی نەوت و تەنانەت لەسەردەمی سەددامیشدا ھەزار دۆلار قەرزار نەبوە ، ئەوە خێرە ئێستا ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە ؟!!!!! میللەتەکەی ئێمە ساڵ دوانزەی مانگ ھاوارێتی بەدەست نەبوونی ئاو ، کارەبا ، نەوت ، گاز ، پارەش دەدات بەھاسانی دەستی ناکەوێت . من بە کاک مەسرور دەڵێم : میللەتەکەی ئێمە گوناھی چیە و چ تاوانێکی ھەیە وا بێباکانە ٢٧ ملیار دۆلار دەخەنە ئەستۆی ، ئەمە ھیچ نەبێت سووکایەتیەکی گەورەیە لەپێشاندا بە خۆتان ئینجا دوایی بەمیللەتێکی سەتەمدیدە ، پیویستە بەرپرسەکان واز لەم قسانە بێنن و بگەڕینەوە بۆ ڕاستیەکان و ددان بە ھەڵەو تاوانەکانیاندا بنێن، مەسرور بارزانی بەم شێوەیە دەوڵەتداری پێناکرێ و ناتوانێ کاروبای حکومەت بەڕیوەبەرێ چونکە ئەو شکشتی ھێناوە ، جگەلەوە ئەو نەیتوانیوە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک و پەرلەمان بگرێت و لەھیچ ھەنگاوێکیدا نەگەراوەتەوە بۆ ئیرادەی پەرلەمان و پرسی بەوان نەکردوە ، پەرلەمان لای ئەو تەنھا تەنەکەی خۆڵ و سەرەنوێلکە و ھیچ بایەخێکی یاسایی و دەستووری نیە ، کارو پیشەو خەبات و تێکۆشانی مەسرور بارزانی و حزبەکەی ھاتۆتە سەرئەوەی چۆنچۆنی مووچەی مووچەخۆران دابین بکات ئەمە لەکاتێکدا- مووچە-مەسەلەیەکی سیاسی نیەو و کێشەی گەلی ئێمە کێشەی مووچە نیە بەتەنیا ، ئەوەتا بەدەیان کێشەی تری نەتەوەیی و نیشتمانی لەولاوە خەوی لێکەوتوە ، گەندەڵ و گەندەڵکاران ناوێرن بەلایدا بچن و قسەی لەسەر بکەن نەبادا حکومەتی مەرکەزی ناوچەوانی گرژبکات و نیگەران بێت .
گەورەترین کێشەی میللەت لەگەڵ حزبی بنەماڵە ئەوەیە کە کەس نازانێ داھاتەکان کامانەن و چی لێھاتوە و بۆچی خەرجکراوە ، لەھەموو دنیادا لە ناو ھەموو دامەزراوەکەیدا دەوڵەت ، حکومەت ، حزب ، کۆمپانیا ، کۆمەڵەی خێرخواز ، ڕیکخراوە کۆمەڵایەتیەکان …. ھتد شتێک ھەیە پێی دەڵێن موازەنە و حسابی خیتامی کەساڵانە نیشانی دەدات ئەو دامەزراوەیە دەستکەوت و داھاتی چەندە ھەروەھا خەرجکردن و سەرفکردنەکانی چەندە ، واتە قازانجەکان و زیانەکان لە ساڵێکدا کامانەیە ، حزبی بنەماڵە تەنھا موازەنەی دیوەخانیان ھەیە کە پیشانی دەدات چی ھاتۆتە سەر حسابەکەیان یان دەستیان ، بەڵام نابێ و لەخۆیان بەولاوە کەسیتر بزانێ چۆنچۆنی خەرجکراوە ، ئەمە کێشەیەکی گەروەیە لەگەڵ تەنھا گەلی کورد نا بەڵکوو لەگەڵ بەغداش کە ھێشتا نەکەوتوە بەلایەکدا، جگەلەوە ئەوانەی دەچنە باغدا کەسانی پسپۆر و شارەزا نین لەکایەکانی نەوت ، ئابوری ، موحاسەبە و ئیدارە و کەدەکەونە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەمیان دەبێت بە تەڵەی تەقیو و لەزۆر داواو پرسیاری ئەوان ڕادەکەن و خۆیانی لێدەدزنەوە و خەریکی لەف و دەوەران دەبن .
پەیامێک بۆ ئازادیخوازان
ساڵانێکی دوورودرێژە دەسەڵاتی سیاسی تاکڕەو و بیرۆکرات ئازادی خەڵکیان زەوتکردوە لەکوردستاندا و نایانەوێ خەڵک ئەو سنوورە تێپەڕێنێ کە ئەمان دیارییان کردوە بۆ ئازادی و دیموکراتی ، ئەوان داوا لەخەڵک دەکەن کە خۆی ساخبکاتەوە لە نێوان ئازادی و کۆیلایەتی ، ئەگەر خەڵک دووەمی ھەڵبژارد ئەوا بەئاسانی ملی خۆی دەسپێرێت بە تیغی دەسەڵات .
زۆرداران ھەرچەندە زیاتر تاڵانیی بکەن ، چاوچنۆکتر بن ، زێتر کاولکاری و وێرانی بکەن ئەوا پێیان وایە میللەت زیاتر خۆیان دەدەن بە دەستەوەو ملکەچدەبن ، بەخت ڕەشەکان خۆیان ھۆکاری بەدبەختین چونکە چاویان لەمافەکانیان پۆشیوە ، مەزارەکانیان تاڵاندەکرێن ، سامانەکانیان دەدزرێن ، بنەماڵەییان لەناودەچێت و بەو جۆرە دەژین کە ناتوانن بانگەشەی خاوەنداری ھیچ بکەن و وادێنە پێش چاو کە دارایی و خێزان و ژیانیان بەقەرز وەرگرتوە و خۆشبەختن ئەم گەندەڵیی و بەدبەختیی و وێران و لەناوچوونە نەک لە دوژمنێکی بێگانەوە ، بەڵکوو لە دوژمنێکەوە بەوان دەگات کەخۆیان دەسەڵاتیان پێداوە ، کاتێک خەڵک بەفێڵ و تەڵەکەبازی ئازادی لەدەست دەدەن ئەوەندەی لە نەزانینی خۆیان زیانیان پێدەکەوێ ئەوەندە لە کردەی کاسەلێسەکان زیانیان پێناگات . دەبێ داخ بۆ کەسانێک بخۆین کەلەژێر سایەی کۆت و بەندا لەدایکدەبن .
دەبێ شانازی بکەین و سەربەرزبین کە ئازادی و میللەت نامرن

عارف کەریم – ستۆکھۆڵم
تەمموزی ٢٠٢٠
Kadir_arif@hotmail . com

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.