کوردبوون لەژێر سێبەری پیاوانی شاخ !

لەلایەن ستاندار Posted on 248 جار بینراوە

هاوڕێ کوردی

کاتێك گوێمان لە ووشەی کورد ـ کوردستان دەبێت، زوو بەپیری ئەوە دەجین، لەکام ساڵ و کام جوگرافیا، هێرشمان کراوەتە سەر، وە لەکام داستانی نەبەردی کوڕە خوێن گەرمەکانمان گیانیان بەختکردووە.
ئەوەشمان دێتەوە یاد، کام حیزب بەهاوکاری کام دەوڵەتی داگیرکار، خوێنی براکانیان نۆش دەکرد لەجیاتی شەراب!
خۆ هێندەی دوژمن، بگرە زۆر زیاتریش خوێنی یەکتریان ڕژاند، ئایە ئەوە خزمەتکردن بوو بە دۆزی ڕزگاری نەتەوەیك، یاخود نۆکەری بیگانە، لەسەر حیسابی خوێنی برای خۆت، هەوڵ بدەی بۆ ڕەقمی حیزبی.
قوربانی لەشاخ و لەشار، ئامانجەکەی ئەوە بوو، ئازادی وسەربەخۆی لەئاشی زەمانەدا بهاڕێت، لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایی بەخوێن و قوربانی، ئێمە بە ئازادانە بدوێن، خۆ ئەگەر هەر لەزەمەنی زوودا، زانرابا قوربانیەکە بۆ ئەم ئازادی و ئەم هەڕێمەیە، ئەوا پێوەستە ئێستا ڕەخنە لە شەهیدەکانمان بگرین، پێوەستە ڕەخنە لەو پێشمەرگە دێرینانە بگرین، کە بەشداربوونە لەجووڵانەوەی کوردایەتی، ئەوان نەوەکانی ئێستا وداهاتوویان بەم ئاقارە گەیاند.
ئامانجی ئەو قارەمانانە، ئەوە بوو حیزبی بەعس و داگیرکاری کۆتایی پێ بهێنن، بەڵام ئێستا دەیان حیزبی بەعس لەگۆڕەپانی سیاسی دا بوونیان هەیە، سەدان دیکتاتۆری وەك (صدام) لەدایك بوونە، ئایە پێشمەرگە و جووڵانەوەی کوردی ئامانجیان ئەوەبوو؟
لەقۆناغێکی سەخت ودژواردا ژیان بەڕێ دەکەین، کێ هەیە بتوانی لێپرسینەوە لەم دۆخەبکات، تاکو ئێستا کێ ڕەخنەدانی خۆی کردووە، لەبەرامبەر ئەم هەموو نەهامەتیە، کەلەژێڕ ناوی شۆرش بەم ڕۆژەیان گەیاندین، کێ چارەسەری لایە، تاك بە تاکی ئەم کۆمەڵگا ماندووە، بێزار و شەکەت بووە، بەدەستی کێ، بەدەستی ئەو پیاوانەی کە لە شاخ بوون، داوای ئازادی نەتەوەیکیان دەکرد، نەوەی سەردەمی ئەمڕۆمان بەهۆی ئەو شۆرشەی کە ئێوە ناوتان نابوو شۆرش، ئێستا قێزلەکوردبوون و خاکەکەی دەکات، ئێوە واتان کرد، گەنجەکانمان، باوەریان بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی خۆیان نەمێنێت، لەبەرامبەر تۆمارکردنی داستانی قارەمانیەتی و بەرخۆدانی ڕێکخستنەکانی شار و شاخ، ئێستا توخمی خیانەت لەچەستەی سەرکردەکانەوە شۆربۆتەوە ناو خوێنی میللەتێکی ماندوو، کە هەر ڕۆژە و لەشوێنێك بانگەوازیکی کوردانەمان بۆ دەچڕن.
کێ باوەر بەوە دەکات، یاخود شەهیدەکانمان بەقودرەتی قادری زیندووببنەوە، باوەر بەوەدەکەن، لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایی کەناوی لێندرابوو سەربەخۆی نیشتیمانی، گەنجەکانی لەژێر هەمان ئاڵا سزا بدرێن، لەوەی ئەگەر باسی کوردایەتی بکەن، سزا بدرێن لەوەی ئەگەر پشتیوانی شۆرشی کورد بکەن لەبەشە داگیرکراوەکانی تری کوردستان، ئاخر بەناو شۆرشەکەی ئێوە ئەنجامەکەی ئەمە بوو.
بەراوردی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی، هۆشیاری گەنجان، ژنان، لەگەل سەردەمی ڕژێمی بەعسی داگیرکار لەگەل ئێستا چۆنە، بۆخۆم بەباشتری دەزانم ڕژێمی بەعس هێشتا لەسەر کورسی دەسەڵات بووایە، لانیکەم هێشتا بەهای ئەخلاقی و کوردبوونمان لە گیانی کۆمەڵگادا دەمایەوە، بەڵام لەگەل هاتنی پیاوەکانی شاخ، هەمووشتێکتان پێچەوانە کردەوە، من بۆخۆم خەریکە لەتاو ئەو ئازارە، هیوا بەمردن بەخوازم، ئاخر کەی ئەمە ڕەوای هەقە هێندە کوردبوونتان ناشرین کرد، کەی ئەمە ڕەوای هەقە، ناوی کوردتان بە گەندەل و خیانەتکار لەجیهاندا بڵاوکردەوە، کەی ئەم باجە دەدەن سەرانی بەناو شۆرشی کوردایەتی!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.