پیلانی ڕیفراندۆم هێشتا ماویەتی….

لەلایەن ستاندار Posted on 597 جار بینراوە 0 سەرنج
PicsArt_07-28-10.29.12

ستارە عارف

ئەوانەی خەریکی لەباربردنی هەرێمی کوردستانن و وەک خۆرە بەربونەتە جەستەی وڵاتەکە و ئەوانەیشی پشتیوانیانن و خەیاڵ دەکەن وەک تەمەڵ دابنیشن و ئەم هەرێمە هەڵبوەشێتەوە و بچنەوە ژێر چنگی عەرەبی ڕەشۆکی عێراقی، مستەفا کازمی باوکایەتیان بکات و هەمو مانگێک لەکات و شوێنی خۆیدا بە دەستی سۆز و خۆشەویستیەوە موچەیان بۆ بنێرێت و ژیان و گوزەرانیان کتوپڕ بگۆڕێت و بۆیان بکات بە بەهەشتی خوا، جگە لەوەی لەخەیاڵی پوچدا دەژین، بێ ئەوەی بە ئاشکرا پێشیمان بڵێن پیلانی ڕیفراندۆمەکە شکستخواردوەکەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی تەواو دەکەن و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بونەتە نۆکەری هەردو بنەماڵە.

ئەو پەرلەمانتێرانەی بەغدا و ئەوانەیشی بونەتە کەواسور و داوای هێنانی لەشکری عەرەب بۆ داگیرکردنی کوردستان دەکەن، لەقۆناغی فامکردنیانەوە بنەماکانی نیشتمانپەروەری و کوردبونیان لەسەر دەستی تاقمێک جەردەی هەردو بنەماڵە لەکوردستان و ئەوروپا وەرگرتوە و پێیگۆشکراون، کە هەمیشە بەرژەوەندییە تاکی و بنەماڵەیی و حزبیەکانیان تێرکردوە و بەرژەوەندی نیشتمانی کوردی فێر نەبون و بنەمای دروستبونی کەسێتی و تێفکرینیان لەسەر هیچ بونیاد نراوە و جیاکاریان لەنێوان خیانەت و نیشتمانپەوەریدا نەزانیوە، وایانزانیوە هەر تەنگە ئەستورێکی عەقڵ بچوک بانگەشەی چەند دروشمێکی زەرد و سوری کرد، ئەوە تێکۆشەرە و پێویستە ئەوانیش بەپێی هەوای ئەوان هەڵبسوڕێن و با لەکوێوە بێت لەوێوە شەن بکەن.

مستەفا کازمی لەسەرەتای هاتنە سەر حوکمی تەماعی داگیرکردنی هەرێمی کوردستانی بە هاوکاری تورکیا هەبو، بۆیە لەبەرامبەر لەشکرکێشی و بۆردومانەکانی تورک و شەهید و بریندار کردن و وێرانکردنی کوردستان بێدەنگە، تا ئێستا لەپەرلەمانەکەیانەوە دانیشتنێکیان دژی تورک ساز نەکردوە و نایکەن چونکە عێراق ئاگادار و هاوبەشی لەشکرکێشیەکانی تورکیایە، بودەڵەکان لەجیاتی فشار لەکازمی بکەن، بۆ ئەوەی دژی بۆردومانی تورک بجوڵێن، بە پێچەوانەوە داوا لەحکومەتی عێراق دەکەن، وەک تورک بێنە پێشەوە و ئەم بەشەیتری هەرێمی کوردستان داگیر بکەن، ئاخر ئەوانە چی باکیانە، بە گیرفانی پڕ و ڕەگەزنامەی ئەوروپیەوە کەی وڵاتەکە کەوتە تەنگاسیەوە دەچن بە لای ڕابواردنی خۆیانەوە، پیلانی ڕیفراندۆم هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان بو بە ڕادەستکردنەوەی تەواوی بەنداو و گومرگ و خاڵی سنوریی و فڕۆکەخانە و هتد، بە ناوی دەستورەوە و دەبێت لەدەستی دەوڵەتدا بن، ڕیفراندۆم زۆرترین زیانی بە خاک و خەڵکی کوردستان گەیاند و ئاشکرایە پیلانێکی عەرەبی-تورکی-ئێرانی بو، بۆ ئەوەی کورد لەم پارچەیەیش وەک پارچەکانیتری کوردستان بچنەوە ژێر چەپۆکی دەوڵەتی عێراقەوە، ئێستا ئەو تاقمە پەرلەمانتێر و چەند نوسەرێکی دوچارهاتو بە گرێی دەرونی کورد لەکوردستان و ئەوروپا، پیلانی ڕیفراندۆمەکەی بارزانی و تاڵەبانی و تورک و عەرەب و ئێران تەواو دەکەن و خۆیشیان وەک ئۆپۆزسیۆن و لەبەرەی گەلدا نیشاندەدەن و بنەماڵەی بارزانیش بۆ زیاتر ڕاکێشانی سۆزی سادەی ساویلکەکان بۆیان کاریکاتێریان بۆ دروست دەکات و گوایە ناویان دەزڕێنێت، لەکاتێکدا ئەو ناوزڕاندنەی بنەماڵەی بارزانی هاوکارییە بۆ ئەوان.

نەهامەتیەکە ئەوەیە ئەوان لەبەرئەوەی توانای بونیادنانەوە و خەونی مەزنیان نیە و ناتوانن خۆیان بن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر وێرانکردن و بە ناوی خراپی گوزرانی موچەخۆران و گەمارۆی ئابوری و قاچاخچێتی بنەماڵەی بەڵتەچی بارزانی و تاڵەبانیەوە، خەریکی ڕوخاندن و تەسلمیکردنی کوردستانن، هەردو بنەماڵە لەساڵی١٩٩٢وە بە پیلانی دوژمنان کاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و تواندنەوە و جینۆسایدکردنی هزری نەتەوە و ئینتمای کورد کردوە و هەزاران شێواز و میکانیزمیان بۆ ڕوخاندنی کەسێتی تاک و گەوجاندنمان گرتۆتە بەر.

ئەگەر نەتەوەیەکی هوشیار بین، دەبێت ڕوبەڕوی ستەمکاری و قاچاخچێتی جوت بنەماڵە و دزەکانیتر ببینەوە و تاڵانچیەکان بگۆڕین و لەناویان بەرین، بەڵام وڵاتەکە موڵکی ئێمەیە و ناکرێت بە ناوی دژایەتی ستەمکاری و دزییەوە تەسلیمی بکەین، جەهالەتی ئەو تاقمە لەوێدایە، کە وڵات و زمانی کوردی و دۆزی ناسیۆنالیزمیشیان لەکەسێتی بارزانی و تاڵەبانیدا کورتکردۆتەوە و پێیانوایە، ئەوانە هەڵگری ئاڵای ناسیۆنالیست و نەتەوەن، کەواتە دەبێت ئەو ئاڵایە تەسلیم بکەین، لەکاتێکدا هەردو بنەماڵە لەساڵی شەستەکاتەوە تا ئێستا، چونکە نۆکەری وڵاتانی نەیاری کورد بون، نەک پرسی نەتەوەیان پەرەپێنەداوە و نەبونەتە نوێنەری، بەڵکو ئەو بنەمایەیشیان لەڕەگەوە هەڵتەکاند، کە منەوەرەکانی کوردستان بە تایبەتی لەسلێمانی لەدوای ساڵی١٩٢٠کانەوە چاندیان، فەرمون ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرێم دەکەن، ئەگەر مەردن و ئەخلاقی گۆڕانکاری و ڕاستگۆیتان هەیە، ئەگەر لەقسەکردن و چەلەحانێکانتان لەتیڤی و فەیسبوکەوە دژی ستەمکاران نائومێد بون و پێتانوایە ستەمکاران بەمجۆرە ناگۆڕێن، بە چەک و میکانیزمی توند و لەشەقامەوە بەرەو ڕوی ستەم ببنەوە و با پێکەوە لەناویانبەرین و وڵاتەکەمان دروستبکەینەوە، هەر بۆ سیڤیەکانتان نەک خوانەخواستە بۆ گۆڕانکاری!!!، لەبەرئەوەی هەردو بنەماڵە تاڵانچین و میللەت لەنەهامەتیدا دەژی، ناکرێت وڵاتەکە بفرۆشین؟، بەڵکو دەکرێت دزەکان لەناوبەرین و خۆمان دروستبکەینەوە، ئەوەیە ئەخلاق و مەردایەتی ئەگەر مەردن با ڕەگی خیانەتی بارزانی و تاڵەبانی لەکوردستان هەڵبکێشین.

لەبنەڕەتدا بودەڵەکان لەشەڕی ڕوبەڕوبونەوە و خەونی مەزن بەرەو باشتر و ڕاستگۆیی دەترسن و غیرەتیان نیە، چونکە شەڕی ڕوبەڕوبونەوە و بونیادنان و دروستکردنەوە قورسە، بەڵام خۆ بەدەستەوە دان و تەسلیمبون ئاسانە، ئەگەرنا بێ ئەوەی ئومێد لەدەست بدەین و ئیرادە بدۆڕێنین، دەتوانین ئەم حوکمە ڕەشەی ئەمڕۆ بگۆڕین و بە ئیرادە و کەرامەتەوە خەبات بۆ باشتر بکەین، هەر خۆمان وڵاتەکە بونیاد بنێینەوە و ئیرادە و ئومێد بەرهەم بهێنینەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.