کۆمەڵەی پێشمەرگە دێڕینەکان و بەرپرسیاریەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 259 جار بینراوە

سەرکەوتی جیهاز

کاتێک نەتەوەیەک لە خاک و ئاو و زمان و نەخشەی بێ بەش دەکرێ و مەحکوم دەبێت بە شۆڕش ، ئەو کات زۆربەی بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتی کردن و پلانی ئەو سەرکردایەتیە بۆ ڕوبەڕوبونەوە ، هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشەوە دەبێتە سەرەتایەکی مێژویی و مێژویەکی نوێ دروست دەبێت ، هەمو ڕوداوەکانی ناو ئەم شۆڕشە پێویستی بە دیکۆمێنتاری کردنیەتی تا بتوانرێ ئەو مێژوە وەک خۆی بنوسرێتەوە ، کە لە ئێستادا ئاوڕ لەو مێژوە بدەیتەوە دیکۆمێنتە کۆنکریەتیەکان ببنە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری بون و چالاکی ئەو شۆڕشە .
لە کوردستانی خۆماندا شۆڕش لە ناو ململانێیەکی قورسی بەریەککەوتنی نەوەکانی شۆڕش هەبو ، جگە لە ڕوبەڕو بونەوەی دوژمنێکی سەرەکی و چەندان دوژمنی تر ، کە ئەم دوژمنانە بەدەر لە هێزی زەبەلاحی سەربازی خاوەن سەدان سیناریۆی جیاوازو پشگیری ولاتانی زلهێز ، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدا چاندنی هەبێت لە ڕێگەی ئەم خانە نهێنیانەی ناو شۆڕشەوە کاری لەسەر تیرۆرکردن و تێکدانی بەرەکان و ڕیزەکانی شۆڕش کردوە ، ئەرشیفی ئەم ڕوداوانە بە پلەی سەرەکی نوسراو و بینین  و کارئەکتەری ناو ڕوداوەکان بوە کە ئەگەر ئەمانە کۆبکرێتەوە دەبێتە ئەرشفێکی گەورەی کۆنکرێتی ئەو شۆڕشە .
هەر لە سەرەتای چالاکیەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە تا پێکهێنانی هەر چوار دەستەڵاتەکە تا ئەم ساتە وەختەش ئەم شۆڕشە نەیتوانیوە کۆی نوسرا و دیکۆمێنتەکانی شۆڕشی شاخ بە هەمو حیزبەکانەوە بخاتە ژێر لێکۆڵینەوەی زانستی هەمە لایەنەوە ، ئەوەی کە کراوە کەسەکان لە دیدی خۆی و ئەوەی بینیویەتی وەک حیکایەتخوان دەیگێڕێتەوە ، شۆڕشی نوێ بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی لە شاخدا خاوەنی دیکۆمێنتاریەکی گەورە نیە کە بتوانین دراساتی لەسەر بکەین ، ئەوەی هەیە نوسینی هەندێ لە کارئەکتەرەکان و گێڕانەوەکان نەبێت ، بۆ نمونە ،  ئەگەر هێرشێک کرا بێت لە لایەن دوژمنەوە و ڕوبەڕوبونەوە دروست بوبێ لە لایەن پێشمەرگەوە ، ئەم شۆڕشە نەیتوانیوە بە نوسراوی فەرمی کات و شوێنی ڕوداوەکان و شەڕەکە و چەند پێشمەرەگە بەشداری کردوە و ناوەکانیان لەگەڵ چۆنیەتی هێرشەکە و ڕوبەڕوبونەوەی هێزی پێشمەرگە لە ڕوەکانی سەربازی و جوگرافی و کەرەستەی جەنگی و چەندایەتی هێز و سیناریۆ سەربازیەکان و …هتد ، بنوسرێ و ئێستە ببێتە دیکۆمێنتی شەڕەکان ، ئەوەشی هەیە کە هەر کەسێک لە ڕوانگەی خۆیەوە دێت ئەم مێژوە دەگێڕێتەوە و زۆر کات کارئەکتەرەکانی ناو ئەم گێڕانەوەیانە دژی یەکتر دەوەستنەوە و یەکتر بە درۆ دەخەنەوە .
لە ئێستادا ئەوەی هەیە کە زۆر دەوڵەمەندە بابەتە دیکۆمێنتارەکانی کاک نەوشیروانە ، کە هەموی فەرمان و ژمارە و بەراوری لەسەرە ئیتر بە کتێبەکەی سەلاح ڕەشیدەوە لەسەر مام جەلال هەموی گێرانەوەیە وەک حیکایەتخوانی وبینینی ڕوداوەکان لە نزیکەوە ، کە ئەم جۆرە لە مۆدێل ئێستە زۆرێک لە پێشمەرگەکانی گرتوەتەوە و خەریکی یاداشت نوسینن ، ئەگەر چی ئەمە لە دنیادا بونی هەیە ، مادام شۆڕش خۆی خاوەنی ئەرشفی کۆنکرێتی نیە ، ئەوا ئەم گێڕانەوەیانە دەبێتە دیکۆمێنتی ڕوداوەکان و کارێکی باشە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێشتا لایەنێک نەهاتوە هەمو ئەم کتێبانە کۆبکاتەوە و بە شێوەیەکی زانستی بیانکاتە دیکۆمێنتی شۆڕشێکی گەورە ، بە داخەوە کە دەبو کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان هەڵبسایە بەم کارە و لە گەڵ بەشی مێژوی زانکۆکاندا کۆی نوسراوەکانیان بخستایەتە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەرشف بکرایە ، وەک تاکە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی زانستی شۆڕشی نوێ .
لە غیابی ئەم نەبونی دیکۆمێنتاریەدا و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی گەورەی کۆمەڵی پێشمەرگە دێرینەکان ، کۆمەڵێک جاشی خیانەتکار بە شۆڕش و مەفرەزە خاسە ، ئێستە لە ژێر ناوی خواستراو و پەیجی ساختەدا کار لەسەر بە ساختەکردنی ئەرشفی شۆڕش دەکەن ، ئەگەر چی ئەمانە کارێکیان کردوە شۆڕش وێنەیەکی ناشیرینی بەرهەمهیناوە ، بەڵام مێژو جیاوازە و دەبێ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بە ئەرکی خۆی بزانێ ڕوبەڕوی ئەم ساختەکردنی شۆڕشە ببێتەوە ، ئەگەر نا دەتوانن بە ساختە وا بکەن کە ئاسۆی قومریەکان و شەماڵەکان پیاو چاک و شۆڕشگێڕ بون و لێک جیا نەکرێتەوە ، وە وا وێنا بکرێت ئەوە ئەوانەن کە لەسەنگەری شەرفدا شەهید بون ، پێشمەرگەیە خیانەت کار بوە بۆیە ئاسۆی قورمریەکان بون بە بەعسی .
لێرەوە بە زوترین کات دەبێت کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و حکومەت و پەرلەمان و دادوەری بێنە سەر خەت و نەهێڵن ئەم ساختەکاریە هەقیقەتەکان بشێوێنێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.