ئامۆزا لە کۆمەڵگای کوردیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 366 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

هەرچەندە مێژوی نەتەوەی کورد لەپاڵ مێژوی نەتەوە دراوسێکانمان زۆر کۆن و دێرینترە ،بەڵام لەبەر ئەوەی کورد هەرگیز خاوەن کیان و ووڵاتێکی سەربەخۆی خۆی نەبووە بۆیە هەمیشە کەوتۆتە ژێر کاریگەری کەلتورو ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دراوسێمان وەک عەرەب و فارس و تورک ، جگە لەوەیش خۆمان خاوەن کەلتورێکی تایبەت بەخۆمان بوینەو هەمیشەش وەک مەحافزکارێک بەرگریمان لە داب و نەریتەکانی خۆمان کردووە ئەگەر بەزیانیش کەوتبێتەوە بەسەرماندا.
من لێرەدا تەنها خاڵێک هەڵوەستەی لەسەر ئەکەم و تیشک ئەخەمە سەری ئەویش ڕۆڵی خزم و خێڵە لە کۆمەڵگای کوردیدا کەچۆن پانتاییەکی بەرفراوانی لەناو کایەکانی کۆمەڵگادا بۆ خۆی داگیر کردووە و تاکو ئێستاش درێژەی هەیەو هەوڵی گەشەسەندنیشی بۆ ئەدرێت لەلایەن حزب و کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکانەوە.
خزم و خێڵ بە جۆرێک ڕۆچووەتە نێو جومگەکانی ژیانی کوردەواری کە پێگەیەگ نەماوە خزم و خزمایەتی ڕۆڵی تێدا نەگێڕابێ ، بۆ ئەم مەبەستەیش نمونەمان زۆرە ،هەر لە تەکێ و خانەقاو دیوەخان و تا دەگاتە سیاسەت و دەسەڵات و حزب و سەرجەم کایەکای دەسەڵات کە لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا ڕەنگ ئەداتەوە.
تەماشاکەن زۆربەی حزبەکانی کوردستان هەر لەسەرەتای شۆڕشەکان و تا بە ئێستاش دەگات هەموو سەرکردەوەو دامەزرێنەریان یان شێخ و ئاغا بونە یان پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەبووە ، یان دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕو کوڕەزاو برازاو ئامۆزا چووە،باشترین نمونەش ئەگەر چاوێک بە پێکهاتەی حزبە کوردیەکانی باشوری کوردستان بخشێنین ئەبینین باوک و کوڕ یان ئامۆزاکان چۆن باڵیان کێشاوە بەسەر حزبەکاندا و تەواوی بڕیارەکانی حزب لەدەستی ئامۆزاکانن ، بۆ نمونە باوک و کوڕ و ئامۆزا چۆن دەستیان بەسەر (پ.د.ک) کێشاوە، هەروەها جوت ئامۆزای هاوسەرۆکانی یەکێتی کەچۆن دەستیان بەسەر ئەو حزبەدا گرتووە ، هەروەها جوت برا چۆن دەستیان بەسەر سیاسەتی گۆڕاندا گرتووە، ئەگەر بێینە لای حزبی سۆشیال دیموکراسی کوردستان ئەبینین کاکە حەمە و عبداللەی برای چۆن بوونەتە خاوەن  تەواوی دەسەڵاتەکانی حزبەکەیان ، هەروەها بزوتنەی ئیسلامی کەجۆن بنەماڵەی خوالێحۆش بووان مەلا عوسمان و مەلا علی وکوڕەکانیان  کە چۆن دەستیان بەسەر ئەو حزبەدا گرتووە ، ئەمانەو چەندین حزبی دیکەش کە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەستی بنەماڵە بەسەریاندا زاڵ بووە ، جگە لەحزب ئەگەر تەماشای جومگە ئەساسیەکانی حکومەت و دام و دەزگاکانیشی بکەین ئاشکرایە کە چۆن براو ئامۆزاکان تەواوی سێکتەرە گرنگەکانیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان مۆنۆپۆل کردووە، بۆ نمونە جوت ئامۆزا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانن.
جگە لەمانەی سەرەوە پێگەیەکی دیکەی کۆمەڵگای کوردی کە خزم و ئامۆزا بەشێوەیەکی بەرفراوان جێی خۆی تێدا کردۆتەوە ئەویش هونەر و ئەدەب و شیعرە کە چۆن خزم و عێڵ و عەشیرەت دەستی بەسەردا کێشاوە، پێم وایە بۆ ئەم جۆرە نمونە ئەوەندە زۆرن کە جگە لەچەند نمونەیەک پێویست بە نمونەی زیاتر ناکات، ئەگەر بێینە سەر گۆرانیە فۆلکلۆریەکان و شیعرو ئەدەبیاتی کوردی ئەبینین ئامۆزا و خاڵۆزاو پورزا چی ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیەو هەبووە، وەک گۆرانی (ئامۆزا تۆ باڵا بەرزی ، ئامۆزا تۆ بۆ من فەرزی)، نەریتێکی  دیکەیش هەر کچێک هەتا ئامۆزاکەی ڕاوەستابێت بۆی نەبوو شوو بە کەسێکی دیکە بکات ، هەرچەندە ئێستا ئەو دیاردەیە کەمەوە بووە بەڵام لەچەند ناوچەیەکی کوردستان هەر وجودی هەیە.
واتا کورد هەم لە ئەدەب و شیعرو گۆرانیداو هەم لە سیاسەت و حزب و دەسەڵاتدا گەورەترین ڕۆڵی داوە بە   ئامۆزەکان و ئەوان دەستیان گرتووە بەسەر تەواوی جومەگەکانی عەقڵ و دەسەڵات و کەلتوری کۆمەڵگای کوردیدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.