مخۆرکەی ناوخۆ ٤

لەلایەن ستاندار Posted on 288 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر 

فەرامۆش کردنی کۆمەڵایەتی دەرەنجامی خەتەرناکی لێئەکەوێتەوە و لادانی کۆمەڵگە لە بەھا جوان و گرنگ و پیرۆزەکان بەدوای خۆیا ئەھێنێ، بەجۆرێک لە ئێستایا قەزییەی کورد و کورستان پێ بەپێ و ووردە ووردە ناوەرۆکە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و مێژوویەکەی خۆی و پاڵپشتی پێویستی چینە جیئاوازەکانی کۆمەڵەگەی لەدەستداوە.
پێویست بوو ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، وەک ڕاپەڕینی گەلێکی ژێردەستەکراو لە ھەموو ھەل و مەرجێکا بەپیی توانا بۆ بەدیھێنانی قوڵترین ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی چینە جیاوازەکان و ئاواتەکانی تێبکۆشایە.
لەدوای راپەڕینەوە ئەبوو ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتی قوڵ و جدی لە ڕەگو و ڕێشەوە لە کوردستان دەستپێبکات و بکرێ، بەڵام نەک ھەر نەکرا بەڵکو کۆمەڵگە دابەش و داتەپیو کرا.

پەروەردە:
سەبارەت بە بەرنامەی پەروەردە و فێرکردنیش وەک پێویست ھەنگاو نەنرا ، ئاخر کردنەوەی زانکۆی زۆر ھیچ سودێک بە پەروەردەی کۆمەڵگە ناگەیەنێ ئەگەر لە باخچەو خوێندنگا سەرەتاییەکانەوە دەست بە چاکسازی پەروەردەی دروست و زانستی نەکرێت.
ھێنانی زمانی بێگانە بەتایبەتی گرنگیدان بە زمانی ئنگلیزی وەک زمانێکی ستاندەری جیھانی کارێکی باشە بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە فێرخواز بە پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی دروست و زمانی دایک ڕەوانی و زارەوەکانی گۆش بکرێ و ئاشان بێت بە کلتور و نەریتە جیاوازو چوونەیەکەکانی خودی کۆمەڵگەکەی خۆی.
ھیچ گرنگی بە دروست کردنی زمانێکی ستاندەری کوردی نەدرا کە لە ھەموو پێویستییەکانیتر بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەک کورد پێویستە چونکوم زمانی ھاوبەش بۆ ئاخاوتن و نوسین ھۆکارێکی گرنگە ڕەوانەوەی زۆربەی بەربەستەکانی لێکتێگەشتن بە بەربرستی ڕامیاریشەوە.
زانینی زمانی دوژنەکەت گرنگە، بەلام بەمەرجێک نەبێتە جیگرەوەی زمانی خۆت یان ووشەکانیان ببنە ڕەوانی سادە و ساکار کە جێ بە ووشە کوردییەکان لێژکەن تا ئەو ئاستەی ووشە خانەخوێکان نامۆ و ناحەز دەرکەون.
کاری زانکۆ لێکۆڵینەوە و داھێنان و چارەسەرە، ئێ خۆ ئەگەر ئەمەی نەکرد ئەو زانکۆ نیە بەڵکو دەزگایە بۆ بەرھەمھێنانی بڕوانامە “شھادە”. کەواتە زۆری زانکۆکان ھیچ سودکی ئەوتۆی بە کۆمەڵگە نەگایانووە، ناش شاردێتەوە بەشێکی زۆری بەڵگەنامە و بڕوانامەی بەتایبەتی بەپرسە کورد و عێراقییەکان لە زانکۆکانی دەرەوە بە پارە کڕاون و کە خودی زانکۆکەو کەسایەتییەکەش ھیچ سودێکی بە کۆمەڵگە نەگەیانووە جگە لە بارگرانی، ئێ ئەگەر زانکۆ ناوخۆییەکانیش لێکۆڵینەوەو داھێنان و چارەسەر پێشکەش نەکەن ھەر ھەمان بارگرانین بەسەر شانی کۆمەڵگەو ئابورییە داڕووخاوەکەیەوە.

پەروەردەی کۆمەڵایەتی:
گرنگییان بە لایەنە کۆمەڵایەتییەکان پێویستییەک وئاڵانگارییەکی حەتمی بوو ئەبوو گرنگی پێ بیرایە، چونکوم خەڵکی چەندین ساڵ بوو لەژیر دەستی بێگانەیا پەروەردە ئەکرا. پەروەردەیەکی ئیسلامی و عەرەبی شۆڤینی و گرنگیدەر بە میژوویەک کە دوورە نزیک پیویست نەبوو بۆ تاکی کورد، پەروەردەیەک تا ئاستی لەبیربردنەوە و سڕینەوەی میژوو، کەلتور، داب ونەریت، زمان، جوگرافیا و لایەنەکانی تریش کاری لەسەر تاکی کورد ئەکرد.
مناڵی کورد لەسەر ناسینی سەرکردە مێژووی و بەناو شۆڕشگێری عەرەب و کەسایەتییە ناسراوەکانیان و پیاوانی ئاینی و فەرماندە سەبازی و نوسەر و شاعیرانی عەرەب پەروەردە ئەکران. مێژووی ئیسلام بەھەڵە بۆ کورد ئەگێرایەوە و تا ئاستێک ئەوانەی کە زۆرترین کوشتار و خۆێن ڕیژیان بەرامبەر کورد کردبوو ئەکران بە قارەمان و ڕزگارکەر بە ھیچ جۆرێک باس لە ئازار و تاڵاوە نەئەکرا کە دەرخواردی کوردیان درابوو، بە ھیچ جۆرێک باس لەوە نەئەکرا کە کورد لەپێناو ناسنامەی نەتەوایەتی و کەسایەتی کوردی و ئاینزای تایبەت بەخۆیا جەنگاوە نەک نەتەوەیەکی خەڵکێکی مولحید و کافر وەک ئەوەی تا ئێستاش دیندارانی ئیسلام لە ناویشیانا بەشێکی زۆری موسڵمانی کوردیش باسەکرێ.

نەخوێنەواری:
پێشتر کێشەی کۆمەڵگە نەخوێندەواری بوو کە ئێستا تا ئاستێک کەمی کردووە، بەڵام ئەبێ بپرسرێ ئایا جیاوازی چییە لە نێوان نەخوێندەواری ئەو کات و خوێندەواری ئێستایا؟
ھەمووان ئەازنن کێشەی نەخوێندەواری چیە، بەکورتی نەخوێندەوار زانست و زانیاری وەک پویست پێناگاو ھەندێ جار ئاستی بیرکردنەوەی نزم ئەبێت. بەڵام خۆ زۆری و بۆریش ھەروەک کەمەکە وایە، ئێستا مخۆرکەی زانیاری زۆرو بۆری ھەڵە مێشکی کۆمەڵگەی ھەڵکۆڵیوەو ڕۆژانە چەندین زانیاری نادروست و ھەڵە دەرخواردی مێشکی خەڵکی خوێنەوار ئەدرێ، ئێ خۆ نەزانینی ئەو زانیاریانە لە زانینی باشترە.

پرۆژە:
پرۆژەیەک کە تێچووەکەی لە تێچووی ستاندەری جیھانی چەندین جار گرانتر بێت و کوالیتی چەندین جار لە ستاندەری جیھانی خراپتربێت نەبوونی لە بوونی باشترە، ئاخر بڕی پارەی دیاریکراو بۆ ھەر پرۆژەیەک سەرسوڕھێنەوە بەرامبەر ستاندەری جیھانی و لەوەش سەمەرەتر بۆ ھەر پرۆژەیەک دووجار یان زیاتر بودجەی بۆدابین ئەکرێ و دیارنامێنێ و کاتێکیش جێبەجێئەکرێ لەپاش ماوەیەکی زۆرکەم نۆژەن ئەکرێتەوە و ئەشکرێ بە منەت و بە خەڵکی ئەفرۆشرێتەوە وەک شەقامی ١٠٠ مەتری سلێماینی بە نمونە.
ئەو پرۆژانە بوونەتە ھۆکارێک بۆ دزی کردن و دیزە بەدرخوونە کردنی پارەیەکی زۆر، بۆیە واباشترە کە ئەو پرۆژانە ھەر نەبن و لەبری ئەوەی کە چەندین جار بودجەیان بۆ دیاری کرێ و دیارنەمێنێ و بچێتە گیرفانی دەسەڵاتدارە بێ ویژدان و بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە، بۆیە باشترە پارەکەی بدرێ بە مووچە و خەڵک لەو نەھامەتییە ڕزگارکرێ کە بۆی دروستکراوە.

تەندروستی:
لایەنی تەندروستی بۆ بازرگانی نیە. پێشتر لەھەر شارێک چەند نەخۆشخانەیەکی کەم ھەبوون و بەشی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و چارەسەرو دەرمان دابینکردنیشیان ئەکرد، ئێستا تەندروستی مرۆڤ بووە بە باشترین کاڵا بۆ دەسەڵاتدارەکان کە ھەر خودی خۆشیان بازرگانە چاوچنۆکەکانن، ئێ خۆ نەخورادن و بەکارنەھێنانی دەرمانی بەسەرچوو زیانبەخش باشترە لە بەکار‌ھێنانی چونکوم لایەنی کەم ئەزانی کێشەکەو چییە نەک بۆ ڕیش بچێت و سمێڵیش بنێیتە بانی.
کاریگەرترین چارەسەر بۆ کەسی نەخۆش لایەنی دەروونیە، مەخابن کەسی نەخۆش نەک ھەر چارەسەری تەندروست و گونجاو دەرمانی کوالیتی بەرز و دروست وەرناگرێ بەڵکو لەبەر ئەوەی کە متمانەی بە چارەسەرساز نیە و دڵنیایە ئەم ئەبێ بە کاڵا ئەویش بە بازرگانێکی چاوچنۆک ئیتر دەروونی بەتەواوەتی ئەشێوێ و ھیچ سودێکی ئەوتۆ وەرناگرێ.
کەسی بیمارو نەخۆش ئەبێ جارێ بیری لای گیرفانیبێ ئەگەر بەشی گیرفانی دڕاوی بەشێک لە نەخۆشخانە تایبەت و پزیشکە بازرگان و دەرمانخانە تایبەتەکانی خۆیانی تیایە یان نا بەو جۆرەش لایەنی دەروونی ھێندە ماندوو ئەبێ کە کاردانەوەیەکی ئەتۆی بەرامبەر ئەو چارەسەرە نەبێ کە بۆی ئەکرێ.

موڵکداری:
ئەبوو گرنگی بە موڵکیداری زەوی زاری کشتوکاڵی و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی لادێکان بداریە بەڵام نەک ھەر نەکرا بەڵکو بەشی ھەرە زۆری زەوی و زاری لادێ و شاریش کرا بە موڵک و باخی بەرپرس و دەستڕۆشتووەکان بۆ ڕازی کردنیان و لادێ نشینانیش بەناچاری ملی ڕێیان بەرەو شارو تاراوگە گرتە بەر، دەرەبەگەکانی دوای ڕاپەڕین بوونە سنگ و کولە و نەک ھەر لە بەرووبوومی جوتیارانیاندا بەڵکو شارو لادێشیان کرد بە بیابانی تەخت بۆ ئارەزووە تایبەت و نەخۆشەکانی خۆیان.

جیاوازی چینایەتی:
ئەو جیاوزازییەی کەوتۆتە نێوان چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و سەرۆک و سەرۆکەکانەو وەک دووری ئاسمان و زەویە، نمونەی ماڵی سەرۆکی ھەرێم  کە کەم وێنەیە لە داگیرکاری موڵکی گشتییا، ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ لە سلێمانی کە گردێکی بەرفراوان و بەرینی لە موڵکی گشتی داگیکردووە، ماڵی سەرۆکی پارتی و چەندین نمونەی تر تەنھا بە جیاوازی پارێزگاری سلێمانی کە ژیانێکی سادە و تێکەڵ بە خەڵک بەڕیئەکات و تا ئێستا خۆی لە چینی پرۆلیتاریا و مامناوەند جیانەکردۆتەوانێ.
جیاوازییەکی چینایەتی زۆر لە نێوان بەرپرسە باڵاکان و چینی مام ناوەند و پرۆلیتاریا بەجۆرێکە کە ناتوانن لەوە تێبگەن کە خەڵکی لە ژەمی خۆاردن ئەگرنەوە تا پێداویستییەکانیتری ژیان دابین بکەن بەڵام بەرپرسەکان بۆ بەسەربردنی چەند ساتێکی خۆش ھەزاران دۆلار لە موڵکی گشتی ئەیەن بەبایا.

ئەو ھۆکارانەی کە لە وتارەکانی پێشووا باسکران تا ئێستا بوونەتە ھۆکاری ئەوەی کە خەڵکی ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ بڕوای بە کوردایەتی و ڕاپەڕین و شۆڕش نەمێنێ و ئامادەنەبێ جارێکیتر لە پێناوییا قوربانی بات، تەنانەت لە بارودۆخێکی وەک ئێستاشا کە قوت و مووچەی لێ زەوت کراوە و کەمترین خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانی لەبەردەستانیە لەترسی ئەوەی کە نەک ئەمانە بڕۆن و لەمان خراپتر دەسەڵات وەرگرن، ئاخر لە ١٩٩١کدا دیکتاتۆرێکیان ڕاونا بەڵام چەندین دزو دیکتاتۆر ھاتنە شوێنی.
ئێستا دوور لە ئایدۆلۆژیا لە ڕووی سیاسی و جەماوەریشەوە تاکی کوردی ھێندە ماندووە تەنانەت متمانەی بە توانا خۆییەکانی خود نەماوە، بۆیە گرنگە کار لەسەر بنیاتنانەوەی خود بکرێ و خەمی ڕۆشنبیر باری کۆمەڵایەتی خەڵک بێت نەک خۆ ناساندن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.