جه‌زای سه‌ید مجید
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی ١ی سلێمانی
٣ ئابی ٢٠١٤ ده‌ستپێكی ڕۆژێكی ڕه‌ش و شوم بوو له مێژووی كورد و شه‌نگالیه‌كان كه تیایدا گه‌وره‌ترین تاوانی مرۆیی به‌رامبه‌ر به ئێزدیه‌كان له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه له‌سه‌ر خاكی خۆیان به‌رامبه‌ریان ئەنجامدرا، له‌و كۆمه‌ڵكوژیه‌دا تیرۆرستانی داعش له سه‌ده‌ی جیهانگیریی و پێشكه‌وتنی مرۆیی‌دا و به به‌رچاوی جیهانه‌وه ژن و كچانی ئێزدیان به بارمته‌گرت و پیاو و گه‌نجه‌كانیشیان زیندهبهچاڵكرد، دوای تێپه‌ڕبونی شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و جینۆسایده‌دا، تا ئێستاش به‌شێك له پرسیاره‌كان بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش گومانی شه‌نگالیه‌كان زیاتر ده‌كات كه ئه‌نجام دانی تاوانه‌كه پیلانێكی وردی له‌پشته و دووره له شكستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
جیهان شایه‌دی ئه‌وه‌یه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نزیكه‌ی سێ ساڵ بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش و به خوێنی سه‌دان شه‌هید ی قاره‌مان و هه‌زاران بریندار، چه‌ندین داستانی نه‌به‌ردی له به‌رامبه‌ر داعش تۆماركرد و لەو ماوەشدا ڕێگربوو له هاتنه پێشه‌وه‌ی داعش و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی خاكی پیرۆزی كوردستان، دواجار بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌و گروپه پڕچه‌كه تیرۆرستیه هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه تێكشكا و شكستی یه‌كجاری به‌ركه‌وت، هێزی پێشمه‌رگه كه به‌درێژایی زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر به‌رامبه‌ر به داعش جه‌نگابێت و ڕێگیربوو بێت لە خەونی تاریک پەرستان، بۆچی شه‌نگالی پێ نه‌پارێزرا ئایا فه‌رمانی پاشه‌كشه‌یان بۆهات؟ كه وایه كێ فه‌رمانی پێكردن؟.
سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان له ١٤ ئابی ٢٠١٤ لە پەیامێکدا ڕایگه‌یاند “ئه‌و به‌رپرسه ئه‌منی و سه‌ربازی و حزبیهكانهی ئه‌ركی پاراستنی شه‌نگالیان له ئه‌ستۆ بوو له‌كاره‌كانیان لادراون و لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ده‌رخستنی ڕاستیه‌كان پێكهاتووه لیژنه‌كه بڕیار له‌سه‌ر سزادانی ئه‌و به‌رپرسانه ده‌دات كه له پاراستنی شه‌نگال كه‌م ته‌رخه‌م بوون”، ئێمه ده‌پرسین كاری لیژنه‌كه گه‌یشتوه به‌كوێ؟ ئایا له دوای شه‌ش ساڵ لیژنه‌كه نه‌گه‌یشتن به ڕاستی و دروستی؟ بۆچی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ئاشكراناكه‌ن؟ و خهتابارهكان لە دادگایەکدا بەسزای خۆیان نەگەیشتن؟.
له‌لایه‌كیتره‌وه په‌رله‌مانی كوردستان له دانیشتنی ژماره(٣)ی نائاسایی خۆیدا لە ٣ ئابی ٢٠١٩ ڕۆژی
٣ی ئابی ٢٠١٤ وه‌ك ڕۆژی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدیه‌كان دیاریكرد، بۆئه‌وه‌ی به یاسا زه‌مینه سازی بكات بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی شه‌نگال به‌ڵام تا ئێستا بۆچی قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه؟
هه‌روه‌ها حكومه‌تی عیراقیش به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه له قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئێزدیه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، ڕێگریشه له هێنانی تیمی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانی داعش و به دیكۆمێنتكردنیان.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆنگره‌ی چوار پلان و ستراتیژی وردی بۆ هه‌موو ناوچه و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و له ناویشیاندا خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئێزدی، هاوسه‌رۆكان و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی (ی.ن.ك)، هه‌وڵی سۆراغ و ئاشکراکردنی چاره‌نوسی (٢٥٠٠)كچ و ژنی ئێزدی كه تا ئێستا چاره‌نوسیان نادیاره، هه‌روه‌ها فشاره‌كانی بۆ ئاشكراكردنی كاری لیژنه‌كه‌ی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم ده‌خاته گه‌ڕ، هاوكات له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانی له حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق هەنگاوەکانی چڕترده‌كاته‌وه كه به زوترین كات حكومه‌تی عیراق قه‌ره‌بووی شه‌نگالیه‌كان بكات و ناوچه‌كانیشیان ئاوه‌دان بكاته‌وه و كارده‌كه‌ین بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێدی پیرۆزی خۆیان، زەمینەش دەرەخسێنین بۆ هێنانی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دیکۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش دەرحەق بە ئێزدیەکان و تۆمارکردنی وەک کۆمەڵکوژی لە دادگای نێودەوڵەتیدا.