ستاندەر
لە شەشەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان لە شەنگالدا، یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال پارتی پشتی کردە خەڵکی ئەو ناوچەیە، لەبەرامبەردا سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی لەراگەیەنراوێكدا بۆهەمان بۆنە داوا دەکات ” میلیشیاکان ” لەشەنگال دەربکرێن وەك ئاماژەیەك بە دەرکردنی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال كە لە دوای كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان لەلایەن بەشێك لە ئێزیدیەكانی ناوچەكە دروستكرا و بە نزیكایەتی لە پەكەكە تۆمەتبار دەكرێن.
لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەکەی یەبەشەدا هاتووە، ” خۆبەڕێکخستن نەکردن و نەبوونی هێزی جەوهەریی و پشت بەستن بە هێزی تر، هۆکارێکی پێکهێنانی فەرمانی ٧٣-مین بوو، “چونکە پەدەکە، کە دەیوت ئێمە شەنگال دەپارێزین، لەکاتی فەرمانەکەدا پشتی تێکردین و هەڵهات”.
راشیانگەیاندووە” گەلەکەمان هەرگیزیش نابێت ڕێگا بدات ئەو کەسانەی خیانەتیان کرد لەسەر خاکی شەنگال بژین، ئەو کەسانە لە ئەمڕۆدا دەیانەوێت قوربانییدانەکان ڕەش بکەن، خۆیان وەک خاوەن کۆمەڵگای ئێزی نیشان دەدەن و بازرگانیی بەو فەرمانەوە دەکەن، بەو جۆرە ناتوانن ڕووی خۆیان سپی بکەنەوە”.