بنەماڵەی مەجید هەرووتی ئەو پێشمەرگەیەی بە شێوەیەکی گوماناوی شەهیدبوو بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشی بڵاودەکەنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 264 جار بینراوە

ستاندەر

لە بەیاننامەکەی بنەماڵەی مەجید هەرووتی کە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە وێنەیەکی بۆ ستاندەر نێردراوە ناڕەزایەتی توند لەدژی پارتی دیموکرات دەردەبڕن و ڕایدەگێنن ئێمە وەک بنەماڵەکەمان بۆچوونمان وایە، ئەم سیناریۆ دروستکراوەی پارتی لەھەمبەر ڕۆڵەکەمان، تەنھا و تەنها ئەوەمان پێدەڵێت، کە پارتی وەک حزبێکی تاکڕەو، ئامانجی تۆقاندن و سڕینەوەی سەرجەم ئەو هێز و دەنگە ئازادیخوازانەیە، کە نەیار و بەرهەڵستی ڕەفتارە قێزەونەکانی پارتی دەکەن، پارتی بەم سیناریۆیە ویستی یەکێتی نوێ تاقیبکاتەوە، ئاخۆ تا چەند وەک جاران دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات، پارتی دەیەوێت بزانێت کە ئاخۆ ئەم سەرکردایەتییە نوێیەی یەکێتی جیاواز لە پێشوو نەرمی دەنوێنێ لە ئاست پارتی یاخود نەخێر؟ بۆیە ئەمە یەکەم و دوا ڕەفتاری پارتی نابێت بەرامبەر بە ئەندام و لایەنگرانی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی بەتایبەت یەکێتی، بۆیە دەپرسین ئایا هاوسەرۆکانی یەکێتی ئەمە تا چەند لە پارتی قبوڵ دەکەن؟

لە بەیاننامەکەدا کە ئاراستەی خەڵکی کوردستان و هاوسەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی کراوە ئەوەش هاتووە پارتی دوور و نزیک ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەبەر دەست نەبووە لەسەر تۆمەتبارکردنی ڕۆڵەکەمان تەنھا پڕۆپاگەندە و قسەی سواو دەھۆننەوە. ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆڵەکەمان لە لایەن پۆلیس و دادگا داواکراو نەبووە، ئەگەر ھەر پێشینەیەکی تاوانکاری ھەبووبێت لە پۆلیس یان دادگاکان، دەتوانن بیخەنە ڕوو بۆ ڕای گشتی.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە

بۆ :
ڕای گشتی، لە هەرێمی کوردستان، بەڕێزان؛
ھاوسەرۆکان و ئەندامانی  سەرکردایەتی یەکێتی نيشتمانی کوردستان، ئازادیخوازان لە ناو هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران.

سەرەتا وەک بنەماڵەی شەھیدی ستەم (مەجید ھەرووتی)، سوپاس و پێزانینی خۆمان  لەهەمبەر پەرۆشی و هاوخەمی خەڵکی خاوەن بە هەڵویست و بە ویژدان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دووپات دەکەینەوە، کە لەسەرەتای ڕووداوی تيرۆرکردنی ڕۆڵەکەمان تەواو ھاوکار و ھاوسۆز بوون.

وەک وەبیرھێنانەوەیەک بۆ ڕای گشتی:
مەجید ھەرووتی لە ڕێککەوتی شەوی١٣ \۱٤ ⁄ ١ ⁄ ٢٠٢٠ لەماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا لە لایەن ھێزێکی بەناو دژە تیرۆری پارتییەوە بە ھاوکاری ئاسایشی باسرمە و ئاسایشی سۆران بەبێ ھیچ فەرمانێکی دادگا یان ئاگەدار کردنەوەیەکی پێشوەختەی یاسایی بەشێوەیەکی نا مرۆڤانە و تيرۆرئاسا؛ لە دوای سێ ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسۆراخکردنی ڕۆڵەکەمان ئاسایشی پارتی لە بەرواری ١٦ ⁄ ١ ⁄ ٢٠٢٠ لە ڕەفتارێکی نامڕۆڤایەتی دوور لە هەموو هەستێکی بەرپرسیارێتی و ئەدگارێکی ئەخڵاقی ئاگاداری کردینەوە، بەوەیخ تەرمی (مەجید ھەرووتی) لە پزیشکی دادوەری ھەولێرە.

پارتی پێشبینی نەکردبوو  ڕووداوەکە ڕای گشتی کوردستان ڕابچڵەکێنێت، بەڵکو بەپێی ئەو سیناريۆ تیرۆرئاسایەی دەزگا سیخوڕی و تۆقێنەرەکەی دایتاشیبوو، بەوەی رۆلەکەمان لە زیندان بەدەستی خۆی خۆی خنکاندوە، ڕوداوەکە پەردەپۆش دەکات و  مەرگەکەی بێ شوناس و بە هەڵم دەکرێت زۆر ئاسان بیردەچێتەوە، بەڵام ھەر زوو سیناریۆ نەزۆکەکەی پارتی بۆ ڕای گشتی ئاشکرابوو.

ئەم ستەمەی ئەنجامدرا دژ بە ڕۆڵەکەمان و بنەماڵەکەمان سەرەتاییەکی ترسناک بوو دژ بە ئازادی و دیموکراسی و بەھا پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی، و ھەروەھا ئەم ڕووداوە ھۆشداریەکی ڕوونی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکەی پارتییە  بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەوەی لەگەڵیان نەبێت بەو جۆرە تیرۆری دەکەن و دواتر سیناریۆیەکی قێزەونی دەخەنە پاڵ.

لە سەروبەندی ڕووداوەکەدا، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لێژنەیەکی پەڕلەمانی و لێژنەیەکی حکومی ( ئەم لیژنە حکومییە پێکھاتبوو لە ئەندامانی دەزگای زانیاری یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی)، بەمەبەستی ئاشکرا کردنی ڕاستی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی کوردستان بەڵام تا ئێستا ھیچ دەرەئەنجامێکی ئەو لیژنانە نەخراوتە ڕوو بۆ ڕای گشتی و بنەماڵەکەمان.

ئێمە وەک بنەماڵە و خێزان و منداڵەکانی (مەجید ھەرووتی) داوا دەکەین لە ( کاک لاھور شێخ جەنگی و کاک بافل تاڵەبانی) ھاوسەرۆکانی یەکێتی نوێ، ڕێگە نەدەن ئاکام و ئاشکراکردنی ئەم تاوانە دەرهەق بە پێشمەرگەيەکی یەکێتی وەک چەندان کاری قێزەونی تری پارتی دیزەبەدەرخۆنە بکرێت، چونکە ئەمە ئاسەواری خراپ لەسەر متمانەی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی بەرامبەر بە پاراستن و بەتەنگەوەبوونی حزبەکەیان لەبەرامبەر هەڕەشەی پارتی لەسەر ژیان و ئازادی و ماڵیان بەجێدەهێڵێت. ئێمە وەک بنەماڵەکەمان دەپرسین لە ھاوسەرۆکانی یەکێتی نوێ ” ئایا ئێوە وەک ھاوسەرۆکان و یەکێتی نوێ، قبولی دەکەن پێشمەرگەکانتان بڕفێنن و لەژێر تەعزیب و ئەشکەنجدان بە شێوەیەکی دڕندانە ڕۆحی لە جەستە دەربکەن ؟” دواتریش سیناریۆی جۆراوجۆری بۆ بەیان بکەن. ئێمە وەک بنەماڵەی (مەجید ھەرووتی) تەواو دڵنیاین لە ئەستۆپاکی ڕۆڵەکەمان، ئەگەر ڕۆڵەکەمان تۆمەتبار بێت بە کارێکی نا یاسایی، ئەوا دەسەڵاتدارانی پارتی دەیانتوانی ڕووبەڕووی دادگا و یاسا بکەنەوە ئەوکات ئەستۆپاکی و گوناھباری بە دیار دەکەوت.

پارتی دوور و نزیک ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەبەر دەست نەبووە لەسەر تۆمەتبارکردنی ڕۆڵەکەمان تەنھا پڕۆپاگەندە و قسەی سواو دەھۆننەوە. ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆڵەکەمان لە لایەن پۆلیس و دادگا داواکراو نەبووە، ئەگەر ھەر پێشینەیەکی تاوانکاری ھەبووبێت لە پۆلیس یان دادگاکان، دەتوانن بیخەنە ڕوو بۆ ڕای گشتی.

ئێمە وەک بنەماڵەکەمان بۆچوونمان وایە، ئەم سیناریۆ دروستکراوەی پارتی لەھەمبەر ڕۆڵەکەمان، تەنھا و تەنها ئەوەمان پێدەڵێت، کە پارتی وەک حزبێکی تاکڕەو، ئامانجی تۆقاندن و سڕینەوەی سەرجەم ئەو هێز و دەنگە ئازادیخوازانەیە، کە نەیار و بەرهەڵستی ڕەفتارە قێزەونەکانی پارتی دەکەن، پارتی بەم سیناریۆیە ویستی یەکێتی نوێ تاقیبکاتەوە، ئاخۆ تا چەند وەک جاران دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات، پارتی دەیەوێت بزانێت کە ئاخۆ ئەم سەرکردایەتییە نوێیەی یەکێتی جیاواز لە پێشوو نەرمی دەنوێنێ لە ئاست پارتی یاخود نەخێر؟ بۆیە ئەمە یەکەم و دوا ڕەفتاری پارتی نابێت بەرامبەر بە ئەندام و لایەنگرانی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی بەتایبەت یەکێتی، بۆیە دەپرسین ئایا هاوسەرۆکانی یەکێتی ئەمە تا چەند لە پارتی قبوڵ دەکەن؟

ئێمە وەک بنەماڵەی قوربانی دەستی زوڵم(مەجید ھەرووتی) ماوەی چەند مانگێکە چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی لێژنەکان دەکەین، وەک ئەندامانی بنەماڵەکەمان ماوەیەکی دیکە چاوەڕوان دەکەین، ئەگەر دەرئەنجامەکان بۆ ئێمە و ڕای گشتی نەخرێتە ڕوو ئەوا دەستەوسان نابین، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین لە شێوەی ناڕەزایەتی  دەربڕین لەبەردەم قونسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێم و جوڵاندنی ڕای گشتی و، وەھەروەھا پەنا دەبەینەبەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیی وەھەروەھا تۆمار کردنی سکاڵای یاسایی لە بەردەم دادگاکانی عیراق دژ بە بکەرانی ئەو تاوانە.

لە کۆتایی دا، بنەڵەکەمان دووبارە داوا لە یەکێتی نوێ بە تایبەت (کاک لاھور شێخ جەنگی و کاک بافل تاڵەبانی) ھاوسەرۆکەکانی یەکێتی نوێ دەکەین، کە چارەنووسی خوێنی ڕۆڵەکەمان بۆ ئاشکرا بکەن و مافی وەرگرنەوە، جێی وەبیرھێنانەوەیە کاک لاھور لەوکاتەدا پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەکەمانی کردبوو بەڵێنی دابوو کە لە خوێنی مەجید ھەرووتی خۆش نابن و بکەرانی دەدەن بە یاسا، ھیواخوازین ئیدی ڕێگە نەدەن لایەنگیرانی یەکێتی لە ژێر تەعزیبی ستەمکاران گیان لە دەست بدەن.

                    بنەماڵەی شەھیدی ستەم (مەجید ھەرووتی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.