وەزیری پێشووتری تەندروستی عێراق نامەیەكی كراوە ئاراستەی وەزیری تەندروستی هەرێم دەكات

لەلایەن ستاندار Posted on 535 جار بینراوە

ستاندەر

 د.مەجید حەمەدەمین، وەزیری پێشووتری تەندروستی عێراق و هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، نامەیەكی كراوە لەژێر ناونیشانی هەرەسی تەندروستی هەرەس بەهەموو سیکتەرەکان دینێ! ئاراستەی وەزیری تەندروستی هەرێم دەكات.

لە بەشێكی نامەكە هاتووە:” وەزارەت کاتێکی زۆری بەهەدەرداو سودی لێ نەبینی، کەدەکرا رێژەی تووشبووان و مردوان و مەترسیەکان، هەرگیز بەو شێوەیە نەبن، کەهەیە!” دەشلێت وەزیر ماندووبووەو تارادەیەک هەندێک هەنگاوی ناوە، بەڵام راستی تاک لایەنە کارکردن و کەمی ووزەو بەتەنها کارکردن و سوود وەرگرتن بەتەنها لە چەند کارئەکتەرێکی دەوروبەر، نەیتوانی لەم قۆناغەدا سەرکەوتووبێت و یارمەتیدەری بەرچاوی دۆخەکە بێت .

دەقی نامەكە بخوێنەوە

نامەیەکی کراوە بۆ وەزیری تەندروستی
هەرەسی تەندروستی هەرەس بەهەموو سیکتەرەکان دینێ!
نەبوونی قیادەکردنێکی دروست، وەزارەتی تەندروستی دەکەوێنێ!

 د.مەجید حەمەدەمین
یەکێک لەو سێکتەرانەی کە جێگای گرنگی هەمووانە، سێکتەری تەندروستییە، کە لەماوەی چەند مانگی رابردو لەئێستادا تەرکیزی زۆری دەکرێتەسەر، بەڵام مەخابن وەزیری تەندروستی نەیتوانی وەڵامدەرەوەی قۆناغی شەپۆڵی فایرۆسی کۆڕنا و مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەو رێ و شوێنەکانی بێت.
سێکتەری تەندروستی بەهۆی خراپی ئیدارەدانی، رووبەرووی چەندین قەیران بۆوە، کە ئەو قەیرانانە نەدەبوو هەبن یان بەو قەبارە گەورەیە دروست ببن. جارێک خۆ خەریککردن بە ئامادەکردنی دەیان شوێن ئۆتێلی بێ پلان و بێ پێداویستی، جارێک ئەزمەی نەبوونی قەرەوێلەی خەستەخانەکان و جارێک کەمی شوێنی چاودێری چڕ و جارێک نەبوونی پلازما و جارێک نەبوونی بودجەو جارێک بەهەڵە هەڵمەتی خۆپارێزی، جارێک ئەزمەی دەمامک و جارێک مامەڵەی خراپ لەشێوازی ناشتنی قوربانیانی کۆڕۆناو جارێک و دەیان جار کەرەنتینەی شارو شارۆچکەکان بەهەرەمەکی، تارادەی کەرەنتینەی سیاسی، جارێک نەمانی ئۆکسجین و جارێک لەکارکەوتنی کارگەی ئۆکسجین. جارێک ئەزمەی دەرمان و جارێک پێنەدانی موچەی کارمەندانی تەندروستی…هتد کە ئیتر قەیرانەکانی تەندروستی تادێت گەورەتر دەبن و نابڕێنەوەو چارەیان بۆ نادۆزرێتەوە!.
راستە، وەزیر ماندووبووەو تارادەیەک هەندێک هەنگاوی ناوە، بەڵام راستی تاک لایەنە کارکردن و کەمی ووزەو بەتەنها کارکردن و سوود وەرگرتن بەتەنها لە چەند کارئەکتەرێکی دەوروبەر، نەیتوانی لەم قۆناغەدا سەرکەوتووبێت و یارمەتیدەری بەرچاوی دۆخەکە بێت ، کە چەندین جار داوای لێکرا ئەنجومەنێکی راوێژکاری دروست بکا بەلام نەیکرد ، وای کرد حکومەت تووشی زەرەرمەندی و پەرچەکرداری هاووڵاتیان و تێچوونی زۆری پشکنین و تەنانەت لەباربردنی متمانەی نێوان خەڵک و حکومەت بەتایبەتی لە فایرۆسی کۆرۆنا دروست ببێت.  چونکە لەماوەی تەمەنی دوا کابینەی حکومەتی هەرێم، زۆرترین تەمەنی لە رەوشی فایرۆسی کۆرۆنا بووە، کەدەبوو وەزارەتی تەندروستی بەرهەمی جوان و هەنگاوی زۆرپێویستتری پێشکەش کردبایە. بەراستی وەزارەت کاتێکی زۆری بەهەدەرداو سودی لێ نەبینی، کەدەکرا رێژەی تووشبووان و مردوان و مەترسیەکان، هەرگیز بەو شێوەیە نەبن، کەهەیە!
ناپرسین بۆچی خەڵک باوەڕی بەفایرۆسەکە نەما یان باوەڕبوون کاڵبۆوە؟ تاسەرئەنجام کۆڕۆنا هەموو کون و کەلەبەرەکانی گرتەوە! ئایا باوەڕنەبوون بە پەتاکەیە یان بە وەزیرو هەنگاوەکانی وەزارەتی تەندروستییە! تا وای لێھات خەلک متمانەی بەدەزگاکانی تەندروستیش نەما .
ناپرسین بۆچی، بێ هیچ دراسەیەکی تەندروستی، خەڵک لە کۆڵان و گەرەکەکان گیرکران! لەجیاتی هۆشیاری تەندروستی و باوەڕ دروست کردن، وامان لێ کردن هەرچی کاسبی و جولەیەکی ژیانە نەیهێلین! ،خەڵک بێ کارو کاسبی لەبن دیواری مزگەوت و مەکتەب و بەردەکی ماڵان کۆبونەوەو زیاتر نەخۆشیەکە بڵاوبۆوە. ئایا ئەمەیە رێکاری تەندروستی؟
لاوازی سێکتەری تەندروستی و نەبوونی قیادەکردنێکی شارەزایانە بەتایبەتی لەبابەتی بەرەنگاربوونەوەی فایرۆسی کۆرۆنا، کاری کردە سەر تەواوی رەهەندەکانی ژیان و تەواوی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و خوێندن و پەروەردەو رۆشنبیری و باری کۆمەڵایەتی….هەموو سێکتەرەکانی پەکخست! دەبێ بپرسین وەزیری تەندروستی بۆچی وای کرد؟
تەنانەت کۆی وەزارەتەکان و حکومەت لەسەدا نەوەدی کارەکانی پاڵپشتی و ئاگالێ بوون لە وەزیرو وەزارەتی تەندروستی بوو، بەڵام وەزیری تەندروستی نەیتوانی وەکو پێویست نەئاگای لەحکومەت بێت و نەئاگای لەخەڵک بێت، کە دەرئەنجام و لێکەوتەکان وامان پێ دەلێن و وا دەردەکەون.
لە تەنها چەند پرسیارێکی سەرەتایی و لەپێشینەو پێویستدا:-
– زۆرمان هاوار کرد، کە بۆ (پرس و راوێژ) لێژنەیەکی شارەزایان دابندرێت، بەڵام بۆچی نەتاکرد؟.
– ئایا لەو ماوەیەدا ژمارەی قەرەوێلەکانی چاودێری چڕ و چاودێری ھەناسەدان چەندبوو و چەند زیادی کرد؟
– تاچەند سەرکەوتوو بوون لەبەشداری پێکردنی کەرتی تایبەت بۆ هاوکاریکردنی کەرتی گشتی؟ بۆچی هەموو شتەکانتان بە کەرتی گشتی حصر کردوە لەکاتێکدا دەکرا کەرتی  تایبەت هاوکاری زۆر گەورە پێشکەش بکات.
– ئایا لەو ماوەیەدا بۆ زیاترکردنی کفائەی قاوشەکانی چاودێری چڕ و چاودێری ھەناسەدان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایەو شارەزابوون لەئەرکی تازەدا چەند دکتۆرو دکتۆری مقیم و کادیری تەندروستیتان تەدریب پێ کردوە؟
– چەند جیهازی هەناسەدانی دەستکردتان زیاد کردوە؟. چەندتان کڕیوەو چەندتان لە کۆگاکانی وەزارەت هەڵگرتبوو تا لەکاتی پێویست بەکاریان بهێنن؟!
– ئایا دەرسمان لەکام ئەزموونی وڵاتان بینی و تیم و وەفدەکانمان بەرەو کام وڵات بەرێ کەوتن؟ زیاتر لە دوو مانگ ماوەمان هەبوو هیچ ئامادەکاریەک وەرنەگیرا،لەکاتێک ئەوروپا و ئەمەریکا لەنێو شەپۆڵی کارەساتەکەدا بوون. ئێمە تەنها بینەربووین. بەکورتی نەکار بۆ چارەسەری نەخۆشە توندەکان کرا، نەکاریش  بۆ بەدەستهێنانی مناعەی بەکۆمەڵ کرا.
-لە دووایین ھەنگاوەکان ھەلساون بە داخستنی عیادەکانی دکتۆر و دکتۆری ددان و دەدمانسازان و کارمەندانی تەندروستی کە لە بنەرەتدا ئەوان بوون ھێلی یەکەمی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ، ئەوەتان لە مەسلەحەتی کێ !؟
باشە جەنابتان وەکو وەزیر رۆژانە دەتدیت کە ئەوروپای رۆژئاوا بەو هەموو ئیمکانیاتە تەندروستی و ئابوریەی خۆی بەتایبەت ئیسپانیا و ئیتالیا هەرەسی هێنا بۆ دەرسمان وەرنەگرت؟.
رۆژێک لەخۆتان نەپرسی بۆچی ئەمەریکا لەشەڕی کۆڕۆنا دۆڕاو کەنەدا براوە بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا توانای زۆر زیاتر بوو، دامەزراوەو دەزگای تەندروستی زۆر گەورەتری هەبوو. بەڵام کەنەدا ئیدارەدانی زۆرباش بوو، بەلێ ئەمە هۆکارەکە بوو!
سلێمانی دۆخە خراپەکەی بینی و لەئێستادا دۆخەکە لەهەولێر و گەرمیان زۆرخراپەو لەدهۆکیش بەرەو خراپی دەچێ. کێ لێی بەرپرسیارەو پلانەکانتان دەبێ چی بێ؟!
نوسینەکەم دژی کەس نیە تەنها رەخنەیە لەهەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەو راستکردنەوەیان، چونکە بەراستی خەریکە ئەو سیاسەتە چەوتە سەری هەموومان بخوات و میللەتێک بکاتە قوربانی!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.