ئاشبەتاڵی پارتی و شەست وشەشی یەکێتی و مۆمەکەی گۆڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 304 جار بینراوە

بەختیار شارەزوری

بە درێژایی مێژوی شۆڕشەکانی کورد ، کورد نەیتوانیوە وەک یەک پاکێجی شۆڕش یەکێتی ناوەکی خۆی بەرهەمبهێنێ و بیپارێزێ ، هەر لەسەر ئەم شریتەی شۆڕشانە سەرکردایەتیەکانیان نەک نەیان توانیوە ژمارە بن لە ناو بەریەککەوتنەکانی هەرێمی و جیهانیدا بەڵکو کارتێکی هەرزانی ناو بەریەککەوتنەکان بون ، بە شێوەیەک هاوکاری کراون تا بەهێز بون دوای فرۆشراوە لەسەر مێزی گفتوگۆکان ، لە ناو کوردیشدا بە هۆی ئەوەی هێزەکان دژی یەک خیانەتیان بە خیانەت وەڵام داوەتەوە دژی یەک بون ، تا ئەو ئاستەی لە دژی یەک سوپای بێگانەیان بانگهێشت کردوە ، یان بەرەیەک چوەتە پەنای دوژمن لە پێناو مانەوەی خۆیدا ، ئەو ڕێگایە و ئەم شریتە لە مێژوەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا نزیکترین نمونەی زیندو (١٦ ی ئۆکتۆبەر بەرامبەر ٣١ ی ئاب ) تا کار گەیشتوەتە بەشکردنی زۆن و بازرگانی و پۆست و هەتا تیرۆریشیان بەش کردوە .
ئا لێرەوە کە ئێستە ئەمریکا دەیەوێ عێراقێکی بەهێز دروست بکا ، دوای ئەوەی ئێران بە ناچاری و وەک دۆڕاوێکی ململانێ ی ئەمریکا لە عێڕاق و وەک مەلا نەخۆشەکە بە مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بوە ، لە ناوخۆی عێڕاقیشدا خەڵک ماندوە بەدەست شیعە و سونە و لە کوردستانیش پارتی و یەکێتی ئامادەیە دەست بۆ چڵە پۆشەکە ببات و لە تاو خنکاندنی خۆی چڵە پۆشەکەی لێ دەبێت بە دار بەڕویەکی فریاد ڕەس ، هاتنە پێشەوەی کازمی لە خۆڕا نەبوە ئەو کارئەکتەری ئەمریکایە لە سەر شانۆی عێراقی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ ، هەر کەسێکی تر بوایە هەمان کاری پێ دەکرا ، وەک دەڵین (ئەمریکا بیەوێ فیل دەکات بە مشک و مشکیش دەکات بە فیل ) کازمی بە پاڵپشتی ئەمریکا و گڵۆپی سەوزی ئێرانەوە لە بەرامبەر مامەڵەی بازرگانی ئێران بە بڕی ٢٠ ملیار دۆلار دەبێتە کارئەکتەرێکی بەهێزی عێراق لەسەر نەخشەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ، بۆ ئەوەی کازمی شەرعیەتی تەواوی هەبێت تا عێراق وەک مۆدێلی وڵاتانی خلیجی لێبکات بە تایبەت سعودیە ، دەبێت بچێتە هەڵبژاردنەکانەوە و لیستی هەبێت ، هەموشمان دەزانین کە کازمی ئەمە بە سەرکەوتوی تێدەپەڕێنێ و سەرەتاکانی دیارە و پێشوازی خەڵکیش لەو پەڕی ترۆپکی ئامادەیدایە .
کورد لە باشور نە بە پشتیوانی زۆنی لەگەڵ ئێران و نە بە پشتیوانی زۆنێکی تر لەگەڵ تورکیا ناتوانێ ببێتە ژمارەیەکی قورس ، چونکە چی ئێران و چی تورکیا بەرژەوەندیان لەگەڵ ناوەند زۆر گەورەترە لە بەرژەوەندیان لەگەڵ هەرێم ، وەک دەبینین نەوتی ڕۆژائاوا و پرۆسەی ئاشتەوای نێوان پەکەکە و تورکیا بە وێنەی تاڵیبان لە ئارادایە  بۆ تورکیا، لێرەشەوە عێراق لەگەڵ سعودیە و هەوڵی کازمی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەروازە سنوریەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە .
خۆ ئەگەر خوێندنەوە بکەین بۆ شەست و شەش ئەوا دیوی دوەمی گفتوگۆ بوە لەگەل ناوەند و پێان وا بوە کورد دەتوانی دوای شکستی مەلایی ئەوا جەلالیەکان بتوانن شتێ بۆ کورد بەدەست بێنن ، بەڵام مەلاییەکان ڕازی نابن بۆیە ناو دەنرێ بە کوڵانە سور ، دوای ئەم مێژوەش پارتی لە پێناو شای ئێران و ڕێککەوتنی جەزائیر  و لە پێناو شادا ، ئاشبەتاڵێکی گەورە دەکات کە کۆی پرۆسەی سیاسی و شۆڕش بۆ دەیان ساڵ هەرەس پێ دێنێ ، ئەم حەل کردنی خیانەت بە خیانەتێکی تر تا ئێستا درێژەی هەیە ، دوا جار هەر کاتێکیش ناوەند بەهێز بوبێ ئەوا کورد باڵانسی ماف و ئازادیەکانی و سیاسەتی نزم بوەتەوە ، هەرکاتێکیش ناوەند بێهێز بوبێ ئەوا کورد چانسی خۆ دروستکردنی بەهێز دەبێت ، بەڵام لە دوای سەدام کورد ئەو فرسەتەی لەدەست دا و نەیتوانی خۆی دروست بکات و بەهێز بێت بۆ دوبارە بونەوەی حاڵەتەکانی تر ، وا ئێستا کازمی بەهێز دەبێت و قەوارەی هەرێم لە خوێندنەوەی وەفدەکانەوە دەردەکەوێ سەرەتای بە کارتۆنی بونی هەرێم دەردەکەوێ و لەلایەن خەڵکیشەوە زۆرینەی پێشوازی لێ کازمی دەکات .
کوردی باشور لە سەردەمی مەلایی و جەلالیەوە تا ئێستا ئەم ململانێ و دابەشبونە بەسەر وڵاتانی ناوچەیدا بەردەوامیان هەیە ، کە پێ دەچێ هەمان مێژو خۆی دوبارە بکاتەوە ، کارئەکتەری بەهێزی ناو ڕێککەوتنەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق یەکێتی و دکتۆر بەرهەمە هەر لەسەرەتای خۆ کاندید کردنی و هەڵوەشاندنەوەی حیزبە هاوپەیامانیەکەی ئەمە دەرکەوت و وەک دەشزانین تورکیا و سونە لە عێراقدا غایب بوە ، ئەوە ئێران بوە سفرەی ئەمریکای برد بۆ خۆی ، بۆیە ئەمریکا لەگەڵ ئێران ململانێ ی کرد و دواجار ئێران بە ڕێککەوتنامەی خۆ بەدەستەوەدان وەک مەلا نەخۆشەکە ڕازی بو ، بۆیە یەکێتی ئەو ڕۆڵە زیاتر دەبینێ  نەک پارتی ، چونکە پارتی کە تورکیای لە پشتە و تورکیش لە عێراقدا غایبە بۆیە شانسی یەکێتی بۆ ئەوەی ببێتە ژمارە لەم گۆڕانکاریانەدا بەهێز ترە لە پارتی و تورکیاش نایەوێ لەبەر پارتی ئەم یاریە بکات و چاوی لە لیبیا و سوریایە زیاتر ، لە بەرامبەردا پارتی لە پرۆسەیەکی ئاشبەتاڵی هێواشدایە و ئامادەی ڕێککەوتنێتی لەگەڵ کازمی بە کارتۆنی بون ، لە مەسروربارزاندا دەردەکەوێ ، هاتنی فەرەنسا بۆ ئەو پەیامە بوە کە لەگەڵ ناوەند دەبێت ڕێک بکەون و هیچ لەمپەرێک لەبەردەم کازمیدا دروست نەکەن ، چونکە بە دڕێژایی مێژوی نزیک فەرەنسیەکان ئەگەر فریای کورد نەکەوتبێتن لە مەترسیەکان کوردی ئاگادار کردوەتەوە  بۆ ئەمەش پارتی و یەکێتی هیچ کاردانەوەیەکی بەهێزیان نیە لە بەرامبەر کازمیدا ، کە دەکاتە بەکارتۆنی بونی هەیمەنی سیاسی پارتی و یەکێتی ، ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر هەمان مێژوی شەست و شەش و ئاشبەتاڵ و ٣١ ی ئابە ، هەر بۆیە لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا و ڕۆڵی کازمی هەمان مێژوی شەست و شەش و ئاشبەتاڵە و دوبارە دەبێتەوە .
دوای ئەوەی کازمی هەمو هێزەکان دەخاتەوە سەر وەزارەتی بەرگری و کۆنتڕۆڵی سنوەرەکانی عێڕاق دەکاتەوە و هەیمەنە بۆ تاک و دام و دەزگاکان دەگێرێتەوە هەڵبژاردن دەکات (٦-٦-٢٠٢١) و وە بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردنەکان و دەنگی باش دێنێ ، ئیتر پارتی و یەکێتی دەبنە دوو جێبەجێکار و دوو دامەزارەوەی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەند  و هەر لە ئێستەشەوە قبوڵیان کردوە  ، بە دیوێکی تردا ئەمانە بونەتە بازرگان و متمانەیان نەماوە تا جارێکی تر شۆڕش بکەنەوە ، خۆشیان باش ئەو ڕاستیە دەزانن.
گۆڕان لە ناو هاکێشەی ناوچەیی و جیهانیدا ژمارە نیە ، ئەگەر پێشتر نەوشیروان مستەفا ویستبێتی بە کارتی ناوخۆ ڕوبەڕوی دەستەڵاتە ناوچەییەکان بێتەوە و بە کەسایەتی بەهێزی خۆی  ، بەهێزترین نامە بۆ ولاتان بنێرێ ، ئەوا دەتوانین بڵێین گۆڕان تەنها کارتی ناوخۆیی و لۆکاڵی پێ بوە و هەموشی بەسترابوەوە بە نەوشیروان مستەفاوە ، هێزی گەورەی گۆڕان هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان بوە ، ئەگەر چی بەشدار نیە لە تاڵانی گەورە ، بەڵام دەنگدەر و هاوڵاتی هیوایان بەم حیزبە بو شەڕی ئەو گەندەڵیە گشتیە بکات و دوای کاک نەوشیروانیش ئەو توانایەی نەماوە خەڵک تا ڕادەی توڕەبونێکی قورس لەم بزوتنەوەیە توڕەیە و بە هاتنە ناوەوەی کازمی و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ئەم کارتە بەهێزەی گۆڕان دەسوتێ و مۆمەکەی کز دەبێت تا ئاستی کوژانەوە ، ئەگەر لە خێراترین کاتدا کار لەسەر گۆڕینی تاکتیک و پەیوەندیەکانی نەکاتەوە ، هەر ئەو کاتیش نەوشیروان مستەفا باوەڕی بەناوەند هەبوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزە دەرەکیەکان و خۆشی کارئەکتەری سەرەکی دەستوری عێراق بوە ، گۆڕان دەبێت یارییەکانی بگۆڕێ لە ناو هەرێمەوە بۆ ناوەند ، بەتایبەت ئامادەگی لە ناوەند و پاڵپشتی ئەو هێزەی کە دەیەوێ بە پلەی یەکەم ڕوبەڕوی گەندەڵی بێتەوە ، چونکە لای هاوڵاتی عێراقی بە کوردیشەوە کە ماندوە  ، ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە شیعە بونی و سونی بونی و کوردبونی گرنگترە لە ئێستادا ، هەر بۆیە زەرەرمەندی یەکەم لە هەڵبژاردنەکاندا گۆڕان دەبێت .
لە سەرکەوتنەکانی کازمی پێ دەچێت کورد زەرەرمەندی یەکەم بێت لە ڕوی سیاسی و هەیمەنەی خۆ بەڕێوەبردنەوە ، بەڵام لە ڕوی ئیداری و بژێوی و گەندەڵیەوە هاوڵاتی قازانج دەکات ، چونکە ئەوە عێراقە دەتوانێ موچە بدات و هەرێم شکستی هێناوە ، هەر بۆیە کورد بۆ ئەوەی بتوانێ زەرەر لە نیوەیدا بگێڕێتەوە دەبێت پاڵپشتی هەر هەوڵێک بکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.