لە نێوان کازمی و نەوشیروان مستەفا دا

لەلایەن ستاندار Posted on 379 جار بینراوە

هۆشیار جەمال

  پرسی گەرمی نێو میدیا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقە کە لە سەرجەم عێراقدا بە کوردستانیشەوە ئومێدی گۆڕانکاری و چاکسازی لێ هەڵچنراوە، ئەوەی ڕوودەدات لە لایەن کازمیەوە هێندەی نمایشی سەرشاشە و میدیایە و زیاتر شانۆگەریەکی دووبارەیە. بەڵام کاریگەرە لەسەر تاکی ڕۆژهەڵاتی، هێندە لە بواری کرداریدا دەرنەکەوتووە کە چ کارێكی کردووە، خەڵك ئومێدی بە سەرۆک وەزیرانێکی کاتی بێ کوتلەی بێ هێزە لە عێراقێکدا کە هەرێمی کوردستانەکەی بە دەست دوو حیزبی چەکدار و  ناوچە شاخاویەکانی بەدەست هێزێکی تری چەکداری ترەوەیە کە پارتی کرێكارانی کوردستانە و کەم ڕۆژ هەیە سەروەری خاکەکەی پێشێل نەکرێت لە لایەن تورکیاوە چ لە زەمین و چ لە ئاسمانەوە، هەرچی  ناوەڕاست و باشوری عێراقیش پرە لە میلشیای چەکداری گرێدراوی ئێران و هێزی بێگانە.

کەچی خەڵكانێک هەن پێیان وایە کازمی لەم دۆخەدا دەتوانێت چاکسازی بکات  و خاڵە سنوریەکانی هەرێمی کوردستانی لە دەست هێزە حیزبەکانی یەکێتی و پارتی دەربهێنێت و دەوڵەتی دامەزراوەی بۆ دروست بکات،  هێزی حیزب و شەخس لە سەرتاسەری عێراق نە هێڵێت مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بکاتەوە.
هەموو ئەم دێڕانە نەوشیروان مستەفا زەمەنێکی دوور و درێژ چ  لەناو یەکێتی و چ دوای دروستبووی گۆران شەڕی لە پێناودا کرد، ئەو لە ساڵانی سەرەتایی هاتنە شاری حیزبی کوردی لە دوای ڕاپەڕین شەڕی کرد لە پێناو  ئەوەی بازگەی نایاسای و فەرهودی سەرسنورەکان نەمینێت، کە باشترین بەڵگەش ڕاپۆرتێکی ژیار گل ڕۆژنامەنووسی تۆڕی هەواڵی (بی بی سی فارسی)ە، دەڵێت بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا لە گەشتێکمدا بۆ کوردستانی عێراق بۆ یەکەمجار بەناوی نەوشیروان مستەفا ئاشنا بووم، ئەوکاتە دەیان بازگە لە نێوان ڕێگای سەرەکی سنوری نێوان ئێران و سلێمانی لە گوندە گەورە و بچووکەکاندا دانرابوو  لەم بازگانەدا بە ناوی باجەوە پارە لە خەڵک وەردەگرا. لە کاتی گەڕانەوەم بەرەو سنوری ئێران زانیم زۆربەی  ئەو بازگانە نەماون یان سوتاون، شۆفێرەکە پێی وتم ” کاکە نەوە” هەموو بازگەکانی کۆکردەوە، چونکە پارەیان لە خەڵک وەردەگرت بە نایاسایی.

دواتریش کە  بزووتنەوەی گۆرانی دروستکرد هەموو جۆرە ڕێگایەکی مەدەنی بەکارهێنا لە پێناو چەسپاندنی یاسای و مافی وەک یەکی بۆ هەمووان و نەمانی تەخشان و پەخشانی پارە کەم کردنەوەی گەندەڵی و بە دامەزراوەیی کردنی حکومەت و بە نیشتمانی کردنی هێزە ئەمنیەکان کە هەتا ئێستاش هێزەی حیزب و شەخسن، هەموو هەوڵێکی دا لە پێناو ئازادی زیاتری ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتی مەستی وەرگرتنی مووچەی مانگانە چەند سولفەیەکی کاتی وەک سولفەی زەواج و خانووبەرە بوون لە کاتێکدا ئەمانە سەرەتاترین مافی هەر هاوڵاتیەکە کە لێی سودمەندبێت، هەربۆیە لەهەر جوڵەیەکی بزووتنەوی گۆڕان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا زۆرینەی کۆمەڵگا دەبووە لایەنگری یەکێتی و پارتی و  ڕۆژێک بە ئاژاوە گێر و ڕۆژێک بە پیاوی دەوڵەتانی دوژمن  و  دوو ڕۆژ بە مەترسی سەر ئەزموونە ساواکە لێکیان دەدایەوە، ئێستاش کە هاوڵاتی مووچە و سولفەکان و تەخشان و پەخشانی پارە نەماوە، ڕۆژنامەنووسە بەناو ئازادەکان زۆربەیان میدیای سێبەریان دروستکرد و بوون بە بەشێک لە دەسەڵات. زۆرینەی کۆمەڵگا ئیشی بۆتە ئەوەی لە کۆمێنت جێنو بە گۆران بدەن و  بێ دەنگ و لاڵ لە بەردەم هەردوو حیزبی حکومران لەولاشەوە ستایشکەری مستەفا کازمی دەکەن، ئاخر سەرۆک وەزیرانێک کە ڕۆژگارێک بووبێت لە خەرجی گۆڤارێکی بەرپرسێکی کوردا گەندەڵی کردبێت کە وەک هاوڕێیەکی ڕۆژنامەنووسی لە هەمان دامەزراوەی میدیایدا دەڵێت” مانگانە بە پۆزەوە وەسڵی بێ شوماری دەهێنا بەدڵی خۆی خەرجی کردبوو، ئەبێت ئێستا کە سەرۆک وەزیرانە چی بکات؟”

لێرەوە دەپرسین ئایا مستەفا کازمی چی کردوە بۆ یەکلای کردنەوەی پرسی کەرکوک ئەگەر سەرۆک وەزیرانێکی بێ لایەنە بۆچی تەعریب بەردەوامە، چی کردوە بۆ ئەوەی مووچە خۆرە راستەقینەکانی هەرێمی کوردستان لە م دۆخە سەختەی ژیانیان ڕزگاریان بێت؟ چیکردوە بۆ ئەوەی ڕێکەوتنی نەوتی هەرێم و تورکیا کە کردنەوەی دەرگای نەهامەتی بوو بەڕووی هاوڵاتیانی کوردستان و دەرگای ڕەحمەت بەڕووی دووحیزبەکەدا کۆتایی پێ بهێنێت و  وەک دەوڵەتی عێراق چارەسەرێکی یاسای بۆم بابەتە بکات؟ یان سەرجەم گەمەکان کاتین و بانگەشەی پێش وەختی هەڵبژاردنەکانە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.