ستاندەر ـ بەرهەم محمد
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە چوار گەورە كۆمپانیای جیهانی و پێشكەوتوی ئەمریكا، بەریتانیا، روسیا و چین، لەهوڵی دۆزینەوەی ڤاکسینن لەدژی ئەو ڤایرۆسە ئەوەش وەکو جەنگێکی نێوان ئەو وڵاتە زلهێزانەی لێهاتووە بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینەکە.
لەئێستاداش ڕوسیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەپێش وڵاتە ڕکابەرەکانەوەیەو ڤاکسینەکەی بەرهەمهێناوە، ئەمڕۆ سێشەممە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا دروستكردنی یەكەمین ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە جیهاندا راگەیاند، كە لەلایەن زانایانی وڵاتەكەیەوە دروستكراوە.
پوتین وتی “ڤاكسینەكە بەشێوەیەكی زۆرباش كاردەكات و بەرگرییەكی جێگیر بۆ جەستە دروستدەكات، چونكە لە سەرجەم تاقیكردنەوە پێویستەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و یەكێك لە كچەكانی خۆشم بەو ڤاكسینە كوتراوە”.
لەکاتێکدا وڵاتە زلهێزەکان و کۆمپانیا گەورەکانی بواری ڤاکسین لەهەوڵی دۆزینەوەی ڤاکسینن، وڵاتانی تریش لەهەوڵی بەدەستهێنانی ڤاکسینەکەن لەدوای بەرهەمهێنانی، حازم جومەیلی بریكاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چوار گەورە كۆمپانیای جیهانی و پێشكەوتوی ئەمریكا، بەریتانیا، روسیا و چین، كە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدەن، تا لەكاتی دەرچوونی ڤاكسینەكە، عیراق لێیانبكڕێت.
بریكارەكەی وەزارەتی تەندروستیی عیراق راشیگەیاند “لەگەڵ ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی روسیا لە بەغدا دیدارمان هەبوو سەبارەت بە ڤاكسینی كۆرۆنا و لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بزانین كەی تۆماردەكرێت و بەرهەمدەهێندرێت، بۆیە ئەگەر بسەلمێندرێت ڤاكسینێكی كاریگەرە، بۆ نەخۆشخانەكانی عێراقی دابین دەكەین.