بەبەشداری چەندین رۆژنامەنووس و رۆشنبیر، كەمپینێك دژی هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسایەك بۆ میدیای ئەلیكترۆنی رادەگەیەنرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 235 جار بینراوە

ستاندەر

لە راگەیەنراوێكدا 23 رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و میدیاكار و نوسەر، داوا دەكەن هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسایەك بۆ كاری میدیای ئەلیكترۆنی بوەستێندرێت و تەنها پشت بە یاسای كاری رۆژنامەنووسی ژمارە 35ی ساڵی 2007 ببەسترێت.

كۆمەڵێك نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و یاساناس ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە هەوڵی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان لەژێرناوی “رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی”دا دەردەبڕن و بە هەوڵێك بۆ “بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاوڵاتیان” لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوی دەبەن. ئەوان داوا لە لایەنە دەسەڵاتدارەكان دەكەن پرۆژە یاساكە رابگرن و تەنها بڕیارێك دەربكەن كە میدیای ئەلیكترۆنی بچێتە ژێرباری یاسای رۆژنامەگەریی.

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

نوسەرو رۆژنامەنوس و ئازادیخوازان كاربەدەست و بڕیاربەدەستانی كوردستان

لەكاتێكدا كوردستان بەدۆخێكی زۆر خراپی سیاسی و ئابوریی تێدەپەڕێت و نەهامەتی و برسێتی خەڵك گەیشتۆتە دۆخێكی زۆر مەترسیدار. موچەو قوتی موچەخۆرانی كوردستان چۆتە قوڕگی شێرو دیار نییە چی بەسەردێت. رۆژانە بەڵگەو دۆیكۆمێنتەكانی گەندەڵی و خراپیی حكومڕانیی ئەم وڵاتە لەمیدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی بڵاودەكرێتەوە. پرۆژە یاسایەك لەژێر ناونیشانی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی گوایە بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كراوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە. لەراستیدا ئەو پرۆژەیە كە ناوەرۆكەكەی ئێستا ئاشكرا دەبێت، پێناچێت بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیی بێت، بەڵكو هەوڵێكە بۆ بەرتەسككردنەوەو ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاوڵاتیان تاوەكو نەتوانن لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی رەخنەو تێبینی و سەرنجی خۆیان لەبارەی رووداوەكان و گرفت و كەموكوڕیی و گەندەڵییەكانی حكومڕانی دەرببڕن. بۆ رەتکردنەوەی ئەم یاسایە هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین هیچ جیاوازییەک لەنیوان ئەکاونت و پەیجی دامودەزگا میدیاییەکان و ئەکاونت و پەیجە شەخسییەکاندا ناکات. ئەمەش مانای وایە دەشێت هەر هاوڵاتییەک لەسەر نووسین یان کۆمێنتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپێچی بنکەی پۆلیس و دادگا بکرێت. جگە لەوەش ئاماژەکردن بە یاسای تیرۆر دەرگا لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوە، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە کە یاسا دەبێ هەمیشە بە دوور بێت لە هەموو ناڕوونی و ئاڵۆزییەک، چونکە ئەمە بواری تەفسیری جیاواز دەڕەخسێنێ و دەشێت ببیتە ئامڕازی بێدەنگکردن، نەک پاراستنی مافەکان. ئەوەی ئێستا لەپرۆژەكەدا هاتووە بیانوو دەداتە دەسەڵاتداران و كاربەدەستان تا بەئارەزووی خۆیان تۆمەت بخەنە پاڵ هاوڵاتیی یان فەرمانبەر  یان هەركەسێك لەم وڵاتە، دواتر بەو تۆمەتە لەكارو وەزیفە دوریبخەنەوە یان زیانی پێبگەینن. خەڵكی كوردستانی بێدەرەتان ئازادیخوازانی كوردستان ئاشكرایە كە ئازادی و پاشەگەردانی جیاوازیی زۆریان هەیە، هەموومان دەزانین دەركردنی یاسا بۆ رێكخستنی ژیان زۆر گرنگە، بەڵام ترسێكی زۆرمان هەیە كە یاساكە بەشێوەیەكی خراپ و بۆمەبەستی شەخسی و حزبی بەكاربهێنرێت! هەربۆیە دەبینین یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35 لە ساڵی 2007 وە دەرچووە بەڕوونی رێگریی دەكات لە دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بەڵام تائێستا رۆژنامەنوس لەسەر نوسین و دەستگیردەكرێن!

چونكە بەشێك لەدادوەران لەژێر كاریگەریی بارودۆخی حزبیی كوردستان بەیاسای دیكە تۆمەت دەخە پاڵ رۆژنامەنوسان! پێویستە هەموولایەك ئاگاداربێت كە ئەم پرۆژەیە یاسایەی ئێستا بەردەستە، نەك میدیا بگرە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كۆت و بەند دەكات، كۆمەڵێك رێكارو سزاو غەرامە لەخۆ دەگرێت پێچەوانەی پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی یاسا و رێكارە كارپێكراوەكان رێكخستنی كاروباری حكومڕانیە. خراپی ئەم حكومڕانییە بەڕێگرتن لەناڕەزایی خەڵك چارەسەر نابێت، هەروەك ئینكاری كردنی راستیی هیچ لەراستییەكان ناگۆڕێت. ئێستا تاكە رێگایەك بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و رەخنەگرتن لەحكومڕانیی لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، چونكە حكومەت و بەشێك لەحكومڕانانی هەرێم هەموو گۆڕەپانەكانی كۆبونەوەی جەماوەریی و خۆپێشاندانیان بەڕووی خەڵك داخستووە، بێگومان بەیاسای رێكخستنی خۆپێشاندان، كە دیسان ئەویش خراپ بەكاردەهێنرێت.

ئێمە وەكو ژمارەیەك زۆر نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمیی و یاساناسانی كوردستان، دەمانەوێت دەنگی ناڕەزایی خۆمان بگەینە دەسەڵاتداران و خەڵكی كوردستانیش لە وەها هەوڵێك ئاگاداربكەینەوە. داوا لەحزب و لایەنە سیاسییە حكومڕانەكان و حكومەت و ئەندامانی پەرلەمان و هەموولایەك دەكەین، ئەم پرۆژە یاسایە راگرن پێویست بەپرۆژەیەكی وەها ناكات، بەڵكو تەنها بڕیارێك دەربكەن كە میدیای ئەلیكترۆنی بچێتە ژێرباری یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35 ساڵی 2007.

ئەم نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و یاسا ناسانەی ئیمزایان كردووە:

1- مەریوان وریا قانیع

2- سەردار هەركی/ یاسا ناس

3- رەوف بێگەرد

4- مەسعود عەبدولخالق

5- خالد دۆسكی

6- سەرتیپ جەوهەر

7- ئاوات عەلی – سەرۆكی دامەزراوەی نالی

ا 8- ئاسۆس هەردی

9- سەردار محەمەد

10- موحسین عوسمان

11- رێبین هەردی

12- شادمان مەلا حەسەن

13- شوان داودی

‎14- شوان محەمەد

15- رێبوار كەریم وەلی

16- دڵشاد مەجید

17- بورهان حاجی عەلی

18- هیوا قادر

19- ئارام سەعید

20- خالید سلێمان

21- د. هەردەوان نەقشبەندی – مامۆستای زانكۆ

22- ئەحمەد عەبدولقادر/ پارێزەر و یاساناس

23- فەرمان رەشاد

24- ئەیوب ئەنوەر – مامۆستای زانكۆ

25- ئیبراهیم عەباس

26- شیلان دەرگەڵە

27-  مەكی ئامێدی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.