خوا خوایەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 622 جار بینراوە 0 سەرنج
PicsArt_08-14-02.13.10

تەنز
‌              م.ڕاستی ڕەسوڵ

✪ حکومەتی هەرێم خوا خوایەتی سەری مانگ نەیەتەوە، تاکو پێی نەڵێن:- کوا مووچەکەم ؟!!.
✪ کۆڕۆنا خوا خوایەتی ڤاکسینە ڕووسیەکە سەرکەووتوو نەبێت، تاکو لە سیبریا سەرخەوێک بشکێنێت !!!.
✪ ئۆپۆزسیۆنی کۆن خوا خوایەتی بیکەنە شەریکی کۆمپانیای کار، تاکو لەگەڵ ماڵی ڕەیس نەوت لە خوڕمەڵە دەرکات !!!.
✪ دانا غازی ئیماڕاتی خوا خوایەتی کورد هەروا زانا و تەیار بێت و هەر لەو ئاوازە بخوێنێت، تاکو جێگای خۆی لەق نەبێت !!!.
✪ بەرپرسە دڵسۆزەکانمان خوا خوایانە دنیا تا ئەبەد هەروا بێت، تاکو بۆ خۆیان لە کەیف و سەفای خۆیان نەکەون !!!.
✪ کرێچی خوا خوایەتی سەری مانگ نەیەتەوە، تا خاوەن خانوو پێی نەڵێت :- کوا کرێی ئەم مانگە ؟!!.
✪ بووک خوا خوایەتی خەسوی زوو لە سەفەر نەگەڕێتەوە، تاکو ئەو دوو ڕۆژە بە کەیفی خۆی لەگەڵ مێردەکەی بخەوێت !!!.
✪ پوورە ئاسکەم خوا خوایەتی ئێمە نەچینە ماڵیان، تاکو منداڵەکانمان بە کەوەنتەرەکەیان هەڵنەگەڕێن !!!.
✪ مامە عانەی گەڕەکی ئەودیو خوا خوایەتی جەژن زوو زوو بێتەوە، تاکو گۆشتی قوربانی زۆر بخوات و سمێڵی چەور دەرکەوێت !!!.
✪ پشیلە بۆر خوا خوایەتی خاوەن ماڵ و ژنەکەی نەیەنەوە لە عەمرە، تاکو هەر شەو نا شەوێک جوجەڵەیەکیان لێ بخوات !!!.
✪ کازمی خوا خوایەتی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی لە کۆڵ ببنەوە، تاکو مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابین بکات !!!.
✪ پاشەکەوتی مووچە خوا خوایەتی کەس باسی نەکات، چونکە خۆیشی نازانێت لە کوێ یە !!!.
✪ ئەردۆغان خوا خوایەتی ئەمریکا هەروا لاواز بێت، تاکو بە کەیفی خۆی تەراتێن بە دونیادا بکات !!!.
✪ حسێنە خڕەی بایەع خوا خوایەتی خەڵک نەچێت برنجی بایەعی وەربگرێت، تاکو لە بازاڕ بۆ خۆی بە قازانج بیفرۆشێتەوە !!!.
✪ ژنەکەی دراوسێمان خوا خوایەتی یاپراخەکەی بخاتە ناو سینیەکەی سەر سفرە، تاکو لە سناپ چات دایبنێت و لەسەری بنوسێت بێ ئێوە ناخۆش زۆر بەتام بوو بەس تۆزێک کەم خوێ بوو !!!.
✪ حیزبەکانی لەمەڕ خۆمان خوا خوایانە هەڵبژاردن هەر نەیەتەوە، چونکە خۆشیان بێتاقەت بوون هێندەی دەهۆڵ بکوتن !!!.
✪ فیرعەونەکانی میسر نا ئەوانەی خۆمان خوا خوایانە میللەتی برسی هەر تەماشای تەلەفزیۆنە تەرفیهیەکان بکات، تاکو بە ئارەزووی خۆیان قاچاخی نەوت بکەن !!!.
✪ قالەی سێ ژن خوا خوایەتی ژنەکانی  لە ماڵەوە نەبن، تاکو بە کەیفی خۆی چات لەگەڵ کچان بکات !!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *