هەڵوێستی رەسمی حكومەتی هەرێم لەبارەی خۆپیشاندانەكەی زاخۆ

لەلایەن ستاندار Posted on 193 جار بینراوە

ستاندەر

حکومەتى هەرێمى کوردستان لایەنگرانی پەکەکەو نەوەی نوێ و  لایەنی دیکە تۆمەتبار دەكات بەوەی ئاراستەی خۆپیشاندانەکەی زاخۆیان گۆڕیوە  بۆ دروستکردنی ئاژاوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان  لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی  خۆپیشاندانەکەى زاخۆ رایگەیاندوە”رۆژی ١٩ی ئابی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی خۆپیشاندانی نارەزایی شوفێرانی بارهەڵگرەکانی زاخۆ لە هاتنی شوفێری بارهەڵگرانی تورکیا بۆ هەرێمی کورستان، چەند لایەنێکی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی بە مەرامی تێکدانی رەوشەکە و درووستکردنی پشێوی و نا ئارامی هەوڵیاندا ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بگۆڕن”.

دەشلێت، لە ئەنجامدا پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان کە هەوڵی پاراستنی ئارامییان دەدا و خۆیشاندەران روویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە کارمەندانی پۆلیس و هاووڵاتیان بریندار بوون و چەند شوێنێکی گشتی و  تایبەتی زیانی پێکەوت”.

دەقى راگەیەنراوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم:

حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان مەدەنی بە مەبەستی باشتر کردنی ژیان و بژێوی هاووڵاتیان و بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت، بەداخەوە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی زاخۆ ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت و توندوتیژی لێکەوتەوە.

لە بنەڕەتدا خۆپێشاندانەکە لەلایەن شوفێری بارهەڵگران بووە کە پێیانوابوو کردنەوەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە بۆ ماوەیەکە لەبەر رێکارەکانی کۆرۆنا وەستێنرابوو، دەبێتە هۆی ئەوەی  بارهەڵگرانی شوفێرانی تورک کەلوپەل بگوازنەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەمەش زیان بە کارەکانیان دەگەیەنێت، بەڵام لایەنگیری پ.ک.ک و نەوەی نوێ و چەند لایەنێکی دیکە بەشدارییان لە  خۆنیشاندانەکەدا کرد بە وتنەوەی دروشمەکانی پ.ک.ک ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕی و تەقەیان لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەکان کرد و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆر لەو کەسانەی بەشدارییان لە خۆئیشاندانەکەدا کرد بوو خەڵکی شاری زاخۆ نەبوون.

لە ئەنجامی تەقەکردن ٦١ لە کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان و ٤ هاووڵاتی سڤیڵ برینداربوون کە یەکێکیان منداڵ بوو، هەروەها ٢٦ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیان و موڵکی تایبەتی و گشتی زەرەر و زیانیان پێکەوت.

هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران نەکردووە و رێگایان لە تێکدەران گرتووە دوای ئەوەی هەوڵی سووتاندنی موڵکی گشتی و تایبەتیان دا.

لەلایەن هێزە ئەمنییەکان ١٨ کەس دەستگیر کراون کە چەکیان هەڵگرتبوو و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکە بۆ داوا کردنی مافی شوفێری بارهەڵگرەکان بووە، بەڵام لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە تەنیا ٤ لەو کەسانەی دەستگیر کرابوون شوفێر بوون. لە ئێستادا بارودۆخی زاخۆ ئارامە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستنی مافی بیروڕا دەربڕین و بەها مرۆییەکان  و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراواندا دەکرێت دەربارەی داواکاریی شوفێری بارهەڵگرەکان، حکومەتی هەرێم بەدواداچوون دەکات ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل خاڵێکی گواستنەوەی نێودەوڵەتییە بەپێی پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتی و ناخۆییەکان.

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان
٢٠ی ئابی ٢٠٢٠

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.